بێدەوڵەتیی ئەمازیغییەکان و کاریگەریی لەسەر زمان و ناسنامەیان

  • Oct 13, 2024   |   موحەممەد بوودەهان[1] | وەرگێڕان: حیسامەدین (هیوا) خاکپوور 

داگرتنی PDF

 پێشەکیی وەرگێڕ

لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو نەتەوانەی وەک کورد و ئەمازیغی[2] و بەلووچ و… کە لە سەردەمی مۆدێرندا نەیانتوانیوە ببنە خاوەن سەروەریی تایبەت بە خۆیان، مێژوویەکی دوورودرێژی نییە و کاری زانستیی ئەوتۆی لەسەر بەرهەم نەهاتووە. بە گشتی، هاوشێوەیی و هەمچونیەکیی چارەنووسی ئەو نەتەوانە لەگەڵ ئەو جیاوازیانەی بە هۆی ململانێی هێزە جۆراوجۆرەکانەوە ڕوویان داوە و بارودۆخی جیاوازی بۆیان خولقاندووە، جێگەی توێژینەوەی تایبەتە. شایانی باسە بە سەرهەڵدانی مۆدێرنیتە و گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکانی لە ئاستی فیکری-فەلسەفی، ئابووری، سیاسی و…دا، لە ڕووی سیاسییەوە سەرچەشنی زاڵ و جیهانداگری سەردەمی مۆدێرن دەبێتە ناسیۆنالیزم و دەوڵەت-نەتەوە کە بەندیکەت ئەندەرسۆن بە «فۆرمی پێوەر»[3] ناوزەدی دەکات. ئەم فۆرمە پێوەرە وەها جیهانی دەرهەست و بەرهەست دەگۆڕێت و مرۆڤێکی وەها نوێ ساز دەکات، چاک یان خراپ، کەمترین شتی لە دەرەوەی بازنەی ناسیۆنالیزم ناتوانێت ڕوو بدات. ئەتین بالیبار بە «مرۆڤ ناسیۆنالیست»[4] چەمکاندن بۆ ئەو مرۆڤە نوێیە دەکات. بەڵام نەتەوەیەک کە خاوەنی ئەو سەروەرییە سیاسییە نەبێت و لەو فۆرمە پێوەرە بێبەش بێت، لە ئەدەبیاتی سیاسیدا بە نەتەوەی بێدەوڵەت[5] دەناسرێت[6]. دۆخی بێدەوڵەتی کە نەتەوەگەلێکی وەکوو کورد و ئەمازیغی و بەلووچ و… دەگرێتەوە، لە لایەن زانایانی زانستە مرۆڤایەتییەکانەوە چەمکاندنی جۆراوجۆری لەسەر کراوە. «چەمکی بێدەوڵەتی» واتە نەبوونی سەروەریی سیاسیی سەربەخۆ، زیاتر بە بیرۆکەیەکەوە بەیان دەکرێت کە ئاماژەیە بۆ «بێمافی»[7] و «خەسارهەڵگری»[8]،  چونکە وا گریمان دەکرێت کە «ئەمرازی ساردی تاراندن و دەرهاویژتن» دەنوێنێتەوە. بە گشتی، چەمکی بێدەوڵەتی لەناو بوارێکی گوتاریی نەرێنیدا هەڵکەوتووە. بۆ نموونە بێدەوڵەتی وەکوو «وەدەرنانی بەتەواوەتی لە مرۆڤایەتی»، «بۆشایی یاسایی دونیای کافکایی»[9]، «مەرگی کۆمەڵایەتی»، «پێناسەی کتومتی جەهەندەمی مۆدێرن»، «ژیانی ڕووتوقووت» و «هەلومەرجی مەترسیی بێکۆتایی» چەمکاندنی لەسەر دەکرێت[10]. قانع، بیرمەندەشاعیری کوردیش تەنانەت بەر لە هەموو ئەم باسانە مرۆڤی بێدەوڵەت ئاوا دەناسێنێت: «ئەوەی بێدەوڵەتە سووکتر لە کایە». بەم پێیە دەزانین مرۆڤی کورد و ئەمازیغی و… لە چ دۆخێکدا هەڵدەکەون و وێدەچێت چارەنووس و دەرد و ڕەنج و کۆژان و خولیای هاوبەش ئەزموون بکەن. لەم ڕووەوە، ئاشنایی لەگەڵ هەلومەرجی ژینگە-جیهانی ئەو نەتەوانە کە دەنگ و ڕەنگیان خامۆش و بنبڕ کراوە، بۆ خوێنەری کورد پێویست دەنوێنێت. هەر بۆیە وەرگێڕانی ئەم جۆرە دەقانە دەتوانێت بە جۆرێک کۆمەکحاڵی پڕۆبلماتیزەکردنی مەسەلەی کوردیش بێت، تا ئەو کاتە نادیارەی، تەوەری جیهان لەسەر دەوڵەت-نەتەوە هەڵدەسووڕێت. بەم پێیە، هەرجۆرە باسێک لەسەر مەسەلەی کورد یان ئەمازیغ بە ناچار دەبێت تەکلیفی خۆی لەسەر پرۆبلماتیکی بێدەوڵەتی دیاری بکات. خاوەنی ئەم وەرگێڕانە تا ئێستە چەند کاری دیکەیشی بۆ ناساندنی مەسەلەی ئەمازیغی و هەروەها پرسی بێدەوڵەتی بە کۆمەڵگەی کوردی بڵاو کردووەتەوە[11] و ئەم کارەیش و بەڵگاندنەکانی سەبارەت بە کاریگەریی بێدەوڵەتی لەسەر زمان و ناسنامە و بە گشتی لەسەر دۆخی شارستانییەتی نەتەوەی بێدەوڵەت، هەنگاوێکی دیکەیە بۆ ئاشنایی و تا ئاستێک پرساژۆکردنی ئەو مەسەلە گرینگەی ژینگە-جیهانی کوردی. ئەم هەوڵە چووکانەیش لە پێناوی ئەو پرۆژەدایە کە دەیهەوێت دەنگە خامۆشکراوەکان، نەتەوە نەبینراوەکان، ناسنامە کوژراوەکان، مرۆڤە پەراوێزخراو و سەرکوتکراوەکان، چینە بێدەسەڵاتە بەشخوراوەکان، بابەتە نەبینراو و فەرامۆشکراوەکان، هاوارە کپکراو و بێدەنگکراوەکان، ژین-جیهانە ژێردەستە و بەشمەینەتەکان، حەقیقەتە داپۆشراوەکان، نەزمە زانستییە تێرۆرکراوەکان و بەرخۆدانە کەمدەنگ و ڕەنگەکان و…، بێنێتە سەر هێل و بیانخاتە گۆ تا جیهان و مێژوو و بوون و دۆخی باو و دۆخی خوازراو و… لە ڕوانگەی ئەوانیشەوە ببیندرێت.

 

 

سەبارەت بەوەی کە بوونی دەوڵەت مەرجە بۆ بوونی شارستانییەتێکی پێشکەوتوو

ئەگەر هەموو بەڵگەنامەکان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە ئاستی شارستانییەتی نەتەوەی ئەمازیغ لە مێژووی کۆندا، بۆ نموونە بە بەراورد لەگەڵ گەلانی هاوچەرخی خۆیدا وەک ئەفریقیا و ئەمریکا و ئوسترالیا، پێشکەوتوو بووە، ئەوا بەراوردکردن لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە کە ئەوانیش هاوچەرخی ئەمازیغەکان بوون، وەک میسری، فینیقی، یۆنانی، ڕۆمانی، فارس، چین، ژاپۆن و…، تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە ئەم ئاستە لە شارستانییەتی ئەمازیغەکان کەمە و لە خوار ئەو ئاستەوەیە کە نەتەوەکانی دیکە پێی گەیشتوون.

بۆچی ئەمازیغەکان کە لە کۆنترین و دێرینترین نەتەوەکانن، نەیانتوانی شارستانییەتێک لە ئاستی شارستانییەتی فیرعەونی، چینی، یۆنانی، ڕۆمانی یان فارسی بەرهەم بهێنن؟

بەو هۆکارە سادەیە کە نەیانتوانی دەوڵەتێک بە بەردەوامیی مێژووییەوە دامەزرێنن کە لە دامەزراندنیەوە بە درێژایی هەموو قۆناغە مێژووییەکان ئامادەیی هەبێت، وەک لە نێو ئەو نەتەوانەی کە باسمان لێ کردن ئامادەیە و ئەوان هەروەک ئاماژەمان پێ دا، لە ڕووی کولتوورییەوە لە ئەمازیغییەکان پێشکەوتووترن. دەوڵەتێک بە بەردەوامیی مێژووییەوە پێویستە نەک نیمچەدەوڵەتێکی کاتی و زووتێپەڕ وەک ئەو پاشایەتییە هەناسەکورتانەی کە بۆ بەرخۆدان لە هەمبەر داگیرکەری شەڕاشۆ پێویست بوون.

 

بۆچی دەوڵەت؟ پەیوەندیی بە پێشکەوتووییەوە چییە؟

نەتەوەیەکی بێدەوڵەت کە دەوڵەتداربوونی بەردەوامیی مێژوویی نەبێت، وەکوو نەتەوەی ئەمازیغ و نەتەوەکانی دیکە، تەنیا دەتوانێت کولتوورێکی زارەکی بە بڕشتێکی ناوخۆیی و خۆجێیی سنووردار، دابونەریت و بیروباوەڕ و سرووتەکان ڕێک بخات، ئەوەیش تەنیا لە چوارچێوەی ڕێکخستنێکی سادەی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا کە ناتوانێت ئاستی ڕێکخستنی خێڵەکی تێ بپەڕێنێت. لە کاتێکدا کە شارستانییەت، بەبێ گوێدانە ئەو مشتومڕە هەمیشەییەی سەبارەت بە جیاوازیی نێوان کولتوور و شارستانییەت هەیە، ئاڵۆزتر و گشتگیرتر و بەرفراوانترە لە کولتوور، چونکە کولتوور تەنیا بەشێکە لە شارستانییەت. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کۆمەڵگایەک کە ئاستێکی پێشکەوتووی شارستانییەتی هەیە، لە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و سیاسیی خۆیدا ئاڵۆزتر بێت. ئەمەیش زۆرجار دەگەڕێتەوە بۆ بوونی سیستەمی دەوڵەتی، چونکە دەوڵەت بەرجەستەکردنی ڕێکخراوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئاڵۆزترە کە لە سادەیی ڕێکخراوەی خێڵەکی تێدەپەڕێت. ئەم حاڵەتە لەبەر ئەوەیە کە دەوڵەت ڕێکخراوەیەکی کۆمەڵایەتیی ئاڵۆزتر و پێشکەوتووترە لە ڕێکخستنی خێڵەکی، تەنانەت کاتێکیش کە ئەم دەوڵەتە سروشتێکی خێڵەکییانەی هەبێت کە تێیدا حوکمڕانی لەسەر بنەمای پەیوەندیی خێڵەکی دامەزرابێت.

هەر بۆیە ڕوونی دەکەمەوە کە مەبەست لە دەوڵەت لەم بابەتەدا (کە تەنها لە ڕواڵەتدا جیاوازە لە سێ کۆڵەکە ناسراوەکەی کە بریتین لە خاک و نەتەوە و دەسەڵات) بە تایبەت کە بابەتەکە پەیوەندیی بە مێژووی کۆنەوە هەیە، هەموو دەسەڵاتێکی سیاسیی ناوەندییە (یەک فەرمانڕەوا یان یەک دەستەی فەرمانرەوایی) کە هێزی سەربازی (سوپا، پاسەوان، پۆلیس و…)ی هەیە بۆ ڕێگریکردن، فەرمانکردن و قەدەغەکردن، ناچارکردن و کۆنترۆڵکردن و…، ئەمەش بەبێ گوێدانە سروشتی ئەم هێزە، وەک ئەوەی کە ئایا پێک هاتووە لە بەکرێگیراو، ڕێگر، باندێکی تاوانبار، یان تاک کە هەموویان سەر بە خێڵی فەرمانڕەوای ئەم وڵاتەن، هەروەها بەبێ گوێدان بەوەی کە ئایا ئەم دەوڵەتە سەرەتاییە، خێڵەکییە، پاوانخوازە، تیۆکراتیکە یان نا، یان خۆکەسییە و پەیوەستە بە کەسایەتیی فەرمانڕەواوە. چونکە گرینگ سروشتی دەسەڵات یان سروشتی دەوڵەت نییە، بەڵکوو گرینگ دەستڕاگەیشتنی دەوڵەتە بەسەر ئەو هێزەدا و مافی بەکارهێنانی بۆ ڕێگریکردن و فەرمانکردن و قەدەغەکردن و ناچارکردن و کۆنترۆڵکردن. هەر بۆیە نابێ ڕێکخراوەیەکی کۆمەڵایەتیی خێڵەکی لەگەڵ دەوڵەتێکی بەسروشت خێڵەکیدا تێکەڵ بکرێت. جیاوازییەکە ئەوەیە کە یەکەمیان – تەنانەت کاتێک کە بنەماکەی، وەک چۆن کارەکتەری زاڵی خێڵی ئەمازیغ بوو، لەسەر یەکێتیی قەڵەمڕەو و خاک و نەک تەنها لەسەر یەکێتیی خوێن و خزمایەتی دامەزرابێت – ئەو دەسەڵاتە سیستماتیکییەی نییە بۆ ڕێگریکردن، ڕێکخستن، قەدەغەکردن، ناچارکردن و کۆنتڕۆڵکردن. لە کاتێکدا دەوڵەت خاوەنی ئەم دەسەڵاتەیە و هەر بۆیە مافی بەکارهێنانیشی هەیە، سەرەڕای ئەوەی دەوڵەتێکە زیاتر لەوەی لەسەر بنەمای یەکێتی قەڵەمڕەو و خاک دامەزرابێت، لەسەر بنەمای یەکێتیی خوێن و خزمایەتی ڕێک خراوە. بۆیە ڕێکخراوەیەکی کۆمەڵایەتیی خێڵەکی چەندەیش پێشکەوتوو بێت، هەمیشە لە دەوڵەتێکی سادە و سەرەتایی کە سروشتێکی خێڵەکییانەی هەیە، ئاڵۆزیی کەمتری هەیە.

 

پەیوەندیی دەوڵەت بە بەکارهێنانی نڤیساریی زمانەوە

بەڵام ئەگەر دەوڵەت توخمێکی گرینگ و تەنانەت پێویستیش بێت بۆ پێشکەوتنی شارستانییەت، ئەوە هۆکارەکەی تەنیا ئەم خاڵانە نییە:

– چونکە گریمان دەکرێت بە لوتفی هێزی سەربازییەوە توانای ئەوەی هەیە ئەو گرووپەی لە ژێر ئاڵاکەیدایە بپارێزێت و بەرگری لە خاکەکەی بکات؛

– وە لەبەر ئەوەی لەژێر ئەو ئاڵایەدا، وەک چۆن هەموو ئەو گرووپە بەڕێوە دەبات کە ملکەچی دەسەڵاتەکەین، مەرجەکان بۆ هاوکاریکردنی دەستەجەمعیی باشتر بۆ بەرهەمهێنانی ئابووری، بۆ فراوانکردنی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان و بۆ پەرەپێدانی پیشەسازییەکان بەدی دێنێت، هەرچەندە سادە، سەرەتایی و سنووردار؛

– وە بە هۆی تواناکانی بەردەستیەوە کە بەرهەمی کۆکردنەوەی باج و خەراجەکانە، توانای تەواوکردنی پرۆژە گەورەکانی ئاوەدانکردنەوەی هەیە، وەک هەرەمەکانی میسر یان دیواری چین، کە گوزارشت لە لایەنەکانی پێشکەوتنی شارستانییەت دەکەن.

 بەڵکوو سەرباری هەموو ئەو هۆکارانەی سەرەوە، هۆکارێکی دیکەیش ئەوەیە کە دەوڵەت فاکتەرێکی بنەڕەتی و پێویستە – نەک بڵێین مەرجێکی هەمیشەیی- بۆ سەرهەڵدان و پەرەدان بە نووسین. بۆچی؟ چونکە پێویستیی دەوڵەت بۆ بەکارهێنانی نڤیساریی زمانەکە گەورەتر و بەهێزتر بوو لە پێویستیی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی و بیروباوەڕی ئایینی. بۆچی پێویستیی دەوڵەت بۆ ئەمە گەورەتر و بەهێزتر بوو؟

بە حوکمی ئەوەی دەوڵەت خاوەن دەسەڵاتێکی ناوەندییە و بەشێک لە سروشتی دەوڵەت خۆی بریتییە لە هەوڵدان بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتەکەی تا ئەوپەڕی ڕووبەرەکان و دوورترین ناوچەکان کە دەشێت ملکەچی ئەم دەسەڵاتە بکرێن. ئەمەش وا دەخوازێت کە بڕیار و فەرمانەکانی خۆی، وەک دەسەڵاتێکی ناوەندی، بگەیەنێتە ئەو ناوچانەی کە کەوتوونەتە ژێر کاریگەرییەوە و ڕەنگە لە دەسەڵاتی ناوەندی (پایتەخت) دوور بن. پێش نووسین، گواستنەوەی زارەکی تاکە ئامراز بوو بۆ گەیاندنی ئەم بڕیار و فەرمانانە کە لە ناوەندەوە بۆ پەراوێزە دوورەکان دەر دەکران. شێوازی زارەکی گونجاوترین و باشترین و ڕێکوپێکترین شێواز نەبووە، هۆکارەکەیشی دەگەڕایەوە بۆ ئەوەی کە هەمیشە ئەگەری شێواندن و گۆڕانی فەرمانەکانی دەوڵەت لە کاتی گواستنەوەی زارەکییان لە ئارادا بوو، یان بە هۆی لەبیرچوونەوە یان بە هۆی گواستنەوەیان لە ڕێگەی زیاتر لە یەک کەسەوە تا دەگاتە دواهەمین کەس، کە بە مەبەستی جێبەجێکردنی وەک نوێنەری دەسەڵاتی ناوەندی لە ناوچەی پەیوەندیداردا ئاڕاستەیان کرابوو. بە هەمان شێوە، ڕاگەیاندنی زارەکی، ئارگۆمێنتێکی جێگیر و گەرەنتیکراوی پێک نەدەهێنا؛ هەر بۆیە هەر کەسێک کە بەرژەوەندیی لەو بابەتەدا هەبایەت، جا چ دەوڵەت خۆی بوایەت یان کەسانی پەیوەندیدار بەو بابەتەوە، دەیتوانی بە سوودی خۆی بیقۆزێتەوە. جگە لەوەش، چیتر تەنیا پشتبەستن بە شێوازی زارەکی بۆ کۆنترۆڵکردنی داهات و خەرجییەکانی دەوڵەت بەسەندە و گونجاو نەبوو، لەگەڵ ئەوەی کە ئەمە دەیخواست ئەو کەسانەی کە پابەند بوون بە پێدانی باج (باجێک بە شێوەی ماددی لە سەرەتای سەرهەڵدانی دەوڵەتدا)، بڕەپارە و بەروارەکانیان کۆنترۆڵ بکرایەت و بژمێردرایەت. لێرەوە پێویستییەکی بەرچاو هەبوو بۆ نووسین و تۆمارکردن بە شێوەیەک کە ڕێگە بدات هەرکاتێک پێویست بوو بتوانن بگەڕێنەوە بۆ داتا و زانیارییەکان. ئەم پێویستییە گرینگەی دەوڵەت بە تۆمارکردن و نووسین، ئەوەیە کە پەیوەندیی هۆکارانەی نێوان دەوڵەت و سەرهەڵدانی بەکارهێنانی نڤیساریی زمانەکە ڕوون دەکاتەوە. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە کەمبوونی ڕێژەی خوێنەواریی خەڵک لە نووسین و خوێندنەوەدا، هیچ گرنگی و کاریگەرییەکی نییە لە ڕۆڵی دەوڵەت لە سەرهەڵدان و بەکارهێنانی نووسیندا. چونکە ئەوانەی پەیوەندییان بە خوێندنەوە و تێگەیشتن لە فەرمان و بڕیارە نووسراوەکانی دەوڵەتەوە هەیە، ئەوانەن کە بەرپرسیارن لە جێبەجێکردنیاندا، لەوانەش پارێزگار و کرێکاران کە نوێنەرایەتیی دەسەڵاتی ناوەندی دەکەن و وا گریمان دەکرێت کە زانیارییان لەسەر خوێندنەوە و نووسین هەیە، کە ئەمە خۆی یەکێکە لە مەرجەکانی هەڵبژاردنیان بۆ ئەو پۆست و ئەرکانە. هەر بۆیە زۆرێک لە میللەتانی دێرین، وەک خودی میللەتی ئەمازیغ، ئەگەر پێش ئەوەی سیستەمی دەوڵەت بناسن پیتەکانیان بۆ نووسین داهێنابێت، جا چ وەک وێنەکێشانی هێمای وشە یان بیرۆکە (ئایدیۆگرام) یان وەک ئەلفوبێیەک کە پێک هاتووە لەو پیتانەی دەنگەکان دەنوێننەوە، ئەو زمانەیان بۆ نووسین، گواستنەوەی هەواڵ و زانیاری و بەرهەمهێنانی کولتووری و فیکریی نووسراو بەکار نەهێناوە. چونکە هێشتا مەرجەکانی ئەم بەکارهێنانە لە بەردەستدا نەبوون. وەک باسم کرد، یەکەم مەرج بۆ ئەم بابەتە، بوونی دەوڵەتێکە و پێویستیی گەورەوگرانی ئەو دەوڵەتە بە بەکارهێنانی ئەو زمانە. بە کورتی، ئەگەر دەوڵەت بریکاری پێشکەوتنی شارستانییەت بێت، هۆکارەکەی ئەوەیە کە لە ژێر سێبەری دەوڵەتدا بەکارهێنانی نڤیساریی زمان گەشەونەشە دەکات و ئەمەیش خۆی کەڵەکەبوونی فیکری و مەعریفی و ئاسانکاریی بەکارهێنان و گواستنەوە و بڵاوبوونەوەی ئەو فیکر و مەعریفەیە مسۆگەر دەکات و هەلومەرجی گونجاوتر و باشتر بۆ پێشکەوتنی شارستانییەت دابین دەکات.

 

ئەمازیغییەکان لە نێوان دەوڵەتی «بانگەوازچی[12]» و دەوڵەتی «نڤیساری»دا

بە پشتبەستن بەو شتانەی کە لەبارەی بوونی پەیوەندییەکی هۆکارانە لە نێوان سەرهەڵدانی دەوڵەت و پێویستیی بەکارهێنانی زمانێکی نڤیساری ڕوونمان کردەوە، وەڵامی ئەو پرسیارە سەبارەت بە نەبوونی نووسین لە نێو ئەمازیغەکاندا ڕوون دەبێتەوە: وەک پێشتر ئاماژەی پێ کرا، لە نێو ئەمازیغەکاندا نووسین  نەبووە، چونکە سیستەمێکی دەوڵەتی کە خاوەنی بەردەوامیی مێژوویی بێت، نەبووە. چونکە ڕێکخراوەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی خێڵەکی بە پێچەوانەی ڕێکخراوەی دەوڵەتی، تەنانەت کاتێک لە شێوەی فیدراسیۆنی خێڵەکاندا بێت، بۆ گەیاندنی فەرمان و بڕیارەکانی مەجلیسی خێڵ بە ئەندامانی ئەم خێڵە یان ئەو یەکانەی کە سەر بە ئەو خێڵەن، پێویستیی بە زمانی نووسین نییە. بەکارهێنانی زارەکی ئامرازێکی بەسەندە و گونجاوە بۆ گەیاندنی ئەم فەرمان و بڕیارانە بە لایەنە پەیوەندیدارە جیاوازەکان. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕووبەرە بچووکە جوگرافییەی لە لایەن خێڵەوە دەستی بەسەردا گیراوە، پەیوەندیی ڕاستەوخۆی نێوان ئەندامانی خێڵ و یەکەکان کارێکی مومکین و بەردەست بووە. ئەمە بە پێچەوانەی ئەو شتەیە کە سەبارەت بە دەوڵەت باسمان لێ کرد. لەبەر ئەم هۆکارە، لە بەستێنی خێڵەکیدا دیاریکردنی «بانگەوازچی»یەک بۆ ئەنجامدانی ئەم ئاگادارکردنەوە و پەیامە بەس بوو تاکوو لە ڕۆژانی بازاڕی هەفتانە یان دوای نوێژی هەینی ئەو ئەرکە ڕاپەڕێنێت. تەنانەت ئەرکی جێبەجێکردنی ئەم ئاگادارکردن و ڕاگەیاندنە لە ڕێگەی «بانگەواز»ەوە پیشەیەکی ناسراو بوو، بۆ ئەم مەبەستەیش ئەوانەی باڵابەرز و دەنگێکی بڵیندیان هەبوو و ڕوونبێژ و ڕەوانبێژ بوون، هەڵدەبژێردران. پیشەی «براح» لە زمانی ئەمازیغیدا بە مانای بانگەوازچییە. ئەم وشەیە لە زمانی ئەمازیغیی باکووردا باوە. پێ ناچێت ئەم وشەیە بە ڕەچەڵەک بیانی بێت، بە زمانی ئاخاوتن «البراح» دەخوێندرێتەوە. وەک نووسەری ئەم دێڕانە بە باشی لە بیریەتی، پەنابردن بۆ خزمەتگوزارییەکانی «البراح» (بانگەوازچی) تەنانەت چەند ساڵێک دوای سەربەخۆییش بەردەوام بوو، بەتایبەت لە گوندەکان و ناوچە بیابانییەکان.

کە واتە، سەبارەت بەو پرسیارە کە بۆچی ئەمازیغەکان نەیانتوانی ئەلفوبێی «تیفیناغ»ی خۆیان بۆ نووسین و تەدوین و بەرهەمهێنانی کولتووری و ئەدەبی بەکار بهێنن، وەک چۆن بۆ وێنە لە نموونەی چینی و ژاپۆنی و یۆنانی و ڕۆمانییەکاندا دەیبینین، وەڵامەکە ئەوەیە کە ئەوان پێویستیان بەو شتە نەبووە، چونکە ڕێکخراوەی خێڵەکی بۆ «بڵاوکردنەوە»ی بڕیارەکانی مەجلیسی خێڵ، بە ڕاگەیاندنی زارەکی لە ڕێگەی خزمەتگوزارییەکانی «البراح»ـەوە بەسەندەی دەکرد. ئەمە هەروەک پێشتر ڕوونمان کردەوە، پێچەوانەی سیستەمی دەوڵەتییە. هەر بۆیە، وەک پێشتر ئاماژەی پێ کرا، ڕیشەی نەبوونی نووسین و تەدوین لە لای ئەمازیغەکان، بۆ نەبوونی دەوڵەت دەگەڕێتەوە. ئەوان بە دەوڵەتی «البراح» بەسەندەیان کرد کە پێویستی بە دامەزراندنی دەوڵەتی نووسین نییە.

 

پەیوەندیی نڤیسار و پێشکەوتنی شارستانییەت

لێرەدا دەگەینە خاڵی سەرەکیی باسەکە، ئەویش تێگەیشتنە لەوەی کە بۆچی ئاستی پێشکەوتنی کولتووریی ئەمازیغەکان بە لاوازی ماوەتەوە و لە خوار ئاستی ئەو میللەتانەوەیە کە نموونەیانمان هێنایەوە. هۆکارەکەشی نەبوونی نووسین و بەرهەمهێنانی کولتووری و ئەو کەڵەکەبوونە فیکری و مەعریفییەیە کە لە ئەنجامی بەکارهێنانی نووسیندا دەستەبەر دەکرێت. فەرهەنگی نووسین هەلومەرجێکی شیاو لە پێشکەوتنی شارستانییەت بۆ ئەو کۆمەڵگایانە دەڕەخسێنێت کە نووسینیان هەیە و ئەم ئاستە لە شارستانییەت بۆ ئەو نەتەوانەی زارەکیی ماونەتەوە و هێشتا نەچوونەتە قۆناغی نووسین و تەدوین، مسۆگەر نابێت. بۆیە، هەروەک پێشتر ئاماژەی پێ کرا، هەرچەندە ئەمازیغەکان بەسەر زۆرێک لە میللەتانی هاوچەرخیاندا سەرترییان هەبووە، بەڵام بێدەوڵەتی وای کرد گرنگترین پێکهاتەی شارستانیەت و پێشکەوتن، واتە «نووسین» کە کلیلی چوونە ناو مێژوو و خاوەندارێتی و پێوەندارێتی[13] بە مێژووەوەیە، لە نێویاندا بزر و غایب بێت. نەتەوەیەک کە نانووسێت هیچ مێژوویەکی نییە، چونکە هێشتا مێژووی خۆی نەنووسیوە بۆ ئەوەی لێی هۆشیار و بەئاگا بێت.

هەر بۆیە بەرهەمهێنانی نڤیساری، فیکری و فەرهەنگی بۆ هەموو شارستانیەت و پێشکەوتنێک پێویستە. بەڵام نەبوونی نووسین بە هۆی نەبوونی دەوڵەتەوە، هەروەک ڕوونم کردەوە، وای کرد ئاستی شارستانییەتی ئەمازیغ لە نزمترین ئاستدا بوەستێت؛ ئاستی پێش نوسین.

 

نەبوونی نووسین بەهۆی بێدەوڵەتییەوە سەرەتای نەبوونی ناسنامەیە

نەتەوەی بێدەوڵەت نەتەوەیەکی بێبەرگری و بێپاراستنە، چونکە هێزی سەربازی (نەک تەنها هێزی خۆبەخش)ی نییە کە لە دەستدرێژیی نەتەوەیەکی تر کە دەوڵەت و هێزی سەربازیی هەیە، بیپارێزێت. بۆیە شانازیکردنی هەندێک لە چالاکان و شاعیرانی ئەمازیغی بەوەی کە نەتەوەی ئەمازیغ هێرشی نەکردووەتە سەر نەتەوەکانی تر و وڵاتیانی داگیر نەکردووە، شانازییەکی ڕاست و دروست نییە. بێگومان ئەمازیغ هەرگیز هێرش و داگیرکاریی نەکردووە، چونکە ئامرازی پێویستی بۆ ئەو کارە نەبووە کە پێش هەرشتێک سەرەتا دەوڵەتە و پاشان ئەو سوپا سەربازییەی کە پێویستی پێیەتی و ڕەنگە لە شەڕانگێزیی دژ بە گەلانی دیکە و داگیرکردنی خاکیاندا بە کاری بهێنێت. بۆیە ئەوەی کە ئەمازیغییەکان سەرزەمینی میللەتانی دیکەیان داگیر نەکردووە بڕیارێکی خۆکرد و ئیختیاری نەبووە، چونکە دەوڵەت و سوپایان وەک جێبەجێکەری ئەو کارە نەبووە؛ هەر بۆیە شانازیکردن و خۆهەڵکێشان بەو بابەتەوە دروست نییە. بەڵکوو ئەمە هەڵوێستێکی ئیجبارییە بە هۆی ئەوەی مەرجەکانی داگیرکاری، واتە دەوڵەت و سوپای سەربازی، لە ئارادا نەبوون. بەڵام نەبوونی دەوڵەتی ئەمازیغی، سەرەڕای هەموو بەرخۆدانی قارەمانانەیان، داگیرکردنی خاکەکەیانی ئاسان کردووەتەوە. چونکە لە پشت ئەم داگیرکارییەوە هێزی سەربازی هەیە کە دەوڵەتێکی لە پشتەوەیە و پشتیوانیی لێ دەکات. هەروەک باسمان لێ کرد، تەنیا هێزی خۆبەخشی شەرڤانانی ئەمازیغی نییە کە بەرگری لە شەرەفی وڵات دەکەن، بەڵکوو ئەوە دەوڵەت و سوپایەکی گەورەیە کە دەتوانن ئەو ئەرکە جێبەجێ بکەن.

تەنانەت لەوەش زیاتر، بە هۆی نەبوونی دەوڵەتەوە سەرزەوینی ئەمازیغی بە ئاسانی دەکرێتە ئامانجی داگیرکاریی ئەو نەتەوانەی دەوڵەت و سوپایان هەیە. هەروەها یەکێکی تر لە لێکەوتەکانی بێدەوڵەتی ئەوەیە کە زمان و ناسنامەی ئەمازیغییش دەکەوێتە بەر هێرشی داگیرکاریی بێگانەکان. ئەمەش کاتێکە کە ئەمازیغی بە هۆکاری ئایینی و کولتووری و زمانەوانی و سیاسی و، بە پێی بنەمای «ژێردەستە لاسایی سەردەستە دەکاتەوە»، زمانی داگیرکەری بێگانە وەردەگرێت بۆ ئەوەی لە نووسین و بڵاوکردنەوەدا بە کاری بهێنێت و بەم شێوەیە لە پەرەپێدانی زمانەکەی و بەرزکردنەوەی بۆ ئاستی زمانێکی نووسراو دوور دەکەوێتەوە. چونکە پاش ئەوەی دەستی بە نووسین بە زمانی بێگانە کرد، چیتر پێویستی بە زمانەکەی خۆی نامێنێت. ئەم مرۆڤە ئەمازیغە تەنانەت وا خۆی نیشان دەدات کە سەر بەو خەڵکە بیانییەیە و زمانی ئەوانی هەیە و بە تەواوی ئینکاری ناسنامەی ئەمازیغیی خۆی دەکات. هەر بۆیە دەبێتە کەسێکی ڕەگەزگۆڕاو، چونکە واز لە ڕەگەزی ئەمازیغیی خۆی دەهێنێت و ڕەگەزێکی بیانی لە باوەش دەگرێت، وەک ئەوەی بۆ ئەمازیغە ڕەگەزگۆڕەکان – واتە لە ڕووی نەتەوەیی و ناسنامەییەوە – لە مەغریبدا ڕووی دا. ئەوانە کەسانێکن بە شێوەزاری عەرەبیی دارجە (لەهجە) قسە دەکەن و پێوەندارێتیی ئەمازیغیی ڕەسەن و سروشتیی خۆیان ڕەت دەکەنەوە. دارجە حەقیقەتێکە کە ئەمازیغییەکان بۆ سەرکەوتن بەسەر پرۆسەی گۆڕانی ڕەگەزیی خۆیاندا بەرهەمیان هێناوە. ئەم کارە هەمیشە بە دەلالەتی زمانی عەرەبیی ڕەسەن واتە وشەی «ڕەگەزی» کراوە کە بە مانای قەومی و ناسنامەییە.

 

بێناسنامەیی واتە بێکەرامەتیی کۆمەڵایەتی

مەترسیدارترین هەڕەشە لەسەر نەتەوەیەک کە لەبەر نەبوونی دەوڵەت خاوەنی نووسین (نەک ئەلفوبێ) نییە، ئەوەیە کە کەرامەتی بەکۆمەڵیان لە دەست دەدەن. ئەو کەرامەتەیان بە شوناسی دەستەجەمعییانەوە بەندە کە لە خاک و نیشتمانیانەوە وەرگیراوە. سەرەتای لەدەستدانی ئەم کەرامەتە بەکۆمەڵە لە وەرگرتنی زمانی ئەوانیتردا وەدەر دەکەوێت. ئەم وەرگرتنە نەک ئەو کاتە کە ڕەنگە زمانەکە زمانی ئایین و نووسین و کولتوور و زانست و شارستانیەت بێت کە شتێکی زۆر سروشتی و باوە، بەڵکوو ئەو کاتە دەبێتە مەترسی و هەڕەشە کە پاڵنەر و هاندەری وەرگرتنەکە خواستی گۆڕینی ڕەگەز و نەتەوە و ناسنامە بێت بۆ ڕەگەزی ئەو کەسە بیانیانەی کە خاوەنی ئەو زمانە بیانییەن. وەک ئەوەی بەسەر مەغریبییەکاندا هاتووە کە پێیان وایە عەرەبن، تەنها لەبەر ئەوەی بە عەرەبیی دارجە قسە دەکەن کە باوباپیرانی ئەمازیغیی خۆیان، نەک عەرەبەکان، دروستیان کردووە بۆ ئەوەی خۆیان قەناعەت پێ بکەن کە لە ڕاستیدا ئەوان عەرەبن و بە ئەمازیغی نەماونەتەوە[14].

وەک پێشتر ئاماژەی پێ کرا، ئەگەر نەبوونی سوپایەکی سەربازی – بە هۆی نەبوونی دەوڵەتەوە – کە لە هەر دەستدرێژییەکی دەرەکیی شیمانەکراو بیانپارێزێت، ئەمازیغییەکانی بە ئاسانی بەرەوڕووی لەشکرکێشی و داگیرکاریی نەتەوە خاوەن دەوڵەت و سوپاکانی دیکە کردووەتەوە، ئەوا داگیرکاریی ناسنامە و زمان لە ئەنجامی نەبوونی دەوڵەت و نووسیندا ئەنجامەکانی مەترسیدارتر بوون لە داگیرکردنی خاک و وڵات. دەوڵەت کاتێک هەیە و پێلەجێیە- گرنگ نییە چەندە سەرەتایی یان گۆڕانخواز، پێشکەوتوو یان دواکەوتوو، ئایینی یان عەلمانی، دیمۆکراتیک یان پاوانخواز بێت- پارێزگارییەک بۆ ناسنامە پێک دەهێنێت، چونکە ئەو کیانەیە کە ناسنامەکە یەک دەخات و دەینوێنێتەوە. بەتایبەتی لە کاتێکدا کە «میللیەت» هێشتا وەکوو پێوەندارێتیی تاکەکەسی بە دەوڵەتێکی نەتەوەیی بوونی نەبوو، چونکە یەکەم پێوەندارێتی، پێوەندارێتیی بەکۆمەڵە بە دەوڵەتەوە. چونکە ئەم دەوڵەتە ئەو نیشتمان و نەتەوەیە بەرجەستە دەکات کە لەسەری بنیات نراوە و ناسنامەی بەکۆمەڵی خەڵکی ئەو دەوڵەتە لێیەوە سەر هەڵ دەدات. بەبێ دەوڵەت، هیچ پاراستنێک بۆ نیشتمان یان میللەت لە ئارادا نییە، ئەمە وا دەکات ناسنامەیش بێپاراستن بمێنێتەوە. ئەگەر پاراستن بۆ شوناسی دەستەجەمعی لە ئارادا نەبێت، هیچ پارێزگارییەک بۆ کەرامەتی بەکۆمەڵ بوونی نابێت کە پابەندبوون بەو شوناسە بەکۆمەڵە و شانازیی پێوەندارێتی بەو ناسنامەیەوە تەعبیری لێ دەکات. میللەتێک کە واز لە ناسنامەکەی دەهێنێت، لە ڕاستیدا واز لە کەرامەتی بەکۆمەڵی خۆی دەهێنێت، چونکە وەک کەسێک دەچێت کە نازانێت لە کێ لەدایک بووە. بۆیە وەک مەغریبییەکان کە پێیان وایە عەرەبن، دەگەڕێت بۆ نەتەوەیەکی بێگانە بۆ ئەوەی خۆنوێنی بکات و پێوەندارێتی لەگەڵ بێگانەکاندا پێک بهێنێت. ئەمەیش بۆ ئەوەیە کە هەمیشە وەک ناسنامەیەکی پاشکۆ و وابەستە بەم گەلە بیانییە بمێننەوە و لە ئاستی پێوەندارێتیی ناسنامەییەوە هەموو سەروەری و سەربەخۆیی خۆیان لەدەست بدەن. لە ئەنجامدا ئەمە بە مانای لەدەستدانی کەرامەتی دەستەجەمعییە کە سەروەری و سەربەخۆیی هێمایە بۆی. دەبینین کە ئەو زنجیرە هۆکارگەرییانە بوونە هۆی ئەوەی بەشێک لە ئەمازیغییەکان کەرامەتی بەکۆمەڵیان کە ناسنامەی ئەمازیغی دەینواندەوە، لە دەست بدەن. ئەمە لە کاتێکدا ڕووی دا کە نکۆڵییان لە ناسنامەی سەرەکی و سروشتیی خۆیان کرد و ناسنامەی پووچەڵ و درۆیینەی عەرەبییان پەسەند کرد. ئەمە لە نەبوونی دەوڵەتی ئەمازیغیدا ڕووی داوە کە بووە هۆی نەبوونی نووسین، چونکە لە سەردەمی سیستەمی خێڵەکیدا پێویستییەک بە نووسین نەبوو، کە دواجاریش بووە هۆی لەدەستدانی ناسنامەی ئەمازیغ و وەرگرتنی ناسنامەیەکی بێگانە.

 

دەوڵەتی ئەمازیغی دەگۆڕێت بۆ دەوڵەتێکی عەرەبی

لە ئەنجامی زنجیرە هۆکارەکانی لەدەستدانی ناسنامەدا، خراپترین شت کە دەتوانێت بەسەر میللەتێکدا بێت، ئەوەیە کە لە دەرەوەی «ئەسڵ و نەسەبی شەریف»ی ڕاستەقینەی سەرەکیی خۆیدا بەدوای «ئەسڵ و نەسەبێکی شەریف»ی دیکەدا بگەڕێت، کە درۆیینە و پووچەڵ و خورافەیە، وەک ئەوەی بەسەر ئەمازیغەکاندا هات و لە مەغریبدا ئیدیعای خورافەی «نەسەبی شەریف»یان دەکرد کە شەرەفی پێوەندارێتیی ئەمازیغیی خۆیان بە درۆی پێوەندارێتییان بە نەسەبێکی خورافی و وەهمی فرۆشت. خراپتر لەوەیش ئەوە بوو کە هەروەک باس کرا، بە هۆی نەبوونی دەوڵەت و نەبوونی نووسینەوە ئەمازیغییەکان کە پێوەندارێتییان بە میللەتێکی بێگانە و زمانەکەیانەوە ساز دا و زمانی ئەوانیان دەکار کرد، کاتێک دەوڵەتەکەیان دامەزراند، کە پڕڕوونە دەوڵەتێکی ئەمازیغە، ئەوەیشیان بەستەوە بە میللەتە بێگانەکەوە، واتە بە عەرەبەوە کە بە زمانی ئەوان دەیاننووسی. بەم شێوەیە دەوڵەتی مەغریب بوو بە دەوڵەتێکی عەرەبی و بوو بە بەشێک لەو نیشتمانە خورافییەی کە پێی دەگوترا  وەتەنی عەرەبی. کە وایە وەهمی «نەسەبی شەریف» کە لە بنەڕەتدا وەهمێکی تاکەکەسی بوو، گۆڕا بۆ وەهمێکی بەکۆمەڵ کە دەوڵەتێکی وەهمی نوێنەرایەتی و پارێزگاریی لێ دەکات. بەڵام ئەم واقیعە وەهمییە واقیعێکی ڕاستەقینەی بەرهەم هێنا، ئەویش پەراوێزخستن و بێڕێزیکردنە بە زمانی ئەمازیغ لە لایەن خەڵکەکەیەوە کە بۆ خزمەتی زمان و ناسنامەی بێگانە لێی هەڵگەڕانەوە و تووڕیان هەڵدا.

ئەمەش ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە ئەمازیغەکان وەک ئیدریسییەکان و مورابتین و موەحیدییەکان و مارینییەکان و عەلەوییەکان، توانییان دەوڵەتێک لە سەردەمی ئیسلامیدا دابمەزرێنن، بەڵام بەو شێوەی چاوەڕوان دەکرا نەیانتوانی بۆ بەهێزکردنی ناسنامەی ئەمازیغیی خۆیان و گواستنەوەی زمانی خۆیان لە بەکارهێنانی زارەکییەوە تا ئاستی بەکارهێنانی نڤیساری و سەرخستنی وەک زمانی دەسەڵات و دەوڵەت، وەک چۆن فارسەکان ئەو کارەیان کرد، بەکاری بهێنن. بە پێچەوانەوە، ئەمازیغەکان بۆ بەرزکردنەوە و بەهێزکردنی زمانی بیانی بەکاریان دەهێنا، ئەمەش وای لێ کردن مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتی ئەمازیغیدا بکەن وەک ئەوەی دەوڵەتێکی عەرەبی بێت، بەهۆی ئەوەی زمانی عەرەبییان وەک زمانی نووسین و تەدوین وەرگرتبوو. ئەمازیغییەکان نەک تەنیا نەیانتوانی وەک فارس و تورک بکەن بەڵکوو وەکوو زۆرێک لەو میللەتانەیش، بۆ میناک مەکزیک و سەنیگاڵ و باشووری ئەفریقیا، نەبوون کە ئەگەرچی لەباتیی زمانی خۆجێیی خۆیان زمانی بێگانەیان بۆ نووسین دەکار دەکرد، بەڵام دەوڵەتێکیان هەبووە کە سەرەڕای ئەوەی زمانی بێگانەیان وەک زمانی فەرمی پەسەند کردبوو، لە هەمان کاتدا ئەو دەوڵەتەیان بۆ بەهیزکردنی ناسنامە و شانازیکردن و پشتیوانی لەو ناسنامەیە وەکوو ناسنامەیەکی خۆسەر و سەربەخۆ لە ناسنامەی میللەتە بێگانەکان بەکار دەهێنا. ئەو زمانە بێگانەیەی کە بە هۆکاری مێژوویی و سیاسی و فەرهەنگی و دینی وەکوو زمانی فەرمیی دەوڵەت لە نووسین و بڵاو کردنەوەدا ئیشی پێ دەکرا.

کە وایە، ئەوەی لە مێژووی ئەمازیغییەکان هەڵدەهێنجێنرێت ئەوەیە کە ئەمازیغييەکان نەیانتوانیوە دەوڵەتێکی خاوەن بەردەوامیی مێژوویی ساز بکەن کە خزمەتێک بە ناسنامە و زمانی ئەمازیغ بکات. هەر بۆیە دەبینین کە هەرهەموو دەوڵەتە ئەمازیغییەکان کە لە پاش شەڕی «ئەشراف» لە ساڵی 740ی زایینییەوە یەک لەدوای یەک حوکمڕانیی باکووری ئەفریقیا دەکەن و کۆتاییان بە ئامادەیی سیاسی و سەربازی (نەک ئامادەیی ئایینی و زمانی)ی عەرەب لە نیشتمانی ئەمازیغدا هێناوە، هەروەک ئاماژەمان پێ داوە، هیچ هەوڵێکیان بۆ گەشەونەشەی زمانی ئەمازیغی و بەکارهێنانی نڤیساریی ئەو زمانە نەداوە. بەڵکوو ئەم دەوڵەتانە دەسەڵاتەکانیان بەکار هێنا بۆ پەراوێزخستنی زمانی ئەمازیغیی خۆیان و لاوازکردنی پێوەندارێتیی ئەمازیغییەکەیان بە هۆی بەکارهێنانی زمانی عەرەبییەوە و لە کۆتاییدا ناسنامەی عەرەبیی ساختەیان وەک گۆڕینی ڕەگەزی و نەتەوەیی و ناسنامەیی وەرگرت، بە شێوەیەک کە شتی وا لە مێژوودا ناوازەیە.

 

بزووتنەوەی ئەمازیغی هەر ئەو هەڵانەی پێشوو دووپات دەکاتەوە

نەبوونی دەوڵەتێک کە بەردەوامیی مێژوویی هەبێت، بە درێژایی مێژووی دوورودرێژی ئەمازیغييەکان، چارەنووسێکی بۆ ئەم نەتەوەیە دروست کردووە کە بە بەردەوامی لەگەڵیان بووە. وەک پێشتر ئاماژەی پێ کرا، نەبوونی دەوڵەت هەمان ئەو هۆکارەیە کە بووەتە هۆی نەبوونی تەقریبەن هەموو شتێک. بەتایبەتی، وەک ڕوونمان کردەوە، نەبوونی نووسین کە مەرجێکە بۆ پێشکەوتنی شارستانییەت و کلیلی چوونە ناو مێژوو و دابینکردنی چێگەوپێگەیەکە بۆ نەتەوە لە مێژوودا. ئەمەش وای کردووە لە پەراوێزی ئەم مێژووەدا وەک ئۆبجێکتێکی پاسیڤ و نەک وەک سۆبجێکتێکی ئەکتیڤ بمێننەوە. وەک پێشتر ڕوونمان کردەوە، ئەوان بە سیستەمی خێڵەکیی خۆیان ڕازی بوون و گەشەیان نەکرد بۆ سیستەمی دەوڵەتی. کاتێک گەشەسەندنی مێژوویی بووە هۆی دامەزراندنی دەوڵەتێکی لەو جۆرە، ئەوان وەک دەوڵەتێک مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرد کە ناسنامەیەکی نا-ئەمازیغیی هەبێت.

لێرەوە کاتێک کە بزووتنەوەی ئەمازیغی لە پرسی دەوڵەتی ئەمازیغ بێدەنگە وەک ئەوەی شتێکی بێبایەخ بێت، هەمان هەڵەی ئەمازیغەکانی پێشوو دووبارە دەکاتەوە کە بە درێژایی مێژوو بەبێ دەوڵەتێکی ئەمازیغ کە خاوەنی بەردەوامیی مێژوویی بێت، ژیاون و خۆیان بە «دەوڵەتی بەراح» قانع دەکرد کە پێویستی بە نووسین نییە. هەروەک پێشتر باسمان کرد، ئەمە پەیوەستە بە بوونی دەوڵەتەوە بۆ کەڵەکەبوونی فیکری و شارستانی و کولتووری. ئەگەر لە پرسی دانەمەزراندنی دەوڵەتێکی خاوەن بەردەوامیی مێژووییدا بتوانین بە گەڕانەوە بۆ سروشت و ئاستی هۆشیاری پاساو بۆ باوباپیرانمان بهێنینەوە، ئەوا ئەمڕۆکە ناتوانین بە هەمان ئارگۆمێنت پاساو بۆ خەباتگێڕانی بزووتنەوەی ئەمازیغ بهێنینەوە کە پرسی دەوڵەتی ئەمازیغ لە بزووتنەوەکەیاندا پشتگوێ دەخەن و ئێستەیشی لەگەڵدا بێت وەکوو باوباپیرانمان لە پرسی دەوڵەت نزیک دەبنەوە؛ باوباپیرانمان پاش دامەزراندنی دەوڵەت مامەڵەیان لەگەڵ دەوڵەتدا وەک دەوڵەتی بێگانە بووە و زمانی ئەوانیان بەکار هێناوە. هەڵوێستێکی ناتەبا و جێگەی سەرسووڕمانە میللەتێک کە دەوڵەتی خۆی بگەڕێنێتەوە بۆ ناسنامەیەکی نامۆ بە ناسنامەی خۆی و بەم شێوەیە خۆی بکاتە «بێگانەیەک» لەناو ئەو دەوڵەتەدا. ئەمەیە کە ئێمەی هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی ئەمازیغ هەمان ڕێڕەوی پێشوو دووبارە دەکەینەوە، کاتێک کە دەوڵەتی مەغریب بە دەوڵەتێکی عەرەبی دەزانین -تەنانەت بەبێ ئەوەی مەرجێکی دەستوورییش هەبێت کە داکۆکی لەسەر ئەمە بکات، بە پێچەوانەی دەستوورەکانی پێش دەستووری ٢٠١١- داوایش دەکەین وەک ئەمازیغێک کە ناسنامەکەمان جیاوازە لە ناسنامەی «عەرەبی»ی ئەم دەوڵەتە، ددان بە مافەکانماندا بنرێت. تەنانەت بۆ ئەم دەوڵەتە کە ناسنامەیەکی جیا لە ناسنامەی ئێمەی هەیە، داکۆکی لەسەر خورافەی ئافراندنی «نەتەوەی ڕەسەن» دەکەین و بەم شێوەیە دەیسەلمێنین کە یەکەم: لە مەبەستی ڕاستەقینەی «نەتەوەی ڕەسەن» وەک لە لایەن ئەنجومەنی کۆمەڵایەتی و ئابووریی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پێناسە کراوە[15]، تێنەگەیشتووین. دووهەم، ئیمەیش دەمانەوێت ئەوەی بەسەر نەتەوە ڕەسەنەکانی وەک سکیمۆکان و سوورپێستەکان و دانیشتووانی یەکەمی ئۆسترالیادا هات، بە کردەیی بەسەر ئێمەیشدا بێت. ئەمە ئەو شتەیە کە خواستەکانی نەتەوەی ئەمازیغیی گەیاندووەتە بونبەستێکی حەقیقی کە خۆی بە دەستی خۆی دروستی کردووە، کاتێک داوا لە دەوڵەت دەکات کە ئەو وەک نەتەوەیەکی ڕەسەن بە فەرمی بناسێت. یەکێک لە دەرکەوتەکانی ئەم بونبەست و تەنگەژەیە ئەوەیە کە ئەم دەوڵەتە «عەرەبی»یە، وەک چۆن بزووتنەوەی ئەمازیغی ویستوویەتی، کاتێک لەگەڵ ئەمازیغەکان وەک کەمینەیەکی ڕەگەزی و قەومی مامەڵە دەکات کە داوای بە فەرمی ناسینی مافی زمانی و فەرهەنگی و ناسنامەیی دەکەن -وەک ئەو شتەی خەڵکی ڕەسەنی ئوسترالیا و هیندییەکانی ئەمریکا و خەڵکی سکیمۆ داوای دەکەن- ئەم بزووتنەوەیە هەڵدەچێت و دەوڵەت بە ڕەگەزپەرستی و دژەئەمازیغییەت تۆمەتبار دەکات. ئەم هەڵوێستە نەبوونی ئەندێشەی ستراتیژی لای بزووتنەوەی ئەمازیغی ئاشکرا دەکات، هەروەک چۆن لە نێو ئەمازیغە بەراییەکاندا ئەندێشەی ستراتیژی غایب بووە. بۆیە داوای بەدیهێنانی داخوازییە بەشەکی و لاوەکییەکان دەکات و لە بەرامبەر داواکارییە ڕەسەن و ستراتیژییەکەدا، واتە دەوڵەتی ئەمازیغی بە مانای خاک و ناسنامە نەک بە مانای قەومی، بێدەنگە. هاوکات پارادۆکسێک لە هەڵوێستەکەیدا ئاشکرا دەکات کاتێک دووپاتی دەکاتەوە کە پرسی ئەمازیغ لە قووڵایی و سروشتی خۆیدا پرسێکی سیاسییە، بەبێ ئەوەی هیچ کارێک بکات بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ئەمازیغ، ئەمە لەکاتێکدایە کە قووڵایی سیاسیی پرسی ئەمازیغ بەستراوەتەوە بە دەوڵەتەوە.

هەر بۆیە سنووربەندیی زمانی ئەمازیغی گۆڕدراوە بۆ شێوەسەرابێک کە هەرچەند لێی نزیک بینەوە، دوورتر دەبێتەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە دەوڵەت وەک دەوڵەتێکی «عەرەبی» هەڵسوکەوت دەکات و ناعەقڵانییە زمانە فەرمییەکەی ئەمازیغی بێت. هەر ئەمەیە وا دەکات هەموو بەرگرییەک لە زمانی ئەمازیغ بۆ ئەوەی ببێتە زمانێکی فەرمیی ڕاستەقینەی دەوڵەت و تەنها زمانێکی فۆرمالیتە و دیکۆراتی نەبێت، لە دەرەوەی بەرگریکردن لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئەمازیغییەوە کە ئەم زمانە بپارێزێت و لە باوەشی بگرێت، نەک هەر وەک کارێکی بێکەڵک و بێبەرهەم دەنوێنێت، بەڵکوو دەرچوونە لە بابەتەکەیش و کات بەفیڕۆدانە. ئەوەی کە بزووتنەوەی ئەمازیغی داوا دەکات دەوڵەت ناسنامەی ڕاستەقینەی ئەمازیغی بگەڕێنێتەوە کە لەسەر زێدی ئەمازیغییەکان لە باکووری ئەفریقیا زەوتی کردووە، بەو مانایە نییە کە لە ئەگەری جێبەجێکردنیدا مەغریب دەگۆڕرێت بۆ دەوڵەتێکی ئەمازیغی بە مانا تێریتۆریاڵ و ناسنامەییەکەی. ئەوەی بۆ ئەم بزووتنەوەیە خوازراوە و ڕەوایە کە ببێتە بەشێکی بەرچاو لە گوتار و ئەدەبیاتەکەیدا، ئەوەیە کە بەرگریکردن لە دەوڵەتی ئەمازیغی بە مانا تێریتۆریاڵەکەی لە ڕیزی یەکەمی خواستەکانیدا بگونجێنێت. ئەو دەوڵەتەی، هەروەک باسمان کرد، ناسنامەی خۆی لە ناسنامەی نیشتمانەکەیەوە وەربگرێت. ئەمەش پێویستیی بەوەیە سەرلەنوێ بە ستراتیژ و ئەولەوییەت و گوتاری خۆیدا بچێتەوە کە تێیدا چەمکی دەوڵەتی ئەمازیغ هێشتا چەمکێکی «بیرلێنەکراوە[16]»یە لەناو ئەم گوتارەدا. لە هەمان کاتدا کار لەسەر بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەسەر ناسنامەی ئەمازیغیی دەوڵەتی مەغریب بکات و ئەوەش نیشان بدات کە ئەو دەوڵەتە دەوڵەتێکی جەعلی و ساختەیە و بەم هۆیەوە لە ناو درۆ و ساختەچییەتی و دوولانەیی و پارادۆکسدا دەژی (دژایەتییەک لە نێوان ناسنامەی زێدی ئەمازیغی و پێوەندارێتییە عەرەبییە وەهمییەکەیدا) و گەڕانەوەی بۆ ناسنامەی ئەمازیغی خۆی گەڕانەوەیە بۆ ئەو ناسنامە ڕاستەقینەیە و دابڕانە لە دەرکەوتەکانی درۆ و ساختەچییەتی و دوولانەیی و پارادۆکس.

 

پەراوێزەکان

.[1]  نووسەر و بیرمەند و خەباتکاری ئەمازیغی کە زۆربەی نووسراوەکانی بە زمانێکی زانستی و بە مەبەستی بەرگریکردن لە ناسنامەی ئەمازیغی نووسراون.

[2] . ئەمازیغییەکان نەتەوەیەکی بێدەوڵەتن کە لە ژێر چەپۆکی چوار دەوڵەتی عەرەبیدا لە مەغریب و باکووری ئەفریقیا دەچەوسێنرێنەوە. چارەنووسی ئەوان زۆر هاوشێوەی چارەنووسی نەتەوەی کورد و نەتەوە بێدەسەڵاتە بێدەوڵەتەکانی دیکەیە. بۆیە بیرمەندی ناسراوی ئەمازیغی و مامۆستای زانکۆی سوربۆن «محەمەد ئەرکۆن» دەڵێت: «ڕەنجی مرۆڤی ئەمازیغی تەنیا یەک مرۆڤی کورد تێی دەگات و هەر کە پێکەوە قسە دەکەین لە یەک تێدەگەین». بە باوەڕی من مرۆڤە بێدەوڵەتەکان بەرژەوەندی و چارەنووسیان زۆر لەیەک نزیکە، هەر بۆیە ئەوان دەبێت ببنە هاوپەیمانی یەکتر، نەک ئەوەی بگەڕێن لەگەڵ لایەنگەلیک لە نەتەوە سەردەستەکان بکەونە گفتوگۆ و هاوپەیمانییەوە کە ئەم کارە بە هۆکاری جۆراوجۆر نە مومکینە و نە باشیشە. (وەرگێڕ)

[3]. Modular form

.[4] Homo nationalist؛ مرۆڤ ناسیۆنالیست چەمکێکە کە بالیبار و والێرشتاین بەکاری دەبەن و ئاماژەیە بەو مرۆڤە مۆدێرنەی کە ناسیۆنالیزم تەواوی کەلێن و قوژبنەکانی ژیانی تەنیوەتەوە و لەم واتایەدا سەرهەڵدانی مرۆڤ ناسیۆنالیست بە واتای لاچوون و زەواڵی مرۆڤی ئایینییە، چونکە هەروەها کە گرینفێڵد دەڵێت، ناسیۆنالیزم چوارچێوەی ئاگایی کۆمەڵایەتیی مۆدێرن دەخەمڵێنێت (Soleimani, 2016 :24).

[5]. Nation without State

[6]. خوێنەر دەتوانێت بۆ تێگەیشتنی زیاتر لەم چەمکە بڕوانێتە وتاری «ناسیۆنالیزم، جیهانوەتەنی و بێدەوڵەتی: وتووێژی بەرزوو ئەلیاسی لەگەڵ کرەیگ کەلهۆن» لەم ناونیشانە:

https://jineftin.krd/2023/12/17/%D9%86%D8%A7%D8%B3%DB%8C%DB%86%D9%86%D8%A7%D9%84%DB%8C%D8%B2%D9%85%D8%8C%D8%AC%DB%8C%D9%87%D8%A7%D9%86%D9%88%DB%95%D8%AA%DB%95%D9%86%D8%AE%D9%88%D8%A7%D8%B2%DB%8C-%D9%88-%D8%A8%DB%8E%D8%AF%DB%95/

  دەقی ئینگلیزیی ئەم وتارە لە ساڵی 2014 لە گۆڤاری «خوێندنەوە کوردییەکان، Kurdish studies» بەرگی 2، لاپەڕەی 61-74 بڵاو کراوەتەوە. هەروەها بۆ ئەم باسە خوێنەر دەتوانێت بڕوانێتە وتاری:

Montserrat Guibernau, Nations Without States: Political Communities in the Global Age, 2004, Volume 25, Issue 4, Michigan Journal of International Law.

[7]. rightlessness

[8]. vulnerability

[9]. Kafkaesque legal vacuum

[10]. بۆ ئاشنایی زیاتر لەگەڵ باسی بێدەوڵەتی و ئەم چەمکاندنانە، خوێنەر دەتوانێت بڕوانێتە کتێبی:

Eliasy.barzu, Narratives of Statelessness and Political Otherness: Kurdish and Palestinian Experiences, 2021, P-P:5-15.PALGERVA PRESS.

[11] . بۆ نموونە بڕوانە وتاری «ناسنامە کوژراوەکان: لە بەرگری لە ناسنامەی ئەمازیغی» لەم بەستەرەدا:

https://kurdishbookhouse.com/ku/100-1136/

هەروەها لەسەر مەسەلەی بێدەوڵەتی بڕوانە وتاری «دۆخی خوێندنەوەکانی بێدەوڵەتی» کە لە ژمارەی دووهەمی گۆڤاری (ساڵی 2724)ی هەڵوێستدا بڵاو کراوەتەوە.

[12]. نووسەر وشەی «دولة البراح» لە بەرامبەر « دولة الکتابه»دا بە کار دەبات. بەراح وشەیەکی ئەمازیغیی کۆنە بە مانای بانگەوازچی. کە لە دونیای قەدیمدا کەسێکی قامەتبەرز و دەنگڕەسایان بۆ بانگەواز و ئاگادارکرنەوەی خەڵک هەڵدەبژارد کە لە زمانی ئەمازیغیدا بە «البراح» دەناسران.

[13]. انتما: Belonging

[14]. بڕوانە بابەتی «چ کاتێک مەغریبییەکان زمانی دارجەی ئاخاوتنی خۆیان دەدۆزنەوە؟» لە کتێبی «سەبارەت بە زمانی عەرەبی و دارجە و گۆڕانی ڕەگەزی و ناسنامەیی» لەو لینکەدا:

http://tawiza.byethost10.com/livre1.pdf

[15]. بڕوانە بابەتی: «بۆچی نابێت ئەمازیغەکان لە نێو گەلانی “ڕەسەن”دا پۆلێن بکرێن؟» لە کتێبی: «لەبارەی ئەمازیغی و ئەمازیغفۆبیا».

[16]. اللامفکر فیە: unthinking


بۆچوونی خۆت بنوسە


*


*

بە کۆمێنت قبوڵ دەکەیت ئەو Privacy Policy

13 + fourteen =


مافی بڵاوکردنەوە بو کۆمار  پارێزراوە  

تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان