بەسەرکردنەوەی کتێب: «کاریگەریی بیری چەپ لە سەر بزاڤی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: حیزبی دیمۆکراتی کوردستان وەک نموونە»
- Oct 20, 2024   |   مەعرووف کەعبی
داگرتنی PDF
«بواری توێژینەوەی کوردی» لە ئەکادیمیای ئینگلیسی هەتا دەیەی ڕابردوو خاوەن بۆشاییەکی مەزن لە ئاست بەشێکی گرینگی مێژووی هاوچەرخی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا بوو. واتە لە ماوەی نێوان دوای کۆتاییهاتنی کۆماری کوردستانەوە لە ساڵی ١٣٢٥ (١٩٤٧)دا هەتا شۆرشی ١٣٥٧ (١٩٧٩) لە دژی نیزامی پاشایەتی لە ئێران. هۆکاری ئەم بۆشاییە نەبوونی توێژەر نەبووە، بەڵکوو لەو تێگەیشتنە هەڵەیەوە سەرچاوەی دەگرت کە پێی وا بوو کوردستانی ئێران بەراورد بە پارچەکانی دیکەی کوردستان بە ڕادەیەکی کەمتر خاوەن بزووتنەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بووە. بەپێی ئەو تێگەیشتنە، شۆڕشی ١٣٥٧ بۆ ماوەیەکی کورت نوێنەرایەتیی بزووتنەوەی کوردستان دەکات کە بووە هۆی گەشەی ئەم بزووتنەوەیە، بەڵام هەمیسان لە ساڵی ١٣٦٢ (١٩٨٣) دامرکایەوە. زەقکردنەوەی ئەم بۆشایی و تێگەیشتنە هەڵەیە بە مانای نەبوونی هیچ ئاوارتەیەک نییە. ژمارەیەک لە توێژەران کاری گرینگیان لە بوارەکانی زمان و فەرهەنگ و گەشەی ناسیۆنالیسم لە کوردستاندا یاخود سەبارەت بە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و سەرهەڵدانی نەوەی نوێ لە زانکۆکان لە دەیەکانی ١٣٣٠ و ١٣٤٠ (١٩٦٠ و ١٩٧٠) ئەنجام داوە. بواری توێژینەوەی کوردییش خاوەن هەندێک توێژینەوە و کتێبە، بەڵام بە گشتی ئەم بوارەش لەو بۆشاییە بێبەری نەبووە. بەڵام لێرەدا بواری ئەکادیمیای ئینگلیسی مەبەستە کە بە هۆی ئەو ڕوانینە هەڵەیەوە لەسەر ناچالاکبوونی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ڕەوتی مێژوودا، بە کردەوە لەمپەرێکی مەزنی خستووەتە بەردەم توێژینەوەی زۆرترەوە. بۆشایی کتێب و توێژینەوە وای کرد کە دوای ڕووخانی سەددام و زەقبوونەوەی پرسی کورد لە ناوچەکەدا، زۆرینەی ئەو کتێبە مێژووییانەی بە زمانی ئینگلیسی لەسەر کوردستان نووسراون، هەر بەو تێگەیشتنەوە بڕواننە کوردستانی ئێران. سەرەڕای ئاڵوگۆڕێکی گرینگ لەم بوارەدا کە لە خوارەوە دەچمەوە سەری، ئەو ڕوانینە هەڵەیە بە جۆرێکی سەرسووڕهێنەر درێژەی هەبووە. کتێبێک لە ساڵی ٢٠١٤ کە لە لایەن توێژەرانی بەئەزموونەوە نووسراوە[1]، لە ڕووی سیاسییەوە کوردستانی ئێران وەک کۆمەڵگایەکی «خەوتوو» پێناسە دەکات. لە بەرهەمێکی نوێدا لەسەر مێژووی کورد کە ساڵی ٢٠٢١ لە لایەن زانکۆی کەیمبریجەوە چاپ کراوە[2]، مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستانی ڕۆژهەڵات تووشی هەمان چارەنووس بووە.
ئەم دۆخە لە ئەکادیمیای ئینگلیسی لە دەیەی ڕابردوودا بە جۆرێکی بنەڕەتی ئاڵوگۆڕی بە خۆیەوە بینی و لە لایەن توێژەران و توێژینەوەی نوێوە خرایە بەر ڕووبڕکێ و ئاڵنگارییەوە. چەند کتێب و ژمارەیەکی بەرچاوی توێژینەوەی دیکە بەرهەم هاتن کە ڕاستەوخۆ ئەو دوو سەردەمەیان داوەتە بەر باس. هۆکارێکی گرینگی ئەو زۆربوونە دەگەڕێتەوە بۆ گەشەی ژومارەی توێژەرانی کوردی ڕۆژهەڵات لە ئەکادیمیای ئەورووپاییدا. وەک هۆکارێکی حاشاهەڵنەگری دیکە، زیادبوونی زانکۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەڵکشانی ڕێژەی توێژەرانیش بواری توێژینەوەی کوردیی ڕەنگاوڕەنگتر و دەوڵەمەندتر کردووە و بەپێی ئامارەکانی زانکۆی کوردستان لە سنە، وا دەردەکەوێت کە لە ماوەی دە ساڵی دوای ١٣٩٠دا (٢٠١٠)، زیاتر لە پێنج هەزار توێژینەوە بۆ گۆڤارە نێونەتەوەییەکان یان کۆنفرانسەکان نێردراون. ئەو هورووژمە ئەکادیمییە لە دە ساڵی ڕابردوودا بە تەواوی سیمای توێژینەوەی بواری کوردیی بە زمانی ئینگلیسی گۆڕیوە، بە جۆرێک کە توێژینەوە لەسەر مێژووی کوردستان لە ڕێگای بابەتی جۆربەجۆرەوە یەکێکە لە دیاردەکانی ئێستای ئەو بوارە. ئێستا کەمتر ڕۆژێک هەیە کە کەسانی دەوروبەرمان سەرنجمان بۆ توێژینەوەیەکی نوێ ڕانەکێشن. لە ئاکامی ئەم گۆڕانکارییەدا، تێگەیشتن لەسەر مێژووی کوردستان لە دوای کۆمار و شۆڕشی ٥٧ـەوە گۆڕدراوە و تا ڕادەیەکی باش مێژووی کوردستان وەک ڕەوتێکی چالاک لە بواری بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا نوێنەرایەتی دەکرێت. کوردستان نەک تەنها بە کۆمەڵگایەکی خەواڵوو ناناسرێت، بەڵکوو دینامیزمە سیاسی و کۆمەڵایەتی و مێژووییەکەی بە ڕادەیەکی بەرچاو زەق کراوەتەوە. شۆڕشی ژینا لە لایەک دروست و گرینگبوونی ئەو بەرهەمە نوێیانەی سەلماند، لە لایەکی دیکەوە ئارەقی بە زۆر لایەن و دامەزراوە دەر دا کە لە ئەکادیمیای ئینگلیسیدا وەک توێژەر و زانای بواری لێکۆڵینەوەی کوردی یان ئێرانی ناسراون. ئاکامێکی ئەو شۆڕشە هەروەها زیادبوونی پانێل سەبارەت بە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە کۆنفرانسی توێژینەوەی کوردی لە دوو ساڵی ڕابردوودا بووە.
لێرەدایە کە گرینگیی کتێبی کاریگەریی بیری چەپ لە سەر بژافی ڕزگاریخوازانە لە کوردستان: حیزبی دیمۆکرات بە نموونە نووسینی سمایل بازیار[3] دەردەکەوێت. ئەم بەسەرکردنەوەیە لەوانەیە دەقێکی درێژ بێت، لەبەر ئەوەی کتێبەکە چەند سەد لاپەڕەیە و زۆر بابەت لە خۆ دەگرێت، هاوکات هۆکارێکی دیکەیشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەم نووسینە دەیهەوێ گفتوگۆیەک بێت لەگەڵ ئەو بەرهەمەدا. کاریگەریی بیری چەپ بەرهەمێکە کە لەسەر بەردەوامبوونی بزووتنەوەی سیاسی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دوابەدوای کۆتاییهاتنی کۆماری کوردستان، گەلێ زانیاریی وردی لە خۆ گرتووە. کتێبەکە هەروەها زۆر لایەنی کۆمەڵایەتی و فیکری و فەرهەنگیی سەردەم دەخاتە ڕوو. نووسەر لە ڕێگای ئاماژەکردنەوە بە گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە ئاستی ئێران و ناوچەکەدا، ئەو دەستە و کەسایەتیانە بەسەر دەکاتەوە کە توانیویانە بیرۆکەی حیزبی دیمۆکرات، کە ڕەچەڵەکی بۆ پێکهاتنی کۆمار دەگەڕێتەوە، هەروا ڕابگرن و لە هەر سەردەمێکدا قەوارەیەکی ڕێکخراوەیی بۆ پێک بهێننەوە. بە خوێندنەوەی کتێبەکە بۆمان دەردەکەوێت کە ئەو کەسانە و بزووتنەوەکانیان لە بارودۆخێکی زۆر دژوار و پڕمەترسی لە گرتن و کوشتندا، درێژەیان بە چالاکیی خۆیان داوە. ژومارەیەکی بەرچاویان ساڵانێکی زۆر لە زیندان بەند کران یان ئاوارەی هەندەران بوون. کتێبەکە بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە دەڕوانێتە سەرچاوەکانی و خۆی لە شكۆدارکردنی مێژووی حیزبێک یان کەسایەتییەک پاراستووە و هەوڵ دەدات خۆی پابەندی پێوەرەکانی توێژینەوەی ئەکادیمی بهێڵێتەوە. لایەنێکی باشی دیکە ئەوەیە کە بەرهەمەکە هەوڵ ئەدات هۆکارەکان بۆ تێگەیشتن لە ڕووداوێک بەرفراوان بکات و ڕووداوێک تەنها لە یەک هۆکاردا کورت و بەرتەسک نەکاتەوە.
هەروەک بە ناوی کتێبەکەدا دەردەکەوێت، ئامانجی کتێبەکە مێژووی حیزبی دیمۆکراتە لە بەستێنی گەشەی بیری چەپ لە کوردستاندا و باسەکە بە دەور چەند خاڵی سەرەکیدا دەخولێتەوە کە بریتین لە گەشەی بیری چەپ و سۆسیالیستی لە کوردستاندا، ململانێی بۆچوونی (بەوجۆرەی نووسەر ناویان دەنێت) چەپ و ڕاست و بیری ناسیۆنالیستی و بیری چینایەتی لە قۆناخە جۆربەجۆرەکانی ئەو مێژووەدا کە لە کۆنگرە و کۆنفرانس و هەڵوێستی کەسەکاندا دەردەکەوێت. کە لە کۆتایی کتێبەکە نزیک دەبینەوە، بیری سۆسیالیسمی دیمۆکراتیک وەک ڕوانینێک کە حیزبی دیمۆکرات باشتر پێناسە دەکات، دەبێتە ئاکامی ئەو ململانێ و ڕەوتە مێژووییە.
باسەکە ئەوە دەردەخات کە هەوڵدان بۆ پێناسەکردنی حیزب یان لایەنی جیاوازبیری ناوخۆی حیزبەکان لە ڕێگای چەمکەکانی ڕاست و چەپەوە، دژوارتر لەوەیە کە بیری لێ دەکەینەوە. نووسەر تا ڕادەیەکی باش توانیویەتی ئەوە دەر بخات کە وەها پێناسەکردنێک پێویستی بە لێکدانەوەی قووڵتر و هەروەها بەکارهێنانی ئەو چەمکانە نەک بۆ مەحکوومکردن بەڵکوو بۆ پیشاندانی بنەمای فیکری یان ئامانج و بەرنامەی لایەنێک هەیە. ئەمەش دەبێ لە بەستێنیکی مێژوویی دیاریکراودا ئەنجام بدرێت، هەروەک لە نموونەی کۆمەڵەی ژێ.کافدا (ل. ٥٧) دەردەکەوێت. لە لایەکی دیکەوە، دەتوانین ئەمە زیاد بکەین کە ئەو هەڵسوکەوتە لەگەڵ چەمکەکاندا دەبێ ئەوەش دەر بخات کە بەکارهێنانیان دەتوانێت مەبەستێکی سیاسیی لە پشتەوە بێت و هەڵقوڵاوی بارودۆخ و لایەنگریی ئایدیۆلۆژیک بێت. بۆ وێنە، بە مائۆییست وێناکردنی گرووپ یان ڕێکخراوەیەک لە لایەن ڕێکخراوەکانی دیکەوە، زیاتر لەبەر ئەوە بووە کە مائۆییسم لە ساڵەکانی دەیەی ١٣٤٠ (١٩٦٠) بەولاوە زیاتر وەک دیاردەیەکی مەنفی لە لایەن ڕەوتی حیزبی توودە و ئەوانی دیکەوە چاوی لێ کراوە. ئەمە جیاوازە لەوەی کە ڕێکخراوەیەک کاریگەریی بیروباوەڕی مائۆییستیی بەسەرەوە بێت. هەروەک چۆن حیزبێکی دیاریکراویش کاریگەریی مارکسیسمی لەسەر بووە و بەردەوام باسی دیکتاتۆریی پڕۆلیتاریای کردووە بەبێ ئەوەی خۆی وەک حیزبێکی مارکسیست-لینینیست پێناسە بکات، بە هەمان شێوەیش ناساندنی حیزبێک بە بۆرژوایی لانیکەم دەبێ لە خوێندنەوەیەکی قووڵەوە سەرچاوە بگرێت و گەلێ لایەنی دیکە لە مێژوو و کارکرد و پێکهاتی کۆمەلایەتیی ئەو حیزبە لە بەرچاو بگرێت. ناولێنان بە مەبەستی دابەزاندن و جۆرێک لە «مبارزە ایدئولوژیک»، کە ئاکامەکەیان لە زۆر قۆناخی ژیانی حیزبەکان لە مێژووی ئێراندا دەبێتە توندئاژۆیی و دابڕان، هیچ تێگەیشتنێکی قووڵ لە بابەتەکان دەستەبەر ناکات. کتێبەکە (لل ٣-٢٢٢) هۆکاری ئەو جۆرە ڕەوشتانە دەگەڕێنێتەوە بۆ «هەژاریی نەریتی دیمۆکراسی لە کوردستاندا» و ئاماژە بە نەریتی حیزبی توودە دەکات. دەتوانین سەرچاوەیەکی دیکەیش زیاد بکەین کە بریتییە لە (بەو جۆرەی ناوی لێ دەنێم) نەریت و گوتار یان فەرهەنگێکی شۆڕشگێڕانە کە پاش جەنگی جیهانیی دووهەم دەبێتە پێناسەی هێزە چەپەکان لە ئێراندا. ئەم نەریتە بە شێوازێکی ڕەخنەگرانە نەیدەڕوانییە نەریت و گوتاری شۆڕشگێرانی ڕووسیا یان ئەزموونی شۆڕشی ١٩١٧ لەو وڵاتە کە بیر و کرداری چەپی لە ئێران نەخشەکێش کردبوو.
لێرەدا دەتوانین ئەم پرسیارە بخەینە بەردەست کە تا چ ڕادەیەک ئایدیۆلۆژیا بەتەنها خۆی دەتوانێت ڕەوتی سیاسی یان کرداریی حیزبێک دیاری بکات؟ بۆ ڕێکخراوەیەک کە دەبێتە خاوەن پێگەیەکی کۆمەڵایەتیی بەرین، ڕووداوی سیاسیی وەک شۆڕشی ٥٧ و گەشەسەندنی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان (و پێداویستییەکانی ئەو ڕووداوانە) چەندە دەتوانن لە سەر بیروڕا و بەرنامەی فیکری و سیاسیی ئەو ڕیکخراوەیە کاریگەرییان هەبێت؟ جیاوازی لە پێکهاتی کۆمەڵایەتی و ئەزموونی پێشوودا چەندە دەتوانن لەسەر قسە و کرداری هێزێکی نوێ کاریگەرییان هەبێت؟ حیزبی دیمۆکرات، کۆمەڵە، موجاهیدین و فەدایی لە ساتەوەختی شۆڕشی ٥٧دا دەبنە خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتیی بەرین، بەڵام ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەو هێزانە لە ڕووی بیروباوەڕەوە (بەتایبەت لە نموونەی موجاهیدیندا) جیاوازیی زۆریان پێکەوە هەبوو یان بەو جۆرەی هەرکام لە ڕێکخراوە مارکسیستییەکان ئیدیعایان دەکرد، پەیڕەوی بۆچوونێکی دروستتر و خاوەن تێگەیشتنی باشتر لە مارکسیسم بوون. بۆیە وا دەردەکەوێت کە جیا لە پابەندبوون بە مەکتەبێکی فیکری، گەلێ هۆکاری دیکەیش پێویستە بۆ ئەوەی هێزێک ببێتە خاوەن پێگەیەکی بەرینی کۆمەڵایەتی. یەکێک لەو هۆکارانە، فشار و پێویستییەکانی سەردەم و چۆنییەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی هێز یان ڕێکخراوەیەکە لەگەڵ ڕووداوەکانی سەردەمی خۆیدا.
کە وابوو، بەستێنی مێژوویی و کۆمەڵایەتی و فیکری و کارتێکردنی کۆی ئەو بەستێن و هۆکارانە بۆ باوبوونی بیروباوەڕێک و پێناسەکردنی ڕێکخراوەیەک، گرینگی وەردەگرن. کتێبەکە ئاماژە دەکات بە گەشەی بیری چەپ لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە تا سەردەمی کۆمەڵەی ژێ.کاف و کۆماری کوردستان و ئەوەی کە چۆن سۆڤییەت و سەرکەوتنەکانی لە شەڕی دووهەم بەسەر نازییەکاندا، لایەنگریی بۆ باوەڕی کۆمۆنیستی و حیزبە کۆمۆنیستەکان زیاد دەکات. کتێبەکە (ل ٦٥) تا ڕادەیەک باسی بارودۆخی کۆمەڵایەتیی سەردەمی کۆمەڵەی ژێ.کاف و هۆکاری خۆشەویستبوونی کەسایەتیی لینین، ڕێبەری بۆلشڤیکەکان، لە لای ئەو ڕێکخراوەیە (ل ٦٩) یان بایەخدان بە سۆڤییەت دەکات (ل ٧٣). لە درێژەدا باسی کۆمەڵەی ژێ.کاف و پرسی ژن و هەوڵەکان لەو بوارەدا دەکات (لل ٨٠-٧٨). لەگەڵ ئەمەدا، پێویستە بوترێت کە بۆ تێگەیشتن لە باوبوونی ئەو بیروباوەڕانە یان سەرنجدان بە پرسگەلێکی وەک پرسی ژن یان پرسی زەوی لە کۆمەڵگادا، باشتر وایە هۆکارەکانی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و چۆنییەتیی سیستەمی سیاسیی سەردەم زۆرتر زەق بکرێنەوە. دەنا هۆکاری دەرەکی یان تەنانەت نزیکبوونی جوگرافی ناتوانن پێگەی بەهێز بۆ بیروباوەڕێک پێک بهێنن. (ناسیۆنالیسمی ئێرانی کاریگەریی لە ناسیۆنالیسمی تورکی وەرگرتوە، بەڵام سەرەڕای نزیکبوونی جوگرافی نەیتوانیوە دەقاودەق وەک ئەو دەربچێت، ڕەنگە زۆرتر لەبەر پێکهاتی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی ئێران و بەرخۆدانی خەڵکانی پەڕاوێزخراو). کتیبی ئەنگیزە[4] کە بیرەوەرییەکانی ئەفەسەرێکی حیزبی توودە لە دەیەکانی ١٣٢٠ و ١٣٣٠ (١٩٤٠ و ١٩٥٠) بە ناوی غوڵامحسەین بەعیقی لە خۆ دەگرێت، بارودۆخێکی یەکجار غەمباری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی لە ناوچەی دەوروپشتی مەشهەد لە ئێراندا دەردەخات کە تێیدا دابونەریتی کۆن و سەرکوتکاریی ڕابردوو (ئایینی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و…) سێبەری نەگریسی خۆیان بەسەر ژیانی خەڵکدا کێشابوو. لە وەها بارودۆخێکدا، سیستەمێکی فیکریی وەک مارکسیسم و ئەزموونی شۆڕشگێرانە لە ڕووسیا بە هاناوە دێت و دەبێتە بەدیلێکی بەهێز بۆ بەگژداچوونەوەی بارودۆخی خەفەتهێنەری کۆمەڵایەتی و سیستەمی سیاسیی سەرکوتکار کە دژ بە هەرجۆرە چاکسازییەک بوو. بۆیە لە لێکۆڵینەوەی مێژووی چەپ لە هەر سەردەمێکدا، کێشەکە لە دەستنیشانکردنی بڕیاری هەڵە واوەتر دەچێت و دەبێ سەرنج بخرێتە سەر ئەوەی کە بۆچی بیروباوەڕێکی دیاریکراو لە سەردەم و بارودۆخێکی دیاریکراودا دەبێتە ڕێنما.
لە هەمان کاتدا دوو هۆکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی لە زۆر بڕگەی مێژووییدا وای کردووە کە نەوەی سەردەم بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە لەگەڵ دەقەکان و ئەزموونی شۆڕشگێڕانەی ڕابردوودا مامەڵە نەکەن و لەوە خراپتر، لاساییان بکەنەوە یان بەرهەمەکانی ڕابردوو بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەستێنە مێژووییەکەیان بخوێننەوە و بیانکەنە ڕێنمای خۆیان لە بەستێنێکی دیکەدا. زۆرێک لە بەرهەمە کلاسیکییە مارکسیستییەکان هەر بەو شێوە و میتۆدە مامەڵەیان لەگەڵ کراوە. وەک نموونە، لە قۆناغێکدا حیزبی توودە بووبوو بە کارخانەی وەرگێڕانی ئەو بەرهەمانە، نموونەی وەرگێڕانی بەرهەمەکەی مارکس، هجدە برومر لوئی بناپارت، دەتوانێ سەرنجڕاکێش بێت. لە لاپەڕەیەکدا کە مارکس ئاماژە بە دوو کەسایەتیی سۆسیالیست و ڕەخنەگری سیستەمی سەرمایەداری واتە پڕۆدۆن و سیسمۆندی دەکات، وەرگێڕ (موحەممەد پوورهۆرمۆزان) لە پێنووسی ئەو لاپەڕەیەدا ئەوان وەکوو ئایدیۆلۆگی «وردەبۆرژوا» و «ڕەخنەگری سەرمایەداری لە ڕوانگەی بۆرژواییەوە» دەناسێنێت. ئایا ئەم ڕەوشتە وا ناکات کە خوێنەرانی ئەو بەرهەمە چیدی بە لای ئەو دوو کەسەدا نەچن و بۆیان گرینگ نەبێ ڕەخنەی ئەوان لە سیستەمی ئابووریی سەرمایەداری چی بووە؟ لە حاڵێکدا کە لە نوسخەی ئینگلیسیی بەرهەمەکەدا، نووسەری هجدە برومر بۆ مەبەستێکی دیکە، واتە بە مەبەستی ئاماژەدان بە گۆشەنیگایەکی دیاریکراوی مێژوویی بۆ دیاردەیەکی دیاریکراو، باسی ئەو کەسایەتیانە دەکات، بەبێ ئەوەی ئەو زمانە بەکار ببات یان مەبەستی وەها شتێک بێت کە وەرگێڕ بانگەشەی بۆ دەکات. ئەو وشانە ئیتر لە ڕەخنە دەردەچن و لە نەریتی چەپدا بۆ «بەمورتەدناساندن»ی بیرجیاوازان بە کار دەبرێن. کەچی نموونەی بەم جۆرە و گەلێ نموونەی دیکە دەری دەخەن کە نەوەی چەپ لە سەردەمی پێش شۆڕشی ئێراندا لەژێر سێبەری بۆچوونی وەرگێرەکانەوە لەگەڵ ئەو مەکتەبە فیکرییەدا ئاشنا دەبوون. لە لایەکی دیکەوە، هەروەک لە ئەدەبیاتی شۆڕشگێڕانەی ساڵەکانی نێوان ١٣٥٠ و ١٣٧٩دا دەر دەکەوێت، مەیل بۆ فێربوون لە ئەدەبیاتێکی بێڕەقیبەوە کە زۆرتر تاکڕەهەندییە، گەشە دەستێنێت. لە سەردەمی شۆڕشی ٥٧دا، لە کاتێکدا کە هەزاران کتێبی ڕۆمان و سیاسی و فەلسەفیی نووسەرانی ئەورووپایی چاپ دەکران، بیرەوەریی وەک ئەنگیزە و هاوشێوەکانی وەک افسانە ما[5] نووسینی غوڵامعەباس فرووتەن کە خاوەن گێڕانەوەی گرینگ لە ئەزموونەکانی پێشوو بوون، کەمتر لایان بۆ دەکرایەوە. ئایا ئەم کێشەیە لە ئێستادا وەک خۆی ماوەتەوە؟ ئێمە چۆن دەڕوانینە بیرەوەرییەکانی نەوەی پێشووی کوردستان؟ ئەمە دەشێت پرسیارێک بێت بۆ تویژینەوەکانی داهاتوو.
کتێبەکە لە پێکهاتنی حیزبی توودەوە (لل ٤٢-٤١) بازدانێکی هەیە بۆ ساڵەکانی دەیەی ١٣٤٠ (١٩٦٠). ئەگەرچی ئەو ماوە مێژووییەی کە کتێبەکە بەسەری دەکاتەوە درێژماوەیە و بابەتەکان زۆرن و ئەمە ڕەنگە بووبێتە هۆی ئاوڕدانەوەی کەمتر لە بەستێنەکان، بەڵام ماوەی نێوان سەرهەڵدانی حیزبی توودە و سەردەمی بەتایبەت پاش کۆدەتای ١٣٣٢ (١٩٥٣) لە دژی موسەددێق هەتا کۆتایی دەیەی ١٣٤٠، هەڵگری لایەنێکی یەکجار گرینگی ئاڵوگۆڕی بنەڕەتییە لە فیکر و ئەندێشەدا. ئەو سەردەمە هەروەها ئاڵوگۆڕێکی گرینگی دیکەی ئەزموون کردەوە کە بریتییە لە ئاڵوگۆڕی نەوەکان یان «نەسڵی»، واتە سەرهەڵدانی نەوەیەک کە بە پێچەوانەی نەوەی ڕابردوو، شۆڕشی کۆمەڵایەتی یان سیاسی (نەک چاکسازی)یان وەک بەدیل بۆ سیستەمی سیاسی کردە مەرامی خۆیان. کتێبەکە ئاماژەی بەم ئاڵوگۆڕ و نەوەیە کردووە، بەڵام کردنەوەی ئەو بەستێنە بۆ تێگەیشتن لە گۆڕانە فیکرییەکان و کاریگەریی بیری چەپ لەسەر حیزبی دیمۆکرات و بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان لەو سەردەمەدا، لەوانەیە بۆ توێژینەوەکانی دواتر پێویست بن. چەند چەمکێکیش ئاماژەیان پێ دراوە بەڵام شی نەکراونەتەوە. مادام ئاماژە بە «جبرگرایی» و «تیۆریی زانستیی پەرەستاندنی کۆمەڵ» لە مارکسیسمدا دەکرێت (ل. ٢٧٣)، دەبێ ئەم چەمکانە بە تێروتەسەلییەکی زۆرترەوە ئاوڕیان لێ بدرێتەوە، چونکە ئەو پێناسە و چەمکانە ناتوانن بە تەواوی مارکسیسم بناسێنن و لەم بارەشەوە ڕای جۆربەجۆر هەیە. دیتنی ڕەوتی مێژووی مرۆڤ وەک گەشەی بەردەوام یان تەکاموڵی و دابەشکراو بەسەر قۆناخی جۆربەجۆردا دەتوانێت پێناسەیەک بێت بۆ ئایدیۆلۆژیای دیکەی وەک ناسیۆنالیسم و گەلێ ڕوانینی دیکەیش. وەک نموونەیەک، دەتوانین وەبیر بهێنینەوە کە تیۆرییەکانی گەشە و نوێسازی لە ڕێگای ڕوانینی تەکاموڵییەوە نوسخەیان بۆ ئاڵوگۆڕی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی لە وڵاتانی ئاسیا و ئافریقادا بەرهەم هێنا تاکوو ئەو وڵاتانە لە پێناو ڕزگاریدا واز لە نەریتی ڕابردوو (سنت) بهێنن و باز بۆ سەردەمی هاوچەرخ (مدرن) بدەن.
هەموو ئەو ئاڵوگۆڕە فیکریانەی وا کتێبەکە ئاماژەیان پێ دەدات، لە بەستێنی توندبوونەوەی ڕەوتی نوێسازی لە ئێراندا مانایەکی باشتر وەردەگرن. لە ماوەی پاش شەڕی دووهەمی جیهانی و شۆڕشی ئێراندا، ڕەوتی نوێسازیی دەوڵەت لە سەرەوە، ڕەخنەی ئایینی (ئیسلامی سیاسی) و ڕەخنەی کۆمەڵایەتی (سۆسیالیستی) لە سیستەمی ئابووری و سیاسیی لێ کەوتەوە. ئەم ڕەخنانە بۆ وێنە لە کۆڕی خوێندکارانی کورد لە تاران ڕەنگ دەدەنەوە. ئەندامانی ئەو کۆڕە لە درێژماوەدا بەسەر ڕەخنەی ئایینی (ئەحمەد موفتیزادە) و ڕەخنەی کۆمەڵایەتی یان چەپدا دابەش بوون. بەرفراوانکردن و شیکردنەوەی زیاتری باسی هۆکاری کۆمەڵایەتی (هەروەها خوێندنی نوێ) و سیاسی باشتر دەتوانێت دەرکەوتنی ڕێکخراوە یان گرووپی نوێی وەک موجاهیدین و فەدایی و ئاڵقەی یەکەمی کۆمەڵە ڕوون بکاتەوە. بۆ ئەمە سەرچاوەیش لە بەردەستدایە و پشتبەستن بە مازیار بێهرووز (ل ٤٢) وەک سەرچاوەی دووهەم، ئەویش بە کورتی، ناتوانێت بێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی ئاستی تێگەیشتنی مێژوویی خوێنەر. لاپەڕەکانی ٤٨-٤٥ زیاتر باسی ئەوەیە چۆن بیری چەپ بڵاو بووەوە و کەمتر باسی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و زەمینەکانی وەرگرتنی ئەو بیروکەیە دەکرێت. لانیکەم بۆ توێژینەوەی داهاتوو دەتوانین ئەم خاڵە زەق بکەینەوە کە پێناسەکانی «چەپ» بەپێی بارودۆخ گۆڕانکارییان بەسەردا دێت. زەقبوونەوەی بیرۆکە یان ئایدیۆلۆژیایەک پەیوەندیی چڕوپڕی بە بارودۆخەوە هەیە. بۆ نموونە، تەنها لە بارودۆخی خۆیاندا دەتوانین لە هۆکارەکانی بەرجەستەبوونەوەی بۆچوونی بیری نەتەوەیی (ناسیۆنالیسم) و چەمکی نەتەوە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم بەم لاوە، زاڵبوونی گوتاری مارکسیسم لە دەیەکانی دوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە، یاخود لە بیرۆکەی شەڕی چەکداری تێبگەین. لە باسی عەبدوڕەحمان زەبیحی یان هەر سێ حیزبی «ئازادی» و «کۆمەڵەی ژێ.کاف» و «حیزبی دیمۆکرات»دا (ل ٦٠) لەوانەیە هەڵە نەبێ ئەگەر بڵێین کە ئەو کەسایەتی و ڕێکخراوانە ڕەنگە لە ڕووی پێکهات و کەسەکانەوە وەک یەک بچن، بەڵام لانیکەم لە ڕووی ئامانج و فیکرەوە جیاوازییان هەیە. دیارە کتێبەکە ئەگەرچی ئاماژە بەم لایەنانە دەکات، بەڵام نەیویستووە یاخود دەرفەتی نەبووە زۆرتر لێیان قووڵ بێتەوە. ئەڵبەت کتێبەکە زیاتر لە کۆمەڵەی ژێ.کاف دەکۆڵێتەوە و سەرنجی خوێنەر بۆ پێناسە چەپ و ئایینییەکانی ئەو حیزبە ڕادەکێشێت (ل ٥٨). هەروەها ئەم خاڵەش یەکجار سەرنجڕاکێشە کە پابەندبوونی ژێ.کاف بە ئایینی ئیسلام، نەیتوانیوە لە چینی مەلا و ئاغا بیپارێزێت کە ڕیکخراوەکەیان بە بێدین و ئەبووجەهل و ئەخنەس دەناساند (لل ٦٨-٦٦).
هەروەک مەبەستی کتێب و توێژینەوەکەیە، سەرنجی نووسەر لەسەر مێژووی حیزبی دیمۆکراتە و کاریگەریی بیری چەپ زیاتر لە پەیوەندی لەگەڵ ناکۆکیی چەپ و ڕاست لە قۆناغە جیاوازەکانی پاش کۆماردا دەخاتە بەر باس. لەم مێژووەدا حیزبی دیمۆکرات (و کۆماری کوردستان) وەک درێژەپێدەری کۆمەڵەی ژێ.کاف پێناسە دەکرێن (ل. ٨٧). ئەگەرچی کتێبەکە دواتر باسی سەفەری قازی موحەممەد بۆ سۆڤییەت لە پاییزی ١٩٤٥ و نووسراوەکەی ئار. چێ. ڕۆزڤێڵت (نوێنەری وەزارەتی بەرگریی ئامریکا لە ئێران کە سەردانی مەهابادی کردووە) سەبارەت بەم بابەتە دەکات (ل ١٠١)، بەڵام ڕۆزڤێڵت سەفەری قازی وەک هۆکارێک بۆ دامەزراندنی حیزبی دیمۆکرات لێک دەداتەوە. هەروەک کتێبەکە خۆیشی دەڵێت، ئەمە پاشەکشە یان گۆڕانی ئامانجی ژێ.کافە لە کوردستانی گەورەوە بۆ دەسەڵاتی سیاسی لە چوارچێوەی ئێراندا. کتێبەکە بەو ئەنجامە دەگات کە لەبەر گۆڕانی قەوارەی ڕێبەرایەتی لە «خوێندکارانی شاری»یەوە بۆ «خاوەنموڵکە گەورەکان» (لل ٩٧-٩٥)، چەپ دەکەوێتە پەڕاوێزەوە. لەبەر ئەوەی کە لە زۆر جێگادا وا دیارە کتێبەکە بیری چەپ و بیری نەتەوەیی لە بەرامبەر یەکدا دادەنێت، لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە بۆچی کەوتنەپەڕاوێزی بیری چەپ و بیری کوردستانی گەورەی ژێ.کاف پێکەوە ڕوو دەدەن؟ لەوانەیە ئەم بابەتەیش لە توێژینەوەی داهاتوودا شیاوی بەسەرکردنەوە بێت.
لەسەر ڕاپەڕێنی وەرزێرانی موکریان لە سەرەتای دەیەی ١٣٣٠ (١٩٥٠)دا، کتێبەکە پێمان دەڵێ کە حیزبی دیمۆکرات لە دەلاقەی حیزبی توودەوە دەیڕوانییە ڕووداوەکە و ئەوەیە کە «لەم قۆناغەی ژیانی سیاسیی ”حدک” پرسی نەتەوەیی دەخرێتە پەڕاوێزەوە و زۆرتر پێداگری لەسەر پرسی چینایەتی دەکرێ» (ل ١٤٩). بەڵام لێرەدا ڕوون نییە بۆچی گرینگیدان بەو ڕاپەڕینە بە مانای خستنەپەراویزی پرسی نەتەوەییە؟ کتێبەکە باسی ئەوە دەکات کە حیزبی دیمۆکرات لە ڕێبەرایەتیکردنی ڕاپەڕینەکەدا نەبووە، ئەگەرچی پشتیوان و یارمەتیدەری جووتیاران بووە و ئەمە پێگەی کۆمەلایەتیی ئەو حیزبەی بەهێز کردووە.
کتێبەکە سەبارەت بە چالاکییەکانی حیزبی دیمۆکرات لە سەردەمی موسەددێق و کۆدەتادا گەلێ زانیاریی زۆر ورد و پڕبایەخی لە خۆ گرتووە، ئەگەرچی زۆرتر لەسەر مەهاباد و شومالی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە. هەروەها ئەگەرچی باسەکە لەسەر هۆکاری کۆدەتا (مادام ئاماژە بە هۆکارەکانی دەکات) دەکرا بەربڵاوتر بێت و کەڵك لە سەرچاوەی باشتر وەربگیرێت، بەڵام ئاماژەدانی کتێبەکە بە کۆلۆنیالیسم بۆ تێگەیشتن لە هۆکارەکانی قەیرانی نەوت و کۆدەتا زۆر گرینگە و خوێنەر نابێ بە ئاسانی لە پەنای ئەم خاڵەوە تێپەڕێت. چونکوو لە مێژوونووسیی ئێرانیدا تەنها ئابراهامیان و ژومارەیەکی کەمتر لە مێژووزانانی ئێرانی هۆکاری قەیرانی میللیکردن (بەنیشتمانیکردن)ی نەوت و کۆدەتا بۆ کۆلۆنیالیسم دەگێڕنەوە، کەچی زۆربەی توێژەران و مێژووزانان هۆکاری قەیرانی نەوت و کۆدەتا بە گشتی دەگێڕنەوە بۆ کێشەی مودیرییەتی و بەڕیوەبردنی شیرکەتی نەوت. ئەم خاڵە هەم بۆ ناساندنی باشتری ئەو ڕووداوە گرنگایەتیی هەیە و هەم بە قازانجی ڕێبازی توێژینەوەیشە لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوە مێژووییەکانی لەو چەشنەدا.
لە تاوتوێکردنی بزووتنەوەی ساڵەکانی دەیەی ١٣٤٠ (١٩٦٠) و حیزبی دیمۆکراتدا، کتێبەکە باسی ململانێی بیری ناسیۆنالیستی (د. مەولەوی) و بیری چینایەتی دەکات (لل ٧-١٨٦). ئەمەش تەنها لە پەیوەندی لەگەڵ دوو حیزبی سەرانسەری و کوردستانیدا، واتە حیزبی توودە و حیزبی دیمۆکرات، دەخرێتە بەر باسەوە. لە باسی ئەحمەد تەوفێق و د. عەبدوڕەحـمان قاسملوودا، کتێبەکە تەوفیق وەک عەشیرە و ناسیۆنالیستی بەرچاوتەنگ دەناسێنێت. ئەم ئاماژانە لەوانەیە تا ڕادەیەکی زۆر بۆ گەلێ خوێنەر ناڕوون بن، مەبەست ئەوەیە کە دەقەکە لەم بەشانەدا زۆرتر گێڕانەوەیە و وا دەر دەکەوێت کە مەجالی تاوتوێکردنێکی زۆرتری نەبووبێت.
لە پەیوەندی لەگەڵ چەپ و ڕاست لە حیزبدا، لێکدانەوەکانی کریس کۆچەرا و مەکدۆوال (ل ٢٢٤) (کە ئەوەی مەکدۆوال بۆکوردستانی ڕۆژهەڵات سەرچاوەیەکی بەرتەسکە) باسی دوورکەوتنەوە لە چەپ دەکەن. بەڵام ڕەنگە بتوانین ئەم کێشەیە بە جۆرێکی دیکەیش لێک بدەینەوە، واتە هەوڵە فیکرییەکان لە قۆناغە جیاوازەکاندا وەک هەوڵ و تێکۆشان بۆ خۆدۆزینەوە لە سەردەمێکی نوێدا ببینین، نەک ئیلزامەن وەک دوورکەوتنەوە لە بیرۆکەیەک بە ناوی «چەپ». هەمیسان دەبێ ئەم هەوڵانەش لەژێر چەتری بیرۆکەی حیزبی دیمۆکراتدا وەک نەریتێکی چەندین ساڵە تاوتوێ بکرێن، نەک وەک حیزبێک بە پێکهات و ئۆرگانی دیاریکراوەوە. لەوانەیە کەسێک بڵێت کە ئەو جۆرە ململانێیە لە نێو ئەو کەسانەدا ڕەنگدانەوەی گۆڕانکاریی بنەڕەتی فیکری و بەستێنی کۆمەڵایەتی و جیهانییە. بە هەمان ڕادە گرینگ، دەبێ سەرنج بدەین کە «چەپ» لە مێژووی چەند سەد ساڵی ڕابردوودا دیاردەیەکی چەقبەستوو نەبووە کە پێناسە و چوارچێوەکەی بەتەواوی و هەر لە سەرەتاوە دیاری کرابێت. واتە ئەو مێژووە پێوەرێکی تەواو و کەماڵ بە دەستەوە نادات کە بتوانین بە پشتبەستن بەو پێوەرە، هەڵوێستێک، ئەویش جیا لە بەستێن و سەردەمی خۆی، وەک دوورکەوتنەوە یان نزیکبوونەوە لە «چەپ» پێناسە بکەین. کتێبەکە لە زۆر جێگادا و لەوانەیە زۆرتر لە پەناوە ئاماژە بە گرینگیی هۆکاری گۆڕانی فیکر و بەستێن دەکات. بۆ وێنە (لل ٢-٢٥١) بە دروستی ڕاپەڕێنی چەکداریی حیزبی دیمۆکرات-کومیتەی شۆڕشگێر وەک دەرئەنجامی ئاڵوگۆڕی فیکری لە ئاستی جیهانیدا، سەرکوتی سیاسیی سەردەمی شا و ناهومێدبوون لە ئەزموونەکانی ڕابردوو لێک دەداتەوە نەک (بەو جۆرەی ئەمیر قازی بە هەڵە دەیڵێت) سەرئەنجامی پلانی حیزبی توودە! لە کۆتایی ئەم بەشەدا، دەبێ هەمیسان جەخت لەسەر زەروورەتی پێناسەکردنی چەپ و پەیوەندیی ئەو دیاردەیە بە پرسی نەتەوەییەوە بۆ توێژینەوەی داهاتوو بکەینەوە.
لایەنێکی دیکەی کتێبەکە ئاماژەیە بە مێژووی حیزبی دیمۆکرات لە پەیوەندی لەگەل ڕەوتی ململانێ و (بەو جۆرەی کتێبەکە دەڵێ) نەحەوانە لەگەڵ یەکتر لە ساڵانی پێش شۆڕشی ئێراندا و هەوڵدان بۆ ساخکردنەوە و پێکهێنانەوەی حیزب. بەو جۆرەی نووسەر ئەم باسە بەسەر دەکاتەوە، وا هەست دەکرێت کە کتێبەکە حیزبی دیمۆکرات وەک ڕێکخراوەیەکی بێدابڕان و پچڕان لە پێکهات و قەوارەکەی لە مێژووی خۆیدا دەناسێنێت کە لە کۆمارەوە درێژەی هەبووە، بەڵام لە ناو خۆیدا ناکۆکی و ململانێێ چەپ و ڕاست ڕووی داوە. بەڵام لەوانەیە خوێنەر زیاتر بەردەوامبوونی نەریت یان بیرۆکە و ڕێبازێک ببینێت کە لە قۆناغە جیاوازەکاندا هەمیسان بوونەتەوە بە هەوێنی هەوڵ و تێکۆشان بۆ پێکهێنانەوەی ڕێکخراوەکە. ئەمەیش دەشێت وەک پرسیارێک باس بکرێت کە ئێمە چۆن دەتوانین لە ڕووی ڕیکخراوەییەوە حیزبی دیمۆکرات لە کۆمارەوە تا شۆڕشی ٥٧ پێناسە بکەین؟ ئایا ڕەوتێکی بەردەوام بووە یان پچڕپچڕ؟ دیارە ئەم پرسیارە درێژخایەنبوونی ڕێباز و فیکرێک و هەوڵی کەسەکان دانابەزێنێت.
لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم بەشەدا، لەوانەیە پێویست بێت ئاماژە بەوەیش بکەین کە کتێبەکە زیاتر وەک خستنەڕووی هەندێ لایەنی مێژووی حیزبی دیمۆکرات پێشکەش کراوە کە زۆرتر سەرنج دەخاتە سەر ململانێی بۆچوونی چەپ و ڕاست لە ناو حیزبەکەدا. سەردەمی دوای شۆڕشی ٥٧یش هەر بەو جۆرە پیشکەش دەکرێت و لە چەند جێگادا هێشتا دیار نییە کە وەک دەوترێ، ململانێی بیری نەتەوەیی و چینایەتی چۆنچۆنی کردار و هەڵوێستەکانی ئەو حیزبەی دیاری کردووە؟ لەوانەیە ئەمە ببێتە پرسیار کە ئەگەر گرینگیدان بە پرسی چینایەتی یان باوەڕمەندبوون بە مارکسیسم-لینینیسم و دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا بە زیانی پرسی نەتەوەیی دەشکێتەوە، چۆنە کە هەڵوێستی ڕێکخراوەیەكی مارکسیستی لە کوردستاندا و هەڵوێستی حیزبی توودە لە ئاست دژەئیمپریالسیتبوون یان نەبوونی خومەینیدا وەک یەک دەرناچێت؟ پرسیارێکی دیکەیش دەشێت ئەوە بێت کە بەپێی پێوەری چینایەتی بۆچی ڕژێمی نوێی ئیسلامی لە کوردستاندا ڕیکخراوەیەک کە خۆی بە کۆمۆنیست دەزانێت وەک «جنگ افروز» دەناسێنێت؟ یان ئەوەی کە هیچ گومانێک لەسەر شێلگیربوونی ئەو ڕێکخراوەیە لە خەباتی نەتەوەیی و شەڕی چەکداری لە دوای شۆڕشی ٥٧ لە ئارادا نییە؟ ئەم پرسیارانە لە خزمەت بیرۆکەی کتێبەکەدان کە ناڕاستەوخۆ پرسیاری دیکەمان بۆ دروست دەکەن، بۆ وێنە؛ ئێمە چۆن «چەپ» و «ڕاست» و چەمکەکانی دیکە لە خزمەت تێگەیشتن و نەک ناوزڕاندندا بەکار ببەین؟ بەپێی چ پێوەرگەلێک پەیوەندیی پرسی چەپ و پرسی نەتەوەیی دیاری بکەین؟ پرسی چینایەتی و پرسی نەتەوەیی چین؟ ئایا پرسی نەتەوەیی بێبەرییە لەو پرسانەی دیکە؟ پرسیارێکی دیکەیش دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندیی دوولایەنە (نەک یەکلایەنە)ی نێوان ئایدیۆلۆژیا و پراتیک (قسە و کردار) و بە هەمان شێوە، پەیوەندیی نێوان ئایدیۆلۆژیا و پێویستییەکان و ڕووداوەکانی سەردەم.
کتێبەکە لە هەر حاڵدا خاوەن خاڵی یەکجار گرینگ و زانیاریی پڕبایەخە بۆ توێژینەوەی زۆرتر. کتێبەکە لە سەری بووە ڕەچاوی هەندێ پرەنسیب و پێکهاتی دیاریکراو بکات کە لە زانکۆکانی کوردستانی باشووردا باوە. بۆیە کۆبەندیی کتێبەکە وەک خاڵبەندی پێشکەش کراوە و زۆرتر وەبیرهێنانەوەی خاڵگەلێکی گرینگن کە کتێبەکە بەسەری کردوونەتەوە. دەکرێ سەرنجی ئەم لایەنەیش بدرێت کە کۆبەندی دەبێ لەوە واوەتر بچێت و لەم نموونەیەدا دەبوو چۆنییەتی و ئاکامی کاریگەرییەکانی بیری چەپ لە مێژووی حیزبی دیمۆکراتدا (کە کتێبەکە هەوڵ دەدات پیشانی بدات) کۆ بکاتەوە. ئاوا زیادکردنێک بێگومان دەبووە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی تێگەیشتنی خوێنەر لە باس و ئامانجی توێژینەوەکە.
لە کۆتاییدا پێویستە ئەوەیش بڵێین کە پەخشان و زمانێک کە کتێبەکە ڕەچاوی کردووە، کوردییەکی یەکجار ڕەوانە و تێگەیشتنی لە بابەتەکان ئاسان کردووەتەوە و هەروەها ئاستی زانیاریی کوردیی خوێنەریش بەرز دەکاتەوە. پێویستە وەبیر خۆمانی بهێنینەوە کە چۆنییەتیی زمانی توێژینەوە بۆ گواستنەوەی باسی توێژینەوە و تێوەگلاندنی خوێنەر لە باسەکەدا گرنگایەتییەکی یەکجار زۆری هەیە. بە داخەوە زمانێکی نامۆ لە توێژینەوەی کوردیدا بووەتە باو کە لە ئاست چەمک و وشەکاندا لاسایی زمانی دیکەی وەک ئینگلیسی دەکاتەوە و وشەی کوردییان بۆ دادەتاشێت. ئەمە لە پێکهاتی ڕستەی ئەو جۆرە دەقانەدا ڕەنگ دەداتەوە کە ڕستەیەکی وشك و نامۆ پێشکەشی خوێنەر دەکەن یان دەقەکە دەبێتە تۆپەڵەیەک لە وشەی بێڕۆح. نامۆکردن و داتاشینی زۆرەملێی دەستەواژە بە سوودی ناوەرۆکی بابەتەکان نییە و ئاستی باسەکان بەرز ناکاتەوە. گرینگ نییە توێژینەوەیەک کە زمانێکی نامۆی لەم چەشنەی هەڵبژاردووە یاخود دەقێک کە بە زمانێکی ڕەق و تەق نووسراوە، چەندە دروست یان زانستیین، دەکرێ دۆزینەوەکانیان زۆر تەواو بن، بەڵام ئەو جۆرە دەقانە وشک و ماندووکەرن. بەرهەمن، بەڵام بەرهەمهێنەر نین. ئەو جۆرە دەقانە درزێک دەخەنە نێوان ئەکادیمیا و کۆمەڵگاوە و وردەوردە عەشیرەی ئەکادیمیی خۆیان پێک دەهێنن. لە بەرامبەردا، ئێمە خاوەن سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندین لە زمانی کوردیدا. لە کوردستانی رۆژهەڵات داییمە جۆریکی ڕەوان لە کوردیی سۆرانی باو بووە کە دەتوانین پەخشانی هێمن، بۆ وێنە پێشەکییەکەی بۆ کتێبی تاریک و روون، بە نموونە بهێنینەوە و وەک پێوانەیەک سەیری بکەین. ئەو پێشەکییە دەقێکی سەرنجڕاکێشە، خوێنەر بەدوای خۆیدا ڕادەکێشێت، گێڕانەوە و ڕەخنەکانی شاعیر لە سەردەمی خۆی بە جوانی لە لایەن خوێنەرەوە وەردەگیرێت و حەز بە فێربوونی ئەو جۆرە پەخشانە لە خوێنەردا زیاد دەکات، دواجار دەتوانین بڵێین ئەو جۆرە نووسینە خزمەتی داهێنانی ئەدەبیی تاک دەکات. سمایل بازیار لەم بارەشەوە توانیویەتی کتێبکی سەرنجڕاکێش بەرهەم بهێنێت کە جیا لە بایەخە زانستییەکەی، دەبێ لە ئاست و جۆری زمانەکەیشیەوە فێر بین. کاریگەریی بیری چەپ لە سەر بزاڤی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرهەمێکی بەرهەمهێنەرە.
سەرچاوە و پەراوێزەکان
[1]. O. Bengio, ed., Kurdish Awakening: Nation Building In A Fragmented Homeland (Austin: University of Texas Press, 2014), pp. 5 and 2–5.
[2]. H. Bozarslan, C. Gunes, and V. Yadirgi, eds. The Cambridge History of the Kurds (Cambridge: Cambridge University Press, 2021).
[3] . کۆی ناونیشانی کتێبەکە بەم جۆرەیە:
سمایل بازیار، کاریگەریی بیری چەپ لە سەر بزاڤی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: حیزبی دیمۆکراتی کوردستان وەک نموونە (١٩٤٥-١٩٩١)، (٢٠٢٠).
[4] . https://rasabooks.ir/default.aspx?TabId=502&Id=218
[5]. https://www.rahetudeh.com/rahetude/afsanehma/html/aghaz-afsanehma.html