ناسیۆنالیزم و ڕۆشنبیران لە نێو نەتەوە بێدەوڵەتەکاندا: کاتالان وەک نموونە
- Jan 5, 2025   |   مونتەسیڕات گویبەرنائۆ|وەرگێڕ: کامیل شەریفپوور
داگرتنی ڤێرژنی PDF
ناسیۆنالیزم و ڕۆشنبیران لە نێو نەتەوە بێدەوڵەتەکاندا: کاتالان وەک نموونە
ئەم وتارە دەیهەوێت چوارچێوەیەکی تیۆریک بۆ لێکۆڵینەوە سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان ڕۆشنبیران و ناسیۆنالیزم لە نێو نەتەوە بێدەوڵەتەکانی ڕۆژئاوادا پێشکەش بکات. بەشی یەکەم، چوارچێوەیەکی تیۆریک کە داگری پێناسەی چەمکەکانی نەتەوە و دەوڵەت و ناسیۆنالیزمە، دابین دەکات و هەروەها تێگەی نەتەوە بێدەوڵەتەکانیش دەناسێنێت. لەم ڕووەوە، لە نێوان دوو چەمکی “ناسیۆنالیزمی دەوڵەتی” و “ناسیۆنالیزمی نەتەوە بێدەوڵەتەکان”دا جیاوازی دادەنێت. بەشی دووەم، پەیوەندیی نێوان ڕۆشنبیران و ناسیۆنالیزم لە ئاسەواری ئێلی کیدۆری، تام نەرین، جۆن برۆیلی و ئەنتۆنی دی سمیتدا دەخاتە بەردەم شیکاری و لێکۆڵینەوە. بەشی سێیەم، ئەو کۆدەقە تایبەتە لە بەرچاو دەگرێت کە ڕۆشنبیرانی نەتەوە بێدەوڵەتەکان تێیدا هەڵدەسووڕێن. ئەم وتارە خوێندنەوەیەکە بۆ ڕۆڵی ڕۆشنبیرانی کاتالۆن لە پشتیوانیکردن لە زمان و کەلتووری خۆجێیی خۆیان لە سەردەمی ڕژیمی فرانکۆدا (1975 – 1939) و هەروەها لەو پرۆسەیە دەدوێت کە چۆن لە ساڵەکانی نێوان (1975- 1960)دا ناسیۆنالیزمی کاتالۆنەکان لە چینی دەستەبژێرەوە گۆڕا بۆ بزاڤێکی جەماوەری. ئەم وتارە گرینگییەکی تایبەت دەدا بەو چالاکییە بەرخۆدانە کەلتووریانەی کە ڕۆشنبیرانی کاتالۆن لەو ماوەیەدا بە ئەنجامیان گەیاند. پاشان باس دەکات لەو هۆکارانەی کە چۆن هەندێک لە ڕۆشنبیرانی هۆگری ناسیۆنالیزم کرد و لە ئاکامدا دەپەرژێتە سەر ئەو “ئارگیۆمێنتە عەقڵانی و سۆزدارییانە[1]“ی کە لە لایەن ڕۆشنبیرانەوە وەک بکەرانی موبولیزەکردنی خەڵک، بەکار هێنراون.
1 – نەتەوە بێدەوڵەتەکان کامانەن؟
پێویستە جیاوازییەکی چەمکییانەی بنەڕەتی لە نێوان نەتەوە و دەوڵەت و ناسیۆنالیزمدا دابنرێت. مەبەستی من لە وشەی “دەوڵەت”، بە کەڵکوەرگرتن لە پێناسەی ڤیبەر، ئاماژەیە بۆ جڤاکێکی مرۆیی کە (بە سەرکەوتنەوە) ئیددیعای کەڵکوەرگرتنی قۆرخکارانەی[2] ڕەوا لە هێزی فیزیکی لە نێو خاکێکی دیاریکراودا دەکات (Weber, 1991, p. 78). هەرچەندە هەموو دەوڵەتەکان، بە سەرکەوتووییەکی تەواوەوە ئەمەیان بە ئەنجام نەگەیاندووە و تەنانەت هەندێکیان مەیلی دەستەبەرکردنی ئەوەیشیان نەبووە. مەبەستی من لە “نەتەوە” گرووپێکی مرۆییە کە ئاگان لە پێکهێنانی کۆمەڵگەیەک، خاوەنی کەلتوورێکی هاوبەشن، پەیوەستن بە خاکێکی تەواو دیاریکراوەوە، ڕابردوویەکی هاوبەش و پرۆژەیەکی هاوبەشیان بۆ داهاتوو هەیە و ئیددیعای مافی حوکمڕانی بە سەر خۆیاندا دەکەن. کە وابوو، بە بڕوای من “نەتەوە” پێنج ڕەهەند لەخۆدەگرێت: سایکۆلۆژی (ئاگایی لە پێکهێنانی گرووپێک)، کەلتووری، سەرزەوینی، سیاسی و مێژوویی. بە ئاڕاستەکردنی ئەم پێناسەیە، دەستەواژەی نەتەوە لە هەردوو دەستەواژەی دەوڵەت و دەوڵەت – نەتەوە جیا دەکەمەوە و دواتر و لە کاتی پێشکەشکردنی تێڕوانینەکەمدا بۆ ئەو شتەی ناوی دەنێم “نەتەوەی بێدەوڵەت”، دەگەڕێمەوە بۆ ئەو جیاوازییە. مەبەستی من لە ناسیۆنالیزم، “هەستی پێوەندارێتی”[3] بە کۆمەڵگەیەکە کە ئەندامەکانی بە کۆمەڵێک هێما و باوەڕ و شێوازی ژیان دەناسرێنەوە و خاوەنی ئیرادەی دیاریکردنی چارەنووسی سیاسیی هاوبەشن.
بەڵام هێشتا دەستەواژەیەکی دیکە هەیە کە پێویستی بە پێناسەکردن و جیاکردنەوەیە لەو دەستەواژانەی کە لە سەرەوە لە باسی دەوڵەت – نەتەوەدا ئاماژەمان پێ کرد. دەوڵەت – نەتەوە دیاردەیەکی مۆدێرنە کە لە کۆتایی سەدەی هەژدەهەم لە دەوروبەری شۆڕشی فەرەنسادا سەری هەڵدا. تایبەتمەندییەکەی بریتییە لە پێکهاتنی جۆرە دەوڵەتێک کە ئیددیعا دەکات لە هێزی ڕەوا بە شێوەیەکی قۆرخکارانە لە نێو هەرێمێکی دیاریکراودا کەڵک وەردەگرێت و دەیهەوێ لە ڕێگەی یەکسانسازی[4] و سازدانی کەلتوور و هێما و بەهای هاوبەش و زیندووکردنەوەی نەریت و ئوستوورەی سەرەتا و هەندێک جار لە ڕێگەی داهێنانی ئەو شتانەوە، خەڵکی ژێر دەسەڵاتی خۆی یەکگرتوو بکات.
تایبەتمەندیی جیاوازی ئەم وتارە لەو ئامانجەوە سەرچاوە دەگرێت کە دەیهەوێت چوارچێوەیەکی تیۆریک بۆ لێکۆڵینەوە لە پەیوەندیی نێوان ڕۆشنبیران و ناسیۆنالیزم لە نێو نەتەوە بێدەوڵەتەکاندا دەستەبەر بکات. من بە دەستەواژەی “نەتەوە بێدەوڵەتەکان” ئاماژە بەو نەتەوانە دەکەم کە سەرەڕای ئەوەی وڵاتەکەیان لە نێو سنووری دەوڵەتێک یان چەن دەوڵەتێکدایە، بەڵام دەیانهەوێت هەستی جیاوازی شوناسی نەتەوەییان کە بە شێوەی گشتی لەسەر کەلتووری هاوبەش و مێژوو و پەیوەندی بە خاکێکی دیاریکراوەوە ڕۆ نراوە، بپارێزن و بە ڕاشکاوی دەیانەوێت بەسەر خۆیاندا حکومەت بکەن. (Guibernau, 1999). لە ئێستاکەدا، زۆربەی ئەو بزاڤە نەتەوەخوازانەی لە نێو نەتەوە بێدەوڵەتەکانی ڕۆژئاوادا لە حاڵی گەشەسەندندان، لە نێو ئەو نەتەوانەدا سەر هەڵ ئەدەن کە سەردەمانێک خاوەنی شوناسی سیاسی و/ یان کەلتووریی جیاواز بوون و لە ئێستادا پشتی پێ دەبەسرێت و زیندوو دەکرێتەوە و پەرە دەسێنێت و لەگەڵ ئەو بارودۆخە کۆمەڵایەتی– سیاسییەدا کە نەتەوەی تێدا دەژی، دەگونجێندرێت.
هەندێک جار لە فۆرمی خۆسەریی سیاسیدا لە مافی چارەی خۆنووسین تێدەگەن کە لە بڕێک حاڵەتدا ناگاتە ئاستی سەربەخۆیی و زۆر کەڕەتیش مافی جیابوونەوە لە خۆ دەگرێت. کاتالۆنیا و کەبک و سکۆتلەند و وڵاتی باسک و فلاندەر، ژمارەیەک نەتەوەی بێدەوڵەتن کە لە ئێستادا خوازیاری خۆبەڕێوەبەریی زیاترن. دەکرێت بگوترێت کە هەندێک لەو نەتەوانە، پێشتر خاوەنی جۆرێک لە دەوڵەتی تایبەت بە خۆیان بوون، لەبەر ئەوەی، بەشێکی بەرچاو لە دەسەڵات بە پەرلەمانە هەرێمییەکانی ئەوان دراوە. بەڵام خۆبەڕێوەبەریی سیاسی یان تەنانەت فیدراڵی، جیاوازیی بنەڕەتی لەگەڵ سەربەخۆییدا هەیە. چونکە سەربەخۆییخوازان دەیانهەوێت سیاسەتی دەرەوە و ئابووری و بابەتی بەرگری و یاسای بنەڕەتیی خۆیان هەبێت، هەر بەو هۆیەوە، لۆژیکییە کە بەردەوام بە نەتەوەی بێدەوڵەت ئاماژەیان بۆ بکرێت.
ئەمن دانانی جیاوازییەکی تایبەت لە نێوان “ناسیۆنالیزمی دەوڵەتی”[5] و “ناسیۆنالیزمی نەتەوە بێدەوڵەتەکان”دا بۆ تێگەیشتن لە هەندێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ناسیۆنالیزم لە هەردوو نموونەکەدا، بە پێویست دەزانم. پێویستە داکۆکی بکرێتەوە، ئەو شتەی هەر دوو جۆری ناسیۆنالیزمەکە لێک جیا دەکاتەوە، پەیوەندیی بە «داوەریی ئەرزشی» یان ئەو ئیددیعایەوە کە جۆرێک لە ناسیۆنالیزم چاکە و ئەویتر خراپ و یەکیان ئیتنیکییە و ئەویدی مەدەنی، نییە. بەڵکوو دوو جیاوازیی بنەڕەتی لە نێوان “ناسیۆنالیزمی دەوڵەتی” و “ناسیۆنالیزمی نەتەوە بێدەوڵەتەکاندا” هەیە کە بریتییە لە دەستڕاگەیشتنیان بە دەسەڵات و سەرچاوەی دەسەڵات. لە ڕاستیدا، یەکەمیان بە شوێن پتەوکردن و بەهێزکردنی دەوڵەتەوەیە و دووهەمیان، ڕەوایی دەوڵەت دەخاتە بەردەم ئاڵێنگاری و زۆرجار، بەڵام نەک هەمیشە، خوازیاری بەدیهێنانی دەوڵەتێکی نوێیە.
کاتێک بیر لە پەیوەندیی نێوان ڕۆشنبیر و ناسیۆنالیزم دەکەینەوە، شوێنپێی پێناسەی سمیت لە ڕۆشنبیران کە بریتین لەو کەسانەی بەرهەمی هونەری دەخولقێنن و ئەندێشە بەدی دێنن، هەڵدەگرین. بەم کارە، ئەوان لە چینی خوێندەواران یان پسپۆڕانێک کە لە چوارچێوەیەکی بەربڵاوتردا ئەندێشە و لێهاتوویی ڕادەگوێزن و بڵاوی دەکەنەوە و خەڵکێکی خوێندەوار بەدی دەهێنن کە ئەو ئەندێشە و بەرهەمە هونەرییانە مەسرەف بکەن، جیا دەکەمەوە (p. 93) Smith, 1991). هەرچەندە لە کردەوەدا، دەکرێت کە هەر ئەو تاکە، هەموو ئەو ڕۆڵە جیاوازانە بگێڕێت.
2 – ڕۆشنبیران و ناسیۆنالیزم:
ئەم وتارە پێش لەوەی بپەرژێتە سەر خوێندنەوەی تایبەت بە ئەرکی ڕۆشنبیران لە نێو نەتەوە بێدەولەتەکاندا، پێداچوونەوە بە تیۆرییەکانی کیدۆری و نەرین و برۆیلی و سمیتدا دەکات، چونکە هەموویان بەشێک لە کارەکانی خۆیانیان بۆ شیکردنەوەی پەیوەندیی نێوان ناسیۆنالیزم و ڕۆشنبیران تەرخان کردووە. بەڵام پێویستە جەخت بکرێتەوە کە تیۆرییەکانی ئەوان، باس لە ڕۆڵی تایبەتی ڕۆشنبیران لە نێو نەتەوە بێدەوڵەتەکاندا ناکات. بە پێچەوانەوە، ئەوان گەلێ کەمتەرخەمن لە بەرانبەر پێداویستیی بەدیهێنانی جیاوازیی ڕوون لە نێوان ئەو تاقمە لەو ڕۆشنبیرانەی کە لە نێو بازنەی نەتەوە – دەوڵەتدا هەڵدەسووڕێن و لە دروستکردنی “ناسیۆنالیزمی دەوڵەتیدا” بەشدارن، لەگەڵ ئەوانەی کە لە نێو ئەو نەتەوانەدا گەشەیان سەندووە کە دەوڵەتی تایبەت بە خۆیان نییە. تەنیا شیکاریی کیدۆری لەمەڕ ڕۆشنبیرانی کۆمەڵگای بەکۆلۆنیکراو وەکوو ڕیزپەڕێک لەم بارەوە، چاوی لێ دەکرێت.
ئیلی کیدۆری: سەبارەت بە “مرۆڤی پەڕاوێزخراو”[6]
“…دەستم کرد بە ڕاپەڕین لە دژی شکۆیەک کە نەمدەتوانی لەگەڵیدا ئاوێتە بم”.
(بە گێرانەوە لە کیدۆری، کتێبی ناسیۆنالیزم لە ئاسیا و ئەفریقادا، لاپەڕەی 88)
کیدۆری هەڵوێستێکی نەیارانەی سەبارەت بە ناسیۆنالیزم هەیە. ئەو ناسیۆنالیزم بە جۆرێک لە سیاسەت پێناسە دەکات کە پەیوەندیی بە واقیعەوە نییە، بەڵکوو “تەنیا مەبەستی جیهانی دەروونە و کۆتا ئامانجیشی، هەڵوەشاندنەوەی سیاسەتە بە تەواوی” (Kedourie, 1986, p. 85). کیدۆری ناسیۆنالیزم بە نەخۆشییەک دەزانێت کە لە ڕۆژئاواوە سەرچاوەی گرتووە و دواتر پەلی بۆ بەشەکانی دیکەی جیهان ڕاکێشاوە. لە ڕوانگەی ئەوەوە، دەبێت ڕۆشنبیران لەسەر بەرهەمهێنانی بیرۆکەیەکی ڕۆنراو لە سەر ئەم گریمانە کە نەتەوەکان دابەشبوونێکی ئاشکرا و سروشتی ڕەگەزی مرۆڤن، هەروەکوو مێژوو و مرۆڤناسی و زمانناسی دەیسەلمێنن، تاوانبار بکرێن. بەپێی گوتەی کیدۆری، ڕۆشنبیرانی نامۆکراو و ناهێور کە لەژێر کاریگەریی ئاوەزخوازیی ڕۆشنگەریدا لە سیاسەت پەراوێز خرابوون، ڕوویان لە ڕۆمانتیزم کرد و ناسیۆنالیزمیان وەکوو دۆکتۆرینێک بەرهەم هێنا کە دەتوانێت ڕۆڵی سەرەکییان لە نێو کۆمەڵگادا پێ ببەخشێت.1 ئەو بە توندی ڕەخنە لە ڕۆشنبیرانی ڕۆمانتیک، وەکوو هێردێر یان فیختە، دەگرێت و بە تەواوی ناسیۆنالیزم و ڕۆمانتیزم بە یەک شت دەزانێت.
کیدۆری، داکۆکی لەسەر ڕۆڵی ڕۆشنبیران لە کۆمەڵگا بەکۆلۆنیکراوەکان دەکات. ئەو ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن هەندێک لە خەڵکی خۆجێیی بە خوێندن لە ڕۆژئاوا بە تەواوی لە کۆمەڵگای نەریتیی خۆیان نامۆ بوون و لەگەڵ کەلتوور و شێوازی داگیرکەران ڕێک کەوتوون، تەنیا بۆ ئەوەی دەری بخەن کە چلۆن نوخبە خۆجێییەکان، لە پێگەی شانازی و بەرپرسیارەتیی تایبەتدراو بە ئیستیعمارکەرانی سپی پێست، وەلا نراون. ئەو دەنووسێت:
گومان دەکرا کە کەسێکی هێندی تەنیا کاتێک لە خزمەتگوزاریی مەدەنی وەردەگیردرێ کە بە شێوەی ڕاستەقینە و کردەیی بووبێتە ئەورووپی و خۆی وەک کەسایەتییەکی ئینگلیزیی خاوەن ڕیز و خوێندەوارییەکی باڵا دەرهێنابێت. بەڵام ئەوەی کە کەسێکی هێندی بووبێت بە ئاوا کەسایەتییەک و بە ئاسانی و ئۆتۆماتیک وەکوو جێنتەڵمەنێکی ئینگلیزی مامەڵەی لەگەڵدا کرابێت، قەت بە کردەوە ڕووی نەداوە (Kedourie, 1971, p. 84).
لە ڕاستیدا، ئەوەی کیدۆری سەبارەت بە ئیلیتی خۆجێیی لە کۆمەڵگای بەکۆلۆنیکراودا دەینووسێت، پەیوەندییەکی زۆری بە شیکاریی بەشێک لە ئیلیتی خۆجێیی نەتەوە بێدەوڵەتەکانەوە هەیە، بەتایبەت لەو شوێنانەی کە هەندێک پەیوەندیی ناوچەیی تایبەت، وەکوو بەربەستێک لە بەردەم پێشکەوتن لە نێو پێکهاتەی کۆمەڵایەتی- سیاسی و ئابووریی دەوڵەتدا دێنە ئەژمار.
یەکێک لەو ڕەخنە سەرەکییانەی لە تیۆریی کیدۆری دەگیردرێت، ئەوەیە کە ئەو ناتوانێت ناسیۆنالیزمی بەرگریلێکراو و بەرهەمهاتوو لە لایەن ڕۆشنبیرانی فەرمییەوە کە پێشتر لە نێو دەوڵەتدا لە جێگە و پێگەیەک بەهرەمەند بوون، ڕاڤە بکات. ئەو بەم کارە، ناسیۆنالیزمی پشتگیریکراوی کۆلۆنیالیستەکان کە ڕۆشنبیران و ڕێبەرە سیاسییەکانیشیان لە خۆ دەگرێت، پشتگوێ دەخات. دەکرێت ئیستیدلال بکرێت کە ناسیۆنالیزمی کۆلۆنیالیست، تاوانبارە بەو وەلانراوییەی ئیلیتی خۆجێیی ئەزموونییان کردووە، چونکە سەرەڕای هاوچەشنی و یەکگرتووییان لە ڕووی کەلتوورییەوە، بەڵام هیچکات وەکوو کەسانی سەر بە نەتەوەی داگیرکەر سەیریان نەکراوە.
تیۆریی کیدۆری وا گریمانە دەکات کە قەڵیشتێکی بەرین لە نێوان ئیلیتی ڕۆشنبیری چالاک و جەماوەری بێهەڵوێست و سەرلێشێواودا هەیە. لە ڕوانگەی ئەوەوە، تەنیا ڕێگەی هاندانی خەڵک بۆ پشتیوانیکردن لە بزاڤی نەتەوەیی، بریتییە لە پڕوپاگەندە و کۆنترۆڵی پەروەردە. هەر بۆیە ئیلیتەکان بۆ مۆبۆلیزەکردنی خەڵک، دەبێت پەنا بۆ بیروباوەڕ و ئاکارە خۆجێیەکان ببەن و هانا بەرنە بەر خودا تاریک و ڕێوڕەسمەکانیان و ئەو مۆتیڤ و کەسایەتییە ئایینییانە بگۆڕن بۆ هێما و پاڵەوانی سیاسی و نەتەوەیی، کە ئەمانە هەمووی بەشێکن لە بەئیتنیککردن[7] و بەنەتەوەییکردنی[8] ئایینە جیهانداگر و سەروومێژووییەکان (Smith, 1998, p. 113).
کیدۆری دان بەوەدا دەنێت کە ئیلیتی ڕۆشنبیر، ئاگادار دەبنەوە لەو نادادپەروەرییە سەرەکیانەی کە جەماوەری خەڵک دەگرنەوە و دوکتۆرینێکی نەتەوەخوازانە بنیات دەنێن کە ئامانجیان بنبڕکردنی ئەو دۆخە نادادپەروەرانەیە کە هەموو کەسانی سەر بە نەتەوەیەک تێیدا بەشدارن و لە ئاکامدا ئیلیت و جەماوەر لە ژێر ئاڵایەکدا کۆ دەکاتەوە. بەڵام بە بۆچوونی ئەو، ئامانجی ئەم ڕۆشنبیرە دەمارگرژانە، لە خولیای کۆتایی پێهێنانی ئەو دۆخە نادادپەروەرانەی کە پیاوان و ژنانی هاووڵاتییان تێیدا گیریان خواردووە تێدەپەڕێت. ئامانجی ڕۆشنبیران، دەستڕاگەیشتنە بە دەسەڵات لە کۆمەڵگادا و ڕێگرتنە لە نامۆیی و هەڵاواردنیان لەو پێگانەی کە جێی شانازی و ئیمتیازن.
تام نەرین: مۆبۆلیزەکردنی خەڵک
چینی نوێی ڕۆشنبیری مامناوەندیی ناسیۆنالیزم، ناچار بوون جەماوەر بۆ لای مێژوو بانگهێشت بکەن و کارتی داوەتیشیان دەبوو بە زمانێک بۆ بنووسرێت کە ئەوان لێی تێ بگەن (The Break-up of Britain, p. 340).
تام نەرین لە بەرچاوگەی مارکسیستییەوە دەپەرژێتە سەر ناسیۆنالیزم. ئەو ناسیۆنالیزم بە دیاردەیەکی بورژوایی دەزانێت کە دەتوانێت لە دەرئەنجامە چینایەتییەکانی بڵاوبوونەوەی ناهاوسانیی سەرمایەداری سەرچاوەی گرتبێت (Nairn, 1977, pp. 98–9). ناسیۆنالیزم بەرهەمهێنەر و لە هەمان کاتدا خوازیاری کەڵکوەرگرتن لە توانای ناوچە پەڕاوێزخراوەکانە کە ئیلیتە بێبەشەکانی، جگە لە پەنابردنە بەر جەماوەر و خەریککردنیان بە پرۆژەی ناسیۆنالیزمەوە، جێگرەوەیەکی دیکەیان نییە. لەو کۆدەقەدا، ئامانجی سەرەکیی ناسیۆنالیزم بریتییە لە بەرنگاربوونەوەی فۆرمێکی کۆنکرێتیی پێشکەوتن کە لە لایەن سەرمایەداریی کۆلۆنیالیستەوە برەوی پێدەدرێت. لە هەمان کاتدا قەبووڵکردنی بیرۆکەیەکی جیاوازی پێشکەوتنە کە لە لایەن ڕۆشنبیرانێکی لێهاتووەوە کە توانای ئەوەیان هەیە خەباتی خۆیان لە دژی زوڵمی سەرمایەداری ڕێبەری بکەن، بەرهەم هاتووە ( p. 339 ,1977,Nairn).
نەرین سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم لە ناوچە بەشخوراوەکان، بە دژکردەوەیەک لە هەمبەر بڵاوبوونەوەی نایەکسانیی سەرمایەداری لێک دەداتەوە. بەڵام هاوکات دان دەنێت بە بوونی هەندێک ڕیزپەڕیشدا، سەبارەت بەو پەیوەندییەی کە لە نێوان ناسیۆنالیزم و دواکەوتوویی و پەراوێزدا هەیە. ئیلیتی نوێی ڕۆشنبیر بۆ مۆبۆلیزەکردنی جەماوەر و بەدەستهێنانی پشتیوانیی ئەوان بۆ دۆزی ناسیۆنالیزم، پێویستە هەوڵ بدەن بۆ بنیاتنانی “کۆمەڵگایەکی خەباتکاری نێوانچینایەتی” بە شوناسی هاوبەشەوە. تەنانەت ئەگەر ئەوان، هەر بەو جۆرەی نەرین جەخت دەکاتەوە، لەو شوناسەدا تەنیا بە شێوەی ئوستوورەیی هاوبەش بن. نەرین و هەروەها کروش و پیتێر وۆرسلی، بۆ بڵاوبوونەوەی ناسیۆنالیزم لە ئیلیتەوە بۆ بەشداریی جەماوەر، مەودایەکی زەمەنی لە بەرچاو دەگرن.
لە تیۆریی نایرێندا بۆ سەرکەوتنی بزاڤی ناسیۆنالیزم، پشتیوانیی جەماوەر زۆر گرینگە. بەڵام پێداویستییەکانی پەنابردنە بەر خەڵک چییە؟ نایرێن ئاماژە بە سێ خاڵی سەرەکی دەکات: 1. ئاخاوتن بە زمانی خەڵک؛ 2. ڕوانگەیەکی هاودڵانەتر سەبارەت بە کەلتووری گشتی کە لە لایەن ڕەوشەنگەرییەوە پەڕاوێز خراوە؛ 3. ڕێککەوتن و ساچان لەگەڵ فرەچەشنییەکی گەورە و هێشتا ئاشتیهەڵنەگری ژیانی جەماوەری و جوتیاراندا (Nairn, 1977, p. 101)
جان برۆیلی: بەدیهێنەرانی ئایدیۆلۆژیا
ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیستی ڕیشەی لە وڵامدانەوەی فیکری بە مەسەلەی مۆدێرنی پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگادا هەیە Nationalism and the State, p. 349)).
برۆیلی ناسیۆنالیزم بە فۆرمێکی سیاسی، بەتایبەت سیاسەتی ئەپۆزسیۆن دەزانێت. لە ڕوانگەی ئەوەوە، دەستەواژەی “ناسیۆنالیزم” بۆ ئاماژە بەو بزاڤە سیاسیانە بە کار دێت کە بە شوێن یان بەکارهێنانی هێزی دەوڵەتەوەن و ئەم هەوڵانەیشیان بە بەڵگەی ناسیۆنالیستی پاساو دەدەنەوەBreuilly, 1982, p. 3) ). برۆیلی هاوئاڕاستە لەگەڵ کیدۆری و نەرین، جەخت لەسەر توانای ناسیۆنالیزم بۆ دەستڕاگەیشتن بە پشتیوانیی جەماوەری دەکات و ڕۆڵێکی گەورە بە ڕۆشنبیران و ئەندامە پڕۆفیشناڵەکان وەکوو کەسایەتییەکی سەرەکی لە بنیاتنانی ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیستیدا دەبەخشێت. بەڵام بەپێی گوتەی ئەو، ناسیۆنالیزم ناتوانرێت وەکوو سیاسەتی چینێکی کۆمەڵایەتیی تایبەت بێتە ئەژمار … و نایشتوانرێت وەکوو سیاسەتی ڕۆشنبیران چاوی لێ بکرێت، ئەگەرچی زۆربەی ڕێبەرانی نەتەوەخواز، لەو پیشانەوە هەڵقوڵاون (Breuilly, 1982, p. 332).
بە بۆچوونی ئەو، ئەم بیرۆکەیە کە ناسیۆنالیزم دەبێت لە پلەی یەکەمدا وەکوو گەڕان بەدوای ناسنامە و دەسەڵات لە لایەن ڕۆشنبیرانی پەڕاوێزخراو و ئاوارەوە سەیر بکرێت، زێدەڕۆییەکی دزێوە، تەنانەت ئەگەر بۆ زۆرێک لە ڕۆشنبیرانی ناو بزووتنەوە ناسیۆنالیستەکان، بەو واتایەش بێت (Breuilly, 1982, p. 332). لەگەڵ ئەوەیشدا، بڕۆیلی دان بەوەدا دەنێت کە بێبەشکردنی تاقمێک لە ڕۆشنبیران و ئەندامانی پڕۆفیشناڵ لە پێگە چاوەڕوانکراوەکان، دەتوانێت ئەوان لە پشتیوانیکردنی ناسیۆنالیزم وەکوو ئایدیۆلۆژیایەک یارمەتی بدات، چونکە ئەم ئایدیۆلۆژیایە توانای ئەوەی هەیە ناسنامەیەکی نوێ لە وێنەی “دەوڵەتێکی ئایدیال و کۆمەڵگەیەکی ئایدیال”دا و پێگەیەکی جێمتمانە و بەڕێز و پێشەنگیان بۆ دەستەبەر بکات (Breuilly, 1982, p. 329).
بڕۆیلی بۆ ڕوونکردنەوەی ڕاکێشانی ڕۆشنبیران بۆ لای ناسیۆنالیزم، ئاماژە بە دوو کۆمەڵە بەڵگە دەکات. یەکەم: ئەگەرچی ئەو ڕۆشنبیرانی نەتەوەخواز وەکوو کەسانی پیشەیی ناسەرکەوتوو وێنا دەکات، بەڵام بەڵگە دێنێتەوە کە شکستەکەیان ڕێژەییە، چونکە دوو شکست لە خۆ دەگرێت، هەم دەستەبەرنەبوونی پێگەی تایبەت و هەم بەدەستنەهێنانی پلەی ماڵی و کۆمەڵایەتیی چاوەڕوانکراو لەو پۆستەی پێی گەیشتبوون. ئەم باسە، دەنگدانەوەی تیۆریی کیدۆرییە سەبارەت بە وەلانانی ڕۆشنبیرانی خۆجێیی لە پۆستە باڵاکان لە کۆمەڵگای بەکۆلۆنیکراودا و هەروەها ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە چۆن ئەم بابەتە بوو بە هۆکاری ئەوەی کە ڕۆشنبیران ڕوو لە ناسیۆنالیزم بکەن. دووەم: ئەو بەڵگە دێنێتەوە کە ژمارەیەکی زۆر لەو ڕۆشنبیرانەی کە هەندێک لە کۆمەڵگاکان بەرهەمیان دەهێنن و نایشتوانن وەریان بگرن، دەتوانێت لە ڕونکردنەوەی هۆکاری چوونی تاقمێک لە ڕۆشنبیران بۆلای ناسیۆنالیزمدا یارمەتیدەر بێت.
برۆیلی سیاسەتی ناسیۆنالیستی وەکوو سیاسەتی ئیلیت لە وڵاتانی لاواز و لەرزۆکی سیاسیدا یان وەکوو فۆرمێک لە سیاسەت چاو لێ دەکات کە دەتوانێت پشتیوانیی جەماوەر بورووژێنێت، بەبێ ئەوەی ناچار بێت زیاد لە ڕادە خۆی بە دڵەڕاوکێ تایبەتەکانی ئەو پشتیوانییەوە ببەستێتەوە. سروشتی پێملکەری ئایدیالۆژیای ناسیۆنالیستی، لە پەیوەندیی نێوان وێناکردنی ڕۆشنبیران لە نەتەوە و باوەڕی هاوبەشەوە و زۆرجاران لە ناڕەزایەتیی بەربڵاوی سیاسییەوە کە لە نێوان بەشێکی گەورەی خەڵکدا هاوبەشە، سەرچاوە دەگرێت. ئەو باس لەوە دەکات کە هێما و ڕێوڕەسمەکان لە دوو ڕێگەی سەرەکییەوە قەوارە و هێزێکی دیاریکراو بە ئەندێشەی ناسیۆنالیستی دەبەخشن: ئەو هێما و ڕێوڕەسمانە، وێنەگەلێکی تایبەت لە نەتەوە ئاڕاستە دەکەن و ئەو توانایە بە خەڵک دەدەن تا بە دەربڕینی جۆرێک لە یەکگرتوویی نەتەوەیی لە دەوری یەک کۆ ببنەوە.
ئانتۆنی دی سمیت: “گەڕان بە شوێن ناسنامەدا”
لە ڕاستیدا، لە نێوان مۆدێلی گونجێندراوی “نەتەوەی مەدەنی و سەرزەوینی”[9]، لە گەڵ باروودۆخ و پێداویستییەکان و بەرژەوەندی پیشەکاران (لە ڕادەیەکی کەمتردا، بورژوازیی بازرگانی) نزیکایەتیی هەڵبژاردەیی[10] هەیە (National Identity, p.121).
سمیت لە کارە سەرەتاییەکانیدا لە سەرهەڵدانی ئەو شتەی پێی دەڵێت ناسیۆنالیزمی ئەتنیکی زیاتر لە هۆکاری کۆمەڵایەتی و کەلتووری، هەڤیازی[11] و گرینگی بە هۆکاری سیاسی و ئایینی دەدات. سمیت پێی وایە کە تایبەتمەندیی سەردەمی مۆدێرن بریتییە لە سەرهەڵدانی ئەو شتەی کە ئەو ناوی دەنێت “دەوڵەتی زانستی”. دەوڵەتی زانستی بریتییە لە دەوڵەتێک کە کارامەییەکەی پەیوەندیی بە توانای هێنانە ژێر ڕکێفی زانست و تێکنۆلۆژیاوە لە پێناو ئامانجە کۆییەکاندا هەیە (Smith, 1998, p. 189) لە ڕوانگەی ئەوەوە، سەرهەڵدانی «دەوڵەتی زانستی”[12] ڕەوایی ڕاڤە ئایینییەکان، تووشی ئاڵێنگاری دەکات و پشتیوانی لە دۆخی “ڕەوایی دوانەیی”[13] دەکات کە لەوێدا زەمینە ڕکابەرەکانی ئاتۆریتە، کیشەی لەگەڵ وەفاداریی مرۆڤدا هەیە. بە تایبەتی ڕۆشنبیران ڕێک وەکوو قەشەکانی پێش مۆدێرن، لە ژێر کاریگەریی ئەو ململانێیەدان».
بە باوەڕی سمیت، سەرهەڵدانی چێنی ڕۆشنبیری سیکۆلار لە چوارچێوەی “دەوڵەتی زانستیدا” لەگەڵ چەندین بەربەستدا ڕووبەڕوو دەبێتەوە. بۆ وێنە: زێدەڕۆیی لە بەرهەمهێنانی کارمەندانی لێهاتوودا، دژایەتیی بۆرۆکراتە پلەدارە جێگیرەکان لەگەڵ ئاوەزخوازیی ڕەخنەیی چینی ڕۆشنبیراندا و کەڵکوەرگرتن لە بەستێنی ئیتنیکی یان کەلتووریی دیکە بۆ هەڵاواردنی تاقمێک لە ڕۆشنبیران لە وەرگرتنی پۆستە گشتییە باڵاکاندا. ئەو جەخت لەسەر ڕۆڵی گرینگی ڕۆشنبیران وەکوو بەرهەمهێنەرانی ئایدیۆلۆژیا و ڕێبەرانی بزاڤی ناسیۆنالیستی لە قۆناخە سەرەتاییەکاندا دەکاتەوە، ئەگەرچی بە پارێزێکی زیاترەوە باس لە ڕۆڵی ئەوان لە پەرەپێدانی بزاڤی نەتەوەخوازیدا دەکات. سمیت، بەرپەرچی ئەو کەسانە دەداتەوە کە ڕۆشنبیران بە کەسانێکی دەمارگرژ و دەسەڵاتخواز پێناسە دەکەن، هەرچەند ئەوە قەبووڵ دەکات کە لە هەندێک حاڵەتدا، دەکرێت ئاماژە بە تاقمێک ڕۆشنبیری بەشخوراوی ناڕازی، بە تایبەت لە کۆمەڵگای بەکۆلۆنیکراودا بکرێت.
سمیت بەو دەرئەنجامە دەگات کە سوودمەندانی ناسیۆنالیزم بە گشتی ئەندامانی ئیتنیکی مۆبۆلیزەکراون، چونکە ناسیۆنالیزم لە بەرژەوەندیی هەردووکیاندایە، هەم جەماوەر کارا دەکات و هەم کۆتایی بە ڕۆڵی ڕۆشنبیران وەکوو بابەتێکی ناکارای ملکەچی دەسەڵاتی دەرەکی دێنێت و هەروەتر کەلتووری جەماوەر تا ئاستی کەلتووری باڵای خوێندەواری لە لایەن ڕۆشنبیرانەوە بەرز دەکاتەوە. سمیت لە هەمبەر ئەو کەسانەی جەخت لەسەر سرشتی داهێنراوی نەتەوە و نەتەوەخوازی دەکەنەوە (Hobsbawm and Ranger, 1983) تیشک دەخاتە سەر (ئاخێزگەی ئیتنیکی)ی[14] زۆربەی ئەو توخمە کەلتووریانەی کە ڕۆشنبیران لە بنیاتنانی ناسیۆنالیزمی مۆدێرندا هەڵیانبژاردووە.
سمیت بۆ لێکدانەوەی ئەو ڕاکێشەرییەی کە زۆرێک لە ڕۆشنبیرانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی جیهان سەبارەت بە ناسیۆنالیزم هەستیان پێ کردووە و هەروەها کاریگەرییان لە سەر ئایدیۆلۆژیا و زمانی ناسیۆنالیزم، ئاماژە بە “قەیرانی ناسنامەیەک”[15] دەکات کە خەڵکی بە گشتی و ڕۆشنبیران بە تایبەتی ئەزموونیان کردووە، ئەوەیش لەو ئاڵێنگارییەوە سەرچاوە دەگرێت کە “دەوڵەتی زانستی” بۆ ئایین و کۆمەڵگای نەریتی بەرهەمی هێناوە. ئەو باس لەوە دەکات کە “چارەسەری ناسیۆنالیستی”[16] ڕێگە بە تاکەکان دەدات کە ناسنامەی خۆیان لە ناسنامەی کۆیی نەتەوە هەڵێنجێنن. بەم کارە، ئەم یان ئەو دەبنە هاووڵاتی، یانی دەبن بە ئەندامێکی دانپێدانراو و یاسایی لە کۆمەڵگەیەکی سیاسیدا، کە هاوکات بۆ مێژوو و چارەنووس دەبن بە جڤاکێکی کەلتووری (Smith, 1991, p. 97). سمیت لێرەدا گرینگی بە پەیوەندیی نێوان ناسنامەی نەتەوەیی و هاووڵاتیبوون دەدات و بەم شێوەیە جەخت لەسەر لایەنە کەلتووری و سیاسییەکانی ناسیۆنالیزم دەکاتەوە.
نووسراوەکانی کیدۆری و نەرین و برۆیلی و سمیت، بە ڕاشکاوی ڕۆشنبیران وەکوو بەرهەمهێنەرانی ناسیۆنالیزم دەناسێنن. بەم شێوەیە، ئەم لێکۆڵەرانە لە سەر پێناسەی ناسیۆنالیزم وەکوو ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسیی مۆدێرن کە بۆ سەرکەوتن پێویستیی بە پشتیوانیی جەماوەر هەیە، هاودەنگن، بەڵام هەرکام لەوان بۆ پەیوەندیی نێوان ڕۆشنبیران و جەماوەر بە شێوازێکی زۆرجیاواز لەم باسە دەڕوانن. کیدۆری جەخت لەسەر قەڵیشتی گەورەی نێوان نوخبەی ڕۆشنبیر و جەماوەر دەکات. لە بەرامبەردا، نەرین پێویستیی بەدیهێنانی جڤاکێک لە نێوان چینە یەکگرتووەکاندا و بە ئامانجێکی هاوبەشەوە قەبووڵ دەکات، برۆیلیش باس دەکات لەو شتەی کە دەتوانین وەکوو پەیوەندیی کارلێکییانەی نێوان ئیلیتی ڕۆشنبیر و جەماوەر ئاماژەی پێ بکەین. سمیت، سروشتی هاوبەشی ناسنامەی نەتەوەیی هەر لە نێوان ئەندامانی ئەو نەتەوەدا زەق دەکاتەوە.
کیدۆری و نەرین و برۆیلی و سمیت، لەسەر گرینگایەتیی پشتیوانیی جەماوەر بۆ سەرکەوتنی بزاڤێکی نەتەوەخواز هاودەنگن. هەروەها ئەوان جەخت لە سەر هێزی کەلتوور و زمان و هێما و ڕێوڕەسمەکان، وەکوو پێکهاتەی سەرەکیی ناسیۆنالیزم دەکەن. بەڵام ئەوەی لە شیکارییەکەی ئەواندا نییە، ئەو تیۆرییە تایبەتەیە کە بزانرێت ئایا ئەرکی ڕۆشنبیران لە نێو نەتەوە بێدەوڵەتەکاندا جیاوازە یان نا؟ ئەگەر جیاوازە تا چ ڕادە لەگەڵ ئەرکی ڕۆشنبیران لە نێو نەتەوە – دەوڵەتەکاندا جیاوازیی هەیە؟ جگە لە کیدۆری، کە لە پەیوەندیی نێوان ڕۆشنبیران و ناسیۆنالیزم لە کۆمەڵگەی بەکۆلۆنیکراو دەکۆڵێتەوە، نە نەرین و نە برۆیلی و نە سمیت، ئەو کۆدەقەی کە ڕۆشنبیران تێیدا شیکاری دەکەن و دەژین و تێیدا پەرە بە تیۆرییەکانیان دەدەن، دیاری ناکەن.
نووسراوەگەلێکی بەرچاو سەبارەت بە ڕۆڵی ڕۆشنبیران لە نێو ناسیۆنالیزمی ئوپۆزیسیۆنەکاندا هاتوونەتە ئاراوە، بەڵام لە گەڵ ئەوەیشدا، زیاتر پەیوەندیی بە خوێندنەوەی وڵاتانی ناپێشکەوتووەوە (هابزباوم، گولدنێر و کائۆتسکی) هەیە. لەو هەموو نووسراوە گرینگەی بۆ خوێندنەوەی ناسیۆنالیزم و ڕۆشنبیران لە کۆمەڵگای ئیستیعماریدا تەرخان کراون، ڕیزپەڕێک هەیە، ئەویش نموونەی کارەکانی پینارد و هامیلتۆنە کە لە بەشداریی ڕۆشنبیران لە ناسیۆنالیزمی کەبکدا دەکۆڵنەوە ( (Pinard and Hamilton, 198. بەڵام کارەکانیان لە پلەی یەکەمدا، چر بوونەتەوە لەسەر لایەنی ئەزموونی و ناتوانێت چوارچێوەیەکی تیۆریک بۆ لێکۆڵینەوە لە پەیوەندیی نێوان ڕۆشنبیران و ناسیۆنالیزم لە نێو نەتەوە بێدەوڵەتەکاندا ئاڕاستە بکەن. لەمەودوا دەپەرژێمە سەر ئەم ئەرکە تایبەتە.
۳. نموونەی کاتالۆنیا، ڕۆشنبیران لە نێو نەتەوە بێدەوڵەتەکاندا:
ئەم وتارە، شیکارییەکی تیۆری لە کۆدەقی سیاسی – کۆمەڵایەتی ئاڕاستە دەکات کە ڕۆشنبیرەکان لە نێو نەتەوە بێدەولەتەکاندا تێیدا هەڵدەسووڕێن. بە تایبەت لەسەر ڕۆڵی ڕۆشنبیران لە پاراستنی زمان و کەلتووری کاتالانەکان لە سەردەمی دیکتاتۆری فڕانکۆدا (1939 – 1975) چڕ دەبێتەوە. سەرەتا باسێکی کورت سەبارەت بەو چالاکییە بەرخۆدانە کەلتووریانە کە ڕۆشنبیرانی کاتالۆنی ئەنجامیان داوە، پێشکەش دەکەم. بە ئاستی دووەم ئەو پڕۆسانە لێک دەدەمەوە کە ناسیۆنالیزمی کاتالۆنیی لە ئیلیتەوە بۆ بزاڤی جەماوەری گۆڕیوە. لە کۆتاییدا، ئەم وتارە ژمارەیەک لەو بەڵگە عەقڵانی و سۆزداریانە لێک دەداتەوە کە ڕۆشنبیران لە کاتی هەڵگرتنی شوێنپێی ڕۆڵی خۆیان وەکوو بریکاری مۆبۆلیزەکردن لە ناسیۆنالیزمی هاوچەرخی کاتالاندا، پشتی پێدەبەستن.
من ئاگادارم لە بوونی جیاوازیی بنەڕەتی لە نێوان ڕۆڵی ڕۆشنبیران لە لەدایکبوون تاوەکوو دووبارە سەرهەڵدانەوەی بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستیی هەڵوەشاودا و پێم وایە لە هەڵبژاردنی سەرهەڵدانەوەی نوێی ناسیۆنالیزمی کاتالان لە سەردەمی دیکتاتۆریی فڕانکۆدا، بە هۆی کاریگەریی وێرانکەری نێوبراو لەسەر زمان و کەلتووری کاتالان، کارێکی گونجاوم کردووە. لەو کۆدەقەدا، تەنیا بازنەیەکی بچووک لە ڕۆشنبیران و هەڵسووڕاوانی نهێنیی سیاسی بە پاراستنی پێکهاتە سەرەکییەکانی ناسنامەی کاتالانەکانەوە خەریک بوون و لە پلەی یەکەمدا، هەوڵی خۆیان بۆ پەروەردەکردنی کەلتووری بەرزەجێی کاتالۆنی تەرخان کرد. سەرەتا باس لەو کۆدەقە تایبەتە دەکەم کە ڕۆشنبیرانی نەتەوە بێدەوڵەتەکان تێیدا پەرە بە چالاکییەکانی خۆیان دەدەن.
کۆدەقی کۆمەڵایەتی- سیاسی:
باس لەوە دەکەم کە خوێندنەوەی ناسیۆنالیزم لە نێو نەتەوە بێدەوڵەتەکاندا، پێویستی بە ئاڕاستەیەکی تایبەت هەیە کە دەبێت دوو فاکتەری سەرەکی لەبەرچاو بگرێت؛ یەکەم ناسیۆنالیزمی شێوەدەولەتی، لە نێو دەوڵەت – نەتەوەی پێشتر دیاریکراودا سەر هەڵ دەدات. دووەم، پێداویستی بە “ئیلیتی جێگرەوە”[17] هەیە کە دەوڵەت تووشی ئاڵێنگاری بکات و ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیستی بنیات بنێت و ڕێبەرایەتیی بزاڤی ناسیۆنالیستی لە ئەستۆ بگرێت.
- ناسیۆنالیزمی نەتەوە بێدەوڵەتەکان، لە نێو دەوڵەت – نەتەوە پێشتر دامەزراوەکاندا سەر هەڵ دەدەن کە خاوەنی سیستەمی پەروەردەی نەتەوەیی و سیستەمی میدیایی تایبەت و ئیلیتی دەسەڵاتداری پێکهاتوو و کۆمەڵێک ڕێکخراوەن کە دەوڵەت پێک دەهێنن و هەروەها چوارچێوەی سەرزەوینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری دیاری دەکەن. دەوڵەت – نەتەوە، بەرجەستەبوونەوەی کۆمەڵێک ڕێکخراوەیە کە هەم وڵات دیاری دەکەن و هەم حوکمڕانییش دەکەن، لە حاڵێکدا نەتەوە بێدەوڵەتەکان، لە ئەنجامی بڕیاری دەوڵەتدا، ئەگەری ئەوەیان لە بەردەمدایە کە لە جۆرێک خۆسەریی کەلتووری یان سیاسی بەهرەمەند ببن یان نەبن. زۆر جار، زیاتر لە یەک نەتەوە لە ژێر ساباتی دەوڵەتێکدا دەژین. تا ڕادەیەک هەمیشە نەتەوەیەک بە سەر ئەوانیتردا زاڵ دەبێت و لە ڕێگەی پەرەپێدانی کەلتوور و زمانێکی تایبەتەوە کە بە گشتی کەلتوور و زمانی کەمینەکان لە پەڕاوێز دەخات، ڕۆڵی ڕێبەری لە بەڕێوەبردنی وڵات و دیاریکردنی ناسنامە خۆیدا دەگێڕێت. لە ئیسپانیادا، کاستیل، لە زیانی کاتالۆنیا و وڵاتی باسک و گالیسیا و ناوچەکانی دیکە، بوو بە نەتەوەی سەردەست و بەسەر ئەواندا زاڵ بوو.
هەر بەتەنیا خودی بوونی جڤاکێک کە خۆی بە نەتەوەیەک جیا لەو نەتەوەی کە دەوڵەت هەوڵ بۆ پەرەپێدانی دەدات بێنێتە ئەژمار، لە هەر کوێ دەوڵەت خۆی وەکوو ڕێکخراوەیەکی یەکپارچەی سیاسی بناسێنێت، ئەو جڤاکە دەبێتە هەڕەشە بۆی و ڕەوایی دەوڵەت ڕووبەڕووی پرسیار دەکاتەوە. وڵاتە دێمۆکراتیکەکان، فرەچەشنیی ناوخۆیی بە فەرمی دەناسن، بەڵام ئەوان زۆرجار لە کاتی ئاماژەکردن بە کەمینە نەتەوەییەکاندا، حەزیان لە بەکارهێنانی دەستەواژەی نەتەوە نییە، چونکە دەرئەنجامە سیاسییەکانی، بۆ وێنە وەکوو بەفەرمیناسینی مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەیەک، بە تەواوی کێشەسازە. بەم هۆیەوە، دەوڵەت دەیهەوێت ناسیۆنالیزمی کەمینەکان بە بابەتێکی مەترسیدار یان لانیکەم بە دیاردەیەکی هەژێنەر بۆ دژایەتیکردن لەگەڵیدا، چاو لێ بکات. ئەو ڕێگایانەی کە دەوڵەت دەیهەوێت لە ڕێیانەوە وەڵامی داخوازیی ئەو کەمینە نەتەوەییانە بداتەوە کە دانیشتووی وڵاتەکەین، پەیوەندیی هەیە بە سروشتی خودی ئەو دەوڵەتە و کاراکتەری تایبەتی بزوتنەوە ناسیۆنالستییەکە و ئەو پشتیوانییە نێونەتەوەییەی کە ئەو بزوتنەوەیە دەتوانێت دابینی بکات.
- سەرهەڵدانی بزوتنەوەیەکی ناسیۆنالیستی لە نێو نەتەوە بێدەوڵەتەکاندا، پێویستیی بە بوونی تاقمێک ڕۆشنبیر هەیە کە بتوانن گوتارێکی ناسیۆنالیستیی جیاواز و تەنانەت زۆربەی جار دژ بە گوتاری دەوڵەت بنیات بنێن. لە بەرامبەردا، ڕۆشنبیرانی خۆجێیی دەوڵەت – نەتەوە، کارەکانی خۆیان لە نێو ئەو چوارچێوە دامەزراوانەی کە دەوڵەت دروستی کردوون و پشتیوانیان لێ دەکات، پەرە پێ دەدەن. هەروەکوو چۆن گوتاری ڕۆشنبیریی دەوڵەت– نەتەوە لە پڕۆسەی بەدیهاتنیدا لە لایەن ئەو کەلتوور و زمانەوە داڕێژرا کە بۆ هاوچەشنسازی[18]ی هاووڵاتیان و هاوکات لەپەراوێزخستنی زمان و کەلتووری ناوچەیی کەڵکی لێ وەرگیرا. لە ئەنجامدا، ئەو جۆرە ڕۆشنبیرانە ڕەخنەگرن و تەنانەت زۆربەی جار بزووتنەوەی ناسیۆنالیستیی ناوچەیی ڕەت دەکەنەوە.
ئیلیتی هێزەکی:
ئامادەیی و پێگەی “ئیلیتی هێزەکی”[19] بۆ پەرەپێدانی ناسیۆنالیزم لە نێو نەتەوە بێدەوڵەتەکاندا زۆر گرینگە. مەبەستی من لەو ئیلیتانە، ئەو کەسە خوێندەوارانەن کە لە ئەگەری سەرکەوتنی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستیدا ڕەنگە ڕێبەریی ئەو بزووتنەوەیە لە ئەستۆ بگرن. ئیلیتی هێزەکی بریتیین لە:
ئەلف) ئیلیتی هێزەکی ئەو کەسانەن کە لە بەرانبەر هەڵسوکەوتی دەوڵەت لەگەڵ کۆمەڵگەکەیاندا هەست بە ناڕەزایەتی دەکەن. ئاست و بەهێزیی ناڕەزایەتییەکەیان دەشێت جیاواز بێت؛ لە هەندێک حاڵەتدا پەیوەندیی بە هەنگاوی سەرکوتکەرانە و جیاکارانەی دەوڵەتەوە هەیە کە دەکرێت لە هەڵسوکەوتی کەلتووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە تا کەڵکوەرگرتن لە زۆر و هێز بگرێتەوە. ڕۆشنبیرانی کاتالۆنی کە لە چالاکیی بەرەنگاری لە دژی ڕژێمی فڕانکۆ بەشدار بوون، نموونەیەک لەو کەسانەن.
ب) ئەو کەسانەی کە بە هۆی “ئاخێزگەی ناوچەیی”[20] خۆیانەوە، لە نوخبەی فەرمی دەوڵەت وەلا نراون. لە ئاوا حاڵەتێکدا، ئەو کەسانە ناتوانن کاری خۆیان لە نێو جەغزی هێز و کارتێکەریی دەوڵەتدا پەرە پێ بدەن و دەبێ چالاکییەکانیان لە ناوچەکەی خۆیاندا کورت بکەنەوە. دەتوانین شێوازی مامەڵەی نەخوازراوی بەربڵاوی کاستیلییەکان لەگەڵ کاتالۆنەکاندا وەکوو نموونە چاو لێ بکەین کە بە درێژایی سەدەی نۆزدە و زۆربەی سەدەی بیست، بوو بە هۆی ئەوەی کە ئەوان لە پێگە شوێندانەرەکان لە پێکهاتەی دەسەڵاتی ئابووری و سیاسیی ئیسپانیادا وەلا بنرێن.
ج) کەسانێکن کە بڕیار دەدەن لەباتیی تێکەڵبوون بە ئیلیتی فەرمیی دەوڵەت، وەفاداریی خۆیان بە نەتەوەی بێدەوڵەت لە ئەولەوییەتدا دابنێن. ئەمەیش بریتییە لە دەروەستیی ئەوان بە سەرخستن و پێشخستنی ئامانجی نەتەوەیی دژ بە دەوڵەت، کە زۆر جار خۆی بە مانای دەرهاویشتن و وەدەرنانی ئوتۆماتیکی ئەوانە لە ئیلیتی هەڵبژێردراوی دەوڵەت. لەم حاڵەتانەدا، [ئەو دیاردەیە] زیاتر هەڵبژاردنی کەسەکانە تا ئەوەی کە دەوڵەت بە شێوەی سیستماتیک کۆمەڵێک خەڵک بە هۆی ئاخێزگەی ناوچەییانەوە بسڕێتەوە کە هەر ئەم حاڵەتە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەم کەسانە بچنە نێو ڕیزی ئیلیتی هێزەکییەوە. لە ئیسپانیای دیمۆكراتیکی هاوچەرخدا، کاتێک ڕۆشنبیرانی کاتالۆن دەیانهەوێت کارەکانیان تەنیا بە زمانی کاتالۆنی پەرە پێ بدەن، بە شێوەی ئوتۆماتیک لە کۆڕی ڕۆشنبیرانی ئیسپانیاییزمان وەدەر دەنرێن، مەگەر ئەوەی ئبەرهەمەکانیان بە زمانی ئیسپانیایی وەربگێڕدرێتەوە. باس لەوە دەکرێت کە ئەمە ستراتیژییەکە کە لە ڕێگایەوە کۆمەڵێک لەو کەسە خوێندەوارانە کە پێ ناچێت لە نێو ئیلیتی دەوڵەتیدا پێگەیەکی بەرز دەستەبەر بکەن – بە هۆی پێشبڕکێی بەهێزەوە – بە ئاسانی دەتوانن لە نێو نەتەوەیەکی بچووکدا کە پێشبڕکێکان هێندە بەهێز نییە، پێگەیەکی بەرز بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن. ئەم بەڵگەیە، جەخت لەسەر بەرژەوەندیی تایبەتی کۆمەڵێک لەو کەسانە دەکات کە دەیانهەوێت لە ڕێگەی پەرەپێدانی فۆرمە ناوچەییەکانی ناسیۆنالیزمەوە بە پێگەیەکی ئیمتیازداری باڵا بگەن.
بە بۆچوونی من، ئەگەرچی بەرژەوەندیی تاکەکەسی لە هەندێ حاڵەتدا دەتوانێت ڕۆڵێکی گرینگ لە ڕوونکردنەوەی ئەم بابەتەدا ببینێت کە بۆچی تاقمێک لە ڕۆشنبیران، پشتیوانی لە فۆرمەکانی “شێوەدەوڵەتی ناسیۆنالیزم”[21] دەکەن، بەڵام ڕوونکردنەوەی هەموو وەفادارییە ناسیۆنالیستییەکان لە ڕێگەی پاڵنەری ئابووری و دەسەڵاتویستییەوە، ڕێگومکەر و چەواشەکارییە. ئەوینی ڕاستەقینە و بێخەوش بە نەتەوە و هۆگری بە پێشکەوتنی، ئیلهامدەری زۆرێک لە ناسیۆنالیستەکان لە نێو نەتەوە بێدەوڵەتەکاندایە، بەتایبەت لە کاتێکدا کە نەتەوە هەست بەوە دەکات کە لە ڕووی کەلتووری و سیاسی و ئابوورییەوە لە لایەن دەوڵەتەوە ستەمی لێ کراوە.
تەرخانکردنی ژیانی کەسێک بۆ بەرگری و بەرزکردنەوەی کەسایەتیی تایبەتی نەتەوەی خۆی، دەتوانێت وەکوو وزەیەکی بەهێز خۆی بنوێنێت. ئەمە، لەگەڵ دیاریکردنی ئامانجێکی کۆنکرێت و ڕووندا بۆ کارەکانی، مانا بە ژیانی کەسەکە دەبەخشێت. بە هۆی ئەوەی کەسەکان، بە شێوەی ئاسایی، وەکوو بەشێک لە گرووپێک دەست بە پرۆسەی ناسیۆنالیستی دەکەن، ناچارن جۆرێک لە پشتیوانیی ئەخلاقی و یەکگرتوویی، وەکوو ئەندامی بزووتنەوەیەک بە ئامانجێکی هاوبەشەوە، ئەزموون بکەن. هەستی پێوەندارێتی بە نەتەوەیەک، بە جۆرێک دەتوانێت لە ڕێگەی ئەزموونی هاووڵاتێتییەوە کە لە نێو بزووتنەوە یان حیزبێکدا بەدی دێت، خۆی وێنا بکات.
سەرەڕای ئەوەیش، نابێت ناکۆکیی نێوان ڕێبەرانی نەتەوەخواز لە بەرچاو نەگیردرێت، چونکە ململانێی توندی نێوان ئەوان، دیاردەیەکی ئاساییە. هەروەها ئێرەیی و پێشبڕکێ لە نێو ڕۆشنبیراندا بابەتێکی باوە. ئەوان هەوڵ ئەدەن تا زیاتر کاریگەر بن و زۆرتر بە فەرمی بناسرێن یان کارێکی باشتریان پێ پێشنیار بکرێت.
ڕۆشنبیران و ناسیۆنالیزم لە کاتالۆنیادا:
لە ماوەی ڕژێمی فرانکۆدا، ئیلیتی ڕۆشنبیری کاتالۆن دابەش بووبوون بەسەر لایەنگرانی فرانکۆییزم و ئەو کەسانەدا کە لە دژی فرانکۆ دەوەستان و ئەرکی پارێزگاریکردن لە زمان و کەلتووری خۆجێییان لە ئەستۆ گرتبوو. بەم حاڵەوە، لە کاتێکدا تاقمێک لە بەشی یەکەم تێکەڵ بە ڕەوتی سەرەکیی ئیلیتی ئیسپانیایی ببوون، بەڵام تاقمی دووەم بە شێوەی ئوتوماتیک وەلا نران و زۆر جاریش لە لایەن ڕژێمەوە خرانە ژێر گوشار و ئازارەوە. کاتێک سەرنج دەخەینە سەر دەسپێشخەرییەکان بۆ پاراستنی کەلتوور و زمانی کاتالۆن، کە لەو سەردەمەدا سەریان هەڵ دا، دەبێت لە نێوان دوو شتدا جیاوازی دابنێین: ئەو دەسپێشخەریانەی لە تاک و گرووپە تایبەتەکانەوە سەریان هەڵ داوە و ئەوانەیشی کە لە دوو ڕێکخراوەی بەهێزی وەکوو کەلیسای کاتۆلیک و زانکۆدا هاتوونەتە ئاراوە.
دەسپێشخەرییە تاکی و کۆییەکان: ڕێکخراوەی خوێندنەوەی کاتالۆن (Institut d’Estudis Catalans) کە لە ساڵی 1939 هەڵوەشایەوە، لە ساڵی 1942 لە لایەن Josep Puig i Cadafalch and Ramon Aramon، سەرلەنوێ ڕێک خرایەوە. چالاکییە نهێنییەکەیان بریتی بوو لە بڵاوکردنەوەی کتێب و وتار سەبارەت بە پزیشکی و زانست و بابەتگەلێکی دیکە بە زمانی کاتالۆن. ئومینیۆمی کەلتووری، ڕێکخراوەیەکی نیمچەنهێنی بوو کە لە ساڵی 1964 دامەزرێندرا، لە ساڵی 1967 بە شێوەیەکی یاسایی بە فەرمی ناسرا و دواتر ئەندامەکانی زۆر بوون و پەرەی سەند (لە 639 کەسەوە لە ساڵی 1968، بوون بە 11000 کەس لە ساڵی 1971). چالاکییەکانی ڕێکخراوەی ئومینیۆمی کەلتووری، بریتی بوون لە فێرکردنی زمانی کاتالۆنی و پشتیوانیی ماڵی لە خەڵاتی ڕێزلێنانی نامەکانی کاتالۆن (Premi d’honor de les lletres catalanes).( (Vilar, 1989, p. 358. ڕێکخستنی کۆمەڵی نهێنیی کەلتووری، وەکوو ئیمێکس دی لاپۆسیا، ئیستۆدی یان میرامار، لەگەڵ ئەنجامدانی کێبڕکێی ئەدەبیی وەک نێت سێنت لووسی و بڵاوکردنەوەی بڵاڤۆگە بە زمانی کاتالۆن (Fabré, Huertas and Ribas, 1978, pp. 156 ff)، ئەوانە بەشیکی زۆر لە چالاکییەکانی ئەو ڕێکخراوانە بوون کە لە لایەن ئیلیتی ڕۆشنبیرەوە دامەزرابوون ( Casassas, 1999).
کەلیسای کاتۆلیک: کەلیسای کاتۆلیک و زانکۆیش، یارمەتیی پاراستنی کەلتووری کاتالۆنیایان داوە. پێگەی کەلیسای کاتالۆن یەکشێوە و هاوچەشن نەبووە. ئەگەرچی هەندێک فیرقە، پشتیوانییان لە ڕژێمی فرانکۆییست دەکرد، بەڵام هەندێکیان دژی ئەو هەڵوێستە بوون کە ئەو جۆرە هەڵوێستەی یەکەم دەیتوانی پەیوەندیی نێوان ئایین و کەلتووری کاتالۆن کە لە سەدەی نێوەڕاستەوە پارێزراو بوو، بڕووخێنێت. بەشێک لە کەلیسای کاتۆلیک لە ڕێگەی وتار و فێرکردنی ئایین بە زمانی کاتالۆن و کەڵکوەرگرتن لێی وەکوو ئامێری کەلتوور و پەیوەندیگرتن، ڕۆڵی چارەنووسسازیان گێڕا. یەکەمین کتێب کە لە ساڵی 1942 لە پاش شەڕی ناوخۆ بە شێوەی یاسایی بە زمانی کاتالۆنی بڵاو کرایەوە، کتێبێکی ئایینی بوو کە لەژێر چاوەدێریی کەلیسای کاتۆلیکدا بەرهەم هاتبوو. لە نێو هەموو چالاکییەکاندا، کەلیسای مونتەسیڕات، ڕۆڵێکی بەرچاوی لە بەردەوامیی بڵاوکردنەوە بە زمانی کاتالۆندا بینی. ئەوان لە نێو بابەتگەلێکی دی، هەندێک بڵاڤۆگەی منداڵان (L’Infantil, Tretzevents) و هەندێک گۆڤاری کەلتووری و ئایینی (Serra d’Or, Qüestions de vida cristiana)یان، چاپ و بڵاو کردەوە. کەلیسا لە ساڵی 1958، چاپەمەنیی ئاستیلای بۆ پەرەپێدانی کتێبی ئایینی بە زمانی کاتالۆن (Masot i Muntaner, 1986) دامەزراند و لە ساڵی 1971 چاپەمەنیی pam(چاپەمەنیی کەلیسای مونتەسیڕات) بە فەرمی کرا (فائۆلی، 1999، پەڕەی 9 – 35). هەروەها کەلیسا لە ئامادەکردنی پەناگا بۆ ڕۆشنبیران و چالاکانی نهێنیی سیاسی لە نێو هەموو لایەنە جۆراوجۆرە سیاسییەکاندا، چالاک بووە.
زانکۆ: لەگەڵ ئەوەی ڕێکخراوەی فەرمیی ژیانی خوێندکاری سەبارەت بە یەکێتیی خوێندکارانی زانکۆ (Sindicato de Estudiantes Universitarios or SEU) لەژێر چاوەدێریی کەسانی لایەنگری ڕژێمدا بوو، بەم حاڵەیشەوە چالاکییەکانی بەرخۆدان لە نێو زانکۆدا بەردەوام لە پەرەسەندندا بوون. بەرەی زانکۆیی کاتالۆنیا (Front Universitari de Catalunya or FUC) خەڵکانێکی بە پاشخانی جیاوازەوە کۆ کردەوە. ئەم ڕێکخراوەیە لە نۆژەنکردنەوەی کاتالۆنیا پشتیوانیی کرد و ڕاپۆرتێکی ڕەخنەیی لە سیاسەتی کاتالۆنیای پێش لە شەڕ، ئاڕاستە کرد.
ڕێکخراوە زانکۆییەکانی دیکە، بریتی بوون لە بەرەی نەتەوەیی کاتالۆنیا (بەرەی نیشتمانیی کەتەلۆنیا یان FNC) و فیدراسیۆنی نەتەوەیی خوێندکارانی کاتالۆنیا (Federació Nacional d’Estudiants de Catalunya یان FNEC) کە دەیانویست هەموو هەوڵەکانیان لە شەڕ لە گەڵ SEU چڕ بکەنەوە. بزووتنەوەی زانکۆیی لە نێوەڕاست و کۆتایی دەیەی 1950دا بە سەرهەڵدانی ئەنجومەنە نوێیەکان، هێزێکی نوێی بە دەست هێنا. لە لایەن خوێندکارانەوە، سێ هەڵمەتی گەورە لە نێوان ساڵەکانی 1960 و 1961دا دەستی پێ کرد: داخوازی بۆ بەدیهێنانی بەشی کەلتوور و زمانی کاتالۆن، هەڵمەتێک لە دژی کاریگەریی ڕوولەزیادبوونی ڕێکخراوەی Opus Dei و داخوازی بۆ بەخشینی زیندانیانی سیاسی و دوورخراوەکان.
لە کۆتایی دەیەی شەست و سەرەتای دەیەی حەفتادا، کاریگەریی ڕاپەڕینەکانی خوێندکارانی ساڵی 1968، لە فەرانسە و بەهاری پراگدا، بوو بە هۆکاری پەرەسەندنی ڕێکخراوە ڕادیکاڵییەکان لە نێو زانکۆدا و ئیددیعا ناسیۆنالیستییەکان وەکوو ئیددیعایەکی بۆرژوازی چاوی لێ کرا. هەر بەو هۆیەوە، گرووپە ناسیۆنالیستەکان لە گۆڕەپانی زانکۆدا نەمان و تەنیا لە پاش مەرگی فرانکۆ بۆ زانکۆ گەڕانەوە.
لە ئیلیتەوە بۆ بزووتنەوەی جەماوەری:
سێ دیاردەی سەرەکی، گواستنەوەی ناسیۆنالیزمی کاتالۆن لە ئیلیتەوە بۆ بزووتنەوەی جەماوەری پیشان دەدەن: نۆڤا کانسۆ، ئەنجومەنی کاتالۆنیا و پەرەسەندنی “کردەوە یەکانگیرەگان”.
ساڵانی درێژخایەنی سەرکوت کە بەسەر کاتالۆنەکاندا هات، بوو بە هۆکاری گەورەبوونەوەی کەلێنی نێوان ئیلیتی ڕۆشنبیر و جەماوەر و هەر ئەو کەلێنە بوو بە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر زمان و کەلتووری کاتالۆنییەکان. بزووتنەوەی نۆڤا کانسوا (گۆرانیی فۆلکلۆری نوێ) لە دەیەی شەستەکاندا، ڕۆڵێکی گرینگی لە نۆژەنکردنەوەی بەستێنی گشتیی کاتالۆنیادا گێڕا. ئەم بزووتنەوەیە لە لایەن گرووپێکی بچووکی ڕۆشنبیری چینی مامناوەند لە گۆرانیبێژانی ئاماتۆر دامەزرا و بە خێراییش لە دڵی خەڵکدا جێی خۆی کردەوە. هەتا زیاتر گۆرانیبێژە کاتالۆنییەکان لە میدیاکاندا قەدەغە دەکران و پێش بە کۆنسێرتەکانیان دەگیرا، زیاتر خۆشەویست دەبوون. نۆڤا کانسۆ لە بەخشینی هەستێکی کۆمەڵایەتیدا بە خەڵک – بەتایبەتی گەنجان – لە سەرانسەری کاتالۆنییەکانی پایسۆس، یان خاکی کاتالۆنی زمانەکان، بەشداریی کرد کە هەرگیز تا ئەو کاتە نە بەو توندییە هەستی پێ کرابوو نە باسیشی لێ کرابوو ( Giner, 1998:71-6).
ئەنجومەنی کاتالۆنیا (Assemblea de Catalunya, 1971) سێسەد کەسی لە پاشخانی کۆمەڵایەتی و هۆگری و پێوەندارێتیی جیاوازیی سیاسی لە دەوری یەک کۆ کردەوە. ئەم بابەتە گرینگترین بزووتنەوەی یەکگرتووی نهێنی لە کاتالۆنیا لە کاتی شەڕی ناوخۆییدا بوو کە لە هیچ بەشێکی دیکەی ئیسپانیادا هاوشێوەی نەدەبینرا. ئەنجومەن، بەرنامەیەکی هاوبەشی لەسەر بنەمای چوار داخوازی ئاڕاستە کرد: 1. لێخۆشبوونی گشتی بۆ بەندکراوانی سیاسی و دوورخراوەکان؛ 2. پشتیوانی لە مافی مرۆڤ؛ 3. سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی کاتیی پێڕەوی خۆبەڕێوەبەریی کاتالۆنیا لە ساڵی 1932دا؛ 4. هاودەنگکردنی هەموو خەڵکی نیمچەدوورگە بۆ خەبات لە پێناوی دیمۆکڕاسیدا (pp. 301–2 Batista and Playà Maset, 1991). ئەنجومەن تا یەکەمین هەڵبژاردنی دیمۆکڕاتیکی ئیسپانیا (15ی ژوەنی 1977) درێژەی بە چالاکییە مۆبۆلیزە یەکپارچەخوازییەکانی خۆی دا. لەو ساتەوەختە بەو لاوە، ئەو حیزبە سیاسیانەی کە بە تازەیی بە فەرمی ناسرابوون، ڕێبەرایەتییان گرتە دەست و جەختیان لەسەر جیاوازیی نێوانیان کرد تا لە هەڵبژاردنە ناوچەیی و نەتەوەییەکاندا، دەرئەنجامێکی باش دەستەبەر بکەن. بە دڵنیاییەوە، یەکگرتوویی فیکری، هەڵوەشاوە و گوتاری نەتەوەیی جیاواز هاتە ئاراوە.
لە کاتێکدا ڕژێمی فرانکۆئیستی هەر بە دیکتاتۆری و بە ئایدیالۆژیای پارێزکارییەوە[22] مابوویەوە، بەڵام قۆناخگەلێکی جیاوازی تێپەڕاند و و بە ئەرخەیانی و بە تێپەڕینی کات، چاکسازی لە بەشێک لە سیاسەتەکانیدا کرابوو. ئەم گۆڕانکاریانە وەڵامێک بەو گوشارانە بوو بۆ ئەوەی زیاتر لە لایەن دیمۆکراسییەکانی ڕۆژئاواوە قەبووڵ بکرێت و بە هۆی قووڵبوونەوەی کاریگەرییە تەکنۆکراتییەکان لەسەر ڕژێم لە کۆتاییەکانی پەنجاکان و سەرەتای شەستەکاندا، ئەم چاکسازیانە بەهێزتر بوون. جگە لەمە، ئارمانەکانی بازاڕی ئازاد، پێکهاتەی ئابووریی ئیسپانیایان بە شێوەی بنەڕەتی گۆڕی و هەر ئەمە لێکەوتەی نەخوازراوی لەسەر کۆمەڵگەی ئیسپانیا و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی بەدواوە بوو.
لە کۆتایی دەیەی 1960 و 1970دا بزووتنەوەی بەرخۆدان لە هەموو کەلێنەکان بۆ دربڕینی ناڕەزایەتیی چالاکانە لە دژی ڕژێم کەڵکی وەرگرت. بۆ نموونە لە سەرەتای 1970دا ژمارەی “کردەوە یەکانگیرەکان”[23] زیادی کرد. مەبەستی من لە “کردەوەی هاودەنگی” ئەو کردەوەیە کە لە لایەن ئیلیتی بچووکەوە ئاڕاستە دەکرێت و بەڵام مەبەست لەوە، دەسڕاگەیشتن بە مۆبۆلیزەکردنی جەماوەرە. ئامانج لە “کردەوەی هاودەنگی” نیشاندانی هێزی دژبەرە لە ڕێگەی جەختکردنەوە لە سەر داخوازییەکی دیاریکراو و ئاڕاستەکردنی وەک بابەتێکی حاشاهەڵنەگر، ئەمەیش بە هۆی ئەو پشتیوانییە بەربڵاوەی کە لێی دەکرێت. ئەو کردەوە هاودەنگییەی کە ساتی گۆڕانی ناسیۆنالیزمی کاتالۆنی لە بزووتنەوەی ئیلیتەوە بۆ بزووتنەوەی جەماوەری وێنا دەکات، بریتییە لەو خۆپیشاندانە جەماوەرییە بەهێزەی کە یەک میلیۆن کەس لە 11ی سێپتامبری 1977 لە شاری بارسلۆنا، بۆ داخوازیی یاسای خۆبەڕێوەبەریی کاتالۆنیا، بەشدارییان تێدا کرد. فرانکۆ لە ساڵی 1975 کۆچی دوایی کرد و بەرنامەی چاکسازیی سیاسیی ئاڕاستەکراو لە لایەن ئادۆلف سوارێز، سەرۆک وەزیری ئەوسا، بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرا. سەرەڕای ئەوەیش، ئەو پێگەی کە کاتالۆنییەکان دەکرا لە ناو دەوڵەتی نوێی دیمۆکراتیکی ئیسپانیادا بە دەستی بێنن، دیاری نەکرابوو. ئەو یاسا بنەڕەتییەی کە ئیسپانیا وەک دەوڵەتێکی دیمۆکراتیک پێناسە دەکات و دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری بە کاتالۆنییەکان دەدات، بڕیار بوو لە ساڵی 1978 پەسەند بکرێت.
بەڵگە عەقڵانی و سۆزدارییەکان، وەکوو بریکاری موبۆلیزەکردن:
ئەو کاتەی بەڵگە عەقڵانی و سۆزدارییەکان هاوپۆشانی پەیدا دەکەن کە ڕۆشنبیران هەوڵ ئەدەن نەتەوە ئاگا بکەنەوە و بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستیی جەماوەری بەرهەم بهێنن. عەقڵانییەت، لەو هۆکارە بەرهەستییەوە سەرچاوە دەگرێت کە ناسیۆنالیستەکان کاتی بەرگریکردن لە کەیسەکەیان، پشتی پێ دەبەستن. سەربەخۆیی یان خۆبەڕێوەبەریی زیاتر، دەکرێت بەم مانایە بێت: ئابوورییەکی باشتر بە هاندانی گەشەپێدانی ناوچەیی و مافی پاراستنی سامانی بەرهەمهێنراوی ناوچەیی، چۆنیەتیی ژیانی سەرتر، ئازادی لە کۆمەڵێک بەربەست و کۆتوبەند کە دەوڵەت دایسەپاندووە و تەنانەت قووڵکردنەوەی دیمۆکراسی لە ڕێگەی پشتیوانیکردنەوە لە ناوەندسڕینەوە[24] و چارەی خۆنووسین.
هەستەکان کاتێک دەورووژێنرێن کە نەتەوە وەکوو کۆمەڵگەیەک پێناسە بکرێت کە لە ژیانی بەرتەسکی کەسانی تایبەت تێدەپەڕێت و لە هەمان کاتدا، هەستی ناسنامەیی کۆییان بۆ دابین دەکات. پێوەندارێتی بە نەتەوەیەک، کە لە زەینی ئەندامەکانیدا بابەتێکی ڕاستەقینەیە، هەستی بەردەوامییان لەسەر بنەمای هەست بە ئەندامێتی لە گرووپێکدا پێ دەبەخشێت کە وەکوو بنەماڵەیەکی گەورە وێنا دەکرێت. تاکەکان، هەروەکوو لە نێو بنەماڵەیەکی تایبەتدا لە دایک دەبن، هەر بەو شێوەیە لە نێو نەتەوەیەکی تایبەتدا جێگیر دەبن و وەکوو بریکارێکی سەرەکیی کۆمەڵایەتی کار دەکەن. تاکەکان لە نێو کەلتوورێکی تایبەتدا پەروەردە دەبن کە جۆری پەیوەندییان لەگەڵ خۆیان و دیتران و ژینگەدا دیاری دەکات. بەکارهێنانی زمانێکی دیاریکراو، هەستی پەیوەندارێتی بە کۆمەڵگەیەک کە مێژوویەکی هاوبەش و کۆمەڵێک بەها و پراکتیکی هاوبەشیان هەیە، زیاد دەکات. ئەندامێتی لە نێو نەتەوەیەکدا، هەروەکوو بنەماڵە پێویستی بە یەکانگیریی تایبەتە لەگەڵ هاووڵاتیانیدا. هەروەها داوای قوربانی دەکات و هەستی خۆشەویستی و سۆز بەدی دێنێت، ئەمەیش بە گشتی کاتێک زەقتر دەبێتەوە کە خۆشبژێویی گرووپ، ڕووبەڕووی هەڕەشە ببێتەوە.
بەڵگەی عەقڵانی: بەڵگەی عەقڵانی و سۆزداری لە نێو ناسیۆنالیزمی کاتالۆنیادا ئامادەییەکی بەهێزی هەیە کە لە ئێستادا بزووتنەوەی کاتالۆنیی دابەش کردووە بەسەر دوو بەشی بزوتنەووەی زۆرینە کە داوای خۆبەڕێوەبەریی سیاسی لە نێو ئیسپانیادا دەکەن و بزووتنەوەی کەمینەیش کە خوازیاری سەربەخۆیین. لە سەردەمی رژێمی فرانکۆدا، ئامانجی سەرەکی زیندووکردنەوەی دیمۆکراسی و لەگەڵ ئەوەیشدا مافی کاتالۆنیا بۆ پەرەپێدانی زمان و کەلتوورەکەی و گەڕاندنەوەی ڕێکخراوە سیاسییە خۆبەڕێوەبەرییەکان بوو. ئەمانە، ئەو داخوازییە عەقڵانیانە بوون کە توانای ورووژاندنی دژکردەوە سۆزدارییەکانیان بە توندی هەبوو.
لێرەدا من بەشێک لەو بەڵگانە تاوتوێ دەکەم کە لە ئێستادا ناسیۆنالیستەکانی کاتالۆن، بۆ وێنە ڕۆشنبیران و هەروەها ڕێبەرانی سیاسی، بۆ ڕەوایەتیدان بە داخوازییەکانی خۆیان، سەبارەت بە خۆبەڕێوەبەریی زیاتر بۆ کاتالۆنیا لە پاش تێپەڕینی بیست ساڵ لە گەڕانەوەی دەوڵەتی خۆبەڕێوەبەر، پشتی پێ دەبەستن (Generalitat). لە ڕوانگەی ئەوانەوە، کاتالۆنیا دەبێت لە ئاستێکی زیاتردا لە خۆبەڕێوەبەری بەهرەمەند بێت، سیستەمێکی دارایی پێ ببەخشرێت تا نایەکسانیی ناوچەیی هاوسەنگ بکات و وەکوو نەتەوەیەک لە نێو ئیسپانیادا بناسرێت و کەرەستەی پێویستی بۆ پەرەپێدانی ناسنامەی جیاوازی خۆی بە شێوەیەکی تەواو هەبێت. بەشێک لە ناسیۆنالیستەکانی کاتالۆنیا باس لەوە دەکەن کە کاتالۆنیا تەنیا لە ڕێگەی سەربەخۆییەوە دەتوانێت لە بواری کەلتووری و ئابوورییەوە گەشە بسێنێت و لە دەرئەنجامدا خۆی بە ئەکتەرێکی سیاسی لە بەستێنی نێونەتەوەییدا بزانێت. ئەمن سێ بەڵگەی سەرەکیی عەقڵانی لێک جیا دەکەمەوە کە نەتەنیا ئەو کەسانەی کە خاوەنی هەستی بەهێزی ناسنامەی نەتەوەیین، بەڵکوو دەتوانێ ئەوانەیش کە تەنیا حەزیان لێیە پشتیوانی لە ناسیۆنالیزمی کاتالۆنیا بکەن، پێمل بکات، تا ئەو ڕادەی دەیسەلمێنێت کە توانای باشترکردنی کوالیتیی ژیان و قووڵکردنەوەی دیمۆکراسی و/ یان چالاککردنەوەی کۆمەڵگەی مەدەنیی هەیە.
یەکەم: ئەو بەڵگەی کە یارمەتیی کاتالۆنیا بۆ خەزێنەی ئیسپانیا زۆر زیاترە لەو داهاتەی کە لە دەوڵەتی ناوەندی وەری دەگرن. ئەمە وەکوو دۆخێکی نادادپەروەرانە دەناسرێت و ئەگەر پێچەوانە بێتەوە، بە شێوەی ئوتۆماتیک، هێزی کڕینی شتومەکی گشتی زیاد دەبێت و کوالیتیی ژیانی کاتالۆنەکان باشتر دەکات.
دووەم: ئەم بەڵگەی کە ناوەندسڕینەوەی سیاسی، بەو ڕادەی کە پرۆسەی بڕیاردان لە خەڵک نزیک دەکاتەوە، مەیلی لە بەهێزکردنی دیمۆکراسیش هەیە. کێشەکان لە هەرکوێ سەر هەڵ بدەن، دەستنیشان و شیکاری و چارەسەر دەکرێن. بە شێوەی ئاسایی، سیاسەتمەدارانی ناوچەیی ئاگایی زیاتریان لە پێداویستی و ئاواتەکانی دەنگدەرانی خۆیان هەیە. کە وابوو، ئەم بەڵگە پیشانی دەدات کە پێسپاردنی هێزی زیاتر بە کاتالۆنییەکان، هەم دیمۆکراسیی ئیسپانیا بەهێز دەکات و هەم هانی بەشداریی دیمۆکراتیکی زیاتر لە ناوچەکەدا دەدات.
سێیەم: پێسپاردنی دەسەڵات بە ڕێکخراوە ناوچەییەکان، پێویستی بە تەرخانکردنەوەی سەرلەنوێی سەرچاوەکان بۆ ئاسانکاریی سیاسەتی جودا و پلانڕێژیی بوودجەی ناوچەیی هەیە. ئەم پرۆسانە، بە نۆبەی خۆیان، یارمەتیی بووژاندنەوەی کۆمەڵگەی مەدەنی و هانی دەستپێشخەرییە خۆجێیی و ناوچەییەکان دەدەن، ئەوەیش بریتییە لە پرۆژەی کەلتووری، ئابووری و کۆمەڵایەتی. داخوازی بۆ خۆبەڕێوەبەریی زیاتر، پەیوەندیی بە مەیلی زیادکرنی ڕاندمان و کارامەیی کاتالۆنیا بۆ بەڕێوەبردنی خۆی و بەفەرمیناسینی وەکوو ئەکتەرێکی سیاسیی جیاواز لە نێو یەکێتیی ئەورووپا و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی دیکەدا هەیە.
بەڵگە سۆزدارییەکان: لە ناسیۆنالیزمی کاتالۆنیادا، ئەم بەڵگانە جەخت لەسەر هەستی پەیوەندارێتی بە جڤاکێکی فەرهەنگی و سەرزەوینی دەکەنەوە کە بە درێژایی زەمان لە خەم و ئازار و شادیی یەکدیدا بەشدار بوون. بەڵگە سۆزدارییەکان لە دەوری سێ پۆلی سەرەکی گەشە دەسێنن: مێژوو، خاک و هونەر.
یەکەم: ژمارەیەکی بەرچاو لەو کەسانەی کە لەژێر تەوژمی فرانکۆییزمدا ئازاریان چەشتووە، هێشتا وێنەی زیندووی ئەزموونەکانی خۆیان یان خۆشەویستەکانیان لە بەردەستدایە کە بریتین لە: ئەشکەنجەدان، زیندانیکردن، دەربەدەری، بەشخوراوی و نەبوونی ئازادی بۆ پەروەردەکردنی زمان و کەلتووری خۆجێیی خۆیان. بیرەوەرییەکانی ستەم لە ژێر دەسەڵاتی فرانکۆدا، یەکانگیرە لەگەڵ لیستی دوورودرێژی سکاڵاکان کە زۆربەیان پەیوەندییان بە هەوڵی بەردەوامی ئیسپانیا بۆ بنبڕکردنی زمان و کەلتوور و ڕێکخراوە سیاسیەکانی کاتالۆنیاوە هەیە. ڕووداوە مێژووییە گرینگەکان، کە هەڵگری تێگەیەکی تایبەتن، دەتوانن لە کاتی گێڕانەوەی مێژووی کاتالۆنەکان لە لایەن خۆیانەوە، دژکردەوە سۆزدارییەکان بورووژێنن، ئەمانە بریتین لە: ڕاپەڕینی دروێنەکاران (Revolta dels Segadors) لە ساڵی ١٦٤٠، کاتێک کاتالۆنییەکان لە دژی مامەڵەی توندی کاستیلەکان (ئیلییۆت، ١٩٦٣) و هەڵوەشاندنەوەی ماف و ئازادییەکانی کاتالۆنیا لە ساڵی ١٧١٤ لە ١١ی سیپتامبر (ئەم ڕۆژە گۆڕا بۆ ڕۆژی نەتەوەیی کاتالۆنیا) یەکیان گرت، کە بارسلۆنا لە پاش هێرشێکی بەربڵاوی ئیسپانیای فرانکۆ، خۆی ڕادەست کرد. فیلیپی پێنجەم فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوە سیاسییەکانی کاتالۆنیای دا و کاتالۆنیایش کەوتەوە ژێر ڕکێفی ڕژێمێکی داگیرکەر. زمانەکەیان قەدەغە کرا و زمانی کاستیلی (ئیسپانی) بە فەرمی ناسێندرا (Balcells, 1996, pp. 12-17).
دوایین بیرەوەریی مێژوویی بریتییە لە سەرکوتکردنی حکومەتی کارگێڕیی مانکۆمۆنیتاتی کاتالۆنی (١٩١٣-٢٣) لە پاش کودەتاکەی میگێل پریمۆ دی ڕیڤێرا.
دووەم: ئاماژەکردن بە خاکی کاتالۆنیا جێگەی مشتومڕە. ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵک وەکوو باوە، ئاماژە بە کاتالۆنییەکانی پایپۆس (وڵاتانی کاتالۆنی) لەوانە کاتالۆنیا، ڤالێنسیا، دوورگەکانی بالیاریک و خاکەکانی بناری کێوی پیرنە لە سنووری فەرەنسا دەکەن. ئەوان بۆ پاساودانەوەی ئیددیعاکەی خۆیان جەخت لە سەر ئەوە دەکەنەوە کە ئەم شوێنانە لە سەردەمی سەدەکانی ناڤیندا لە ژێر دەسەڵاتی کۆنتی بارسێلۆنادا بووە و خاوەنی پێشینەیەکی زمانی و کەلتووریی هاوبەش بوون. لە ئێستادا زاراوەی کاتالۆنی لە ڤالێنسیا و دوورگەکانی بالیاریک و ناوچەی دەوروبەری پێرپیگنان (فەرەنسا) قسەی پێ دەکرێت. بەرچاوگە[25] تایبەتەکان لەڕووی سۆزدارییەوە، بارگاوی دەکرێن و وەکوو بەرجەستەکردنی نەریت و مێژوو و کەلتووری کاتالۆنی وێنا دەکرێن. کەلیساکانی ڕیپۆل و مونتەسیڕات و کویسا (فەرەنسا) و شاخەکانی وەکوو کانیگۆ (فەرەنسا)، یان دیمەنە شارییەکانی وەک فۆسار دی لێس مۆرێس (بارسێلۆن) بەشێک لەوانەن.
سێیەم: بەرهەمە هونەرییە هەڵبژێردراوەکان و ئەو هونەرمەندانەی کە بوونەتە هێمای ناسنامەی کاتالۆنی، زۆربەی جار وەکوو بەشێک لە کۆمەڵی کەلتووریی باڵای کاتالۆنی وێنا دەکرێن کە لە بەستێنی نێونەتەوەییدا بە فەرمی ناسراون. کارەکانی جوان میرۆ، سالڤادۆر دالی، ئەنتۆنی گاودی، ئەنتۆنی تاپیس و پاو کاساڵز و ئەوانی دیکە، خۆ لە شانی نموونە جوانەکانی هونەری ڕۆمانی (تاول) و هونەری گۆتیک (ناوچەی گۆتیکی بارسێلۆنا) دەدەن. فۆلکلۆری دەوڵەمەندی کاتالۆنی، بۆ وێنە ساردانا (سەمای نەتەوەیی کاتالۆنی)، پێویستە بخرێتە نێو لیستی هێماکانی ناسنامەی کاتالۆنییەوە.
هێمایەکی دیکە و بەهێزی ناسنامەی کاتالۆنی کە بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆی لەو تیپۆلۆژیایە دەرباز دەکات، پەیوەندیی بە وەرزش و بەتایبەت بە تۆپی پێوە هەیە. لە سەردەمی فرانکۆییزمدا، یانەی تۆپی پێی بارسێلۆنا (بارسا) وەک نوێنەری نەتەوەی کاتالۆنیا و نموونەی بەرخۆدانی دژ بە دیکتاتۆری وێنا دەکرا. لە کاتالۆنیا، سەرکەوتنەکانی بارسا وەکوو سەرکەوتنی کاتالۆنیا ئاهەنگی بۆ دەگێڕدرا و هەرکاتێک یانەی بارسلۆنا و ڕیال مادرید یارییان لەگەڵ یەکتر دەکرد، گرنگیی یارییەکە زۆر سەرتر لە وەرزش بوو. هەستەکان لە نیووکامپ (یاریگای بارسا) وروژێنراون و ئێستاش دەورووژێندرێن. لە ئێستادا، نەتەوەخوازانی کاتالۆنیا هەڵمەتێکیان خستووەتە ڕێ و داوا لە دەوڵەتی ناوەندی دەکەن ئەو مافە بە کاتالۆنییەکان بدات تا تیمی تۆپی پێی کاتالۆنیی خۆیان بۆ بەشداری لە پێشبڕکێی نێونەتەوەییدا ڕێک بخەن. ئەم بزووتنەوەیە بەشێکی زۆر گەورەی لە خەڵک ورووژاندووە و گوشار دەخاتە سەر مادرید تا لە وەڵامی نەرێنیی سەرەتایی خۆی پاشگەز ببێتەوە.
ئەو شێوازەی کە خەڵکی لە ڕێگەیەوە لەگەڵ مێژوو، خاک و هونەر وەکوو بەشێک لە میراتی هاوبەش، ناسیاوی پەیدا دەکەن و پەیوەندیی لەگەڵ دەگرن و یارمەتیی پێناسەی ئەو کۆمەڵگەیە دەدا کە پەیوەندییان پێوەی هەیە، هاوچەشن و هەمچونیەک نین. گرینگە جەختی لەسەر بکرێتەوە کە هێماکان بە هۆی ناڕوونی و ناڕاشکاوییەوە، کاریگەرن. هێماکان جیاوازی بۆ دەرکەوتە و نمانای هەمچونیەک دەگۆڕن. کە وابوو، ڕێگە بە خەڵک دەدەن تاوەکوو بە یەکپارچەیی ئایدیۆلۆژییەوە لەسەر «کۆمەڵگە» سەرمایەگوزاری بکەن. ئەمەیش لە ڕوانگەی منەوە، توانای ناسیۆنالیزم لە گرێدانی خەڵک بەیەکەوە لە ئاستی کەلتووری و پێشینەی کۆمەڵایەتیی جیاوازدا نیشان دەدات.
هێزی بەڵگە سۆزدارییەکان لە توانای ئەوانەوە بۆ ڕاکێشانی تاکەکان سەرچاوە دەگرێت کە کەلتووری یەکسانیان هەیە، هەست بە وابەستەبوون بە خاکێکی دیاریکراو دەکەن، خاوەنی ئەزموونی ڕابردوویەکی هاوبەشن و پرۆژەیەکیان بۆ داهاتوو هەیە. ڕۆشنبیران و سەرکردە سیاسییەکان (لە هەندێک حاڵەتدا پێویستە ڕێبەرانی ئایینیش لەخۆ بگرێت) ئەو توخمە سەرەکیانە هەڵدەبژێرن و بەرەوپێش دەبەن کە لەگەڵ ناسنامەی نەتەوەییدا دەگونجێت. هەوەها ئەو بۆنانە دەئافرێنن و بەرهەم دەهێنن کە لەسەر یەکپارچەکردنی هەموو ئەو شتانەی سەر بە نەتەوەن، جەخت دەکەنەوە. لەم کاتانەدا، تاکەکان خۆیان لەبیر دەکەن و هەستی پێوەندارێتی بە گرووپ، دەبێتە خاوەن یەکەم پێگە. ژیانی بەکۆمەڵی کۆمەڵگا، لە سەرووی ژیانی تاکەکەسییەوەیە. تاکەکان لە ڕێگەی هێماسازی و ڕێوڕەسمەوە دەتوانن هەست بە سۆزداریی چڕی بانئاسایی بکەن کە لە ئەمئەوهەوی[26] لەگەڵ بوونەوەرێک – نەتەوە – سەرچاوە دەگرێت کە لەوان تێدەپەڕێت و چالاکانە هەست دەکەن کە بەشێکن لەو نەتەوەیە.
ئەنجام
ڕۆشنبیران ڕۆڵێکی دوولایەنە یان دووجەمسەرە دەگێڕن. لە لایەکەوە، ئەوان وەکوو داڕێژەرانی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی، بە ئاڕاستەکردنی بەڵگەی کەلتووری و مێژوویی و سیاسی و ئابووری بۆ پاراستنی سروشتی جیاوازی نەتەوە و ڕەواییدان بە ئیرادەی بۆ بڕیاردان لەسەر داهاتووی سیاسیی خۆی، ڕۆڵ دەگێڕن و لە لایەکی دیکەیشەوە، وەکوو پێشتر باسمان کرد، ڕۆشنبیران تێکدەرن و گوتارێک بنیات دەنێن کە شەرعییەتی نەزمی هەنووکەی شتەکان تێک دەدات. ئەوان دۆخی ئێستای نەتەوە لەناو دەوڵەتدا شەرمەزار دەکەن و بە پەرەپێدانی هەلومەرج و پرۆسەکانی ململانێ، جێگرەوەیەک ئاڕاستە دەکەن. دەبێت ڕۆشنبیران وەکوو پێکهێنەری ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیستی هەژمار بکرێن. لەگەڵ ئەوەیشدا، ئەرکەکەیان لێرەدا کۆتایی پێ نایەت، چونکە زۆرێکیان وەکوو گڕنەر و هاندەری بزووتنەوەی ناسیۆنالیستییش هەڵسوکەوت دەکەن. ڤالێنتی ئەلمیرال (١٨٤١-١٩٠٤)، ئێنریک پرات دی لا ڕیبا (١٨٧٠-١٩١٧)، جۆردی پوجۆڵ (١٩٣٠) تەنیا چەند نموونەیەکن لە ئایدیۆلۆژیستە سەرەکییەکانی ناسیۆنالیزمی کاتالۆنی کە بوونەتە ڕێبەرانێکی سیاسیی زۆر کاریگەر.
لەم وتارەدا دەمهەوێت دوو فاکتەری سەرەکیی کۆدەقی کۆمەڵایەتی – سیاسی کە ڕۆشنبیران لە نێو نەتەوە بێدەوڵەتەکاندا تێیدا هەڵدەسووڕێن، پێناسە بکەم. یەکەم: ناسیۆنالیزمی شێوەدەوڵەتی لەنێو دەوڵەت- نەتەوە دامەزراوەکانی پێشتردا سەر هەڵ دەدات کە نوخبە و کەلتوور و سیستەمی پەروەردە و میدیایی تایبەت بە خۆیان و بەفەرمیناسینی نێودەوڵەتیی وەکوو دامەزراوەی سیاسییان هەیە. دووەم: بۆ ئەوەی ناسیۆنالیزمی شێوەدەوڵەتی سەرکەوتوو بێت، پێویستی بە بوونی ئیلیتی جێگرەوە هەیە کە بتوانێت گوتارێکی ڕەخنەیی لە دۆخی هەبوو بنیات بنێت و ئامادە بێت ئایدیۆلۆژیایەکی ناسیۆنالیستیی ئەلتێڕناتیڤ فۆرموولە بکات. لە کۆتاییشدا پوختەیەک لە باسەکانی ئەم وتارە دەخرێتە ڕوو:
ئەلف: تێکهەڵکێشێک لەو فاکتەرانە ڕوون دەکاتەوە کە بۆچی ڕۆشنبیران لە نێو نەتەوە بێدەوڵەتەکاندا ڕوو لە ناسیۆنالیزم دەکەن. لە بەرامبەر کەسانێکی وەک کیدۆریدا کە پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە ڕۆشنبیران تەنیا لەبەر بەرژەوەندیی تاکەکەسیی خۆیان بەرەو ناسیۆنالیزم دەچن، ئەگەرچی هەندێ جار دەکرێت وا بێت، بەڵام من لەگەڵ برۆیلی هاوڕام کە ئەو ئیددیعایە زێدەڕۆییەکی گەورەیە. زۆرجار مرۆڤدۆستی و خواستی ڕاستەقینەی ئازادی بۆ وڵاتەکەیان، هۆکاری شەیدایی ڕۆشنبیران بە ناسیۆنالیزمە. بۆ نموونە، لە قۆناغە سەرەتاییەکانی بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستیدا، پلەیەکی دیاریکراو لە خۆبەخشی و خۆشەویستیی وڵات، وەکوو وزەیەکی بەهێز، جڵەوکێشی کردەوەی ڕۆشنبیرانە. هەروەک چۆن سەرهەڵدانی دووبارەی ناسیۆنالیزمی کاتالۆن لە سەردەمی ڕژێمی فرانکۆدا نیشان ئەدات، لە هەر کوێ کەمینەیەکی نەتەوەیی لە ژێر گوشار و سەرکوتدا ژیان بەرنە سەر، ئەم هەستانە بە هێزێکی زیاترەوە ئاشکرا دەبن. لەم جۆرە بارودۆخانەدا پشتگیریکردن لە ناسیۆنالیزمی کەمینەکان، زۆرجار نەک تەنیا بە شێوەی ڕیشەیی دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوە لە ئیلیتی دەوڵەتی، بەڵکوو مەترسیی بەرچاوی گیانیشی پێوەیە.
ئەم پرسیارە کە بۆچی تاقمێک لە ڕۆشنبیرانی کاتالۆن لە ئیسپانیای دیمۆکراتیکی هاوچەرخدا درێژە بە پشتیوانیکردنی ناسیۆنالیزم دەدەن، پێویستی بە شیکارییەکی وردبینانەیە کە لە تاقەتی ئەم وتارە سەرترە. سەرەڕای ئەوەیش دەکرێت بڕێک ئاماژە سەبارەت بەم بابەتە تایبەتە، هەر وەک پێشتر شەنوکەوم کرد، بە لەبەرچاوگرتنی بەڵگە سۆزداری و عەقڵانییەکان کە وەکوو هۆکاری مۆبۆلیزەکردن بەکاردەهێنرێت، کۆ بکرێتەوە.
ب: کیدۆری و نەرین و برۆیلی و سمیت سەبارەت بە گرینگیی لەڕادەبەری پشتیوانیی جەماوەر بۆ سەرکەوتنی بزووتنەوەیەکی نەتەوەخواز، لەگەڵ یەکدا هاودەنگن. لە سەردەمی فرانکۆییزم، گەورەترین هەڕەشە بۆ مانەوەی پێکهاتە سەرەکییەکانی ناسنامەی کاتالۆن، کەلێنی بەرینتری نێوان ئیلیتی ڕۆشنبیر کە کەلتووری پێگەبەرزی کاتالۆنیان پەروەردە دەکرد و جەماوەری خەڵک بوو کە لە هەمبەر سیاسەتە یەکسانسازەکەی ڕژێمی فرانکۆدا لەرزۆک و لاواز بوون. جگە لەوە، هاتنی ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەرانی کاستیلی زمانی بەشەکانی دیکەی ئیسپانیا بۆ کاتالۆن کە دڵخوازی دەوڵەت بوون و هاوتەریبی ئەوەیش، نەبوونی ڕەهای کەرەستەی سیاسی و ڕێکخراوەی کاتالۆنی بۆ دژایەتیکردن لەگەڵ ئەو بارودۆخەدا، بووە هۆی لاوازکردنی زمان و کەلتووری کاتالۆنەکان کە لەو کاتەدا قەدەغە بوو. کاتالۆنیا لە نێوان ساڵەکانی 1950 و 1975دا، 1400000 کۆچبەری کاستیلی زمانی وەرگرت، لەم سەردەمەدا، هەموو دانیشتوانی کاتالۆنیا لە 3240313 کەسەوە گۆڕدرا بۆ 5663125.
ڕۆشنبیران و سەرکردە نهێنییە سیاسییەکانی کاتالۆن کە ئاگاداری پێویستیی گۆڕینی ناسیۆنالیزم بۆ بزووتنەوەیەکی جەماوەری بوون، جەختیان لەسەر پێویستیی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی نێوان چینایەتی دەکردەوە کە هەموو ئەندامانی کۆمەڵگەی کاتالۆنی لەخۆ بگرێت و لە دەوری ئامانجێکی هاوبەش کە دژایەتیکردنی ڕژێمی فرانکۆ بوو، یەکگرتوو بن. ئەوان بۆ ئازادیی پەیوەندیدار لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی دیمۆکراسی و پاراستنی ناسنامەی کاتالۆندا خەباتیان کرد. لە پاش گەڕاندنەوەی دیمۆکراسی، پەیوەندیی نێوان ڕۆشنبیران و جەماوەر کەوتە ژێر کاریگەریی زۆر گرینگی دەستبەسەرداگرتنی ناسیۆنالیزمی کاتالۆنیا کە لە لایەن حیزبە سیاسییە یاساییکراوەکانەوە بەدی هاتبوو.
سەبارەت بە نووسەر:
مۆنتسیرات گویبێرناو، بەشی حکومەت و سیاسەت، زانکۆی ئازاد، هۆڵی واڵتۆن، میڵتۆن کینز MK7 6AA؛ ئیمەیڵ: m.guibernau@open.ac.uk
تێبینی
ئەو توێژینەوەی کە ئەم وتارەی لەسەر ڕۆنراوە، بەشێکە لە پڕۆژەی «ناسنامەی ناوچەیی و هاووڵاتیبوونی ئەوروپی» کە لە لایەن بەرنامەی «ESRC، یەک یا چەند ئەوروپا؟» بوودجەی بۆ تەرخان کراوە.
- هەروەها بڕوانە: Hodgkin, 1964; Trevor-Roper, 1962; Kohn, 1944.
دەقی ئینگلیزی ئەم وتارە لەم لینکەدا لە بەردەستە:
https://onlinelibrary.wiley.com/doi/abs/10.1111/1467-9248.00291
سەرچاوەکان:
Balcells, A. (1996) Catalan Nationalism. London: Macmillan.
Batista, A. and Playà Maset, J. (1991) La Gran Conspiració: crónica de l’Assemblea de Catalunya. Barcelona:nasionalism u roshnbiran
Empúries.
Benet, J. (1973) Catalunya sota el régim franquista. Paris: Edicions Catalanes de Paris.
Breuilly, J. (1982) Nationalism and the State. Manchester: Manchester University Press.
Casassas, J. (ed.) (1999) Els intellectuals i el poder a Catalunya (1808–1975). Barcelona: Pòrtic.
Colomines, A. (1993) El Catalanisme i l’estat. PAM: Montserrat.
Elliott, J. H. (1963) The Revolt of the Catalans. Cambridge: Cambridge University Press.
Fabré, J. Huertas, J. M. and Ribas, A. (1978) Vint anys de resistència catalana (1939–1959). Barcelona: La
Magrana.
Faulí, J. (1999) ‘Un segle d’edicions montserratines’, Serra d’Or, 478, 35–9.
Giner, S. (1998) La Societat Catalana. Barcelona: ICE.
Gouldner, A. (1979) The Future of Intellectuals and the Rise of the New Class. London: Macmillan.
Guibernau, M. (1996) Nationalisms. Cambridge: Polity Press.
Guibernau, M. (1999) Nations without States. Cambridge: Polity Press.
Hobsbawm, E. and Ranger, T. (eds) (1983) The Invention of Tradition. Cambridge: Cambridge University Press.
Hodgkin, T. (1956) Nationalism in Colonial Africa. London: Muller.
Hroch, M. (1985) Social Preconditions of National Revival in Europe. Cambridge: Cambridge University Press.
Kautsky, J. H. (1976) Political Change in Underdeveloped Countries: Nationalism and Communism. New York:
Robert E. Krieger.
Kedourie, E. (1986 [1960]) Nationalism. London: Hutchinson.
Kedourie, E. (1971) Nationalism in Asia and Africa. London: Weidenfeld and Nicolson.
Kohn, H. (1967) The Idea of Nationalism. New York: Collier-Macmillan.
Masot i Muntaner, J. (1986) ‘Cristianisme i Catalanisme’, in Termes, J. et al. (eds) Catalanisme: història,
política i cultura. Barcelona: L’Avenç.
Nairn, T. (1977) The Break-Up of Britain. London: NLB.
Pinard, M. and Hamilton, R. (1984) ‘The class bases of the Quebec independence movement: conjecture
and evidence’, Ethnic and Racial Studies, 7 (1), 17–54.
Smith, A. D. (1991) National Identity. London: Penguin Books.
Smith, A. D. (1998) Nationalism and Modernism. London: Routledge.
Trevor-Roper, H. (1962) Jewish and other Nationalisms. London: Weidenfeld and Nicolson.
Vilar, P. (ed.) (1989) Història de Catalunya, vol. 2 by De Riquer, B. and Culla. J. B. Barcelona: Edicions 62.
Weber, M. (1991) [1948] ‘Politics as a Vocation’, in Gerth, H. H. and Wright Mills, C. (eds) From Marx
Weber: Essays in Sociology. London: Routledge.
Worsley, P. (1964) The Third World. London: Weidenfeld and Nicolson
Rational and emotional arguments -1