نووسینەوەی مێژوو بەپێی حەز و ئارەزوو چەند تێبینییەک لەسەر کتێبی مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد (بەشی دووەم)
- Dec 1, 2024   |  
داگرتنی PDF
(بهشی دووهم)
سەبارەت بە مێژووی ماننا و لێکدانەوەی هەڵە بۆ ناوە مانناییەکان:
هەروەک لە سەرەتادا باس کرا، ئەرکی مێژونووس ئەوەیە کە چۆنیەتیی ئاڵوگۆڕە سیاسی-کۆمەڵایەتی، ئابووری و فەرهەنگییەکانی کۆمەڵگا لە ماوەیەکی دیاریکراودا پیشان بدات، هەروەها کاریگەرییەکانی ئەم ئاڵوگۆڕانە لەسەر چین و توێژەکانی نێو کۆمەڵگا نیشان بدات. بەڵام لە کتێبی مێژووی بزر و نەگێردراوەی کورددا ئەوەی کە دیاری نییە خەڵک و ئاڵوگۆڕەکانی نێو کۆمەڵگایە؛ نووسەر هەر بەدوای نێوی پادشادا گەڕاوە کە نیشان بدات کوردیش پادشای هەبووە، جا ئەگەر ئەو پادشایەش سوڵتان سەلاحەدینی ئەیوبی بووبێ یان گئوماتا یان ئازا پادشای ماننایی.
من لێرە کورتەیەک لە مێژووی مانناییەکان دەگێڕمەوە، بۆ ئەوەی نیشان بدەم کە چۆن سۆران ح. ڕ مێژوو لە زمانی فەرمانڕەوایانی ستەمکارەوە دەگێڕێتەوە نەک لە ڕوانگەیەکی زانستییەوە.
لە پاش ڕووخانی میتانییەکان، ڕەوشی وڵاتی کۆنی کوردەواری زۆر شپرزە بوو. بۆشایی دەسەڵاتداری لە چەندین ناوچەدا هاتە ئاراوە، کە لە ئەنجامدا چەندین شانشینی گەورە و بچووکی تر لە ناوچەکەدا سەریان هەڵدا، لەوانە بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان هەتا کەرکووک کەوتنە ژێر ڕکیفی ئاشوورەوە، لە ناوچەکانی باکووری کوردستان پاشماوەی هۆزەکانی “هوری/ خوری” فەرمانڕەوایی ئەورارتوویان پێک هێنا کە پایتەختەکەیان شاری “توشپا / توشپە” بوو لە قەراخی شاری “وان”ی ئێستا. لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری گۆلی ورمێ (ورمێ، سەقز و بانە و مەهاباد و بەشێک لە ئازەربایجان) فەرمانڕەوایی ماننایی دەسەڵاتیان گرتە دەست کە پایتەختەکەیان لە شوێنێک بوو بە ناوی ئێزرتوو لە نزیکی شاری سەقز. هەروەها ژمارەیەکی زۆر میرنشینی سەربەخۆ لە ناوچەکانی باشووری کوردستان وەک لای سلێمانی و هەورامان و گەرمیان و کرماشان و سنە و هەمەدان سەریان هەڵدا.
پادشایەتیی ئاشوور لە پاش ماوەیەکی کەم دەستی دایە فراوانکردنی دەسەڵاتی خۆی و تێکۆشا کە گشت ئەو ناوچەگەلە کە پێشتر لە ژێردەستی میتانییەکاندا بوو بێنێتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، بۆیە بە بەردەوامی هێرشی دەکردە سەر ناوچەکانی ڕۆژهەڵات، باکوور و باشووری کوردستان. لەم هێرشانەدا بەزەیییان بەکەسدا نەدەهاتەوە؛ گوندەکانیان ئاگر تێ بەردەدا، مەڕ وماڵات و خەرمانیان بە تاڵان دەبردن، زۆر جاران منداڵەکانیان دەکوشت و ژن و پیاوەکانیان دەبردن و دەیانکردن بە کۆیلە. ئەم ڕەوشە بە سەدان ساڵ بەردوام بوو، بە سەدان شەڕ وبەرخۆدان قەوما، بە دەیان میر و سەرۆک هۆز گیران و بە زیندوویی کەوڵ کران. ستەمکاریی ئاشوورییەکان لە ڕادەبەدەر بوو، نەک تەنیا بەرانبەر بە کوردەکان بەڵکوو بەرانبەر بە هەموو نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک بابلیەکان و ئیلامییەکان و ئەورارتووییەکان و جوەکان (موساییەکان) و تەنانەت خەڵکی ئاسایی ئاشوورییش.
لە سەرەتادا بەشێکی زۆر لە هۆزەکانی کورد پاڵپشتیی فەرمانڕەوایی مانناییەکانیان کرد، بەو هیوایە کە لە بەرانبەر ستەمکاری و دەستدرێژییەکانی ئاشوور بیانپارێزێ. بەڵام بە پێچەوانەی ویست و هیوای خەڵک دەسەڵاتی ماننا بوو بە هاوپەیمان و هاوکاری ئاشوور. ئەمە بوو بە هۆی هەڵسانی ڕق و تووڕەیی خەڵک بەرامبەر بە فەرمانڕەوایانی ماننا.
ڕەوشی کوردان لە دۆخێکی زۆر خراپدا بوو، ئاشوورییەکان پەیتا پەیتا هێرشیان دەکردە سەر خەڵک و بەزەییان بە کەسدا نەدەهاتەوە. ڕاپەڕین لە دژی دەسەڵاتداریی ئاشوور لە چەندین شوێنی جیاجیادا ڕوویان دا، بەڵام بە هۆی یەکنەگرتوویی هۆزەکان و بەرتەسکبوونی سەرهەڵدانەکان نەیانتوانی بگەنە ئەنجامێک.
چۆن و کەنگێ مانناییەکان پادشایی خۆیانیان دامەزراندووە، ڕوون نییە. کاتێ لە ساڵی ٨٢٨ی پ.ز ئاشوورییەکان پەلاماری ناوچەکانی دەوروبەری “گۆلی ورمێ”یان دا، پادشای ماننا کەسێک بوو بە ناوی “ئۆئاڵ کەی/ ئۆئاڵ کی”. هەروەها لە نێوان ساڵەکانی ٧٢٥- ٧١٨ی پ.ز “ئێرانزو” پادشایەکی بەهێز بوو و توانیی دەسەڵاتێکی یەکگرتوو لە ماننادا دابمەزرێنێ. “ئێرانزو” تا کاتی مردنی، کەمێک پێش ساڵی ٧١٦ی پ.ز، وەک دۆست وهاوپەیمانی ئاشوور مایەوە. پاش مردنی ئێرانزو کوڕەکەی کە نێوی “ئاز/ ئازا” بوو نیشتە سەر تەختەوە. ئەویش دەیویست بە هەمان شێوەی باوکی دەسەڵاتداری بکا و هەروەک باوکی بە هاوپەیمانی ئاشوور بمێنێتەوە. کۆمەڵانی خەڵک و سەرۆک هۆزەکان خوازیاری نزیکایەتی و دۆستایەتی لەگەڵ ئاشووردا نەبوون. ئەوان ئاشووریان وەک دەسەڵاتێکی ستەمکار، داگیرکەر و ناڕەوا دەناسی. بۆ ئەوان گرتن و بردن و فرۆشتنی مرۆڤەکان وەک ئاژەڵ کردەوەیەکی نامۆ و نامرۆڤانە و دژ بە بیر و باوەڕی ئایینییان دەژمێردرا، هەر بۆیەش سێ کەس لە سەرۆک هۆزە بەهێزەکان، “مەتا- تی” سەرۆکی هۆزی زیگرتو، “تلۆ سینا”[1] سەرۆکی هۆزی ئاندیا و بەگداتوو فەرمانڕەوای هویش دێش (ناوچەی مەراغە)، لە دژی “ئاز” پادشای ماننا ڕاپەڕین و دوای دەستگیرکردن و کوشتنی، تەرمەکەیان فڕێ دا.
لە پاش کوشتنی “ئاز/ئازا”، بەگداتوو بۆ ماوەی چەند مانگێک دەسەڵاتی گرتە دەست. بەڵام ماوەیەکی زۆری نەخایاند کە سارگۆنی دووەم ،پادشای ئاشوور، بەپەلە خۆی گەیاندە ئەوێ و توانی بەگداتوو دەستگیر بکا و فەرمانی دا کە هەر بەزیندوویی کەوڵی بکەن و لەشەکەیشی بۆ پەند لە پێش چاوی خەڵک هەڵواسی (دیاکونوف، کشاورز، ١٣٤٥: ٢٦١). [بەگداتوو یان بەغداتوو ناوێکی کۆنی زەردەشتییە، لەوانەیە لە نەوەکانی زەردەشت بووبێ، چونکە زەردەشتیش بۆ خۆی پێشتر فەرمانڕەوای “ماد- ڕاغە” بووە. “بەغدات” بە واتای خودادادە، “و”ێ لە پاش ناوی بەغدات پاشگرێکی باوی مادییە کە ئێستاش لە کوردیی شێوەزاری کرمانجیدا هەر ماوەتەوە].
کە وابوو لێرەدا دیار دەبێ کە “ئاز”ی ماننایی کە پاشای کوردان بوو لە ڕاپەڕینێکدا بە دەستی خەڵکی ناوچەکە کوژرا.
ئەمجا کوڕەکەی تری ئێرانزو کە ناوی ئۆلۆسۆنۆ بوو دانرایە سەر تەختەوە. ئۆلۆسۆنۆ لە ژێر گۆشاری سەرۆکەکانی تردا ماوەیەک پشتی لە ئاشوور کرد، بەڵام دواجار ناچار ما خۆی بدا بەدەستەوە و جارێکی تر خوی هاویشتە پاڵ سارگۆن، ئەویش فەرمانڕەوایی بۆ گەڕاندەوە.
ماننا لە کاتی ڕاپەڕینی مادەکان لە دژی ئاشوور لە ساڵەکانی ٦٧٣ی پ.ز دا یارمەتیدەر و هاوپەیمانی مادەکان بوو، بۆیە لە ساڵی ٦٦٠ی پ.ز ئاشوورییەکان بە سەرکردایەتیی نبو- شار- ئوسور بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوە دیسانەوە هێرشیان کردە سەر وڵاتی ماننا. “ئاخسەری (Axseri)”، پادشای ماننا، هەوڵی زۆری دا کە بەرەنگاری ئاشوورییەکان بێتەوە و چەندین شەڕ لە نێوانیاندا ڕووی دا. سەرئەنجام ئاشوورییەکان سەر کەوتن وئاخسەری تێک شکا و ناچار ما “ئیزرتوو”ی پایتەختی خۆی (لە نزیکی شاری سەقز) بەجێ بهێلێت و بەرەو “ورمەت Ormete (ورمێ/ ئورومییە)” پاشەکشێ بکا.
بەڵام لێرەدا یەکێک لە سەیرترین ڕووداوەکانی مێژوو قەوما؛ «کۆمەڵانی خەڵکی ئاسایی وهەژارەکان کە لە دەسەڵاتداریی ئاخسەری و هەڵاتنی لە بەرامبەر دوژمندا تووڕە و بێزار بوون، لە دژی ڕاپەڕین و ئاخسەری و بنەماڵەکەی و هەموو ئەو سەرکردە و میرانەیان کوشت کە لەگەڵیدا بوون و لەشەکانیان لە کۆڵانەکاندا فڕێ دا (دیاکونوف، کشاورز، ١٣٤٥: ٣٤٩-٣٥٠)». ئەمە یەکێک لە گرینگترین ڕووداوەکانی مێژووی ئەو سەردەمە بوو، خەڵکی ئاسایی لە دژی فەرمانڕەوایان ڕاپەڕین و لە شۆڕشێکدا فەرمانڕەوایانی خۆیانیان بە سزای مەرگ گەیاند.
دیاکۆنۆڤ بە سەرسووڕمانەوە لەم ڕووداوەی ئەو کاتە دەڕوانێ و دەنووسێ: «هەڵکردنی ئاڵای ڕاپەڕین دژ بە زۆرداران و ستەمکارانی ناوخۆ نیشانەی ئەو تێکۆشانە کۆمەڵایەتی و ئەو هاوکارییە ناوخۆییە جەماوەرییە بوو کە لە نێو نەتەوەکانی دیکەدا لەبەر هێندێک هەلومەرجی مێژوویی کۆمەڵگای کۆیلەداری لە ڕۆژهەڵات، ئەو هەست و بیرە هێشتا نەهاتبووە گۆڕێ (هاونەتەوەیی کورد و ماد، حەبببوڵای تابانی، ٢٠١٠ هەولێر، ل.پ ١٥٣)».
“ئۆئاڵ کەی/ئۆئاڵ کی” کوڕی ئاخسەری، کوڕەکەی خۆی نارد بۆ لای پادشای ئاشوور بۆ ئەوەی یارمەتیی بدات و لەوە دەچێ بە شێوەیەک یارمەتیی وەرگرتبێت، چونکە دەسەڵاتی ماننا هەر مایەوە و تەنانەت لە کاتی جەنگی مادەکان و بابلییەکان لە دژی ئاشوور، ماننا لە پاڵ ئاشووردا مایەوە و هاوپەیمانی ئاشوور بوو، بەڵام لە شەڕێکدا لە بەرانبەر بابلییەکاندا تێک شکان و ئێتر وزەی هەڵسانەوەیان لێ بڕا و ناوچەکانی ماننا لە دەوروبەری ساڵانی ٦١٦ – ٦١٥ی پ.ز کەوتە ژیر فەرمانڕەوایی هوخشترە (کەیخەسرەو) پادشای ماد.
بەڵام ئێستا با بزانین سۆران ح. ڕ چۆن ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە:
»ئێرانزوو لە ساڵی ٧١٦ی پ.ز دا کۆچی دوایی کرد، سەرجون، ئازا-ی کوڕی ئێرانزووی خستە سەر تەختی پادشایی. ئورارتو، بە هاندانی کۆمەڵێک لە حوکمرانەکانی دەوڵەتی مانایی، ویستی کە کاریگەریی ئاشوورییەکان کەم بکاتەوە بەوەی کە لە پادشا ئازا هەڵگەڕێنەوە. لە ئەنجامدا لە ٧١٦ی پ.ز دا پادشا ئازا بە دیلی و لە لایەن “حوکمڕانە یاخییەکانەوە” کوژرا. سەرجون هەڵگەڕانەوەکەی شکاند و دوابەدوای ئەوە برایەکی ئازا بە ناوی وڵوسونو-ی کردە پادشای نوێی ماناییەکان. (سۆران.ح.ڕ ٢٠٢٢: ٢٥٤)».
واتا لێرە ڕاپەڕینی سێ لە هۆزە گەورەکانی ئەو سەردەمە لە دژی ئازا (کە پیاوی ئاشوور بوو) وەک هەڵمەتی “حوکمڕانە یاخییبووکان” ناویان لێ دەبرێت، نەک وەک ڕاپەڕینێکی خەڵکی لە دژی فەرمانڕەوایانی گەندەڵ و ملکەچی ئاشوور. دواییش ناڵێ کە “سەرجون” ڕاپەڕینی خەڵکی سەرکوت کرد و گوێلەمستێکی خۆی لەسەر تەخت دانا، بەڵکوو دەڵێ: «هەڵگەڕانەوەی یاخیبووەکانی تێک شکاند و وڵوسونوی کردە پادشا! (سۆران.ح.ڕ ٢٠٢٢: ٢٥٤)». سۆران ح. ڕ بە جۆرێک ڕووداوەکان باس دەکات کە گەلی کورد دەبێ مەمنوونی سەرجون بێت کە شۆڕشگێڕانی سەرکوت کردووە و پادشای بۆ کوردان داناوە!
دیسانەوە لە لاپەڕەی ٢٥٥دا باسی کوژرانی “ئاخسەری” [سۆران ح. ڕ ناوی ئاخسەری وەک “ئاهشێری” نووسیوە لە کاتێکدا لە لایەن دیاکۆنۆڤ و مێژوونووسانی دیکەوە هەروەک ئاخسەری ناوی هاتووە] پادشای ماننا لە لایەن خەڵکی شاری وەرمەت (ورمێ)وە، وەها دەگێڕێتەوە:
«ئاشوربانیپاڵ پادشای ئاشوور هەڵمەتێکی سەربازی دەست پێ کرد لە دژی پادشای مانایی ئاهشێری. ماناییەکان شکان و ئاهشێری پایتەختی دەوڵەتەکەی، ئیزرتوی بەجێ هێشت و خۆی لە یەکێک لە قەڵا سەربازییەکانی توند کرد. سوپای ئاشووری دەوری پایتەختی ماناییەکان و چەند قەڵایەکی تری ماناییەکانی دا. بەڵام ماناییەکان هێندە هێزیان هەبوو کە بتوانن بەرامبەر بە داگیرکارییەکە بوەستنەوە. سوپای ئاشووری ناوچەکانی دەوری شارەکەی ویران کرد و ئەنجا مانایان بەجێ هێشت. ئەو شکانە پێگەی ئاهشێریی لە ناو خەڵکەکەیدا لاواز کرد کە بڕیاریان دا بیکوژن. کوڕەکەی وەلێ قەبووڵی باڵادەستیی ئاشوورییەکانی کرد و بوو بە پادشای نوێی مانایەکان و باجی ساڵانەی بە ئاشوورییەکان دا (سوران ح.ڕ ٢٠٢٢: ٢٥٥)».
واتا دیسانەوە لێرەش نووسەر باسی ڕاپەڕینی خەڵک لە دژی فەرمانڕەوایانی گەندەڵ و ترسنۆک ناکات، بەڵکوو بە یەک ڕستەی کورتی “بڕیاریان دا بیکوژن” ڕووداوەکە دوایی پێ دێنێت. واتا وەک ئەوەی هیچ ڕاپەڕینێک لە دژی ئاخسەری (ئاهشێری) ڕووی نەدابووبێت. لە کاتێکدا دەتوانین بڵێین کە ئەوە بۆ یەکەمین جار بوو لە مێژوودا کە خەڵکی شارێک، وەرمەت (ورمێ)، لە دژی فەرمانڕەوایەکی خۆیی ڕاپەڕن و پادشا و دارودەستەکەی بە هۆی خیانەت و ڕاکردنیان لە بەرانبەر دوژمندا تێکرا بکوژن.
لێکدانەوەی هەڵە بۆ ناوە مانناییەکان:
سۆران ح. ڕ. ناوە مانناییەکان، چ ناوی پادشاکان و چ ناوی ناوچەکان، بەهەڵە مانا کردووەتەوە. بۆ نموونە چاو لەم ناوانەی خوارەوە دەکەین:
ئێران- زوو:
سۆران ح.ڕ. باسی واتای ناوی “ئێرانزوو”ی نەکردووە کە گەورەترین پادشای مانناکان بووە. ئەمە دوو هۆکاری هەیە: یەکەم لە واتای ناوەکەی تێ ناگات، دووەم وشەی “ئێران”ی لەگەڵدایە. سۆران ح. ڕ لە لاپەڕەی ١٨٤ی کتێبەکەی خۆیدا لەسەر وشەی ئێران ئاوای نووسیوە:
«لە ڕاستیدا، ناوی “ئێران” یەکەم جار بە ئێرانشەهر لە لایەن ساسانییەکانەوە ئاماژەی پێ کراوە. بەڵام سەرچاوە ئیسلامییەکانیش ئاماژەیان بە ئێرانشەهر کردووە، ئەلمەقدیسی (لە ٩٩١دا کۆچی دوایی کردووە) دەڵێت کە ئێرانشەهر شوێنێکە لە نیساپور (نێشاپووری ئەمڕۆ) و … (سۆران ح. ر ٢٠٢٢: ١٨٤)».
بەڵام ئەی چۆن ناوی یەکێ لە پادشاکانی ماننا “ئێران-زوو” بووە؟ واتا هەزار ساڵ پێش ساسانییەکان ناوی ئێران لە کوردستاندا هەبووە؟ مانای “ئێران-زوو” چییە؟ سۆران حەمەڕەش بێدەنگیی لێ کردووە و هیچی نەوتووە.
ئاز/ئازا: ناوی پادشایەکی مانناییە، کوڕی ئێرانزوو بوو. سۆران ح. ڕ ناوەکەی بەم شێوەیە مانا کردووەتەوە:
azā: بوێر، بەهێز، هێشتا وەکوو ناوی کوڕ لە ناو کورددا ماوە (سۆران ح. ڕ ٢٠٢٢: ٢٥١).
ئەم لێکدانەوەیە بە تەواوی هەڵەیە. جارێک خودی وشەی ئازا بە واتای دلێر لە سەردەمی مانناییەکان و مادەکان و تەنانەت هەتا سەردەمی ساسانییەکانیش هەر وەک “ئازاتا / ئازات” گۆ کراوە. ئازاتەکان واتا دلێرەکان یان پاڵەوانان لە کۆمەلگای ئەشکانی و ساسانیدا توێژێکی تایبەتی کۆمەڵگا بوون و زۆر جێگای ڕێز بوون. هەر ئەم ناوە لە کوردیدا گۆڕانی بەسەردا هاتووە و ئەمڕۆ بووە بە “ئازا”. بەڵام لە فارسیدا بە شیوەی “ئازاتە/ئازادە (آزادە)” هەر ماوەتەوە. لە شۆڕشی “ژینا”دا لە ساڵی ٢٠٢٢، ژنانی ئێرانی دروشمیان دەدا لە دژی دەسەڵات و دەیانگوت «هیز تویی، هرزە تویی، زن آزادە منم»، واتا «حیز تۆی، هەرزە تۆی، ژنی ئازا و دلێر منم». کە وابوو ئەگەر مەبەست لە ناوی “ئازا” بە واتای دلێر بوایەت، دەبوو ناوەکە وەک “ئازاتا / ئازات” بوایەت کە وا نییە، با ئێستا بزانین واتای ناوەکانی ئازا و ئێرانزوو چییە:
ئێرانزوو: ئێرانزوو ناوێکی کوردییە، بە واتای “خودای ڕووناکیی ئێرانە”، ئەمە بۆ یەکەمین جارە کە وشەی ئێران لە مێژوودا دەردەکەوێ. ناوی ئێرانزوو لە دوو بڕگە پێک هاتووە؛ یەکەم ئێران کە مەبەست وڵاتی “ئاری”یەکانە، ئەم وشەیە جێگای وشەی “ئاریانا”ی گرتووەتەوە، بڕگەی دووەمی ناوەکە “زوو” خودایەکی کۆنی کوردی/ ئێرانییە، پێکەوە واتای خودای ڕووناکیی ئێران دەدات. ژمارەیەکی زۆر لە لێکۆڵەران و شارەزایانی بواری مێژووی کۆنی ئێرانی لەو باوەڕەدان کە وشەی “زوو” کورتکراوەی “زروان / زوروان“ـە، هەروەها لە ئەڤێستا و لە شاهنامەی فێردەوسییشدا باسی یەکێ لە پادشایانی “پێشدادی” (پێش لە داد / پێش لە ئایینی زەردەشتی) کراوە بە ناوی“زوو” کوڕی تەهماسپ کە ماوەی ٥ ساڵ فەرمانڕەوایی کردووە[2]. (لە ئەڤێستادا وشەی پێشدادی وەک “ئەپەر- داتا ” هاتووە کە “ئەپەر” ئێستا لە کوردیدا بووەتە “بەر” و “داتا”ش هەمان دادی کوردییە).
فێردەوسی لەسەر “زوو” ئاوا دەڵێ:
ندیدند جز پور تهماسب زو
کە زور کیان داشت و فرهنگ گو
هەروەها حافزی شیرازییش ناوی “زوو”ی هێناوە[3]:
شکل هر سر مە میدهد نشان
از افسر سیامک و ترک کلاە زو
هەروەها لە نێو سروودەکانی” یارسان”یشدا باسی زوو وەک خوداوەندی ڕووناکی کراوە، ئەم سروودەی خوارەوە هیی “داوود کۆسوار”ە کە یەکێکە لە پیرانی یارسانی لە دەوروبەری ساڵانی ١٣٥٠ – ١٤١ی٩زایینی. ئەمەش دەقی سروودەکەیە:
«نە هەیهات هو نە هەیهات هو
سەف سەف مەنهۆ نە هەیهات هو
چلتەن گرد ئامان بی وە قاو وقو
دونیا ڕۆشن بی وە فەرمان زوو
تاری مەرگ و شەڕ گریزان چون دو
یانەی تاریکیش کەرد ژێروڕو
چەنی چلتەنش نمانا ئەرجو
واتاکەی بەم شێوەیە:
یاران بە وتنەوەی هوو هوو ڕیزیان بەستووە، (چلتەن)یش بە هەمان شێوە هاتوون و هەیاوهوو دەکەن. دونیاش بە فەرمانی زوو (زەروان) ڕووناک بووەتەوە و تاریکی و مەرگ و جەنگ وەک دووکەڵ هەڵ هاتن و خانەی تاریکی سەروبن کرا (ئەیوب ڕوستەم، ٢٠٠٦: ١٢١)».
کە وا بوو لێرەدا ڕوون دەبێتەوە کە وشەی “زوو” وشەیەکی ” کوردی”یە و ناوی یەکێ لە خودایانی کۆن بووە.
ئاز/ ئازا: وشەی “ئاز/ ئازا” لە کوردیدا چەند واتایەک دەگەیەنێ، لەوانە “خێرا” کە زۆرتر لە ناوچەکانی شارەزوور و هەورامان و سنە و کرماشان بەکار دەبرێت. هەروەها واتای «دلێر و چالاکیش ئەدات»[4]. بەڵام مەبەست لەم “ئاز/ ئازا”یە هیچکام لەمانە نییە، بەڵکوو “ئاز”یش خودایەکی کۆنی ئێرانی بوو کە خاوەن هێزێکی لەبننەهاتوو بووە. خودایانی کۆنی هیندوئێرانی کە “دئۆ”یان پێ دەگوتن، ژمارەیان زۆر بوو و خەڵکیش ناچار دەکران قوربانییان بۆ بکەن کە ئەمە دەبووە هۆی بارگرانی بەسەر شانی خەڵکەوە. بۆیە پاش بڵاوبوونەوەی ئایینی زەردەشتی لۆمە لە پەرەستنی “دئو”کان” کرا، کە وای لێ هات دواجار بوون بە هێزی تاریکی و درۆ و خراپی. ئێستا وشەی دێو جێگای دئوی گرتووەتەوە. وا دیارە ناوی “ئاز” هیی ئەو سەردەمەیە کە هێشتا “دئو”کان نەبووبیتن بە دێو. (ئەو سەردەمە سەرەتای سەرهەڵدانی ئایینی زەردەشتی بووە و وا دیارە کە هێشتا نەبووە بە ئایینێکی گشتگیر لە هەموو ناوچەکەدا).
لە میتۆلۆژیای ئافرینیشی ئایینیی “زڕوانی”دا ئاوا هاتووە: «لە سەرەتادا جیهانی ئێمە نەبوو، تەنیا دوو گەوهەر هەبوون، گەوهەری ڕۆشنایی و گەوهەری تاریکی. گەوهەری ڕۆشنایی باش و جوان بوو، گەوهەری تاریکییش ناحەز و خراپ». لە نێو سروودە ئایینییەکانی یارسانیشدا (سرودی ڕمزبار)[5] ناوی “ئاز” وەک خودای تاریکی هاتووە:
«پەی دەرون شاد پەی دەرون شاد
شام ڕۆشنیش وست پەی دەرون شاد
ئەو کۆی چل نورش هەرکە کەرد ئیجاد
چل مەشعەلش دا وە ئۆسای ئیرشاد
نە لەوح حەجەر شا کەرش بنیاد
“ئاز” و تاریکی گوریزان چون باد»
واتاکەی: بۆ دەروونی شاد، شام ڕووناکیی خستە دەروونمانەوە و شاد بووینەوە، ئەو کاتەی “چلتەن”ی ئافراند و چل مەشخەڵی رێنماییکردنی دایە دەستیان، (کە پەیامە ڕووناکیبەخشەکانیان) وەک نووسراوەیەک کە لەسەر بەرد نەخشێندرابێ، لە بەر ئەم ڕۆشناییەدا “ئاز” و تاریکی وەک با هەڵهاتن.
لێرەدا دەبێ ئەوە وەبیر بێنینەوە کە وشەکانی “ئاز و ئازا” هەر یەک وشەن. بە ڕای زانایانی بواری زمانە کۆنە ئێرانییەکان، زۆربەی وشە مادییەکان، بەتایبەت ناوەکان، بە پیتی «ا» کۆتاییان پێ هاتووە، بۆ نموونە ماد (مادا)، پارس (پارسا)، پارت (پارتا)، کار (کارا)، داد یان دات (داتا)، دەس (دەسا)، ئەسپ (ئەسپا)، پەراسوو (پەراسوا). بەپێی ئەم رێسایە “ئاز”یش هەر هەمان “ئازا”یە. ئەم «ا»یە کە لە پاش وشەکان دەهات لە سەردەمی ئەشکانییەکاندا لە پاش وشەکان کەوت.
لێکدانەوە و ماناکردنەوەی هەڵە بۆ وشە مانناییەکانی تر:
سۆران ح. ڕ لێکدانەوەی بۆ ژمارەیەکی تر لە وشە مانناییەکان کردووە کە مەگەر بە دەگمەن یەکێکیان ڕاست بێ، دەنا هەموویانی هەر بە لێکچوونی ڕواڵەتیی وشەکان لەگەڵ کوردیی ئەمڕۆدا و بەبێ ڕەچاوکردنی یاساکانی زمانەوانی مانا کردووەتەوە کە بێواتان و لە باری زمانەوانییەوە هەڵەن. ئەمانەی خوارەوە تەنیا چەند نموونەیەکن لەو کۆمەڵە وشەیە کە لە لاپەڕەکانی ٢٥٢ و ٢٥٣ی کتێبەکەدا هاتوون:
١- bagdatti، (ناوی پادشایەکی ماناییە): بە واتای بەگ+ زادە، وەچەی بەگ (سۆران.ح.ڕ. ٢٠٢٢: ٢٥١).
جارێ شێوەی دروستی ئەم وشەیە بەگداتوو (Bagdattu)ـە، ئەم وشەیە لە جەنگنامەکانی ئاشووریدا هاتووە. “بەگ” بە واتای خودایە، “دات”یش بە واتای دات/ داو لە چاوگی “دان”ـەوە. مانای وشەکە دەبێتە خودادات/ خوداداد/ خوداداو. ئەم وشەیە لە لایەن دیاکۆنۆڤەوە لە ئەکەدییەوە وەرگێڕدراوەتەوە. دیاکۆنۆڤ لەسەر ئەم وشەیە لە ڕوونکردنەوەی ژمارە ٢٤٦دا (دیاکونوف، کشاورز ١٣٤٥: ٦٥٦-٦٥٧) وەهای نووسیوە:
«لێکۆڵینەوە لە شێوەی گۆکردنی ناوە ئێرانییەکان لە خەتی ئەکەدیدا، گومانی تێدا ناهێڵێتەوە کە بەگداتوو هەمان “بەگداتا” بە واتای (خوداداد)ی ئێرانییە. (دیاکونوف، تاریخ ماد، ترجمە کشاورز، ١٣٤٥خورشیدی، ص ٦٥٦-٦٥٧)». کە وابوو ماناکردنەوەی وشەکە بە بەگزادە هەڵەیە، چونکە “زادە” لە چاوگی “زایین”ـە و دادە لە چاوگی “دان” و دوو وشەی بە تەواوی لەیەک جیاوازن.
٢- ahšeri، (ناوی پادشایەکی ماناییە): بە واتای وریا، خاوەن بیر و هۆش، (سۆران.ح.ڕ. ٢٠٢٢: ٢٥١).
ڕاستەکەی نازانم کێ ئەم وشەیە وەک “ahšeri” وەرگێڕاندووەتەوە، چونکە لە کتێبە مێژووییەکاندا و بەتایبەت لە کتێبی مێژووی مادی دیاکۆنۆڤدا وشەکە وەک ئاخسەری (Axseri) هاتووە، (دیاکونوف، تاریخ ماد، ترجمە کشاورز، ١٣٤٥خورشیدی، ص ٣٣٢، ٣٤٨)، کە من پێم وایە ئەمە دروستەکەیەتی. بەڵام ئەگەر وای دابنێین کە ئەم وشەیە “ئاهشێری” بێت، چ پەیوەندییەک هەیە لە نێوان ئاهشێری و هۆشیاردا، نووسەر چۆن و لە چیدا ئەم پەیوەندییەی دیوەتەوە؟ ئایا قەت لە نووسراوە کۆنەکانی کوردی یان فارسی یان زمانێکی تردا “ئاهشێری” بە واتای هۆشیار هاتووە؟ بێجگە لەمەش، ڕاستە کە “هۆش” وشەیەکی کۆنە بەڵام هۆشیار وشەیەکی نوێیە.
هەروەک باس کرا ئەم وشەیە “ئاخسەری”یە، ناوی یەکێک لە پادشایانی ماننایە، ئەم ناوەش وشەیەکی ئێرانییە. دوو ئەگەر بۆ واتای ناوەکە هەیە، یەکەم: دەتوانێ واتای پادشا بدات، بۆ نموونە ناوی کەیخەسرەو پادشای ماد لە کۆندا بە شێوەی” كەی ئاخسارا” بە واتای پادشای گەورە هاتووە کە ئەگەر وشەی ” کەی”ی لێ هەڵگرین، “ئاخسارا” واتای پادشا دەدات. “ئاخسارا” لەگەڵ “ئاخسەری”دا جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە، دەتوانێ شێوەیەکی گۆکردنی تایبەت بە مانناییەکان بێت بۆ وشەی”ئاخسارا “. دووەم: وشەی” ئاخسا” لە زمانی ئەڤێستاییدا واتای ئامۆژگاریکردن، ئاگاکردنەوە، تێگەیاندن دەدات، بڕوانە بۆ (یادداشتهای گات ها، پورداوود، سال ١٣٨١، ص ٢٧٤، هات ٤٦، بند ٢). شێوازی دروستکردنی ناوی بکەر لە ئەڤێستاییدا هەروەک کوردی وایە، بۆ نموونە تاشان (تاشەر)، داتا (داتەر)، (بڕوانە کانگا دیکشنێری). کە وابوو ناوی بکەر بۆ “ئاخسا” دەبێتە ئاخسەر، کە واتای ئاگاکەر، ئامۆژگاریکەر یان بە زمانی ئەمڕۆ واتای مامۆستا دەدا. بەڵام بە ئەگەرێکی زۆر هەر شێوەیەکی ترە لە گۆکردنی ناوی ئاخسارا بە واتای پادشا.
٣- kilzanu، (ناوچەیەکە): بە واتای زانای مەزن، kilzānā/ kalzānā، لە هوریدا kil و لە سۆمەریدا gal مانای مەزن دەدات، (سۆران.ح.ڕ. ٢٠٢٢: ٢٥١).
ئەم وشەیە بەو جۆرەی کە نووسراوە، دەبێت وەک “کێل زەنو” بخوێندرێتەوە. بەڵام نووسەر بە کەیفی خۆی وشەکە دەستکاری دەکات؛ “زەنو” دەکات بە زانا و “کێل”یش دەکات بە کەڵ، واتا وشەکە دەکاتە کیڵ زانا و کەڵ زانا و دواجار دەنووسێ بە واتای “زانای مەزنە”. جارێک خودی وشەی کێل لە هیچکام لە فەرهەنگە کوردییەکاندا بە واتای”مەزن” نەهاتووە، وشەی “کەڵ”یش بە واتای گەورە نییە، بەڵکوو بە واتای “زل و زەلام”ـە. زل جیاوازیی هەیە لەگەڵ گەورەدا. بێجگە لەمانەش ئەم وشەیە لە کتێبی مێژوویی مادی دیاکۆنۆڤدا وەک “گیڵزان” هاتووە. [ئەم ناوچەیە بریتی بووە لە ناوچەکانی شکاکان و حەکاری هەتا نزیکی موش= نووسەر]. لە لاپەڕەی ١١٦ی کتێبی (تاریخ ماد، دیاکونوف)دا وەها هاتووە: «ناوچەی ڕۆژئاوای دەریاچەی ورمێ، واتا “گیلزان”، لە سەدەی نۆهەمی پ.ز ناوچەیەکی سەربەخۆ بوو، بەڵام دواجار ئورارتوو یان ماننا دەستیان بەسەردا گرت و هێندێ جاریش لە نێوان خۆیاندا دابەشیان دەکرد (تاریخ ماد، دیاکونوف، کریم کشاورز، ١٣٤٥ خورشیدی، ص ١١٦)».
٤- missi، (ناوی ناوچەیەکە): īmis بەواتای وەکوو مسە، لە ڕەنگی مسە (mis کانزایەکی زەردباوە + ī پاشگرێکە کە ئاوەڵناو دروست دەکات)، (سۆران ح.ڕ. ٢٠٢٢: ٢٥٢).
نووسەر هیچ بەڵگەیەکی بۆ ئەم بۆچوونەی خۆی پێشکەش نەکردووە، بۆچی مێسی هەر بە واتای ڕەنگی مسە، شوێنەکەی لە کوێیە، ئایا ڕەنگی شوێنەکە یان خاکەکەی سوورە وەک مس؟ ئایا لە بەڵگە مێژووییەکاندا یان لە شوێنێکدا ئاماژەی پێ کراوە. نووسەر دەتوانێ بۆچوونی خۆی هەبێت بەڵام دەبێ بەڵگەی سەلمێنەری پێ بێت و نیشان بدات کە بۆچی ئەم وشەیە پەیوەندیی بە ڕەنگی مسەوە هەیە؟
٥- šuandahul (ناوچەیەکە): بە واتای دۆڵی شوان، šuāndahol (šuān + dol)، (س.ح. ڕ ٢٠٢٢: ٢٥٢).
ماناکردنەوەی ئەم وشەیە بەم شێوەیە لە ڕاستیدا لە گەمەی منداڵان دەچێت. جارێ خۆدی وشەی “شوان” وشەیەکی نوێیە و لەسەردەمی مانناکاندا ئەم وشەیە بەم شێوەیە نەبووە. لێرەدا هێندێک ڕوونکردنەوە پێویستە:
وشەی شوان لە زمانی ئەڤێستاییدا وەک “fšu-yant” هاتووە (دیاکونوف، کشاورز، ١٣٤٥، ص ٢٤٠)، وشەی “fšu” لە ئەڤێستادا هەم بە واتای پەز و هەم بە واتای “شەگەل/ ڕانە پەز” هاتووە، بڕوانە بۆ: (فرهنگ واژەهای اوستا، احسان بهرامی، ١٣٦٩ خورشیدی، تهران، ص ١٠٠٠).
لە سەردەمی ئەشکانییەکاندا دەنگی “ف” لە پێش “ش” لە وشەکانی ئەڤێستایی و مادیدا کەوت، بۆ نموونە وشەی فشەرم بوو بە شەرم و فشو بوو بە شو، بڕوانە بۆ: (فرهنگ فارسی بە پهلوی، بهرام فرەوشی، ١٣٨٠، دانشگاە تهران، ص ١٨١). ئەم وشەیە لە پەهلەویی ئەشکانیدا (کوردیی میانە) بوو بە “šu” بە واتای پەز و šupān بە واتای شوان. کە دواجار لە کوردیدا وشەکانی “شوان” و “شێڤان”ی لێ کەوتووەتەوە. لە پەهلەویی ساسانییشدا (پارسیک) وشەی شو بوو بە ša کە وشەی “شەپان šapān”ی لێ ساز بووە و دواجاریش وشەکانی (شبان و چوپان)ی لێ کەوتووەتەوە.
وشەی “شو/شە” بە هێندێ گۆڕانەوە ئێستاش لە کوردیدا هەر ماوەتەوە، وشەی “شەگەل” بە واتای پەزەکان/ ڕانە پەزە. وشەی شەک بە واتای پەزی چکۆلە (دووساڵانە)، شوان/ شێفان بەواتای پەزوانە، وشەی “شەدار” بە واتای خاوەنی پەز یان ئەو کەسەیە کە پەز بەخێو دەکا، کە ئەمڕۆ وشەکە گۆڕانی بەسەردا هاتووە و بووە بە چێودار، هەروەک چۆن لە فارسییشدا “شپان” گۆڕاوە بۆ “چوپان”.
کە وابوو ئەگەر ئەم وشەیە “شوان- دۆڵ” بوایەت، دەبوو لە سەردەمی مانناییەکاندا وەک “fšuyant-dahul” یان وەک “šupān- dahul” نووسرابایەت نەک وەک زمانی ئەمڕۆ. ئەم وشەیە بە واتای هەرچی بێت بە واتای دۆڵی شوان نییە.
٦- ustaribar (ناوی پیشەیەکی ماناییەکان بووە بە “وەستا”وەرگێڕاوە): uastā وەستا+ rebar سەرکردە)، بە واتای “وەستای سەرکردە”(س.ح.ڕ. ٢٠٢٢: ٢٥٢).
ئەم وشەیە “وەستا ڕێبەرە”ش بە ڕاستی هەر لە قسەی گاڵتە دەچێت. چونکە وشەی وەستا وشەیەکی نوێیە، لە پەهلەویدا وشەی “وەستا” وەک “awestād“ هاتووە، بڕوانە بۆ:
Pahlavi Dictionary, D. N. Mac Kenzie, 1986, p 14
هەروەها وشەی “ڕێبەر”یش وشەیەکی نوێیە و لەوانەیە تەمەنی لە سێ سەدە زیاتر نەبێت. وشەی ڕێ لە زمانی مادی و ئەڤێستاییدا وەک “ڕاسمن/ ڕاس” هاتووە (احسان بهرامی، ١٣٦٩، جلد سوم، ص ١٢٢٤). لە زمانی پەهلەویی ئەشکانیدا وەک “ڕاس” و لە پەهلەویی ساسانیدا وەک “ڕاە” هاتووە (بهرام فرەوشی، ١٣٨٠، دانشگاە تهران، ص ٢٥٧). لە زمانی پەهلەوییشدا وشەی ڕێبەر وەک “pēšōpāy/pēšār” (پێش و پای/ پێشار) هاتووە (فرەوشی، ١٣٨٠: ٢٧٣). کە وابوو ئەم وشەیە ناتوانێ وەستا ڕێبەر بێت، چونکە هەردووکیان وشەی نوێن.
٧- ušqaia (قەڵایەک بووە): uškaīīa بە واتای شوێنێکی وشک (س.ح.ڕ. ٢٠٢٢: ٢٥٢).
لە لێکدانەوە و ماناکردنەوەی ئەم وشەیەدا، سۆران ح. ڕ چەندین هەڵەی کردووە و سەلماندوویەتی کە لەگەڵ یاساکانی زمانەوانیدا ئاشنایی نییە. ئەم وشەیە هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ “وشک”دا نییە.
١- ئەم وشەیە لە ڕاستیدا “ئۆسکایا”یە، ناوی شارێکە کە ئێستاش هەر ماوە و لە ئازەربایجاندایە و”ئوسکو”ی پێ دەڵێن. دیاکۆنۆڤ سەبارەت بەم ناوە ئاوا دەڵێ: «ئوشکایا (uškaya) ناوی شاری ئوسکوی ئێستایە کە کەوتووەتە ڕۆژئاوای کێوی “سەهەند”ەوە، لەسەر سنووری ئۆرارتوو، لە سەردەمی ساردوریی دووەم، پادشای ئۆرارتوو قەڵایەکی لەوێ دروست کرد، ئەم شوێنە پێشتر لە دەستی ماننادا بوو (دیاکونوف، کشاورز، ١٣٤٥: ٢٧١)».
بەڵام بۆچی ئوسکایا وەک ئوشکایا نووسراوە، هۆکارەکەی ئەمەیە کە بەپێی یەکێ لە یاساکانی زمانەوانی، زۆربەی ئەو وشەگەلە کە پیتی “س”ێیان تێدایە، کاتێک دەچنە زمانی ئەکەدییەوە، پیتی “س” دەگۆڕدرێت بۆ “ش”، بۆ نموونە: ناوی شاری “ساریسا ” لە دەقە ئاشوورییەکاندا وەک “شاریسا / شێریشی” هاتووە: (جغرافیای استرابو، همایون صنعتی زادە، ١٣٨٢، ص ٣٤٥). هەروەها هۆزی “کاسی” لە زمانی ئەکەدیدا وەک “کاشی” و هۆزی ئێسکیتەکان/ سکیتەکان لە لایەن ئەکەدییەکانەوە وەک “ئێشکیدا” تۆمار کراون (دیاکونوف، کریم کشاورز، ١٣٤٥: ٣٠٥). کە وابوو ئەم وشەیە “وشکایا” نییە و “ئۆسکایا”یە.
٢- وشەی “وشک” وشەیەکی نوێیە و لە سەردەمی مادەکان و مانناییەکاندا ئەم وشەیە وەک “هوشک/هیشک” گۆ کراوە، لە فەرهەنگی ئەڤێستایی کانگادا وەک “هوشک/هوشکا” و لە فەرهەنگی (واژەهای اوستائی، دفتر سوم، احسان بهرامی، تهران ١٣٦٩، ص ١٥٧٥)دا وەک “هیشک و هیشکو” هاتووە.
[hushka] = 6 (plG) dry (k601, b1839)
تەنانەت ئێستاش لە کرمانجیدا ئەم وشەیە هەر وەک “هوشک/حوشک” و لە ناوچەکانی هەولێر و باڵەکایەتییش وەک “هیشک/ هوشک” بێژە دەکرێت.
٣- ئەگەر بەڕێز سۆران ح.ڕ بەدواداچوونی بۆ کردبا، بێگومان دەیتوانی ڕاستییەکان لە ماڵپەڕی ئینتەرنێتیی شارەکەیشدا ببینێتەوە؛ لە چەند ماڵپەڕی شاری “ئۆسکۆ (اسکو)”دا نووسراوە کە ئەم شارە لە سەردەمی کۆندا و لە دەقە ئاشوورییەکاندا “ئۆشکایا”ی پێ گوتراوە. هەروەها ئەم شارە نەک هەر شوێنێکی “وشک” نییە، بەڵکوو زۆر تەڕ و ئاوداریشە، سێ ڕووبار بە نێو شارەکەدا تێ دەپەڕێ و دەریاچەیەکیش لە نزیکی شارەکەدایە، شارێکی سارد و شێدارە.
شێواندن و بەراوەژووکردنی مێژووی ماد!
زانای مەزن دیاکۆنۆڤ، شاکارێکی گەورەی خولقاندووە و مێژووی مادی لە ٨٠٠ لاپەڕەدا نووسیوەتەوە و قەڵایەکی گەورەی پڕ لە زانیاریی بۆ مرۆڤایەتی تۆمار کردووە، هەموو بابەتە مێژوویی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، زمانی و ئایینییەکانی مادەکانی بە جوانی ڕوون کردووەتەوە. کاتێ مرۆڤ مێژووی مادی دیاکۆنۆڤ دەخوێنێتەوە، وا دەزانێ لە کۆمەڵگای ماددایە و لەگەڵ هۆزەکانی ئەو سەردەمەدا ڕێ دەکات. ناوی هۆزەکان، ناوی ناوچەکانیان، ناوی سەرۆک هۆزەکانیان، گرفتەکانیان، دوژمنایەتییەکانیان هەر هەمووی بەوردی تێدا باس کردووە. لە مێژووی مادی دیاکۆنۆڤدا هۆزەکانی مادی و خەڵکانی دانیشتووی وڵاتی کۆنی کوردەواری بە بەردەوامی خەریکی خەبات و تێکۆشانن بۆ ڕزگاری و ئازادی و ژیانی باشتر. سۆرانی حەمەڕەشیش زەحمەتی کێشاوە لە ٤- ٥ لاپەڕەدا بە جارێک مێژووی مادی تێک داوە و ئەوەی کە دیاکۆنۆڤ نووسیویەتی بە جارێک بەراوەژووی کردووەتەوە.
گرینگیی مێژووی ماد تەنیا لەوەدا نییە کە کورد دەسەڵاتی گرتە دەست و دەوڵەتی دامەزراند، بەڵکوو گرینگییەکەی لەوەدایە کە مادەکان لەو سەردەمەدا ئاگری شۆڕشێکی پان و بەرینیان لە دژی دەسەڵاتێکی زۆردار و سیستمێکی دژەمرۆڤایەتیی بەردەداری (کۆیلەداری) کە ئاشوور لە ناوچەکەدا نوێنەرایەتی دەکرد، هەڵ گیرساند. گرینگییەکەی لەوەدا بوو کە مادەکان بە سەرکردایەتیی کەیخەسرەو توانیان زۆربەی هۆزەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک ئیلامییەکان، کاسی/کاشییەکان، سکیتەکان، لولوییەکان، پەرتەکان و مانناییەکان، یەک بخەن و ڕابەرایەتییان بکەن و بە هاوپەیمانی لەگەڵ وڵاتی بابل، ئیمپراتووریای ستەمکار و کۆیلەداری ئاشوور بڕووخێنن و خەڵکەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگەیەنن بە ئازادی. واتا شۆڕشی مادەکان لە دژی ئاشوور لە هەمان کاتدا ئاڵوگۆڕێکی گەورەی سیاسی-کۆمەڵایەتی بوو لە ناوچەکەدا. گرینگیی مێژووی ماد ئەو گیانە شۆڕشگێڕانەیە بوو کە وەک لافاوێک کەوتە ڕێ لە دژی ستەمکاران و مێژوو و جوغرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لەو سەردەمەدا بۆ هەمیشە گۆڕی.
بەڵام لەوە دەچێ کە سۆران حەمەڕەش هەر ئاگاداری مێژووی ماد نەبێ، ئەو شتانە کە نووسیویەتی هەر بە حەز و ئارەزووی خۆی بووە!
لە لاپەڕەی ٢٧٢ی کتێبەکەدا لە بەشی “کورتە مێژوویەکی مادەکان”دا وەهای نووسیوە:
«مادەکان بە هاوپەیمانی لەگەڵ بابلییەکان، توانیان لە ساڵی ٦١٢ی پ.ز کۆتایی بە حوکمی ئاشوورییەکان بهێنن کە ٥٠٠ ساڵی خایاندبوو. دوای ڕووخانی ئاشوورییەکان، جگە لە وڵاتی ماناییەکان، مادەکان ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئاشوورییەکانیان کونترۆل کرد، لەگەڵ وڵاتی فارس، ئەرمینیا و ئەشکانیا (پارسیا)، (سۆران ح.ر، ٢٠٢٢: ٢٧٢)».
لێردا نووسەر دەڵێ لە دوای ڕووخانی ئاشوورییەکان مادەکان ناوچەکانی تری وەک “ماننا، فارس، ئەرمینیا و ئەشکانیا (پارسیا)”یان کۆنتڕۆڵ کرد. ئەم گێڕانەوەیە هەڵەیە و زۆر جێگای سەرسووڕمانە! مانناییەکان ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها بەشێکی زۆری ئازەربایجانی ئێستای ئێرانیان لە بەردەستدا بوو و لەگەڵ ئاشوورییەکاندا دۆست و هاوپەیمان بوون، چۆن مادەکان دەیانتوانی بەسەر ماننادا دەرباز بن و ئاشوور داگیر بکەن؟! ئایا مەترسیی ئەوەیان نەدەکرد کە مانناییەکان پشتیان لێ بگرن و هێرش بکەنە سەریان؟ ئەم گێڕانەوەیە هەڵەیە و دوورە لە ڕاستی.
ناوچەکانی پارسەکان، سکیتەکان و پارتەکان /پەرتەکان هەر فرە زووتر لە لایەن “فرائۆرت”ی باوکی کەیخەسرەو دەستیان بەسەردا گیرابوو و بووبوونە بەشێک لە فەرمانڕوایی مادەکان. تەنیا لە پاش ئەم سەرکەوتنانە و لەدوای تێکشکاندنی سکیتەکان و ڕووخاندنی دەسەڵاتی ماننا بوو کە مادەکان توانیان هێرش بەرنە سەر ئاشوور و شکستی پێ بێنن، تەنیا وڵاتێک لە ناوچەکەدا کە داگیر نەکرابوو ئەرمینیا بوو.
لەسەر ئەم بابەتە لە کتێبی “مێژووی مادی دیاکۆنۆڤ”دا وەها هاتووە:
«هیرۆدۆت (I ١٠٢) وەهای نووسیوە: فەرائۆرت (باوکی کەیخەسرەو) خەریکی بەچۆکداهێنانی هۆزەکانی ئاسیا بوو، یەک لە دوای یەک هەموویانی بەچۆکدا هێنا، (دیاکونوف، کریم کشاورز، ١٣٤٥: ٣٦٣)». کە دیارە ئەمە بەر لە فەرمانڕەوایی کەیخەسرەو و جەنگ لەگەڵ ئاشووردا قەوماوە.
هەروەها دیاکۆنۆڤ لە لاپەڕەی ٣٦٥دا دەنووسێ: «سپای ماد لە باری ڕێکوپێکییەوە هیچی لە سپای ئاشوور کەمتر نەبوو، تەنانەت ورەیشیان زۆر بەرزتر و بەهێزتر بوو. سەربازەکانی ماد هەستی بڕوابەخۆبوون و ئازادییان تێدا هەبوو، چونکە لە کۆمەڵگای ئەو سەردەمەی ماددا هێشتا کۆیلەتی و گەندەڵی و ستەمکاری جێ نەکەوتبوو و نەبووبووە باو. ڕاستە سپاکەی ئەزموونی زۆریان لە شەڕدا نەبوو، بەڵام جەنگ لەگەڵ سکیتەکان و بەتایبەتی بەچۆکدادانی هۆزەکانی “پارس” ئەزموونێکی باشی پێ دابوون. ئەم سپایە خۆی فێری تەکتیکی شەڕی پیادە و هونەری گەمارۆدانی قەڵاکانی ئاشوور و هەروەها سوارچاکی و تیرهاویشتن بە شێوازی سکیتەکان کردبوو (دیاکونوف، کریم کشاورز، ١٣٤٥: ٣٦٥)».
دیسان دیاکۆنۆڤ دەنووسێ: «مانناییەکان بە هۆی ئەو تێکشکانە قورسە کە لە شەڕی “کابلین” تووشی هاتن، [شەڕێک بوو لەگەڵ بابل لە خوارەوەی کەرکووک= نووسەر]، سنوورەکانی وڵاتەکەیان بێ پاراستن مایەوە، بۆیە لە نێوان ساڵەکانی (٦١٥-٦١٦ی پ.ز) کەیخەسرەو ماننای داگیر کرد و لکاندی بە ئیمپراتووریای مادەوە. بەم شێوەیە کەیخەسرەو بە لایەنگری لە بابل و لە دژی ئاشوور هاتە ناو شەڕەکەوە، ئیتر لێرەولا ئەرکی ڕابەرایەتیی شەڕەکەی وە ئەستۆ گرت (دیاکونوف، کریم کشاورز، ١٣٤٥: ٣٧٥)».
کە وابوو لێرەدا زۆر بە جوانی ڕوونە کە بەچۆکداهێنانی هۆزەکانی تر و دەسەڵاتەکانی تر پێشمەرج بوون بۆ سەرکەوتن بەسەر ئاشووردا. بەبێ تێکشکاندنی دەسەڵاتی ماننا سەرکەوتن بەسەر ئاشووردا هەرگیز ڕووی نەدەدا. مێژوونووسانیش هەر بەم شێوەیە ڕووداوەکانی ئەو سەردەمەیان باس کردووە.
هێنانی ناوی ئەژدەهاک لەباتیی ئاستیاگ دوایین پادشای ماد:
سۆران حەمەڕەش لە چەندین جێگای کتێبەکەیدا کاتێ ناوی ئاستیاگ دوایین پادشای ماد دێنێ، وەک “ئەژدەهاک” ناوی لێ دەبات. بۆ نموونە لە لاپەڕەکانی ٢٧٢ و ٢٧٩دا.
ئەمەش پێم وایە بە لاساییکردنەوە لە مێژوونووسی ئەرمەنی مووسا خورنی بێت. زۆر سەیرە؛ چۆن دەکرێ پادشایەک وەک کەیخەسرەو ناوی کوڕەکەی خۆی بنێ ئەژدەهاک! مێژوونووسە ئاکادمیکەکان قەت بەم شێوازە ناوی ئاستیاگیان نەهێناوە، ئاستیاگ یان ئاستیاگۆ، ناوی دواپادشای مادە، بەڵام ئەژدەهاک کەسایەتییەکی ئەفسانەیییە و هیچ پەیوەندییەکی بە ناوی ئاستیاگەوە نییە. سەبارەت بەم بابەتە دیاکۆنۆڤ دەڵێ:
«یەکێک لەو بابەتانە کە لە نووسراوەکانی مووسا خورنی مێژوونوسی ئەرمەنیدا بە فراوانی بەرچاو دەکەوێت، ئەمەیە کە تێ دەکۆشێت کە ئەو زانیاریانە کە لە سەرچاوە یۆنانییەکانەوە دەستی دەکەوێت پەیوەست بکات بە گێڕانەوە مێژووییەکانی ڕۆژهەڵاتی (ئێرانی)یەوە. ئەژدەهاک، “ماردەهاگ”، لە ئەڤێستادا ستەمکارێکی ئەفسانەیییە، مارێکە کە دەموچاوی لە مرۆڤ دەچێ و خەڵکی “باوڕی Bawri (بابل)”ـە کە بە دەست “سراتیون (فەرەیدوون)”ی پاڵەوان کوژرا. لەگەڵ ئەوەش کە لەیەکچوون لە ناوەکانیاندا بەدی دەکرێت، بەڵام هیچ پەیوەندیییەکی بە “ئاستیاگ”ـەوە نییە. بێبناغەبوونی پەیوەستکردنی ناوی ئاستیاگ بە ئەژدەهاکەوە لەمێژە سەلمێندراوە. بەڵام هەر ئەم بابەتە بێبنەمایە زۆرێک لە مامۆستایانی ئەورووپیی لە چەرخی نوزدەهەمدا تووشی هەڵە کرد (دیاکونوف، کشاورز، ١٣٤٥: ٥٩)». بەداخەوە سۆران.ح. ڕ لە سەدەی ٢١دا تووشی هەمان هەڵە بووەتەوە.
سۆران حەمەڕەش “گئوماتا”یشی کردە سەرکردەیەکی سەرهەڵدانێکی مادەکان!
سۆران حەمەڕەش، لە بەشی کورتەیەک لە مێژووی مادەکان، لە کوتاییەکانی لاپەڕەی ٢٧٢دا ئاوا دەنووسێ:
«(مادەکان) … چەند هەوڵێکیان دا بۆ وەرگرتنەوەی دەسەڵاتی پێشوویان. هەندێک جار ئەو هەوڵانە لە لایەن موغەکانەوە دەدرا کە چینێکی ئایینی و هۆزێکی مادی بوون لە ناو جەرگەی کولتووری مادەکاندا. یەکێک لەو موغانە کە ئەو هەوڵەی دا گومەتە/گاوماتە بوو کە سەرکردایەتیی هەڵگەڕانەوەیەکی دەکرد لە دژی دەسەڵاتی فارسەکان، لە ڕێگای کۆنترۆڵکردنی ناوچەی مادەکان و دەوروبەری. بە هۆی کاریگەریی ئایینی موغەکانەوە لەسەر ماد و خەڵکە بێگانەکان، هەڵگەڕانەوەکە بوو بە هەڕەشەیەکی جدی لەسەر دەسەڵاتی فارسەکان، لەبەر ئەوە کە هەموو کەسێک نەیدەوێرا موغێک بکوژێت».
لە ڕاستیدا ئەمە بەراوەژووکردنی ڕاستییەکانە، ئەمە باسکردنی مێژووە بە ئارەزووی خۆی، دەنا ڕاستییەکان شتێکی دیکەن. پێناسەکردنی کۆدەتای گئوماتا وەک سەرکردایەتیکردنی ڕاپەڕینێک بۆ وەرگرتنەوەی دەسەڵات لە لایەن مادەکانەوە لە ڕاستی بەدوورە. ئەمە نیشان دەدات کە نووسەر هیچێک سەبارەت بە گئوماتا نازانێت. چونکە ئەگەر گئوماتا هەر ئەو کاتەی کە هاتبوو بۆ ناوچە مادییەکان خۆی ناساندبا و داوای یارمەتیی لە هۆزەکانی ماد کردبا، بێگومان یارمەتییان دەدا و سەر دەکەوت. بەڵام کێشەکە لەوەدا بوو کە ئەو نەتەنیا خۆی بە مادی نەدەزانی تەنانەت ناوی خویشی گۆڕیبوو بۆ “بەردیا” و خۆی وەکوو “بەردیای هەخامەنشی” کوڕی کوورەشی پادشا پێناسە دەکرد و لە ترسی ئەوەش کە ئاشکرا نەبێ ئامادە نەبوو نە لە گەورەکانی ماد و نەش لە گەورەکانی پارس کەسیان ببینێت. جا با ئێستا بە یارمەتیوەرگرتن لە کتێبی مێژووی مادی دیاکۆنۆڤ بزانین ڕاستیی ڕووداوەکەی گئوماتا چۆن بووە:
ئامی- تیدا کچی ئاستیاگ، ژنی پیاوێکی مۆغ بوو بە ناوی”سپیتام/ سپیتاما”، کە بە ئەگەری زۆر لە بنەماڵەی زەردەشت بووە، چونکە بنەماڵەی زەردەشت بە “سپیت- ئاما” کە بە واتای “هێزی سپی/ هێزی پاکی”یە بەناوبانگ بوون. [سپیت دوو واتای هەیە؛ یەکەم بە واتای ڕەنگی سپییە، دووەم بە واتای “پاک”ـە، بۆ نموونە لە کوردیدا “ڕووڕەش” واتای تاوانبارە و “ڕووسپی” بەواتای پاک و بێتاوانە.”ئاما”یش بە واتای هێزە، بۆ نموونە هۆزی هەمەوەند لە کوردستاندا لە ڕاستیدا “ئاماوەندە” بە واتای بەهێز/ هێزمەندە].
ئامی- تیدا لەگەڵ مێردەکەی (سپیتام) و کوڕەکانی “گئوماتا” و “پاتیزدیت” لە کۆشکی ئاستیاگدا دەژیان. کاتێ کوورەش دەسەڵاتی مادیی گرتە دەست، “سپیتام”ی کوشت و “ئامی-تیدا” کە میمکی (خوشکی دایکی) خۆی بوو، لە خۆی مارە کرد. پاشان کوورەش خۆیشی بوو بە خاوەن دوو کوڕ بە ناوەکانی کەمبووجیە و بەردیا. ئایا دایکی ئەم دوو کوڕەیش هەر ئامی-تیدا بووە یان ژنێکی دیکە ڕۆشن نەبووەتەوە، بەڵام ئەگەری زۆرە کە “بەردیا” هەر لە ئامی-تیدا بووبێت، چونکە دەڵێن کە گئوماتا (بەردیای درۆیین) و بەردیای کوڕی کوورەش لە ڕواڵەتیشدا زۆر لەیەک دەچوون و زۆر زەحمەت بووە کە لەیەکیان جیا بکەنەوە. تەنانەت دەڵێن بۆ ژنەکانیشیان زەحمەت بووە لەیەکیان جیا بکەنەوە، [ناوی بەردیا شێوەی پارسیی ناوی “بەرزیا”ی مادییە کە ئێستا لە کوردیدا بووە بە “بەرزو”]. پاش مەرگی کوورەش، کوڕە گەورەکەی کەمبووجیە لە ترسی ئەوەی کە نەکا بەردیای برای ببێتە شا و جێگای بگرێتەوە، بە دزییەوە بەردیای برای خۆی دەکوژێت. ماوەیەکی کورت لە پاش کوژرانی بەردیا، گئوماتا کە زانی بەردیا کوژراوە و کەمبووجیەش لەگەڵ سپاکەی لە میسردا بوو، بەبێ ئەوەی بیدرکێنێ خۆی لە جێگای بەردیا دادەنێ و خۆی وەک پادشا دەناسێنێ و بەم شێوەیە هەفت مانگ پادشایەتی دەکات (دیاکونوف، کشاورز، ١٣٤٥: ٥١٢).
«گئوماتا لەدوای بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات فەرمانی دەرکرد کە خەڵک بۆ ماوەی سێ ساڵ لە خزمەتی سەربازی و هەروەها لە دانی باج بەخشراون (دیاکونوف، کشاورز، ١٣٤٥: ٥٢٤)».
دواجاریش پاش ماوەیەکی کەم “کەمبووجیە”یش کە لەگەڵ سپاکەیدا لە میسر دەگەڕایەوە لە ڕێگادا بە شێوەیەکی گوماناوی دەمرێت (گومانی بۆ دەچێت کە داریووشی ئامۆزای کوشتبێتی). پاشان داریووش لەگەڵ شەش کەس لە هاوڕێیەکانی لە بنەماڵەکانی پارس، پلانی کوشتنی گئوماتا دەڕێژن و لە پارسەوە دەکەونە ڕی بەرەو ماد بۆ کۆشکی گئوماتا و بە هاودەستیی یەکێک لە ژنەکانی گئوماتا کە لە خزمانی نزیکی داریووش بووە، گئوماتا و براکەی لە کۆشکەکەیدا لە وڵاتی ماد لە ناوچەی مایدەشتی لای کرماشان دەکوژن.
لەسەر ئەم ڕووداوە و کەسایەتیی گئوماتا، دەرئەنجام و کاریگەریی ڕووداوەکە، دیاکۆنۆڤ وەها دەنووسێت:
«نابێ وا بیر بکرێتەوە کە گئوماتا شۆڕشگێر و پاڵەوان بووە و بۆ ئازادیی ماد خەباتی کردووە. کۆدەتای گئوماتا بزووتنەوەیەکی خەڵکی نەبوو، ڕووداوێک بوو لە نێو بارەگا و خانەدانی پادشاییدا، گئوماتا خۆی وەک کەسێکی پارسی و لە بنەماڵەی هەخامەنشی دەناساند و بە هیچ جۆرێک قسە لەسەر گەڕانەوەی دەسەڵات و سەربەخۆیی ماد لە ئارادا نەبوو. دواجار لایەنگرانی داریووش هەر ئەمەیان گرت بە دەستەوە و لە نێو خەڵکدا وایان دەگێڕایەوە کە گئوماتا ویستوویەتی دەسەڵات لە پارس بستێنێتەوە بۆ ماد و دیسان دەسەڵاتی مادی دامەزرێنێ. لە ڕاستیدا هەرچەند گئوماتا تێ کۆشا کە پێگەیەکی جەماوەری لە نێو خەڵکدا و بەتایبەت لە نێو مادەکاندا بۆ خۆی دروست بکات، بەڵام نە ئازادیخۆاز بوو و نەش خوازیاری بووژانەوەی ئیمپراتووریای ماد بوو (دیاکونوف، کشاورز، ١٣٤٥: ٥٢٤-٥٣٠)».
«گئوماتا کە بە کۆدەتایەکی نێوخۆیی لە نێو بارەگای پادشایەتی دەسەڵاتی گرت بە دەستەوە، بە هەمان شێوە بە هۆی کۆدەتایەکی نێوخۆی بارەگاوە تیا چوو ( دیاکونوف، کشاورز، ١٣٤٥: ٥٣٢)».
جا مەگەر هەر کاک سۆرانی حەمەڕەش بۆمانی ڕوون بکاتەوە کە ئەم سەرکردایەتیکردنەی گئوماتا چۆن و بە چ شێوەیەک و لە کوێدا بووە و چەند شەڕی کردووە و سەرکردەکانی سپاکەی کێ بوون؟ ئەمە چ بزووتنەوەیەک و چ سەرکردایەتییەک و چ کۆنترۆڵکردنێک بووە کە هەفت کەس لە پارسەوە دەکەونە ڕێ و لەپاش ئەو ڕێگا دوور و درێژە و ماندووبوونە، دێن بۆ ماد بۆ ناوچەی کرماشان و لە نێو کۆشکەکەی خۆی دەیگرن و دەیکوژن؟
ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان لە دژی داریووشی هەخامەنشی:
لە ڕاستیدا چەندین بەرخۆدان و ڕاپەڕینی گەورە و جەماوەری لە دژی دەسەڵاتی داریووشی هەخامەنشی و بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتی مادی لەو سەردەمەدا ڕوویان دابوو، بەڵام لە کتێبی مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورددا باسی لێ نەکراوە و بزر بووە!
لەپاش ئەوەی کە داریووش فەرمانڕەوایی گرتە دەست، ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی و بەتایبەتی ناوچەکانی ماد یەکسەر بوون بە مەیدانی بەرەنگاری و خەبات، هەموو کوردستان بوو بە ئاگر و خوێن. لە هەموو لایەک خەڵک لە دژی داریووش ڕاپەڕین. دیاکۆنۆڤ زۆر بە وردی باسی ئەم ڕاپەڕینانە و سەرکردایەتییەکانی و هەروەها هۆکارەکانی تێکشکان و سەرنەکەوتنیانی کردووە، کە لێرە دەرفەتی گێڕانەوەی هەموو ئەم باسانە نییە، بەڵام زۆر بە کورتی پوختەیەک لەوانەی کە دیاکۆنۆڤ لەم بارەوە نووسیویەتی پێشکەشتان دەکەم:
«لە پاش ئەوەی کە داریووش گئوماتای کوشت، ئاگادار بووەوە کە لە ئیلام ڕاپەڕینێک بە سەرکردایەتیی “ئاشین” ساز بووە، لە بابلیش سەرهەڵدانێک بە ڕابەرایەتیی “نی دین تو- بل” کە خۆی بە کوڕی “نابونید” دوایین پادشای بابل دەزانی، دەستی پێ کردبوو و ئاڵای سەربەخۆیییان هەڵدابوو.
ئەم بزوتنەوانە زۆر گرینگ نەبوون، ڕاپەڕینی گشتی کەمێک درەنگتر لە دەسپێکی مانگی دێسەمبری ٥٢٢ی پ.ز، ئەو کاتەی وا داریووش لە بابلدا خەریکی شەڕ بوو، دەستی پێ کرد. لە ڕاستیدا یەک ڕاپەڕین نەبوو، بەڵکوو چوار ڕاپەڕین کە لە چەندین شوێنی جیاوازدا لە ئارادا بوون.
لە ماد کەسێک بە ناوی فەروەرتیش (فەرائۆرت) کە خۆی بە خەشتریتەی دووەم لە خانەدانی کەیخەسرەو دەزانی، ڕابەرایەتیی شۆڕشەکەی دەکرد. خەڵکانی دانیشتووی ماد، پارت (خوراسان) و هیرکانیە (گورگان) لەگەڵیدا بوون. وا دیارە کە خەڵکی ئەرمەنستانیش کە پێشتر دەستیان دابووە شۆڕشەوە هاوکارییان دەکرد.
ڕاپەڕینی دووهەم کەسێکی پارسی بە ناوی “وهیزداتە” ڕابەرایەتیی دەکرد… داخوازییەکانی ئەم دوو شۆڕشە بووژانەوەی ئەو یاسا و چاکسازیانە بوو کە “گئوماتا” دەیویست بیکات و دواجار داریووش هەموویانی هەڵوەشاندەوە. بەڵام داخوازییەکانی خەڵکی ڕاپەڕیو زۆر زیاتر پەرەی ستاندبوو و ڕاپەڕینەکان بووبوون بە بزووتنەوەی جەماوەری. لە بەردەنووسەکەی بێستووندا، داریووش وتوویەتی کە “مەردمی (خەڵکی) جەنگاوەری ماد کە لە نێو “کۆمەکان”دا بوون، لایەنگرییان لە فەروەرتیش (فەرائۆرت)ی دەکرد…
ڕاپەڕینی سێیەم لە مرغیانا لە ناوچەی باکتریا (ئەفغانستان) بوو، لەوێ کەسێک بە ناوی “فرادا” ڕابەرایەتیی دەکرد، ئەم ڕاپەڕینەیش بزوتنەوەیەکی گشتی بوو. لە ئەرمەنستانیش هەر پێش دەسەڵاتی داریووش شۆڕش هەڵگیرسابوو. هەروەها لە بەردەنووسەکەی بێستووندا هاتووە کە سورییە- ئاشوور، میسر و “سکا”کانیش لە جەرگەی ئەو وڵاتانەن کە ئاڵای ڕاپەڕینیان هەڵکردبوو.
بەرخۆدانی ماد تەنیا بەمانەشەوە نەوەستابوو، هۆزی “ساگارتی”[6] چۆکیان دانەدا و “چیتران تەخما”[7] کە خۆی لە خانەدانی کەیخەسرەو دەزانی، دەستی دایە شۆڕش و پادشایەتیی خۆی ڕاگەیاند.
بەڵام ئەم شۆڕش و بەرخۆدانانە هەموویان شکان و سەر نەکەوتن، فەروەرتیش (فەرائۆرت) لە دوای بڕینی گوێ و لووت و زمانی لە لایەن داریووشەوە، لە هەمدان لە سێدارە درا. چیتران تەخمەش بە هەمان شێوە لە هەولێر لە دار درا. هۆکارەکانیان چی بوون؟ بەباوەڕی من [دیاکۆنۆڤ]، هۆکاری سەرەکی نەبوونی یەکیەتی و یەکگرتوویی چ لە نێوخۆی خویاندا و چ لەگەڵ هێزەکانی دەرەوەی خۆیاندا بوو. “وهێزداتە” و فەروەرتیش و هەروەها شۆڕشگێڕانی تر وەک هاوپەیمانانێک کە بۆ یەک مەبەستی هاوبەش خەباتیان دەکرد، نەک هەر یەکگرتوو نەبوون بەڵکوو هەر کامەشیان بە چاوی ڕەقیب سەیری ئەوی تری دەکرد. لە لایەکی تریشەوە داریووش هەم لە ماد و هەم لە پارس کەسانێکی دۆزیبووەوە کە هاوکاریی لەگەڵدا بکەن. کەسانێک کە زیاتر لە سەرۆک هۆزەکان بوون، بێجگە لەمانەش داریووش توانی کەسانێک لە خەڵکی ئاسایی پارس بۆ لای خۆی ڕابکێشێت، چونکە پارسەکان بە گشتی بەرژەوەندی و سوودیان لە داهاتی دەسەڵاتداریی ئیمپراتووریای هەخامەنشی پێ دەگەیشت».[8]
تێگەیشتنی هەڵە لە ناوی پارسوا/ پارسواش:
لە لاپەڕەی ١٨٢ی کتێبی مێژووی بزر …دا لەسەر ناوچەی پارس/پارسا (فارس) ئاوا نووسراوە:
«دوای نزیکی ١٠٠٠٠ ساڵ لە شارستانییەتێکی بەردەوامی ناوچەکە، وڵاتی فارس بۆ یەکەم جار لە مێژوودا لە لایەن ئاشوورییەکانەوە بە پارسواش Parsuaš لە سەدەی نۆهەمی پ.ز دا ناوی هاتووە[9]. (سۆران ح.ڕ، ٢٠٢٢: ١٨٢)».
ناوی “پارسوا /پارسواش” کە لە لایەن ئاشوورییەکانەوە هاتووە بە واتای ناوچەی پارس (فارس)نشینەکان نییە. بەڵکوو ئەم وشەیە لە بنەڕەتدا وشەیەکی کوردییە و هەمان وشەی “پەراسوو” بە واتای تەنیشت یان کەلەکەیە. مەبەست لەم دەستەواژەیە ناوچەکانی نێوان سنە و سلێمانی و زەهاو (سەرپێڵی زەهاو) بووە. هۆزەکانی ماد لە کاتی خۆیدا لە ناوچەکانی دەوروبەری “هەمەدان” نیشتەجێ بووبوون. ئەوان بە ناوچەکانی لای سنە و سەرپێڵ هەتا هەڵەبجە و سلێمانییان وتووە ناوچەی پەراسوو، واتا ناوچەی تەنیشتی خۆیان. هەروەها بە ناوچەکانی دووری وەک لای خوراسانیان وتووە “پەرت” کە مەبەست ناوچە دوورەکان بووە. تەنانەت بە هۆزەکانی مادی لای ئەسفەهانیش کە لێیانەوە دووربوون، وتوویانە هۆزەکانی “پەرتەکان/پەرتەکانی (دوورەکان)”. بەڵام هۆزەکانی فارس ناویان “پارسا” بوو کە وشەیەکی ئایینییە و بە واتای لەخواترس یان دیندارە.
با سەیری ئەم چەند نموونەیەی خوارەوە بکەین کە لە جەنگنامە ئاشوورییەکاندا هاتوون و دیاکۆنۆڤ لە کتێبی مێژووی ماددا هێناونی:
«دایان ئاشووری پادشا هێرشی کردە سەر ماننا… ئۆئاڵکی (پادشای ماننا) هەڵات بۆ سەر شاخ، بەڵام ئاشوورییەکان ئاژەڵی زۆریان برد، گوندە چۆڵکراوەکانیان داگیر کرد، لەوانە ئیزرتوو کە شوێن و قەڵاگای ئۆئاڵکی بوو. لە دواییدا لەشکەرەکەیان لە ناوچەی خارون کە شۆلۆسۆنۆ فەرمانڕەوای بوو، تێ پەڕی، بڕیار درا کە هەموو ساڵێک ژمارەیەک ئەسپی ئەڕابەکێش وەک باج بدرێت بە ئاشوور. “ئارتا سارۆ” پادشای “شوردورا” (ناوچەی دیواندەرە) باجەکەی خۆی پێشکەش کرد. پاشان ئاشوورییەکان ڕۆیشتن بۆ “پارسوا” لە هێندێک لە شاکان باجیان وەرگرت و ژمارەیەکی تریشیان تاڵان کرد (دیاکونوف، کشاورز، ١٣٤٥: ٢٠٨)».
دیسانەوە لە درێژەدا دەنووسێ:
«دایان ئاشوور جارێکی تر لە ساڵی ٨٣٧ی پ.ز هێرشەکەی دووپات کردەوە… لە ڕێگادا دەستی بە سەر “قەڵای” کوێستانی “بوشتو”ی لە مەرزی نێوان “ماننا” و “پارسوا”دا گرت، هەروەها چەند قەڵایەکی تری ماننایی و پارسوایی داگیر کرد (دیاکونوف، کشاورز، ١٣٤٥: ٢٠٨)».
دیسانەوە دیاکۆنۆڤ لە لاپەڕەی ١١٨دا دەنووسێ:
«بەشی سەرەوەی ڕووباری دیالە (مەبەستی ڕووباری سیروانە= نووسەر)، ئەو ناوچەیە کە کەوتبووە نێوان سێ گۆشەی شارەکانی ئێستای (سلێمانی- زەهاو- سنە) لە ناوەڕاستەکانی سەدەی نۆهەمی پ.ز. “پارسوا”ی پێ دەگوترا (دیاکونوف، کشاورز، ١٣٤٥: ١١٨)».
کە وابوو “پارسوا” بە ناوچەکانی لای سنە و سلێمانی و هەورامان وتراوە و هەروەها “پەرت” بە ناوچە دوورەکانی لای خوراسان وتراوە، [خودی وشەی خوراسانیش کوردییە بە واتای خۆر ڕاسانە واتا شوێنی هەڵاتنی خۆر(شرق)]. بەڵام بە ناوچە فارسنشینەکانی باشووری لای شیراز وتراوە “پەرسید/پەرسا”. لە زمانی ئەکەدی و ئاشووریدا گەلێ جار دەنگی “س” دەگوڕدرێت بۆ “ش”، هەر بۆیەش ئەم وشانەیان بە شێوەی “پەرشید/ پەرشیا” بێژە کردووە، هەر ئەم وشەیە دواجار بە واتای ناوچە فارسنشینەکان لە لاتینییشدا جێ کەوتووە.
سەبارەت بە ئەشکانییەکان: سۆران ح.ڕ. لە چەند جێگا لە کتێبەکەیدا ئەشکانییەکان و دەسەڵاتی ئەشکانیی وەک نەتەوەی تر و وەک داگیرکەری کوردستان پێناسە کردووە، بۆ نموونە لە لاپەڕەی ٨٤دا هاتووە:
«لەو کاتەوە نەتەوەی تری وەک یۆنان، ڕۆم، ئەشکانی و عەرەب هاتوونەتە ناوچەکە، شارە کوردی/ مادییەکانی وەکوو ئەسفەهان، نەهاوەند، هەمەدان، تەورێز(تەبریز) و زۆربەی خوارووی مێسۆپۆتامیا کە لە چەند سەدەی ڕابردوودا شاری کوردی بوون و هەتا وەکوو چەند سەدەیەک لەمەوبەر لە لایەن کوردەوە حوکم دەکران، بەڵام لەگەڵ تێپەربوونی کاتدا هەندێک لە خەڵکەکەی ئەسیمیلە کراون و کراون بە فارس و عەرەب”.
[هەرچەندە ئەم وتەیە لە خۆیدا هەڵەیە، چونکە بۆ خۆی دەڵی تا چەند سەدەی ڕابردوو شاری کوردی بوون و هەر لە لایەن کوردەوە حوکم دەکران، بەڵام هەندێک لە خەڵکەکەی ئەسیمیلە کراون و بە فارس و عەرەب کراون. کە وابوو ئەگەر هەتا چەند سەدەیەک لەمەوبەر کوردنشین بوون و لە لایەن کوردەوە حوکم کراون ئیتر چ پەیوەندییەکی بە یۆنانی و ڕۆم و ئەشکانییەوە هەیە؟ بەڵام قەی ناکات، دیسان بەم هەڵەیشەوە با بزانین ئەم تێزە چەندە ڕاستە یان هەڵەیە].
هەروەها لە چەندین شوێنی تردا ئەشکانییەکان (پەرتەکان) وەک “پارسیا” ناویان لێ دەبات، بۆ نموونە لە لاپەڕەی ٢٧٢دا: «دوای ڕووخانی ئاشورییەکان، جگە لە وڵاتی ماناییەکان، مادەکان ناوچەکانی ژیر دەسەڵاتی ئاشورییەکانیان کۆنترۆڵ کرد، لەگەڵ وڵاتی فارس، ئەرمینیا و ئەشکانیا (پارسیا)».
لەبەر ئەوەی لە کتێبەکەی سۆران ح.ڕ شتێکی وا سەبارەت بە ئیمپراتوورییەتی ئەشکانی نەنووسراوە، بۆیە هێندێک زانیاری لەم بارەوە بە پێویست دەزانم:
ئەشکانییەکان کێ بوون؟ “ئەشکانی” نە ناوی وڵات بوو و نەش ناوی هۆز. ئەشکانییەکان خانەدانێک بوون لە هۆزی “پرنی”، ئەم هۆزەیش لە نێو یەکیەتیی هۆزەکانی “داهە”دا بوو، خودی “داهە”یش بەشێک بوو لە یەکیەتییەکی گەورەتری هۆزەکانی “ساکا” کە کۆچەر بوون. [کوورەشی هەخامەنشی پادشای گەورەی فارسەکان- لە شەڕێکدا لەگەڵ یەکێک لە هۆزەکانی ساکادا کوژرا]. بەشێک لە هۆزەکانی ساکا لە سەردەمی مادەکاندا (پێش سەرکەوتنیان بەسەر ئاشووردا) هاتنە کوردستان و لە ناوچەکانی ورمی (سکاکان/شکاکان) و هەروەها لە سەقز نیشتەجێ بوون، خودی ناوی سەقز لە بنەڕەتدا “ساکا”یە و هەر لە ناوی ئەم هۆزەوە هاتووە.
لەدوای دەرپەڕاندنی دەسەڵاتی سلووکییەکان (جێگرەوەکانی ئەسکەندەر) لە ناوچەکانی پەرت و وەرکانە (خوراسان و گورگان) لە لایەن هۆزەکانی “داهە”وە، ئەم هۆزانە پاشان هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی ماد، لە سەرەتادا تووشی شەڕ و پێکدادان هاتن، بەڵام هەرزوو توانیان لەگەڵ یەکدی پێک بێن و پێکەوە فەرمانڕەوایی گەورە و گرانی ئەشکانیان پێک بێنن کە خانەدانی ئەشکانیی تێدا بوو بە فەرمانڕەوا.
لەو کاتەدا هەفت خانەدانی بەدەسەڵات بە نوێنەرایەتیی هەفت هۆزی گەورەی چەکدار بە سەرکردایەتیی خانەدانی ئەشکانی پادشایەتیی ئەشکانییان دامەزراند. ئەم هەفت هۆزە بریتی بوون لە ١- پرنی یان پرتەکان (ئەشکانییەکان) لە خوراسانەوە ٢- مێهران لە ماد ٣- کارێن لە نەهاوەندوە ٤- سورێن لە ڕۆژهەڵاتەوە (سیستان/ خوراسان) ٥- ئەسپندیار لە ماد ٦- زیک لە ماد ٧- ئەسپهبد لە وەرکانە (گورگان). بێجگە لەم هەفت هۆزە، ڕابەرایەتی و سەرپەرستیی کاروباری ئایینیی وڵاتیش لە دەستی مۆغاندا بوو کە ئەوانیش هۆزێکی مادی بوون.
لەم هەفت هۆزە بێجگە لە هۆزەکانی پەرتی (ئەشکانی) و سورێن ئەوانی دیکە لە دانیشتوانی ماد بوون. بۆ نموونە هۆزی زیک لە سەردەمی ئەشکانییەکان، ساسانییەکان و هەتا سەردەمی سەفەوییەکان هەر لە دەسەڵاتداریدا بەشدار بوون. لە کتێبی «حرکت تاریخی کُرد بە خراسان»دا نووسراوە کە شا تەهماسپ بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە هێزەکانی خۆی لە خوراسان بەشێک لە هۆزە کوردەکانی “زەنگەنە، چگنی، زیک و کەلهوڕ”ی گواستەوە بۆ خوراسان. گەنجعەلیخانی زیک فەرمانڕەوای کرمان و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ئێران یەکێ لە سەرۆک هۆزەکانی زیک بوو ( کلیم اللە توحدی، ١٣٧٠ جلد اول، ص ٢٩). لەسەر هۆزی زیک لە گۆڤاری “پژوهشهای تاریخی دانشکدە علوم انسانی- دانشگاە اصفهان”دا لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوان کراوە.[10]
«مێهرادادی یەکەم، پادشای ئەشکانی، بۆ بەهێزکردنی فەرمانڕەواییەکەی و پاراستنی ناوچەکانی رۆژئاوای وڵات لە هێرشی سلووکییەکان و بیانییەکان پەیوەندیی خزمایەتیی لەگەڵ مادەکان دامەزراند و کچەکەی خۆی بە ناوی “ڕینۆ” لە یەکێ لە شازادەکانی ماد مارە کرد (شهرام جلیلیان، ١٤٠١: ٨٣-١٠٤)».
«لەسەر ئەوەی کە ئەردەوان پادشای ئەشکانی ئیدیعای (ادعا) کردووە کە بەسەر گشت ئێرانی کۆندا فەرمانی گێڕاوە، “ئۆڵبریشت”((Olbrycht, 2010:721 پێی وایە ئەم ئیدیعایە لەبەر ئەوەیە کە ئەردەوان لەگەڵ مادەکانی ئاترۆپاتاندا خزمایەتیی هەبوو و ماوەیەک لەوێ فەرمانڕاوا بووە (د.علی اکبر کجباف، ١٣٩٠: ٢٩-٥٨)».
هەر لەم بارەوە سترابوو، جوغرافیناسی بەناوبانگی یۆنانی کە لە لەسەردەمی ئەشکانییەکاندا سەردانی ناوچەکانی مادی کردبوو، ئاوا دەنووسێ:
«بەشێکی تر لە ماد ئاترۆپاتیانە کە ناوی هەمان سەرداری مادی ئاترۆپاتە، کە نەیهێشت وڵاتەکەی کە بەشێک بوو لە مادی گەورە بکەوێتە ژێر دەستی مەقدۆنییەکان. لە دوای ئەوەیش کە وەک پادشا هەڵبژێردرا وڵاتەکەی خۆی کرد بە وڵاتێکی جیا و سەربەخۆ کە هەتا ئێستاش نەوەکانی توانیویانە ئەم سەربەخۆییە بپارێزن. پێشتر لەگەڵ ئەرمەنییەکان و سورییەکان و دواجاریش لەگەڵ پادشاکانی پارت ژن و ژنخوازیی سیاسییان کردووە (جغرافیای سترابوو، همایون صنعتیزادە، ١٣٨٢: ٤٩، (٣-١٣-١١)».
هۆزەکانی ئەشکانی هەم لە ڕووی زمانەوە و هەم لە باری نەژادەوە زۆر لە هۆزەکانی ماد نزیک بوون. لەسەر ئەم بابەتە دیاکۆنۆڤ لە کتیبی مێژووی ئەشکانییەکاندا (دیاکونوف، کریم کشاورز، ١٣٥١: ١١٦) دەنووسێ: «لە سەردەمی ئەشکانیان زمانی یۆنانییش وەک وڵاتەکانی تری لای ڕۆژهەڵات ببووە زمانی هاوبەش (مەبەستیەتی بڵێ ببووە زمانی هاوبەشی دەسەڵاتداری و کارگێڕی= نووسەر) بەڵام بەتەنیا ئەم زمانە نەبوو کە فەرمی بوو، لەو شوێنانەدا کە ئەشکانییەکان دەسەڵاتدار بوون، بۆ کاروباری ناوخۆیی و کارگێڕی زمانی پەرتی (ئەشکانی) کە یەکێ لە لەهجەکانی باکووری ڕۆژئاوای ئێران [ کوردستان= نووسەر] بوو، زۆر زیاتر ڕەواجی هەبووە. یەکێ لە قەباڵەکانی هەورامان (ژمارە ٣) و هەروەها چەند تۆمارێک کە لە “دورا- ئوروپوس”دەرکەوتووە بەم زمانە نووسراونەتەوە… (دیاکونوف، کریم کشاورز، ١٣٥١: ١١٦)».
هەروەها دیاکۆنۆڤ لە کتێبی مێژووی ماد، لاپەڕەکانی ٨٨-٨٩دا دەنووسێت:
«زمانی مادی لە شەش ڕووەوە لەگەڵ زمانە کۆنە ئێرانییەکانی تردا بەراورد کراوە، لەگەڵ زمانی ئەڤێستایی تەنیا لە یەک ڕووەوە لەگەڵ زمانی ئەشکانی و سکیتی لە دوو ڕووەوە و لەگەڵ سوغدی و خواڕەزمی (تەنانەت بەوەشەوە کە زمانەکانیان هاوکاتیش نەبوون) لە سێ ڕووەوە بەڵام لەگەڵ فارسیی کۆندا لە هەر شەش ڕووەوە لەیەک جیاوازن، کەچی بەراوردکردنەکانی نێوان زمانەکانی مادی و پارسی هیی یەک سەردەم بوون (دیاکونوف، کشاورز، ١٣٤٥: ١١٦)».
لە ماوەی ٤٧٠ ساڵەی دەسەڵاتداریی ئەشکانییەکاندا، زمانی فارسی لە نێو دانیشتوانی ماد و تەنانەت خوراسانیشدا هیچ شوێن و پێگەیەکی نەبوو، لەو سەردەمەدا پارسەکان خاوەن هیچ جۆرە دەسەڵاتێکی سیاسی و فەرهەنگی نەبوون، هیچ هۆزیکی پارسی لە دەسەڵاتداریی ئەشکانییەکاندا بەشدار نەبووە. ئەشکانییەکان نە لە باری سیاسی و نە لە باری سەربازی و نەش لە باری ئایینی و فەرهەنگییەوە هیچ پەیوەندییەکی وایان لەگەڵ ناوچەکانی باشوور و فارسەکاندا نەبوو مەگەر تەنیا بۆ کۆکردنەوەی باجی ساڵانە نەبێ. سترابوو جوغرافیاناسی بەناوبانگی یۆنانی لە گەشتەکەی خۆیدا بۆ پارس لەسەردەمی ئەشکانییەکاندا لەم بارەوە ئاوای نووسیوە:
«پارسەکان تووشی چارەڕەشی بوون، نەک تەنیا بە دەستی مەقدۆنییەکانەوە، بەڵکوو بە هۆی دەسەڵاتی ئەشکانییەکانەوە، هەرچەندە شای خۆیانیان هەیە، بەڵام شاکانیان هیچ توانا و دەسەڵاتێکیان نییە، ملکەچ و لەژێر فەرمانی پادشای پارتن (سترابوو، همایون صنعتیزادە، ١٣٨٢: ٣١٨ (٤-٣-١٥)».
هەر بۆیەش لە سەردەمی ئەردەشێری پاپەکاندا پارسەکان دەستیان دایە شوڕش و سەرهەڵدان لە دژی دەسەڵاتی باکووری- ڕۆژئاوا. کە وابوو بەپێی ئەم ڕوونکردنەوەیە، هەموو ئاسەوارە مێژووییەکان، نووسراوەکانی سەربەرد و هەموو ئەو نووسراوە کۆنانەی سەردەمی ئەشکانییەکان هیچ پەیوەندییەکیان بە پارس و زمانی پارسییەوە نییە. تەنانەت لە سەردەمی خودی هەخامەنشییەکانیشدا زمانی فارسی ئەوندە پێگەیشتوو و جێکەوتوو نەبوو کە لە کاروباری سیاسی و کارگێڕیدا بەکاری بهێنن.
نازانم چۆن دەکرێ دەسەڵاتی ئەشکانی وەک دەسەڵاتێکی داگیرکەری کوردستان بژمێردرێت، مەگەر لە سەردەمی مادەکاندا ناوچەکانی پەرت (ئەو شوێنەی کە ئەشکانییەکان لێیەوە هاتبوون) بەشێک نەبوون لە وڵاتی ماد؟ مەگەر پێنج هۆزی مادی لە دەسەڵاتی ئەشکانیدا بەشدار نەبوون؟ مەگەر زمانەکەیان وەکوو شێوەزارێکی مادی نەبوو؟
ئەمڕۆکە لە وڵاتانی پێشکەوتوودا ئەگەر کەسێک پێنج ساڵ لە وڵاتێکدا بمێنێتەوە مافی هاووڵاتیبوونی هەیە و بە هاووڵاتی دەژمێردرێت، دەی خۆ هۆزەکانی ئەشکانی ٤٧٠ ساڵ لە کوردستاندا بوون، لەگەڵ پێنج هۆزی کورد فەرمانڕەوایییان پێک هێنابوو، لەگەڵ کوردەکان ژن و ژنخوازیان هەبووە، زمانیان شێوەزارێکی مادی بووە، پایتەختەکەیان “هەمەدان” پاتیەختی مادەکان بووە، کە وابوو بۆ نابێ وەک جێگرەوە و درێژەدەری ئیمپراتووریای ماد بژمێردرێن؟ باشە خۆ پاش ٧٠ ساڵ نەوەی یەکەمی ئەشکانییەکان کە هاتنە کوردستان هەموویان مردن و تیا چوون، بەڵام ڕۆڵەکانیان خۆ لە وڵاتی کۆنی کوردەواریدا لە دایک بووبوون، بەشێکی زۆریان دایکیان یان باوکیان کورد بوون. خۆ کوردەکان لە هیچ سەردەمێکدا (بێجگە لەسەردەمی کەیخەسرەو نەبێ) ئەوەندەی سەردەمی ئەشکانییەکان سەربەست و بەهێز نەبوون.
باشە، دەبوو چەند سەد ساڵ ئەشکانییەکان لە کوردستاندا مابانەوە و فەرمانڕەوایییان کردبا بۆ ئەوەی وەکوو فەرمانڕەوایانی کوردستانی بناسێندرێن؟ چۆن و بە چ شێوەیەک ئەشکانییەکان کوردیان ئەسیمیلە کردووە؟ چۆن کوردیان کردووە بە فارس لە کاتێکدا ئەوان بۆ خۆیان فارس نەبوون و زمانەکەشیان شێوەزارێکی مادی بووە؟ خۆ ئێستاش هەموو گوتارەکانی مانیی پێغمبەر کە لە خوراساندا بە خەت و زمانی پەهلەویی ئەشکانی نووسراون و بڵاو کراونەتەوە، هەر ماون و لە شێوەزارێکی کوردیی کرمانجی دەچن. خۆ ئێستاش قەباڵەکانی هەورامان و هەروەها کتێبەکانی درەختی ئاسووریگ و یادگاری زەڕێران، کە هیی سەردەمی ئەشکانییەکانە، هەر ماون و لە پاش دەیان جار دەستێوەردان هێشتا هەر کوردیبوونیان ڕوون و ئاشکرایە.
سۆرانی حەمەڕەش سەبارەت بەو کەسانە وا لوڕەکان بە کورد ناژمێرن دەنووسی: «تیۆریی دانانی ئەو گرووپە بە ناکورد، وەکو دیارییەک وابوو بۆ زۆر لە ئەکادیمییە بە ڕەگەز فارس، عەرەب و تورکەکان (سۆران ح. ر، ٢٠٢٢: ٢٠٢)».
ئێستا دەکرێ هەر ئەم پرسیارەش لە کاک سۆران بکرێت: ئایا پێناسە کردنی “ئەشکانییەکان” وەک “پارسیا” و داگیرکەری کوردستان، وەکوو دیارییەکی باش نییە بۆ داگیرکەرانی کوردستان؟ ئایا ئەمە لاوازکردن و سڕینەوەی بەشێکی گرینگ لە مێژووی کورد نییە؟
سەرچاوە و پەراوێزەکان
[1]. تلۆ سینا: تلۆی کوڕی سینا، سەرۆکی هۆزی ئاندیا کە لەگەڵ بەگداتوودا لە دژی ئازا پادشای ماننا ڕاپەڕی. تلۆ ناوی خۆیەتی و سیناش ناوی باوکیەتی. ناوی تلۆ/ تێلۆ ئێستاش لە شێوەزاری کرمانجیدا هەر باوە. حەسەن تێلۆ شکاک (حەسەنی کورێ تێلۆ) یەکێک لە هاوڕێیانی قازی موحەممەد بوو لە سەفەری ڕووسیادا (سۆڤیەت). هەروەها ڕێبەری ڕێکخراوەی «یەکیەتیی لیبراڵی کوردستان» لە ڕۆژئاوا ناوی “فەرهاد تێلۆ”یە. “سینا“یش ناوێکی کۆنی ئێرانییە. ناوی باپیرە گەورەی زانای بەناوبانگ “ئەبووعەلی حوسێن کوڕی عەبدوڵڵا” کە لە ساڵی ٣٥٦ی کۆچیدا لە “بوخارا” لە دایک بووە، “سینا” بوو، هەر بۆیەش بە ئەبووعەلی سینا بەناوبانگە.
[2]. http://www.loghatnaameh.org/dehkhodaworddetail-f99c3aff570c422baff65e2182ac9d7d-fa.html (2013-06-09)
[3]. http://www.loghatnaameh.org/dehkhodaworddetail-f99c3aff570c422baff65e2182ac9d7d-fa.html (2013-06-09)
[4]. فەرهەنگی هەنبانە بۆرینە، هەژار، تاران، ١٣٦٩، لاپەڕە ٥.
[5]. یارسان لە نووسینی ئەیوب ڕوستەم، ساڵی ٢٠٠٦ی زایینی، ل ١٤٦.
[6]. من پێم وایە هۆزی “ساگارتی” دەبێ هەمان هۆزی گەورە و گرانی گەردی بێت (نووسەر). بەپێی لێکۆڵینەوەی “د. حەمید گەردی” ئەم هۆزە ئێستایش نەتەنیا لە هەموو کوردستاندا بەڵکوو لە وڵاتانی تری وەک پاکستان، ئەرمەنستان، ئازەربایجان و ئوردنیش هەن.
[7]. چیتران تەخما، وشەیەکی مادییە. چیتران دوو واتای هەیە؛ ١. بە واتای چێهرە (دەموچاو)، ٢. بە واتای نەژاد و توخم. وشەی تەخما یان تەهما بە واتای پاڵەوان و بەهێز دێت، وەک “ڕوس-تەهم” یان “تەهم-تەن”، کە وابوو چیتران تەخما یان بە واتای پاڵەوان نەژادە و یان بە واتای پاڵەوان چێهرە.
[8]. ئەمە پوختەیەک بوو لە چەندین لاپەڕە لە «تاریخ ماد، ا. م. دیاکونوف، ترجمە کریم کشاورز، تهران ١٣٤٥، ص ٥٣٣-٥٣٩».
[9]. مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد، سۆران حەمەڕەش، ٢٠٢٢، ل ١٨٢.
[10]. “د. علی اکبر کجباف، د. مرتضی دهقاننژاد، کورش هادیان”؛ پژوهشهای تاریخی دانشکدە ادبیات و علوم انسانی، دانشگاە اصفهان، دورە جدید، سال سوم، شمارە سوم، پاییز ١٣٩٠، صص ٢٩-٥٨.