نووسینەوەی مێژوو بەپێی حەز و ئارەزوو: چەند تێبینییەک لەسەر کتێبی مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد (به‌شی یه‌که‌م)

  • Nov 18, 2024   |   فازڵ ئوسوڵیان

داگرتنی PDF

(به‌شی دووه‌م)

 

چەند تێبینییەک لەسەر کتێبی مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد:

ئەم کتێبە کە نووسەرەکەی سۆران حەمەڕەشە لە ساڵی ٢٠٢٢ بڵاو بووەتەوە. ماوەیەک لە پاش دەرچوونی کتێبەکە لە لایەن چەند دۆست و هاوڕێیەکەوە پەیوەندیم پێوە کرا و بۆچوونی منیان سەبارەت بەم کتێبە پرسی. ئەو دەم لەبەر دوو هۆکار، یەکەم نەبوونی کات و دووهەم لەبەر ئەوەێ کە پێشتر کتێبی “کورد کێیە”ی نووسەرم خوێندبووەوە و ڕەخنەی جددیم لێ هەبوو، بۆیە ئارەزووی خوێندنی کتێبی “مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورد” لام پەیدا نەبوو. بەڵام لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا چەندین کەسی دیکە داوای هەڵسەنگاندنی منیان بۆ کتێبەکە کردووە، بە تایبەت لەبەر ئەوەی هێندێک لەو باسانە کە لە کتێبەکەدا هاتووە، پێشتر من لە کتێبی “ناسنامەی زمانی کوردی”دا باسم لێوە کردووە. بۆیە خۆم بە ناچار دیت کە کتێبەکە بخوێنمەوە تا بتوانم بۆچوونی خۆمیان پێ ڕابگەیەنم. کاتێ کە کتێبەکەم خوێندەوە تێگەیشتم کە ئەمەش لە ڕاستیدا ناوەڕۆکەکەی هەمان ناوەڕۆکی کتێبی “کورد کێیە”یە و هەردووکیان هەڵگری یەک پەیامن و یەک شێوازیان پەیڕەو کردووە، بەڵام نووسەر لەم کتێبەدا بابەت و ڕوونکردنەوەی زیاتری بۆ گەیاندنی پەیامەکەی خۆی هێناوەتەوە.

هەر وەک دواجار ڕوونی دەکەمەوە، کتێبەکە بە گشتی دوورە لە بنەما زانستییەکان، بە تایبەتی لە باری لێکۆڵینەوە زمانەوانییەکانیەوە هەر بەتەواوی وێرانە.

نووسەر لە هەر کتێب و نووسراوەیەکدا کە بابەتێکی لەسەر کورد تێدا نووسرابووبێت و یان ناوی کوردی تێدا هەبووبێت، وەری گرتووە و بەرگێکی تیۆریکی لێ پێچاوە و ترنجاندوویەتیە نێو کتێبەکەیەوە و بە جۆرێک پەیوەندیی داوە بە مێژووی کوردی دەشت و کوردی شاخ. باسگەلێک وەک ئەفسانەی کەشتیی نۆح و نیشتنەوەی لەسەر شاخی گودی/(جودی)، نەورۆز (وەک جێژنێکی ١٠٠٠٠ ساڵە بەبێ هیچ بەڵگەیەک)، ئەفسانەی شاماران، ژنە ئامازونەکان و هەروەها باسی ڕەسەنایەتیی ئەسپەکانی کرماشان (کرماشان بەناوبانگە بە ئەسپی کوردیی ڕەسەن و فێستیڤاڵێکی ساڵانە دەکرێت بۆ هەڵبژاردنی باشترین ئەسپ لەسەر خاکی میدیای دێرین)، گێڕانەوەی چەندین جارەی دەقی کەیکوڵی و خوێندنەوە و لێکدانەوەی هەڵە بۆ وشەکانی دەقەکە، بەراوردکردن و لێکدانەوەی هەڵە بۆ وشەکانی میتانی، ماننایی، سۆمەری و مادی و … لێکدانەوە بۆ ڕووداوە مێژووییەکان بەپێی حەز و ئارەزووی خۆی و… هەروەها چەندین بابەتی نادروست کە باسی لێ دەکەم، وای کردووە کە لە باری زانستییەوە کتێبێکی بێکەڵک و بێبایەخ بێ.

بە داخەوە وا دیارە کە نووسەر ئاستی هۆشیاری و تیگەیشتوویی کۆمەڵگەی کوردستانی بە کەم زانیوە، هێندێ جار خوێنەر هەست بەوە دەکات کە گاڵتە بە شعووری خەڵکی کوردستان دەکرێت. بۆیە بە پێویستم زانی کە بۆ بەرچاوڕوونیی خوێنەری کورد و بەتایبەت لاوانی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر بنووسم.

خۆشبەختانە لەم ماوەیەدا ژمارەیەک نووسەر، زمانەوان، ڕۆژنامەنووس و مامۆستای زانکۆ بەگشتی کەسانی ڕۆشنبیر و بەرپرس، بە شێوەی جۆراوجۆر هەڵوێستیان نواندووە و ئاماژەیان بە کەموکوڕییەکان و نازانستیبوونی بابەتەکانی نێو کتێبەکە کردووە، کە جێگای دەستخۆشی‌لێکردنە. هەر بۆیەش من لێرە بە پێویستی نازانم جارێکی دیکە ئەو ڕەخنانە و بابەتانە کە ئەوان باسیان کردووە دووپاتی بکەمەوە.

نووسەر هەرچەند بابەت و فاکتی یەگجار زۆری لە کتێبەکەیدا هێناوەتەوە و باسی کردووە، بەڵام  بێجگە لە یەک خاڵ نەبێ ئەوانی تریان هیچیان تازە نین و پێشتر لە لایەن نووسەرانی دیکەوە و لە سەرچاوەکانی دیکەدا هاتوون.

ئەو خاڵە نوێیەش کە نووسەر بەشێکی زۆری کتێبەکەی بۆی تەرخان کردووە، ئەوەیە کە سۆمەرەکان کوردی دەشتن و گوتییەکان و مادەکان و مانناییەکان و هورییەکان کوردی شاخ. واتا نووسەر لەو باوەڕەدایە کە زمانی سۆمەری زمانی کۆنی کوردییە و زمانی  کوردیی ئێستاش درێژەدەری زمانی سۆمەرەکانە و لەوەش زیاتر نووسەر پێی وایە:

«زاراوە و بن‌زاراوەکان لە کوردیی نویدا بەردەوامیی زمانی سۆمەری، هوری، لوڤی، ئیلامی، مانایی، مادی و زمانەکانی ترن کە لە کوردستانی دێریندا قسەیان پێ کراوە».

سۆران حەمەڕەش  ویستوویەتی لە ڕێگای زمانەوانییەوە ئەم تێزەی خۆی بسەلمێنێ، واتا دەستی داوەتە بەراوردکردنی وشەکانی ئەم زمانە کۆنانە لەگەڵ زمانی کوردیی نوێدا و بە شێوەیەکی نازانستی ئەنجامێکی دڵخوازنەی، بەو جۆرەی کە خۆی دەیەوێت، لێ دەردێنێ.

لەم وتارەدا بە بەڵگەوە نیشان دەدرێت کە ئەم بەراوردکاریانەی نەک یەک و نەک دوو بەڵکوو هەر هەموویان هەڵەن، نووسەر وشە کۆنەکان ناناسێت، ڕیشەی وشەکان ناناسێت، یاساکانی زمانەوانی و ئیتمۆلۆژیک نازانێت، بە گشتی شێوازی لێکدانەوەکانی هەڵەن.

من لەم وتارەدا بە ڕوونی نیشانی دەدەم کە ئەو بەراوردکاریانە وا بوونەتە بناغەی تێزەکەی نووسەر بەگشتی هەڵەن، کە وابوو ئیتر هیچ بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی ئەم تێزە نامێنێ و تێزەکە لە هەواوە دەمێنێتەوە. بۆیەش من ئەم ئەرکەم داوەتە بەر خۆم، چونکە پێم باش نییە کە بیر و مێشکی خوێنەران و بەتایبەت جەوانانی کوردستان بە بۆچوون و لێکدانەوەی هەڵە و بێبنەما پڕ بکرێتەوە.

ئەرکی مێژوونووس ئەوەیە کە باسی ئاڵوگۆڕەکان لە بەستێنە جیاوازە سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و فەرهەنگییەکانی کۆمەڵگا لە ماوەیەکی دیاریکراودا بکات، باسی ڕۆڵ و نەخشی چین و توێژە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵ بکات لە ئاڵوگۆڕەکاندا، باسی هۆکاری ڕوودانی جەنگەکان و هەروەها چۆنییەتیی کاریگەریی جەنگەکان و ڕووداوەکان لەسەر کۆمەڵگا بکات. بەڵام لە کتێبی مێژووی بزردا ئەوەی کە دیاری نییە خەڵک و چین و توێژەکانی ناو کۆمەڵگایە! ئەوەی کە بەرچاو ناکەوێت بەرخۆدانەکانی خەڵکی کوردە بە دریژایی مێژوو. لە باسکردنی مێژووی ماددا، نە تەنیا تایبەتمەندییە شۆڕشگێڕانەکەی دەسەڵاتی ماد نابێنیت، بەڵکوو مێژووی مادی بە تەواوی شێواندووە و بەراوەژووی کردوەتەوە. ڕۆڵ و نەخشی کوردان لە دامەزراندنی ئیمپراتۆریی ئەشکانی وەک دەسەڵاتێکی سیاسیی وڵاتی کۆنی کوردەواری کە ٤٧٠ ساڵ فەرمانڕواییان کردووە و پایتەختەکەیان لە کوردستان بووە و زمانەکەیان زمانی کوردیی میانە بووە، هەر باسی لێ ناکات. نەخش و ڕۆڵی کوردان لە دامەزراندن و بەڕێوەبەرایەتیی ئیمپراتۆریی ساسانی لەم کتێبەدا هەر نابینی. یەکێ لە کۆنترین کتێبەکانی جیهان واتا کتێبێ ئەڤێستا وەک کتێبی ئایینیی مادەکان (کوردان) و خەت و زمانی ئەڤێستایی و پەهلەویی ئەشکانی کە خەت و زمانی خەڵکی کوردستان بووە لە سەردەمی کۆندا، هەر باسی لێ ناکرێت و نووسەر هەر هیچیشی لێ نازانێ. دەیان و سەدان بەردەنووسی سەردەمی ئەشکانییەکان و ساسانییەکان کە بە خەت و  زمانی پەهلەویی ئەشکانی (کوردیی میانە) لە لایەن نووسەرانی کوردی ئەو سەردەمەوە نووسراون  هەر باسی لێ ناکات. بە راستی هەڵەکان ئەوندە زۆرن کە باسکردن لەسەر هەموویان زۆر زەحمەتە و کاتی زۆری دەوێ.

لە کاتی خوێندنەوەی کتێبەکەدا چەند پرسیارێکم بۆ هاتووەتە پێش، پێم باشە هەر لێرەوە ئاڕاستەی بەڕێز سۆران حەمەڕەشی بکەم:

١. لە بەشی چوارەم، «هەستی جیاوازیی ڕەگەزی لە ناو کورددا»، لاپەڕەی ٨٧، وەها هاتووە:

تێگەیشتنی ئەمڕۆ لەسەر ناسنامەی کورد ئەوە دەڵێت کە کورد نەیتوانیوە هەستێکی ڕوونی دەرککردن بە ناسنامەی نیشتمانیی تێدا دەربکەوێت لە سەدەی هەژدە و نۆزدەی زایینیدا و ئەوە بووەتە هۆی ئەوەی بە بێدەوڵەتی بمێنێتەوە. لە ڕاستیدا تێگەیشتن لە مێژووی کورد بە زۆری متمانەی کردووەتە سەر سنووری بۆچوونی گەڕۆکە ڕۆژئاواییەکان، دیپلۆماسییەکان، ئەفسەرە سەربازییەکان، بانگخوازە ئائیینیەکان، “ژن” و بازرگانەکان کە لە چەند سەدەی ڕابردوودا سەردانی کوردستانیان کردووە، ئەم پرۆسەیە بووەتە هۆی ئەوەی کە گێڕانەوە و لێکدانەوەیەک لە لایەن لێکۆڵەرە ئەورووپییەکانەوە بێتە ئاراوە کە ناسنامە و مێژووی کورد ڕۆمانتیکی بکات  و وەک هۆزگەلێکی نەگونجاو بیانخاتە ڕوو کە هەستی یەکبوونی نیشتمانییان نەبووبێت.

دیارە لێرەدا مەبەستی نووسەر ئەوەیە کە لێکۆڵەرە ئەورووپییەکان هەڵەیان کردووە کە متمانەیان کردووەتە سەر بۆچوونی گەڕۆکە ڕۆژئاواییەکان، ئەفسەر و… ژن و بازرگانەکان! بە واتایەکی تر، سۆران حەمەڕەش هەڵەکەی ئەوانی دووپات نەکردووەتەوە و متمانەی بە بۆچوونی «گەڕۆکە ڕۆژئاواییەکان و ژنان» سەبارەت بە ڕووداوە مێژووییەکانی کورد نەکردووە!

پرسیارەکە ئەوەیە: مەبەست لە هێنانی ناوی ژنان لێرەدا چییە؟ بۆچی متمانەکردن بە بۆچوونی ژنان بووەتە هۆی هەڵە لە لێکۆڵینەوە و لە نووسینی مێژووی کورددا؟ ئایا لەبەر ئەوەیە کە ژنان تێ ناگەن؟ یان خود لەبەر ئەوەیە کە ژنان ڕۆمانتیکی بیر دەکەنەوە؟

پرسیاری دووەم: س.ح.ڕ لە کتێبەکەی خۆیدا ڕەخنە لە لێکۆڵەرە ڕۆژئاواییەکان دەگرێ کە  تێگەیشتنی ڕاست و دروستیان نییە، بە هۆی ئەوەی کە متمانەیان کردووەتە سەر بۆچوونی گەڕیدە ڕۆژئاواییەکان، (سۆران ح.ڕ ٢٠٢٢: ٨٧).

پرسیارەکە ئەمەیە: ئەی گەڕیدە عوسمانییەکان چی؟ ئەی ئەمە چۆنە کە کاک سۆران بۆ خۆی متمانەی کردووەتە سەر بۆچوونی «ئەولیای چەڵەبی» کە یەکێک لە گەڕیدەکانی تورکی عوسمانییە، لە ڕاستیدا فەرمانبەرێکی سوڵتانی عوسمانی بوو.

لە لاپەڕەکانی ٣٠-٣١دا ئاوا هاتووە: «گەڕیدەی تورک، ئەولیا چەلەبی، چیرۆکێکی هاوشێوە دەگێڕێتەوە کاتێک کە سەردانی کوردستان دەکات و سەبارەت بە بنەچەی زمانی کوردی قسە دەکات. ئەو زمانی کوردی بە کۆنترین زمان دادەنێت کە لە دوای لافاوەکە قسەی پێ کراوە و دەڵێت: بەپێی مێژوونوس مەقدیسی، یەکەم شار کە دوای لافاوەکەی نوح دروست کراوە، شاری جودی بووە، ئەنجا قەڵای سنجار و مەیفاریقین، شاری جودی لە لایەن مەلیک کوردیم [پادشای کوردان] دروست کراوە، کە سەر بە کۆمەڵگەی پێغەمبەر نوح بووە، پیاوێک کە بە لایەنی کەمەوە ٦٠٠ ساڵ ژیاوە و بە درێژایی و پانایی کوردستاندا گەڕاوە…».

دیسانەوە لە لاپەڕەی ١٩٩ی کتێبی مێژووی بزردا وەها هاتووە: «تەنانەت نزیکی چوار سەد ساڵ لەمەوبەر گەڕیدەی تورک ئەولیا چەلەبی (١٦١١-١٦٨٢ی زایینی). ئاماژە بە زاراوە کوردییەکان دەکات کاتێک لەسەر کورد دەدوێت و دەڵێت:

“لەبەر ئەوەی کە کوردستان خاکیکی بێ کوتای ڕەقەڵانی و چیایە، جۆرەکانی زمانی کوردی تێیدا کەمتر لە دوازدە نیە، هەریەکە لەوی تر جیاوازە لە گۆکردن و وشەکاریدا، لەبەر ئەوە زۆرجار پێویستیان بە وەرگێڕ هەیە کە بەهۆیەوە لە وشەکانی یەکتری تێبگەن، (س. ح. ڕ، ٢٠٢٢: ١٩٩)”.».

بە ڕاستی فاکت‌هێنانەوە لە ئەولیای چەڵەبی بۆ لێکۆڵینەوەیەکی زانستی جێگای سەرسووڕمانە. تۆ بڵێی ئەولیای چەڵەبی کە ماوەیەکی کورت بە کوردستاندا گعشتی کردووە و تێ پەڕیوە، بەو ماوە کورتە ئەوندە زانیاریی لەسەر زمانی کوردی و شێوەزارەکانی و دێرینەبوونی پەیدا کردبێت کە لێکۆڵەرێکی ئاکادمیک لە بەرچاوی بگرێت و وەک سەرچاوەیەک ئاماژەی پێ بکات؟

ئەگەر کەسێک کتێبەکەی ئەولیای چەڵەبیی نەخوێندبێتەوە لەوانەیە پێی وابێ کە مێژوونووس یان جوغرافیناس و یان زانایەکی گەورەیە. لە ڕاستیدا گەشتنامەکەی چەڵەبی زیاتر لە گالتەجاڕ دەچێ، خوێنەر دەبێ لە کتێبەکەیدا بە دوای ئەوەدا بگەڕێ کە ئاخۆ چەڵەبی شتی ڕاستی وتووە! با سەیری ئەم دوو نموونەی خوارەوە بکەین کە لە کتێبەکەیدا هاتووە:

«چەڵەبی حەدیسێکی پێغەمبەر وەها دەگێڕێتەوە، کاتێ پێغەمبەر لەگەڵ میکاییل وتووێژی کردووە وتوویەتی: زمانی خەڵکی بەهەشت عەرەبی و فارسیی دەرییە، (اولیاء چلبی، علی ابوالقاسمی، ١٤٠٠ خورشیدی، ص ٣٦)».

دیسانەوە کاتێک لە ئەردەبێل دەبێ چیرۆکێکی سەیر سەبارەت بە بەردێک ئاوا دەگێڕێتەوە:

«لە دەرەوەی شاری ئەردەبێل بەردێکی ڕەشی، خڕی، زۆر زل و قورس هەیە کە ساف و لووس کراوە و دەدرەوشێتەوە. لە سەردەمی کۆندا کاهێنەکان بە خەتی عیبری لەسەریان نووسیوە و نیگارێکیشیان لەسەر بەردەکە کێشاوە. کاتێک لە ئەردەبێل باران نابارێ، خەڵکەکە بە گەورە و بچووکەوە بە دەوڵەمەند و بەگزادەوە دەچن و بەردەکە تلێر دەکەنەوە بەرەو ناو شار. لە گەورەیی خودا سێ شەو و سێ ڕۆژ باران دەبارێ و هەموو شوێنێک پڕ دەبێ لە ئاو، پاشان کە بەردەکە دەگەڕێننەوە  بۆ شوێنەکەی خۆی، بارانەکە دەبڕێتەوە. سەیرەکەی لەوەدایە هەرچەندە ئەو بەردە زیاتر بەرەو شار نزیک دەبێتەوە هەر بەو ڕادەش بارانەکە بەگوڕتر دەبێ. ئەگەر بێت و ئەم بەردە بگوێزرێتەوە بۆ شوێنێکی دیکە، ئەوە بەردێکی تری گەورەی چوارگۆشە جێگای دەگرێتەوە کە بە خەتی عیبرانی و سریانی لەسەری نووسراوە. ئەم بەردە چوارگۆشەیە دوازدە کونی هەیە، هەتا ئەو کاتەی کە بەردەکەی پێشوو جارێکی تر نەگەڕێتەوە سەر شوێنەکەی خۆی، لەم کونانەوە هەر ئاو هەڵدەقوڵێ. زانایانی ئەردەبێل لەسەر ئەم بەردە دەڵێن کە حەزرەتی موسا لە “سەحرای تیە” بە گۆچانەکەی خۆی دوانزە جار بە سەریدا داوە کە بووەتە هۆی هەڵقوڵینی دوانزە ڕووباری ئاو لەم بەردەدا و ئاماژە دەکەن بۆ ئایەی «فاضرب بعصاک الحجر فانفجرت منه اثنا عشر عینا»، (اولیاء چلبی، علی ابوالقاسمی، ١٤٠٠ خورشیدی، ص ٣٦)».

ئەو وەرگێڕە ئێرانییە کە کتێبەکەی چەڵەبیی بە فارسی وەرگێڕاندووەتەوە، لە سەرەتای کتێبەکەدا لە بارەیەوە وەهای نووسیوە:

«پرسیارێک کە خوێنەر لە پاش خوێندنەوەی گەشتنامەکەی چەڵەبی بۆی دێتە پێشێ، ئەمەیە کە ئاخۆ ئەو شتانە کە نووسیویەتی ڕاستن یان تەنیا بە ئارەزوو و خولیای خۆی نووسیویەتی. زۆر کەس پێیان وایە هێندێک لەو گەشتانە کە باسی دەکا بۆ خۆی هەر نەڕۆیشتووە، وا دیارە کە ئەم ڕەخنەیە سەبارەت بە گەشتەکانی لە ئێراندا ڕاست بن، چونکە هێندێ لە نووسراوەکانی بە قسەی خورافی ڕازاندووەتەوە، هێندێکیشی کۆپیکراوی بابەتەکانی نووسەرانی ترن، هەواڵی غەیبین، خولیای سەیر و سەمەرن، زۆرجار هەر باسی پەسەنددانەوەی خۆیەتی لەگەڵ گێڕانەوەی سەیر و سەمەر، پڕن لە زانیاریی هەڵە کە لە هیچ سەرچاوەیەکدا باسی لێ نەکراوە، هەروەها زۆر جاران بە هەڵە باسی ڕێگای گەشتەکانی خۆی دەکات وەک ئەوەی کە دەڵێ لە سەهەندوە چووم بۆ نەهاوەند، لە قەسری شیرینەوە چووم بۆ قەزوێن، لە سنەوە گەیشتمە قوم یان لە مووسڵەوە گەیشتمە قەڵای سەهەند و… (سفرنامە اولیاء چلبی بە ایران، علی ابوالقاسمی، دکتر مهدی وزینی افضل، ١٤٠٠، ص ١٢)».

 

لە ئیمپراتۆرییەتە کوردییە دێرینەکانەوە هەتا ڕووخانی مادەکان

ئیمپراتۆریی میتانی:

سۆران ح.ڕ لەسەر فەرمانڕەوایی میتانی شتێکی وای باس نەکردووە، نە باسی شەڕەکانیان، نە باسی ڕێکەوتنەکانیان لەگەڵ دەسەڵاتەکانی تردا بەتایبەت پەیماننامەکەی نێوان شوپیلولیومای پادشای هیتیان و شاتیوازەی پادشای میتانیان. نە باسی پەیوەندییەکانیان  لەگەڵ وڵاتی میسر و ئەوەی کە پادشایانی میتانی بە سێ پشت پەیوەندیی ژنخوازییان لەگەڵ فیرعەونەکانی میسردا هەبووە، نە باسی خودا هاوبەشەکانی میتانی- هوری، نە باسی نامەکەی توسراتتا پادشای میتانی بۆ ئامنحوتبی سیێەم وا ئێستا لە مۆزەخانەی بریتانیایە و نەش تەنانەت ناوی پادشایانی میتانی باس کراوە.

نووسەر بە گشتی لەسەر هۆزەکانی “هوری/خۆری” دیدی ناڕۆشن و هەڵەی هەیە، هەموو هۆزەکانی هوری بە بنەچەی کورد دەژمێرێ و زمانەکەشیان وەک زمانی کوردیی کۆن واتا (مادی) پێناسە دەکات. لێکدانەوەکانیشی بۆ وشەکانی زمانی میتانی و دەقەکەی کەیکوڵییش نازانستی و هەڵەن.

پێشەکی بۆ ڕوونبوونەوەی زیاتر بە پێویستی دەزانم کە کورتەیەک لەسەر هۆزەکانی هوری/خۆری باس بکەم: لە هەزارەی سێیەمی پ.ز. هەتا نێوەڕاستی هەزارەی یەکەمی پ.ز کۆمەلێک هۆزی جۆراوجۆر لە باکووری مێزوپۆتامیادا هەر لە کەرکووک و هەولێرەوە بگرە هەتا سەرەوەی گۆلی وان و ئەرمەنستانی ئێستا، نیشتەجێ بوون کە بە ناوی «هوری/ خۆری» دەناسران.

لێرەدا پێویستە ئەوە ڕوون بکرێتەوە کە دەستەواژەی خۆری یان هوری چەمکێکی ئایینی و نێونانێکی گشتییە بۆ ئەو هۆزانە کە ئایینێکی هاوبەشیان هەبووە. لەم بارەوە د. جەماڵ ڕەشید لە کتێبی لێکۆڵینەوەیەکی زمانەوانی دەربارەی مێژوویی وڵاتی کوردەواری وەهای نووسیوە: «وشەی هوری نیشانەیەکە بۆ ئەو نەتەوانەی کە لە وڵاتی زۆزان (کوێستان/ سوبارتوو)دا ژیاون و خەڵکەکە باوەڕیان بە خوداوەندێکی مەزن هەبووە و نیشانەکەی کەوانەی ئەو هەتاوە بووە، کە بە هەر دوو باڵە ئاوەڵەکانی لە ئاسماندایە» (د.جەمال ڕەشید، ١٩٨٨: ١٨٦-١٨٧).

واتا هەر وەک چۆن چەمکی موسوڵمان ئاماژەیەکە بۆ چەندین نەتەوەی جیاواز، چەمکی “هوری/خۆری”یش ناونانێکە بۆ چەند هۆزێک کە زمانی جیاوازیان هەبووە بەڵام خوداکانیان هاوبەش بووە.

ژمارەی خوداوەندانی هۆزە ئارییەکان لەو سەردەمەدا گەلێک بوون، لەوانە ڤارونا (ئاهورا) کە خوداوەندی یاسا و خوو و ڕەوشتچاکی بووە. ئیندرا کە خوداوەندێکی زۆر بەهێز بووە، خوداوەندی جنسی و جەنگ بوو، هەروەها زۆر حەزی لە خواردنەوەی مەی (سۆما /هۆم) بووە. میترا خوداوەندی خۆر و هەروەها خوداوەندی پەیمان و رێکەوتن و نەسەتیە/ ناساتیا (ناهیتا /ئاناهیتا) خوداوەندی پارێزەری ئاو و خوداوەندی پیت/ فرەپیتی (بەرەکەت) بووە.

نێوی ئەم خودایانە لە تێکستی ئەو پەیماننامەیە کە لە نێوان شوپیلولیومای پاشای هیتیان و شاتیوازەی پاشای میتانیاندا مۆر کراوە هاتوون[1]. [ناوی شاتیوازە لە دوو بڕگە پێک هاتووە، شاتی هەمان وشەی “شادی”یە لە کوردیدا و “وازە”ش وشەیەکی کوردییە لە شێوەزارەکانی هەورامی و زازاکیدا کە واتای “خوازە” دەدات، پێکەوە بە واتای “شادی خوازە”یە].

تێکەڵبوونی هۆزەکانی میتانی لەگەڵ هۆزەکانی دیکەی ناوچەکەدا بوو بە هۆی پێکهاتنی تێکەڵاوییەکی ئایینی و کولتوری لە نێوانیاندا و خوداوەندانی دیکەی هورییش دواجار بوون بە خودایانی میتانییش، ئەم خودایانە بریتی بوون لە:

١. کوماربی (باوکی خوداوەندان) ٢. تیشوپ (خوداوەندی ئاووهەوا / باو و باران). ٣. هیپا / خیپا / خەپا (هاوسەری تیشوپ) ٤. کوشوخ ٥. شاوشکا (خوداوەندی خوشەویستی و جەنگ) کە خوداوەندی عەشتاری هوورییانە ٦. شیری ٧. شوالا ٨. کوروی ٩. تیلا ١٠. تیروی.

“هیپا/ خیپا/ خەپا” هاوسەری تیشوب خوداوەندی با و بۆران بووە، ناوی ئەم خواژنە کەوتووەتە پاش ناوی شازادەکانی میتانی، وەک تادو- خەپا و هەروەها گیلو- خەپا.

هەر سەبارەت بە واتای چەمکی “خۆری/هوری”، زمانەوان و نووسەری ئاڵمانی “ڤیلهێلم گەیگەر” دەڵێ:

«ناوی “خۆریان/ هوریان” پەیوەندیی بە ناوی خوەر (Hvar)، خوای خۆرەوە هەبووە. هەبوونی ئەم ناوە لە باکووری مێزوپۆتامیادا و بڵاوبوونەوەی وەک ناوێکی ئایینی کە لە دواییشدا بوو بە ناوێکی نەتەوەیی بۆ هەموو ئەو دانیشتوانەی کە باوەڕیان بە خوای خۆر هەبوو وەک گۆتی، لۆلۆیی و کاسی و هی دی».

)Geiger W. Ostirani Sche Kultur in Altertum. Erlangen 1882 p. 29(

هۆزەکانی هوری/خۆری بە چەندین زمان و شێوەزاری جیا لە یەک دەدوان، کە هەتا ئێستاکە دوو زمان لەم زمانانە ناسراونەتەوە:

  • یەکێکیان زمانی هورییە کە هەتا ئێستاش لێکۆڵەران و پسپۆڕانی بواری زمانە کۆنەکان نەیانتوانیوە هیچ پەیوەندییەک لە نێوان ئەم زمانە لەگەڵ زمانە هیندوئەوروپییەکان و یان زمانە سامییەکان و یان زمانە ناسراوەکانی سەردەمی کۆن وەک ئیلامی یان سۆمەری بدۆزنەوە.
  • ئەوی دیکەش زمانی میتانییە کە وەک کوردی سەر بە خێزانی زمانی هیندوئەوروپییە و نزیکایەتییەکی زۆری لەگەڵ زمانی سانسکریتیدا هەیە.

لە پاش تێکچوونی ئیمپراتۆریی میتانی، لە شوێنی دەسەڵاتی ئەوان، سێ فەرمانڕەوای تر دامەزران، لەوانە: ئاشوور، ماننا و ئۆرارتوو.  

دەقی کەیکوڵی:

سۆران ح. ر گرینگییەکی تایبەتی داوە بە دەقی کەیکوڵی، نووسەر لە بارەی ئەم دەقەوە لە چەندین جێگادا، لەوانە لە لاپەڕەکانی ٤٠- ٤٤، لاپەڕەی ٧٣، لاپەڕەکانی  ٢٣٥- ٢٣٦ و لاپەڕەی ٢٣٩، باسی لێ کردووە و لێکدانەوەی بۆ وشەکان و تێکستەکەی کردووە. بە داخەوە نووسەر وێنەیەکی لێڵ لە دەقەکە بە خوێنەر پیشان دەدات و لە هەمان کاتدا لێکدانەوە و ماناکردنەوەی وشەکانیش ڕاست و زانستیانە نین.

نووسەر لە لاپەڕە ٤١دا وەهای نووسیوە: «بۆ یەکەم جار لە مێژوودا، پیاوێک ڕێنماییەکانی ڕاهێنانی ئەسپی تۆمار کردووە. ئەو دەقە بە ناوی راهێنەرەکەوە ناونراوە کیکوڵی (kikkuli)ی سەر بە خاکی میتانی. زمانی دەقەکە بە هیتی لەگەڵ وشەی هوری/میتانی دەستنیشان کراوە، چەند لێکۆڵەرێک هەوڵیان داوە کە بیخوێننەوە و پەیوەندی بدۆزنەوە لە نێوان دەقەکە و زمانە دێرینەکان و کولتوورەکاندا. سەرەڕای ئەوە، زۆربەی هەوڵەکان لەژێر کاریگەریی تیۆری ئاریدا دراون. بەو جۆرە، هەوڵەکان تەرکیزیان کردۆتە سەر بەستنەوەی بنەچەی وشەکان بە زمانی سانسکریتەوە، بێ ئەوەی ئەنجامێکی قەناعەتپێکراو بدەن بە دەستەوە. (سۆران ح.ر. ٢٠٢٢: ٤١)».

دیسانەوە لە لاپەڕەکانی ٢٣٥-٢٣٦دا وەهای نووسیوە: «کۆنترین ڕێنمایی ڕاهێنانی ئەسپ کە مابێت، لە لایەن پیاوێکی میتانییەوە نووسراوە بە ناوی کیکۆڵی و زمانەکەی بە هیتی وتێکەڵی هوری دانراوە، کە خەڵکی کوردی ئەمڕۆ لێی تیدەگات و پەیوەستە بە زمانی مادییەوە. (سۆران ح.ر. ٢٠٢٢: ٢٣٥-٢٣٦)».

ئەگەر کەسێک زانیاریی لەسەر ئەم دەقە نەبێت، وا تێ دەگات کە ئەم دەقە لە لایەن کەیکوڵییەوە نووسراوەتەوە، لە کاتێکدا ئەم دەقە نەک لە لایەن کەیکوڵییەوە بەڵکوو لە لایەن چوار نووسەرەوە تۆمار کراوە و بە پێچەوانەی قسەکەی سۆران ح. ڕ، نزیکایەتیی ئەم دەقە لەگەڵ زمانی سانسکریتیدا حاشاهەڵنەگرە و وەکوو ڕۆژی ڕووناکە. بە کورتی چیرۆکی ئەم دەقە بەم شێوەیە:

لە سەرەتای سەدەی نوزدەیەمدا، لە پاش گەڕان و هەڵکۆڵینێکی زۆر لە هاتوسا (بوغازکوی- تورکیا) پایتەختی کۆنی هیتیان، ژمارەیەکی زۆر تابلۆی گڵین (نزیک بە دە هەزار) کە زۆربەیان بە زمانی هیتی بوون دۆزرایەوە. یەکێ لەو نووسراوانە کە بە خەتی میخی و زمانی هیتی نووسراوە، لە نێوان ساڵەکانی ١٩٠٦-١٩٠٧ی زایینیدا دۆزرایەوە، ئەم نووسراوەیە بە دەقی کەیکوڵی ناوبانگی دەرکردووە، کە لە ڕاستیدا نووسراوەیەکی ڕێنوێنییە بۆ پەروەردەکردن و ڕاهێنانی ئەسپان بۆ جەنگ و بۆ ڕاکێشانی ئەڕابەی جەنگی کە لەسەر چوار تابلۆی گڵین و لە ١٠٨٠ دێردا نووسراوەتەوە. مامۆستای پەروردەکردنی ئەسپەکان کەسێکە بە ناوی کەیکوڵی کە خەڵکی وڵاتی میتانییە. نووسراوەکە بەم شێوەیە دەست پێ دەکات:

«ئاوا دەڵێ کەیکوڵی ڕاهێنەری ئەسپان لە وڵاتی میتانی».

دوایی کەیکوڵی  زۆر بە وردی باسی چەندوچۆنی پێدانی خۆراک بە ئەسپەکان و چۆنایەتیی خاوێنکردنەوەیان دەکات و دواجاریش بەرنامەیەکی ڕێکوپێک بۆ مەشقپێکردنی ئەسپەکان دادەڕێژێ. ماوەی ڕاهێنانەکە ٢١٤ ڕۆژە کە لە وەرزی پاییزەوە دەست پێ دەکات، کاتی ڕاهێنانەکە جیاوازە، هێندێ جار بە شەو و هێندێ جاریش بە ڕۆژە، مەبەستی وایە کە ئەسپەکان وا بار بێنێ کە بتوانن لە ڕۆژێکدا ١٥٠ کیلۆمەتر ڕێگا ببڕن، (Ola Wikander, döda språk, 2007).

لەسەر تابلۆکانی کەیکوڵی توێژینەوەی زۆر ورد و هەمەلایەنە کراوە، زانایانی زمانە کۆنەکانی مێزوپۆتامیا بە بەراوردکردنی ئەم چوار تابلۆیە لەگەڵ یەکتردا لە بابەت ئەو ئەلفوبێیە کە بەکار هاتووە، شێوەی نووسینیان و هەروەها زمانی نووسینەکان، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامە کە هێندێک لەم تابلۆیانە ڕەسەن (ئۆرژیناڵ) نین بەڵکوو کۆپی کراون. تابلۆ ڕەسەنەکان لە سەدەی ١٥ی پ.ز نووسراون بەڵام کۆپییەکان لە سەدەکانی ١٤ و ١٣ی پ.ز نووسراونەتەوە. لە دەقە کۆپییەکاندا ئەو وشەگەلەی کە “هیتی” نین سڕاونەتەوە. هەروەها بەپێی ئەم لێکۆڵینەوانە کەیکوڵی و نووسەرەکان لە زمانی یەک تێنەگەیشتوون و وا دەردەکەوێ کە وتەکانی کەیکوڵی بە یارمەتیی وەرگێڕ و لە لایەن چوار کەسەوە نووسراونەتەوە کە ئاستی زانستیان لە نووسین و هەروەها لە زمانی “هیتی”دا لەیەک جیاواز بووە. بۆیە هەر ئەم کەمو کۆڕیانە لە لایەکەوە و نەبوونی هێندێک دەستەواژەی تایبەت بۆ مەشقپێکردنی ئەسپان لە لایەکی ترەوە وای کردوە کە نووسەرەکان ناچار بوون لە وشە و دەستەواژەی زمانانی تری وەک سۆمەری، ئەکەدی، خۆری (هوری) و میتانی کەڵک وەربگرن. ئەو وشەگەلەی لە تێکستەکەدا کە میتانین ئەمانەن[2]:

Aika-wartanna: بە واتای یەک خول/ یەک گەڕ هاتووە، کە دەتوانرێت بوترێت ئەمە دەقاودەق یەک دەگرێتەوە لەگەڵ زمانی سانسکریتیدا کە دەبێتە “Eka- vartana”.

بەرلەوەی پەیوەندیی ئەم دەستەواژەیە لەگەڵ زمانی کوردیدا پیشان بدرێت، پێویستە باسی ئەمە بکرێت کە لە سەردەمی ئەشکانییەکاندا زمانی کوردی کەوتە بەر کاریگەریی زمانی ئەشکانییەوە و هێندێ گۆڕان بەسەریدا هات، یەکێک لەوانە گۆڕینی دەنگی “و” بوو بۆ “گ”، وەک وشەکانی “وەرک / وەرگ” بوو بە (گورگ)، ” وەریس/ وەریسە” بوو بە (گوریس)، هەر بەم شێوەیە “وتن” (گۆتن)، “ورز” ( گورز). وشاد (گوشاد)، وێز (گوێز)، ئاور (ئاگر)، پیشەوەر (پیشەگەر)، دادوەر، دادوەری (دادگەر، دادگەری)، ویشتاسپ (گۆشتاسپ):

«ئەم کاریگەریی و گۆڕانە لە هەموو شێوەزارەکانی کوردیدا وەک یەک نییە، لە شێوەزاری هەورامیدا کەمترین و لە شێوەزاری سۆرانیدا زۆرترین کاریگەریی هەبووە، (خودی شێوەزاری سۆرانی دەرهاویشتە و دەرەنجامی کاریگەریی زمانی ئەشکانییە لەسەر زمانی کوردی یان بە جۆریکی تر شێوەزارەی سۆرانی هەمان شێوەزاری کرمانجییە کە کەوتووەتە بەر کاریگەریی زمانی ئەشکانییەوە)».[3]

دەستەواژەی “Aika-war-tanna” لە سێ بڕگە پێک هاتووە کە بەم شێوەیە: بڕگەی یەکەم Aika هەمان وشەی “ئێک / ئێکا”یە لە کرمانجیدا کە واتای “یەک” دەدات. بڕگەی دووەم war (وەڕ)، واتای “خول/ دەور” دەدات، کە لە ڕاستیدا “وەڕ” هەمان وشەی “گەڕ”ی کوردییە بە واتای “خول (دەور)”[4] کە لەژێر کاریگەریی زمانی ئەشکانیدا دەنگی “و” گۆڕدراوە بۆ “گ” کە ئێستا ئەم وشەیە لە کوردیدا وەک ” گەڕ” گۆ دەکرێ، بۆ نموونە دەڵین “گەڕ”ێک هەڵپەڕین یان لە “گەڕ”ی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، یان لە گەڕی یەکەمی یارییەکاندا. بڕگەی سێیەم tanna هەمان وشەی “تانە/ دانە”ی کوردییە، ئەگەر بە زمانی کوردیی ئیستا بنووسرێتەوە ئاوای لێ دێت: “یەک- گەڕ-تانە ( یەک- دانە- گەڕ)”، واتای یەک دانە خول (خولێک).

Tri-wartanna: لە سانسکریتیدا دەبێتە “Tri-vartana”. بە کوردیی ئەمڕۆ دەبیتە “سێ دانە گەڕ”.

Panza-wartanna: لە سانسکریتیدا دەبێتە “Panca-vartana”. وەرگێڕانەکەی بە کوردی دەبێتە “پێج دانە گەڕ” واتا “پێنج دانە خول”.

Satta-wartanna: لە سانسکریتیدا دەبێتە “Sapta-vartana”. لە کوردیدا وشەی سەپتا گۆڕانی بە سەردا هاتووە و بووە بە هەپتا و دواجار هەفت، بە واتای هەفت دانە گەڕ.

Na-wartanna: لە کرمانجیدا “نۆ” وەک “نە” گۆ دەکرێ. لە سانسکریتیدا دەبێتە “Nava-vartana”. وەرگێڕانەکەی بە کوردی دەبێتە “نۆ دانە گەڕ”.

Assussanni: بە واتای ڕاهێنەری ئەسپان هاتووە. ئەم وشەیە لە سانسکریتیدا دەبێتە   “Asva- sani”.

وشەی ئەسوە- سانی، لە دوو بڕگە پێک هاتووە. یەکەم ئەسوە کە بە واتای ئەسپە. بڕگەی دووەم سانی کە بە واتای ڕاهێنەرە.

ئێستا با بزانین سۆران ح. ڕ چۆنی لێک داوەتەوە:

نووسەر لە لاپەڕە ٤٣ی کتێبەکەیدا سەبارەت بە دەستەواژەی Aika-wartanna  وەهای نووسیوە:

«لە زمانی کوردیدا دەبێتە yak-bār/jār-dāna ( yak/ekیەک + bār/jār “کەڕەت + dāna “یەکەیەک”). هەر دوو وشەی کوردیی نوێی bār/jār و  dāna هاوشێوەی سۆمەریشە. لە سۆمەریدا  ara “کەڕەت” و dana “یەکەیە”. هەروەها وشەی tānaی هوری دەبێتە danaی سۆمەری و dānaی کوردیی نوێ. بەو جۆرە دەربڕینەکانی سەرەوە لە سێ زمانی سۆمەری و هوری و کوردیی نویدا هاوشێوەن.

(١). هوری/ هیتی uar-tanna

(٢). سۆمەری:    ara-dana

(٣). کوردیی نوێ: bār/ jār-dāna

لە پاشان سۆران ح. ڕ ئەمەی کردووەتە بنەما بۆ لێکدانەوە و ماناکردنەوەی پاشماوەی دەقەکە. بەڵام هەروەک ڕوون کرایەوە “war” بە واتای “گەڕ/ دەور”ە نەک بە واتای جار/ بار. لە وەرگێڕانە ئینگلیزییەکەیشیدا وەک (Round) وەرگێڕدراوەتەوە، مەبەست ئەوەیە: «ئەسپەکە یەک دانە گەڕ/خول بداتەوە، یان سێ دانە گەڕ/خول بداتەوە و…» واتا لێرە ئەگەر “جار” لە باتی “گەڕ” دابنرێت ڕستەکە بێواتا دەبێ. بێجگە لەمەش، هیچ یاسایەکی زمانەوانییش لە پشت گۆڕانی “war” بۆ جار نییە. کە وابوو ئیتر لێکدانەوە و ماناکردنەوەی ڕستەکانی تریش لە پەیوەندی لەگەڵ “گەڕ”دا هەڵەیە.

بێجگە لەمە لە ڕستەی ژمارە (١)دا، زمانەکانی هوری و هیتی وەک یەک زمان دانراون، کە ئەمەش بۆ خۆی هەڵەیەکی گەورەیە؛ هوری و هیتی دوو زمانی بەتەواوی لەیەک جیاوازن. ئەوانەی کە لێکۆڵینەوەیان لە زمانەکانی هیتی و هوری کردووە، پەیوەندییەکی وا لە نێوان ئەم دوو زمانەدا نابینن. زمانی هیتی زۆر بە باشی ناسراوەتەوە و ڕێزمانەکەشی ڕوون کراوەتەوە. تەنانەت لەو سەردەمەشدا، واتا ٣٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا، کەیکوڵی لە زمانی هیتی تێنەگەیشتووە و  بە یارمەتیی وەرگێڕ لەگەڵ نووسەرە هیتییەکاندا قسەی کردووە.

هەروەها سۆران ح.ڕ لە لاپەڕەی (٤٤-٤٥)دا کۆمەڵیک وشەی مادیی پەیوەندیدار بە ئەسپی لەگەڵ کوردیی نوێدا بەراورد کردووە. هەرچەند زمانی کوردی بێ هیج گومانێک پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ زمانی مادیدا هەیە، بەڵام ئەم بەراوردکاریانەی سۆران ح. ڕ دروست نین و تەنیا سەیری ڕواڵەتی وشەکان کراوە بێ ئەوەی ڕەچاوی یاساکانی زمانەوانی کرابێت.

ئەمەش هێندێک لەو وشەگەلە کە لە لاپەڕە ٤٤ی کتێبی مێژووی بزر و نەگێڕدراوەی کورددا هاتوون:

 

 

وشە مادییەکان وشەی بەرانبەر لە کوردیی نوێدا
aspa-bara (ئەسپ سوار)

 

aspa-bāra  (بارێکە لەسەر پشتی ئەسپ)
aspa-sri  (خاوەنی ئەسپی جوان) aspa-saira  (خاوەنی ئەسپی سەرسووڕهێنەر)
aspa-šuna (قامچیی ئەسپ بەدەست) aspa-šuāna (شوانی ئەسپ)

 

asp-vaiθana ئەو کەسەی کە ئەسپ دەناسێت) aspa-uasēna (کەسێک کە کۆنترۆڵی ئەسپ دەکات، ئەسپ دەوەستێنێت).

 

١. aspa-bara: ئەسپە بارا بە واتای “بارێکە لەسەر پشتی ئەسپ” نییە. ئەم خوێندنەوەیە هەڵەیە. ئەم وشە “ئەسپە بەرە”یە، بەر لە چاوگی بردن، ئەسپە بەرە دواجار گۆڕاوە بۆ ئەسپە بارا، پاشان ئەسوارا  و پاشان وشەی “سوار”ی لێ کەوتووەتەوە. کە وابوو بە واتای “سوار”ە نەک بارێک لەسەر پشتی ئەسپ.

٢. aspa-sri: ئەسپە سەرێ بە واتای ئەسپی جوانە و هیچ پەیوەندییەکی بە “خاوەنی ئەسپی سەرسووڕهێنەر”ەوە نییە، ئەم ماناکردنەوەیە بە تەواوی هەڵەیە، نووسەر هیچ بەڵگەیەکیشی بۆ ئەم واتایە پێشکەش نەکردووە . sri وشەیەکی کۆنی کوردییە، لە سانسکریتی و لە ئەڤێستاشدا هاتووە، بڕوانە بۆ (فرهنگ واژەهای اوستائی، احسان بهرامی، ١٣٦٩ خورشیدی، جلد سوم، ص ١٤٨٢)، هەروەها لە فەرهەنگی ئەڤێستایی کانگا لە لاپەڕەکانی ٥٥٤ و ٥٢٢دا شێوەکانی تری ئەم وشەیە بەم جۆرە هاتووە:

srayan= elegance; beauty (k522)

srîra [-]= fair, fine, beautiful (k554)

 

ئەم وشەی لە کوردیی کرمانجیشدا لە شێوەی ناوی کچاندا هەر ماوەتەوە و وەک “سەرایی” گۆ دەکرێ. چەندین گۆرانیبێژی کورد لە باکووریش گۆرانیی ” Serayê”یان چڕیوە کە گۆرانییەکی کۆنی کوردییە.

٣. aspa-šuna: سۆرانی ح. ڕ لە بەرانبەر “ئەسپا شونا” بە واتای “قامچیی ئەسپ بەدەست” دەستەواژەی “شوانی ئەسپ”ی داناوە، کە هیچ پەیوەندییەکی بەم وشەیەوە نییە. ئەگەر بێت و وشەی ئەسپ لە ڕستەکاندا بسڕینەوە، دەمێنێتەوە وشەی “قامچی بەدەست” بەرانبەر بە شوان، کە ئاشکرایە قامچی بەدەست و شوان هیچ پەیوەندییەکی دوور و نزیکیان نە لە باری ماناوە و نەش لە باری زمانەوانییەوە پێکەوە نییە. لە ڕاستیدا ئەمە زیاتر لە گاڵتە دەچێ هەتا ماناکردنەوە.

٤. asp-vaiθana: ئەو کەسەی کە ئەسپ دەناسێت، سۆران ح. ڕ بەرانبەر ئەم دەستەواژەیە نووسیویەتی “asp-uasēna” (ئەسپ وەسێنە، کەسێک کە کۆنترۆڵی ئەسپ دەکات/ ئەسپ دەوستێنێت).

ئەم لێکدانەوە و ماناکردنەوەش بە ڕاستی وەک گاڵتەی منداڵان وایە، چونکە دەستەواژەیەک وەک “ئەسپ وەسێنە” لە کوردیدا نەبووە و نییە، سۆران ح.ڕ بۆ خۆی دروستی کردووە. نووسەر لەبەرانبەر وشەی “ناسین” وشەی “وەسێنە” لە چاوگی “وەستاندن”ی داناوە، کە وەک دیارە ناسین هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ وستاندندا نییە. “وەسێنە”ش وشەیەکی زۆر نوێیە و لە کۆندا قەت بەم شێوەیە بەکار نەهاتووە.

سۆران ح. ڕ لە لاپەڕەی ٤١دا، لێکۆڵەرانی ڕۆژاوایی دەداتە بەر ڕەخنە و دەڵێ: «لە ژیر کاریگەریی تیۆریی ئاریدا تێ کۆشاون کە پەیوەندیی ئەم دەقە لەگەڵ زمانی سانسکریتدا  پیشان بدەن بەڵام بێ ئەوەی کە ئەنجامێکی قەناعەتپێکراو بدەن بە دەستەوە»! من لێرەدا ئەو لێکۆڵینەوەیە کە لێکۆڵەری سویدی، ئۆلا ویکاندر، لە بارەی ئەم دەقەوە نووسیویەتی پێشکەشتان دەکەم کە نیشان دەدا قسەکەی سۆران ح.ڕ لە ڕاستی بە دوورە و بێبنەمایە.[5]

ئۆلا ویکاندر لەسەر دەقی کەیکۆڵی لێکۆڵینەوەیەکی ورد و زانستیانەی کردووە و زمانی دەقەکەی لەگەڵ زمانی سانسکریتیدا بەراورد کردووە. من لێرە لە خوارەوە  لێکدانەوەکانی ویکاندر لەگەڵ لێکدانەوەی خۆم بۆ وشەکان و هەروەها لێکدانەوەکانی سۆران.ح.ڕ لە خشتەیەکدا دادەنێم. جا با بزانین ئایا زمانی میتانی لەگەڵ سانسکریتیدا پەیوەندیی هەیە یان نییەتی. بەڕێز سۆران ح.ڕ دەڵی زمانی میتانی هەمان زمانی کوردییە و ئەوەی کە لێکۆڵەران دەڵێن زمانی میتانی پەیوەندیی بە سانسکریتییەوە هەیە ڕاست نییە.

میتانی سانسکریت کوردی سۆران ح- ڕ
aika-war-tanna Eka-var-tana yak-gar-dāna   یەک دانە گەڕ Yak-jār-dāna
tri-war-tanna tri-var-tana sē-gar-dāna       سێ دانە گەڕ hire-jār-dāna
panza-war-tanna pañca-var-tana penj-gar-dāna پێنج دانە گەڕ penj-jār-dāna
satta-war-tanna sapta-var-tana haft-gar-dāna هەفت دانە گەڕ haft-jār-dāna
assussanni asvasana ڕاهێنەری ئەسپان ئەسپ وەسێن
tus-ratta dus-ratha خاوەنی ئەڕابەی جەنگی ——
Mitra Mitra میترا / مێهر میترا/ مێهر
Varuna Varuna ئاهورا ——-
Nasatya Nasatya ئەناهیتا / ناهید ——-
Indra Indra ————- ——-

هەر وەک لێرە دەبینین زمانی میتانی و سانسکریتی زۆر لەیەک نزیکن، تەنانەت زمانی کوردی نزیکترە بە زمانی سانسکریتییەوە هەتا زمانی میتانی. واتا زمانی میتانی هەمان زمانی کوردی نییە بەڵکوو ڕیشە و بناغەیەکە بۆ زمانی کوردی، هەروەک چۆن زمانی کوردی دەگەڕێتەوە بۆ زمانەکانی ئەڤێستایی و سانسکریتی. لێرەدا زۆر بە ڕوونی دەردەکەوێت کە بۆچوونی لێکۆڵەرە ڕۆژاواییەکان لە بارەی نزیکبوونی زمانی میتانی و سانسکریتی زۆر ڕاست و دروستە، بەپێچەوانەوە ئەمە بۆچوون و لێکدانەوەکانی سۆران حەمەڕەشە کە هەڵەیە.

 

پەراوێزەکان

 

[1] http://www.heritageinstitute.com/zoroastrianism/ranghaya/mitanni.htm

[2] (Ola Wikander, döda språk, 2007)

[3] . بڕوانە بۆ کتێبی ناسنامەی زمانی کوردی، فازڵ ئوسوڵیان، ٢٠١٥، بەرگی سێیەم، بەشی هەفتەم تایبەتمەندییەکانی شێوەزاری سۆرانی و زمانی ئەشکانی.

[4]. هەنبانە بۆرینە، فەرهەنگی کوردی- فارسیی هەژار، ساڵی ١٣٦٩ تاران، ل ٧٢٥.

 

[5]. (Ola Wikander, Döda språk, 2007 p 36-37).

 


بۆچوونی خۆت بنوسە


*


*

بە کۆمێنت قبوڵ دەکەیت ئەو Privacy Policy

9 + eighteen =


مافی بڵاوکردنەوە بو کۆمار  پارێزراوە  

تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان