ڕەخنەی فێمێنیستیانەی زانستی ئابووریی بەریانی زاڵ بە پێداگرتن لەسەر سیاسەتە ئابوورییەکانی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان
- Dec 15, 2024   |   سەحەر باقری
داگرتنی فایلی PDF
پێشهکی:
میشێل فۆکۆ سەبارەت بە پێوەندیی نێوان دەسەڵات و زانست لەو بڕوایەدایە کە دەسەڵات، زانست بەرهەم دەهێنێت و لە ڕاستیدا هیچ دەسەڵاتێک بەبێ هەڤبەندی لەگەڵ یەک بەستێنێکی زانستدا بوونی نییە و هەروەها هیچ زانستێکیش نییە کە پێوەندییەکانی دەسەڵات نەکاتە پێشگریمانەی خۆی و پاشان بەرهەمیشیان نەهێنێتەوە[1]. تێگەیشتن لە لێکئاڵانی زانست و دەسەڵات، بوو بە سۆنگەی سەرهەڵدانی بۆچوون و هەڵوێستی ڕەخنەگرانە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا. هەڵوێستگەلێک کە دەسەڵات بە هۆکاری ڕاستییه كۆمهڵاتییهكان بەتایبەت بە هۆکاری نایەکسانیی کۆمەڵایەتی دەزانن. بەو واتایەی کێشە و قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان بەتەنیا دەرکەوتەی هەلومەرجە بەرچاوەکانی ناو کۆمەڵگا نین و دەکرێ ڕیشەیان بگەڕێتەوە بۆ ئەو حەقیقەتە دەرهەستانەی کە لە دەڤەری زانستدا بەرهەم یاخود بۆ چۆنییەتیی ڕاڤەکردنی ئەو کێشە و بابەتانە لە لایەن زانستەوە.
فێمێنیزم یەکێکە لە ڕەوتە سەرەکییەکانی ئەم بوارە کە شرۆڤە و لێکدانەوەی بەرچاوی هەیە بۆ پێگەی ژنان لە کۆمەڵگادا و هەروەها بۆ پرسی ژێردەستەبوونی ژنان، پاشان پرسیاری خستووهته سهر نادیاربوونی ژنان لە بەستێنە جۆراوجۆره كۆمهڵایهتی، ئابووری و سیاسییهكاندا (نەک تەنیا لە ناو ماڵ و بنەماڵەدا) و بەم شێوەیە یارمهتیدهر بووه لە ناسینی باشتری ئەو پێوەندیانەی دەسەڵاتدا کە دەبنە هۆی بەردەوامبوونی دۆخی ملکەچی و ژێردەستهبوونی ژنان. ئابووری یەکێکە لەو گۆڕەپانانەی ناو کۆمەڵگا کە دەکرێت لە ڕوانگەی پێوەندیی دەسەڵات و زانستەوە بخرێتە بەر پرسیار و پرساژۆ بکرێت. گۆڕەپانێک کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هاوپەیوەندە لەگەڵ نایەکسانیی کۆمەڵایەتیدا. لەم دوو سەدەیەی دواییدا، زانستێکی زۆر سەبارەت بە ئابووریی بەرهەم هاتووە و بە گشتی هەوڵی ئەوە دراوە نەک وەکوو زانستێکی کۆمەڵایەتی بەڵکوو لە قەبارەی [زانستێکی] گریمانهیی-بەراوردکارانەدا[2] کە لە سیاسەتیش سەربەخۆیە، پێناسە بکرێت.
زانستی ئابووری، پلاندانان و ڕاوێژکاریی ئابووری، به تێپهڕینی كات پێگەیەکی گرینگ و بەرچاویان لە ڕێکخستنی ژیانی مرۆڤ لە ئاستی نەتەوەیی و جیهانیشدا بەدەست هێناوە، تا ئەو ئاستە کە ئەوڕۆکە هەندێک ڕێکخراوەی جیهانیی وەکوو (سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەی جیهانیی کار) دامەزراون کە لە کاتی کێشە و قەیرانی نیشتمانی و جیهانیدا ڕێگەچارەی ڕاپەڕێنەر و جێبەجێکارانە پێشكهش دەکەن. متمانەپێکراوی و بەجیهانیبوونەوەی زانستی ئابووری، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو وێنایەی کە بۆی دروست كراوه. لەو وێنەیەدا زانستی ئابووری وەکوو زانستێکی وردبین و سروشتی پێناسە دەکرێت کە هەموو تیۆری و مۆدێلەکانی لە ئاستێکی باڵای وردبینی و دروستیدان و سەرەڕای هەموو ئاڵۆزییەکانی جیهانی مۆدێڕن، دەتوانێت بۆ داهاتوویەکی دوور ههندێك پێشبینیی گونجاو و متمانەپێکراو پێشکەش بکات. بەڵام ئەم ئەم وێنایە بۆ زانستی ئابووری، ڕووبەڕووی کۆمهلێک ڕەخنەگری جیدی و تایبەت بووەتەوە. کەسانێک هەن کە بڕوایان وایە زانستی ئابووری شتێکی دیکەیە.
لە ڕوانگەی ئەوانەوە پێگەی ئێستای ئابووری لە کۆمەڵگا و زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا کە زاڵیش بووە، لە ڕاستیدا جۆرێک لە عەقڵانی[3] و لۆژیکی نواندنی شێوازێکی تایبەتی دابەشکردنی دارایی و داهات وێنا دەکات. بە بڕوای ئەوان، بانگەشەی زانستیبوونی ئابووری، لە خزمەتی شاردنەوەی ئایدیۆلۆژیایەکی کۆمەڵایەتیی کۆنەپارێزانهدایه کە لەسەر بەپیرۆزکردنی پێکهاتەی بازاڕ و خاوەندارێتی و نایەکسانی بنیات نراوە و هەوڵ بۆ درێژەدان بە دۆخی هەنووکە و بەهێزکردنەوەی پێوەندیی نادادپەروەرانەی بەشینەوەی سەروەت و دەسەڵات.
یەکێک لە نایەکسانییە کۆمەڵایەتییەکان، نایەکسانیی جێندەری لە سیستەمی پیاوسالاریدایه و منیش لەم وتارەدا مەبەستم ئەوەیە که لە ڕوانگەی یەکسانیی ژنانەوە یان خود ئەوەی کە بە گشتی فێمێنیزمی پێ دەگوترێت، چۆنییەتیی نواندنەوەی ژنان لە زانستی ئابووریدا وەکوو کێشەیەک بخەمە بەر باس. نواندنەوەیەک کە وەک پێشتر ئاماژەی پێ کرا، دەتوانێت لە خزمەتی پێوەندییەکانی دەسەڵاتدا بێت. هەوڵ دەدەم وەڵامی هەندێک پرسیاری لەم چەشنە بدەمەوە؛ پێگەی ژن لە ڕوانگەی زاڵی زانستی ئابووریدا چییە؟ ئاخۆ پیاوسالاری وەکوو یەکێک لە پێوەندییەکانی دەسەڵات، کاریگەریی هەیە لهسهر چۆنییهتیی خوێندنەوە و تێگەیشتنی ئابووریزانان بۆ ئەم بابەتە؟ هەروەها پێگەی ژنان لە زانستی ئابووریدا لە داڕشتنی سیاسەتە ئابوورییەکاندا چۆن ڕەنگ دەداتەوە؟ گرینگتر لەوەش ئەوەی کە ئایا ئەو سیاسەتانە لە خزمەتی ڕزگاریی ژنان و یەکسانیی جێندەریدان؟
بۆ ئەم مەبەستە پێویستە سەرەتا پێشگریمانە و زانستی بهرههمهێنراو لەو ڕەوت یان رهوتە ئابووریانەدا بخەینە بەر لێکۆڵینەوە کە لە باڵیان بەسەر بەستێنی گشتی و زانکۆکاندا گرتووە و تیۆری و مۆدێلەکانیان بوونەتە بنەمای داڕشتنی بەرنامە ئابوورییەکان و چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان. لەم ڕووبەرەدا هەندێ ڕێباز هەن کە لە ژێر ناوی «رهوتی سهرهكیی ئابووری»[4]دا پۆلێنبەندی دەکرێن، ئەمانە لە کاریگەرترین زانکۆکانی جیهاندا دەگوترێتەوە، لە گرینگترین گۆڤارەکاندا بڵاو دەکرێنەوە، یارمەتیی دارایی لە سەرەکیترین ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە وەردەگرن و گرنگترین خەڵاتەکانی ئەم بوارەیان پێشکەش دەکرێت[5]. ئەمەش واتا ڕێبازێک کە دەسەڵات و بڕشتی جیهانیی هەیە. وشهنامهی بازرگانی، ئابووریی نیۆکلاسیک وەکوو «ڕێبازی هزریی زاڵی ئابووری لە جیهانی ئەوڕۆ»دا پێناسە دەکات کە لەسەر بنەمای بیردۆزەکانی سەدەی ١٨ی زایینی (کلاسیکی) ئادام سمیس (١٧٩٠ – ١٧٢٣) و دەیڤید ڕیکاردۆ (١٨٢٣- ١٧٧٢) بەرهەم هاتووە و پاشان لە سەدەکانی ١٩ و ٢٠دا لە لایەن کەسانێکی وەک ئالفرێد مارشاڵەوە (١٩٧٤ – ١٨٦٧) پێداچوونەوەیان بۆ کراوە و گەشەیان سەندووە[6]. لەم وتارەدا وشەی ئابووری بە مانای ئابووریی نیۆکلاسیک یان ئابووریی ڕەوتی سەرەکی دێت. ئابووریی نیۆکلاسیک خۆی وەکوو زانستی تەرخانکردنی سەرچاوە کەم و دەگمەنەکان دەناسێنێت. لە ڕوانگەی ئەم ڕێبازەیەوە باشترین ڕێکار بۆ تەرخانکردنی سەرچاوەکان، لە بەستێنی بازاڕ و لە ڕێگای ئاڵوگۆڕ و مامەڵەی نێوان بریکارە عەقڵانییەکانەوە ڕوو دەدات کە زیان و قازانجی هەموو کردارەکان دەخەمڵێنن. بە گشتی بیردۆزییەکانی ناو ئابووریی نیۆکلاسیک بە وەرگرتنی پێشگریمانەی سەربەخۆبوونی چالاکیی ئابووری لە دامودەزگا و پێکهاتە سیاسییەکان لە بازاڕدا، لەسەر هەندێ بابەتی وەک هەڵسوکەوتی تاکەکان لە بازاڕێکی ئازاددا دەوەستن.
١) سروشتی بەجێندەریکراوی گوتاری زاڵی ئابووری
یەکێک لەو بیرۆکانەی کە گوتاری پاشپێکهاتەخوازی[7] دەیهێنێتە ئاراوە و باسی لێوە دەکات، ئەوەیە کە زانست دەسەڵاتێکە کە لە لایەن کولتوورێکی پیاوسالارەوە ڕۆ نراوە. هەر بۆیەش چەمکی جێندەر، دەتوانێت ئامرازێکی گرنگ بێت بۆ نیشاندانی نایەکسانیی دەسەڵات و ههروهها جۆرهكانی گواستنهوهی لەناو کۆمەڵگادا[8]. جێندەر وەکوو بابەتێکی کولتووری، گرێی خواردووە بە پێکهاتەی ئاڵۆزی شوناسە ڕەگەزییەکان، زنجیرهپلهی کۆمەڵایەتی و کارلێکی نێوانیانەوە[9]. هێندەی دەگەڕێتەوە بۆ گوتاری ئابووری، پرسیارەکە ئەوەیە کە گوتارەکە لە ڕوانگەی کامە جێندەرەوە بیر لە مرۆڤ، کرداری ئابووری و هەروەها کۆمەڵگا دەکاتەوە؟ ئایا ئابوورییناسان لە ڕوانگەیەکی جێندەریی تایبەتەوە خەریکی تیۆریدانان و مۆدێلسازی بۆ ڕەفتاری مرۆڤ لە کۆمەڵگادان؟ هەر لێرەدا بە ڕاشکاوانە وەڵامەکە بەڵێیە. زانست و بیردۆزە ئابوورییەکان، بە هۆی پشتبەستن بە پێشگریمانەی «هەڵبژاردنی عەقڵانی»یەوە[10] و هەروەها بەپێی پێناسەیان بۆ «مرۆڤی ئابووری»[11]، تێگەیشتنێکی جێندهرییانه و پیاوانە لە «بریکاری ئابووری»[12] دەخەنە بەردەست کە ڕەفتار و کردارەکانی دوور لە کاریگەرییەکانی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، سیاسی و كولتووری و هەروەها بە چەشنێکی نامێژوویی بە ئاڕاستەی قازانجی کەسیدا و لەسەر بنچینەی عەقڵانیەتی ئامێرییانە[13] بیچم دهگرێت[14].
پیاوسالاری وەک سیستەمێک بریتییە لە پێوەندییەکان، بڕواکان و بەها ناخگیرکراوەکان لە سیستەمی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیدا کە دەبێتە هۆکاری دەرکەوتنی نایەکسانیی جیندەری لە نێوان ژن و پیاودا و هەر لە سەرەتای پێكهاتنی زانستی ئابوورییەوە، شێوازی تێفکرین و هزرینی دامەزرێنەرانی ئەو زانستەی خستووەتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە و بەرهەم و دەقەکانی ئەم کەسانەیش بەدەر نەبوون لە نۆرم و بەهاکانی ئەو سیستەمە. میشێل پۆژوول[15] ئەو گریمانانەی کۆ کردووەتەوە کە بنیاتنەرانی زانستی ئابووری، کەسانی وەک ئالفرێد مارشاڵ[16]، سێسیل پیگۆ[17]، فرانسیس ئێجوۆرس[18] و ویلیام ستەنلی جۆنز[19]، سەبارەت بە ژن خستوویانەتە بەردەست کە ئەمانەی خوارەوەن:
١. هەموو ژنان هاوسەرگیرییان کردووە یان دەکەن، کە واتە هەموویان یان دایکن یان دەبن بە دایک.
٢. هەموو ژنان لە ڕووی داراییەوە گرێدراوی پیاوێکی نزیکیان کە باوک یان هاوسەرەکەیانە.
٣. هەموو ژنان کابانی ماڵن یان لە داهاتوودا دەبن بە کابانی ماڵ، چونکە توانای زاوزێ ئامادەیان دەکات بۆ منداڵداربوون.
٤. ژنان لە بەرهەمهێنانی پیشەسازیدا بە ڕادەی پیاوان بەرهەمهێنەر نین.
٥. ژنان نائەقڵانین، ئەوان بریکاری ئابووری نین و توانای بڕیاردانی دروستیان لەم بەستێنەدا نییە.
گریمانەی لەم چەشنە نەک تەنها لەگەڵ سیستەمی بەهاکان و دەورە جێندەرییە سەپێنراوەکان لە لایەن سیستەمی پیاوسالارییەوە هاوئاڕاستەن، بەڵکوو لەگەڵ پێوەرە دیاریکراوەکانی سیستەمی سەرمایەدارییشدا بۆ کردەی ئابووری وەک کردەیەکی عەقڵانی و قازانجتەوەر، یەک دەگرنەوە. گوتاری ئابووریی زاڵ کە بەرهەمی سیستەمی سەرمایەدارییە، لەسەر بنەمای بیردۆزیی هەڵبژاردنی عەقڵانی بنیات نراوە کە زیاتر لە لایەن ئابووریناسانی پیاوی سپیپێستەوە داڕێژراوە کە بە شێوەیەکی بەرچاو لەژێر کاریگەریی ئایدیۆلۆژیای ڤیکتۆریاییدا[20] بوون. لەو ئایدیۆلۆژیایەدا بەستێنی جێندەریی جیاجیا بۆ شێوازی ئامادەبوونی تاک لە کۆمەڵگادا دەستنیشان کراوە، بەپێی ئەو پێوەرانە پیاوان بە هۆی تایبەتمەندییە بایۆلۆژییەکانیانەوە دەکەونە بەستێنی گشتییەوە کە دونیای سیاسەت، ئابووری، بازرگانی و یاسا دەگرێتەوە. ژنانیش بە هۆی جیاوازییەکان و هەروەها تایبەتمەندییە بایۆلۆژییەکانیانەوە دەخزێنرێنە ناو شوێنە تایبهتییهكانەوە کە ژیانی ناوماڵ، چاودێری و ڕاهێنانی ئایینی دەگرێتەوە.
چەمکی سەرەکی و ناوهندیی زانستی ئابووری، «مرۆڤی ئابووری»یە. مرۆڤی ئابووری، قارەمانی ڕۆمانسیی ڕۆژئاوا لە کولتووری ئەکادێمیکی ئابووریدا، کەسێکی قازانجخواز، تاکڕەهەندی، سەربەخۆ و خودتەوەرە[21]. گرنگ نییە ئەم تایبەتمەندیانە چۆن و لە کوێوە لە مرۆڤی ئابووریدا پەیدا بوون یاخود ئایا هەر بەو شێوەیە دەجووڵێتەوە یان نا، مرۆڤی پێناسەکراو لە ئابووریدا تەنانەت بۆی نییە بە شێوازێکی دیکەیش بجووڵێتەوە. لە ڕاستیدا ڕەفتاری مرۆڤی ئابووری کراوەتە ڕەفتاری نۆرم و پێوەر و هەرجۆرە ترازانێک لەو ڕەفتارە بە لادان و هەڵە دێتە هەژمار. مرۆڤی ئابووری لە هەموو بوار و گۆڕەپانەکاندا ئازادیی هەڵبژاردنی هەیە و ئەمەش دەکەوێتە خزمەتی بەرزکردنەوەی خواست و سوودمهندییهکانیەوە[22]. جیا لەمەیش، لەم تیۆریانەدا توانای هەڵبژاردن وەکوو پرسێکی ئاسایی و سروشتی لە بەرچاو گیراوە کە تاکە بەربەستەکەی پارە و ڕێژەی بودجەی تاکەکانە. بەڵام جەختکردن لەسەر هەڵبژاردن لە ئابووریدا دەگەڕێتەوە بۆ دوانەی «سابجێکتیڤیتی و ئۆبجێکتیڤیتی» کە تێیدا ڕوانگەی پیاوانە سابجێکتیڤ و بێلایەنە (نوێنەری بیرکردنەوەی زانستی) و بە شێوەیەکی بنەڕەتی دوورە لە ڕاستیی ئۆبژێکتیڤ، ماددی و بەرهەستی ژنانە[23]. بە گوێرەی ئەم پێناسەیە، «مرۆڤی ئابووری» پیاوە و ژن وەک ئەویدیی پیاو دێتە ئەژمار، چونکوو کرداری ژن کردارێکی ناعەقڵانییە و ژن لەسەر بنەمای خۆپەرستی و هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی قازانجی تاکی ناجووڵێتەوە، بەڵکوو لە کردەکانیدا هاودڵی و مرۆڤدۆستی بە بنەما دەگرێت.
ئابووریزانان پێناسەیەک بۆ «ژنی ئابووری[24]»یش[25] پێشكهش دەکەن بەڵام پێگە و جێگەیەکی نزمتر لە «پیاوی ئابووری»ی بۆ دادەنێن. لەو پێناسەیەدا ژن بە جۆرێکی سروشتی مرۆڤدۆست، میهرەبان، بەخێوکەر و چاودێره و بە ئەگەرێکی زۆرەوە کاتێک منداڵەکان لە قوتابخانە دەگەڕێنەوە، ئەو لە ماڵەوەیە. ژن بە شێوەیەکی زاتی و سروشتی هەڵگری هەموو ئەم تایبەتمەندیانەیە و بۆ بەدەستهێنان و فێربوونیان پێویستی بە ڕاهێنان نییە. ئەگەرچی جلی خاوێن، خواردنی گەرم و منداڵی بەئەدەب زۆر باشن، بەڵام ئابووریزانان هەڵوێستێکی لێڵ و ناڕوونیان لە بەرامبەر ژنی ئابووریدا هەیە؛ هەم رێزی لێ دهگرن و هەم لێیشی بهگومانن، چونکوو «ئەویدی»ی پیاوی ئابوورییە. ئەویدییەک کە ڕەفتارە جیاواز، ناعەقڵانی، نائاسایی، بەپەلە و پێشبینینەکراوەکانی دەکەونە دەرەوەی بازنەی بیردۆزە ئابوورییەکانەوە. زۆر ئاشکرایە کە لە تیۆری و توێژینەوە ئابوورییەکاندا، ئەوەی کە ژنان چی دەنووسن، چی دەکەن، کاردانەوەکان لە بەرانبەر کارەکانیاندا و ئەو ئەزموونانەی بە هۆی پێگەیانەوە لە ناو کۆمەڵگادا وەری دەگرن، یان پشتگوێ خراون یاخود هەموویان خراونەتە دەرەوەی سنووری گوتاری ئابوورییەوە. بە واتایەکی دروستتر، ژنان لەم بەستێنەدا خراونەتە پەراوێزەوە.
لە لایەکی ترەوە گوتاری ئابووری بە پێکهێنانی دوانەی دەڤەری گشتی/تایبەتی[26]، چوارچێوەیەکی سنووربەندیکراوی ڕەگەزییانە بۆ چالاکیی ئابووری دابین دەکات. لە دوانەی گشتی/تایبەتیدا، کەرتی گشتی، بەرهەمهێنان[27]، مامەڵە و ئاڵوگۆڕ[28] و چالاکییەکانی حکومەت لە بەرانبەر کەرتی تایبەتیدا (گۆڕینەوە، بەخێوکردن و بنەماڵە) دادەنرێت. ئەگەرچی ڕا و بۆچوونەکان سەبارەت بە بنەڕەت و سەرچاوەی دوانەی گشتی/تایبەتی جیاوازن، بەڵام هەموان لەسەر ناوەرۆکە جیندەرییەکەی ئەم دوانەیە یەکدەنگن. لەم دوانەیەدا پیاوان دەخرێنە ناو بەشی پڕبایەختری گشتییەوە و ژنانیش دوور دەخرێنەوە بۆ بەشە کەمبایەخترە تایبەتەکان کە دیارە هەرکام لەم دوو دەستەیە لە سیستەمی بەهای زاڵ بەسەر دونیای پیاوسالاری و سیستەمی ئابووریدا پێگە و دەسکەوتی جیاواز بە دەست دەهێنن. پۆلێنبەندیی ڕەفتاری ژن و پیاو لە ناو دوانەی مرۆڤدۆستی و قازانجخوازیدا و پاشان دانانی لە ناو دوانەی گشتی و تایبەتیدا، لە خزمەتی ئەو تهکووزه کۆمەڵایەتییەدایە کە کارکردی بازاڕ و سیستەمی سەرمایەداری گەرەنتی دەکات.
ئابووری وشەیەکی یۆنانییە بە مانای «بەڕێوەبردنی بنەماڵە»، بەڵام بیردۆزە ئابوورییەکان تەنیا ئەو کاتە ئاوڕ لە پرسەکانی بنەماڵە دەدەنەوە کە بکەوێتە ناو بازنەی ئاڵوگۆڕی بازاڕییەوە، بە واتایەکی دیکە کاری ناوماڵ ئەو کاتە دەبێتە شتێکی بایەخدار کە بخرێتە ناو بازاڕەوە و مامەڵەی پێ بکرێت، چونکە وێنای گشتی بۆ کاری ناوماڵ، ئەو چالاکییەیە کە لە کاتی ئازاد و پشوودا ئەنجام دەدرێت. بەتەوەربوونی بەها و سوودمەندی بۆ بەرهەمهێنان و قبووڵکردنی «کاڵتی ناوماڵ»[29] لە لایەن ئابووریزانانەوە نەک تەنها دونیای ژنانە بەرتەسک دەکاتەوە بۆ دونیای ناو ماڵ، بەڵکوو کاری ناوماڵیش بێنرخ دەکات[30]. ئەمەش نیشاندەری زاڵبوونی هاوکاتی زەینییەتی پیاوسالارانە و بەتەوەربوونی بەهاکانی بازاڕە لە زانستی ئابووریدا و زەمینە بۆ پشتگوێخستن و سڕینەوەی بەشداریی ژنان لە چالاکیی بەرهەمهێنەرەوانەدا[31] کە دەورێکی بەرچاویان تێیدا هەیە، فەراهەم دەکات. چالاکیی بەرهەمهێنەرەوانە کە ڕێگا بۆ بەرهەمهێنان خۆش دەکات، هەموو ئەو کارانە دەگرێتەوە کە چاودێری[32] دەکەوێتە ناوەندیانەوە و دۆخ و هەلومەرجی ژیان دەڕەخسێنن[33].
شهبهنگێكی بەربڵاو لە کارەکانی ناوماڵ، لە پەروەردی منداڵان، چاودێریکردنی بەساڵاچوان و نەخۆشانەوە بگرە تا دەگاتە سەرپەرشتی و ڕاگرتنی شوێنی ژیان و ژینگە و هەروەها چالاکیی کولتووری و بەرهەمهێنانی زانست، هەموو دەکەونە ناو ئەو بازنەیەوە. پێكهێنانی دوانەی عەقڵانییەت و مرۆڤدۆستی و پۆلێنکردنی یەکیان بۆ بەستێنی بازاڕ و ئەوی دیکەیشیان بۆ بنەماڵە، نەک تەنها دەبێتە هۆی نەبینین و سڕینەوەی سروشتی بەکۆمەڵ و هاوبەشانەی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕ، بەڵکوو ئەگەری هەبوونی پاڵنەری قازانجخوازانە و ئارەزووی قازانجی تاکەکەسی لە بەستێنی تایبەتی، بنەماڵە و نابازاڕیدا پشتگوێ دەخات. وەک چۆن نانسی فلۆبەر و هایدی هارتمەن نیشانیان داوە، لە هەردوو بەستێنی بازاڕ و بنەماڵەدا هاوتەریبی و تێکهەڵکێشانی کۆمەڵێک قازانجی کەسی و هەروەها ئاڵوگۆڕ لە ئارادایە.
ئادام سمیس بنیاتنەری زانستی ئابووری، لە گرنگترین بەرهەمی خۆیدا بە ناوی «سامانی نەتەوەکان»[34] لێکۆڵینەوەی بۆ دەور و پێگەی ناوەندیی دابەشکردنی کار لە ڕەوتی دەوڵەمەندبوونەوەی وڵاتێکدا کردووە. لە ڕوانگەی ئادام سمیسەوە، پسپۆڕێتی و لێهاتوویی هەر تاکێک لە چالاکییەکی دیاریکراودا دەبێتە هۆی دابەشبوونی کۆمەڵایەتیی کار. سمیت ئەگەرچی هیچ ئاماژەیەک بە سروشتی جیندەریی دابەشبوونی کار ناکات، بەڵام کاتێک کە دەڵێت نانەوا و قەساب هەرکام نان و گۆشتی خۆیان بەرهەم دەهێنن و پێکەوە دەیگۆڕنەوە، هیچ ئاماژەیەک بەوە ناکات کە کێ خواردن ئامادە دەکات و ئاگای لە ماڵ و منداڵەکانە. چونکوو سمیت کاری بەرهەمهێنەر[35] بەو کارە دەزانێت کە سەرمایەی فیزیکی زیاتر دەکات، واتە بەرهەمهێنانی کاڵا و شتومهك. هەر بۆیە هەندێ خزمهتگوزاریی وەک کاری ناوماڵ چونکە ماددی نین[36] و سەرمایە زیاد ناکەن، به نابهرههمهێنهر دادهنرێن.
لە ڕوانگەی سمیسەوە نانەوا و قەساب نەک لە ڕووی خێرخوازییەوە، بەڵکوو بۆ قازانجی خۆیان بەرهەم دەهێنن. قازانجی کەسی، بزوێنەری چالاکیی مرۆییە لە بازاڕدا، بەڵام ئەم چەشنە قازانجخوازییە بۆ کەشی ناو بنەماڵە گونجاو نییە. هەر لێرەشدایە کە سمیس دووانەی کەرتی گشتی (بازاڕ و پاڵنەری قازانجخوازی) و فەزای تایبەتی (بنەماڵە و پاڵنەری ئەخلاقی و مرۆڤایەتی) دێنێتە ئاراوە، بابەتێک کە یارمهتیدهر دهبێت بۆ بەهێزتر و پتەوتربوونەوەی ئهو بهندوباوە جێندەرییانه کە پێشتریش لە سیستەمی پیاوسالاردا هەبووە و پاشان گرێشی دەدات بە سیستەمی سەرمایەدارییەوە. هەر لەم بارەوە گوتاری ئابووری پاساو بۆ نایەکسانیی مووچەی ژن و پیاو بە دابەشبوونی جێندەریی قۆناغە دیاریکراوەکان دەهێنێتەوە. لە ئابووریی ڕەوتی زاڵدا بازاڕ شوێنێکی پیرۆزە کە تێیدا مرۆڤ (پیاو)ی ئابووری بەو سەرچاوانەی[37] کە لە بهردهستیدایه بۆ گەیاندنی رهزامهندیی خۆی بە بەرزترین ئاست، هەڵبژاردنی عەقڵانی ئەنجام دەدات. کە واتە پیاو وەکوو سەرۆکی بنەماڵە و نوێنەری مرۆڤی ئابووری دەبێ سەرچاوە داراییەکانی لە کۆنترۆڵدا بێت، چونکە لە زۆربەی کاتەکاندا ئەوە کە لە بازاڕدا (کەرتی گشتی) ئامادە دەبێت. ئەمەش کەلێنێکە کە هێشتاکەش لە پێشکەوتووترین ئابوورییەکانی جیهاندا کە ژنان لە ئاست و بواری جۆراوجۆردا چالاکن، دەبینرێت و ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە سیستەمی پیاوسالاری تا چ ڕادەیەک لە هەمبەر ئەم جۆرە گۆڕانکارییانەدا دەوەستێتەوە.
٢) پێگەی ژنان له پلاندانان و سیاسهتدانانی ئابووریی
لە بوارە جۆربەجۆرەکانی زانستی کۆمەڵایەتیدا، ئابووری درەنگتر لە هەموو بەستێنەکانی دی دەنگی ڕەخنەی فێمینیستیی بیست. ئەمەش تا ڕادەیەکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ زاڵبوونی پۆزێتیڤیزم لە ئابووریدا و هەروەها بۆ ئەو پارادایمانە کە ئابوورییان لە زانستە کۆمەڵایەتییەکانی تر دوورەپەرێز کردووە[38]. هەروەها، بەبنچینەدانانی چەمکی “مرۆڤی ئابووری” و چڕبوونەوە لەسەر بەستێنی “گشتی” واتە بازاڕ، هەندێک بەربەست و سنووری بۆ داڕشتنی بیردۆزیی فێمینیستی لە بواری ئابووریدا دروست کردووە. سەرەڕای هەموو ئەم بابەتانە، سەرهەڵدانی پارادایمی ڕەخنەیی، بەتایبەت فێمینیسم، ئابووریی ڕەوتی سەرەکیی ناچار کردووە پێداچوونەوە بکات بەسەر بیردۆزیدانان و مۆدێلسازییەکانیدا و فاکتەری جێندەرییش لە ناویاندا بگونجێنێت. لەگەڵ ئەوەش، دەبێ دیسانەوە ئەو پرسیارە بکەین کە گوتاری جێندەرتەوەری ئابووری، لە کام ڕوانگەوە دەڕوانێتە دۆخی ژنان و نایەکسانیی جیندەری و لێکەوتە بەرچاوەکانی لەسەر بارودۆخی ژنان؟ وەڵامی ئەم پرسیارە تێگەیشتن لە پێوەندیی زانست و دەسەڵات لە بەستێنی ئابووریدا گەلێک ئاسانتر دەکاتەوە.
ئاوڕدانەوە لە بكهربوونی ژنان لە پلانەکانی گەشەپێدان، لە ٧٠کانەوە و بەو گریمانەیە دەستی پێ کرد کە ژنان بۆیە ژێردەست و ستەملێکراون چونکە لە بازاڕدا نین و دەستیان بە سەرچاوە ئابوورییەکان ناگات. لە ڕاستیدا ئابووریی ڕەوتی زاڵ کێشەی نایەکسانی جیندەریشی وەکوو هەموو کێشە و قەیرانە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە خستە ناو بازنەی پەیوەندییەکانی بازاڕەوە و لەو ڕوانگەیەوە هەوڵی دا چارەسەری بکات. واتە نایەکسانی جیندەری لە گۆشەنیگای تێچوو-قازانج [39] بۆ بەستێنی ئابووری تاوتوێ دەکات. ئەم بابەتەش بوو بە هۆکاری دەسپێکی تاقمێک مۆدێلسازی و بیردۆزیی نوێ لە زانستی ئابووریدا کە مەبەستیان پڕکردنەوەی درزی جێندەری لە بازاڕ بوو. گرینگترینیان بیردۆزیی سەرمایەی مرۆیی گەری بێکێر بوو کە یەکێکە لە ئابووریزانانی بەناوبانگی نیۆکلاسیک و بوو بە بنەمایەک بۆ بەشداربوونی ژنان لە ئابووری و بازاڕی کاردا. تیۆریەکەی بێکێر، پشت بە چەمکی ڕەفتاری “مرۆڤی ئابووری” دەبەستێت کە لە ڕەفتارگەلی زۆرینەکردنی ڕەزامەندیی تاک[40]، ڕاگرتنی هاوسەنگیی بازاڕ[41] و بژاردە جێگیرەکان[42] پێک هاتووە.
بێکێر لەو دەستە ئابووریزانانەیە کە پێکهاتەی بنهماڵه لە هەمان سیستەم و پێوەندیی پیاوسالارانەدا تاوتوێ دەکات کە تایبەتمەندیی زاتی بە ژن و پیاو دەبەخشن[43]. بە بۆچوونی ئەو، بنهماڵه پێک هاتووە لە ژنی مرۆڤدۆست و پیاوی قازانجخواز و لەو بڕوایەشدایە کە هەرچی مووچەی ژنان زۆرتر بێت ئەوا ڕێژەی جیابوونەوەی ژن و مێرد بەرزتر دەبێتەوە. بێکێر بە پێشگریمانەی لەم چەشنە و لە ناو مۆدێلەکانی داخوازی و دابینکردن، پێکهاتەی خێزان و هەندێ بابەتی وەکوو زاوزێ و کاری ژنان تاوتوێ دەکات و بە داڕشتنی تیۆریی سەرمایەی مرۆیی، هەوڵ دەدات لە هێزی کاری ژنان کە پێشتر ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە، وەکوو فاکتەرێکی هەرزانی بەرهەمهێنان کەڵک وەربگرێت. گرینگایەتیی هێزی کاری ژنان بۆ ئابووریی ڕەوتی زاڵ دەگاتە ئاستێک که کەلێنی جیندەری لە ناو بازاڕی کاردا بە جۆرێک شکست و ناکارامەیی سیستەمی بازاڕ پێناسە دەکات و بە پێویستی دەزانێت بۆ گەیشتن بە باری هاوسەنگی، حکومەت و دامودەزگا حکومییەکان بۆ دانانی سیاسەتی گونجاو هەوڵ بدەن. ئەنجومەنی ئەورووپا لە ساڵی ١٩٩٨، گرینگی دان به تەوەرەکردنی کێشەی جیندەری بەم شێوەیە پێناسە دەکات: ڕێکخستنەوە، باشترکردن، گەشەپێدان و تاوتوێکرنی پرۆسەی سیاسەتدانان، بە مەبەستی گرتنەبەری تێڕوانینی یەکسانیی جیندەری لە هەموو سیاسەت و ئاست و قۆناغێکدا، لە لایەن هەموو ئەو کەسانەی لە پلاندانان و داڕشتنی سیاسەتەکاندا دەستیان هەیە، ئەمەیش لە پێناو کەمکردنەوەی هەڵاواردن دژ بە ژنان و برەوپێدانی بەشداریی ئەواندا.
ئەم هەوڵ و ڕاسپاردانە، بە تەرکیزکردن لەسەر داڕشتنی سیاسەتی درێژخایەن لە بواری ڕاهێنان و هەلی کاردا شرۆڤە کران و هۆکاری گرینگ و سەرەکیشی ئەوە بوو کە ئامادەبوونی ژنان لە بازاڕی کاردا لە بەرژەوەندیی تێکڕای بەستێنی ئابووریدا دەبێت[44]. ئەگەرچی بەرنامەی لەم چەشنە بوونەتە هۆی ئەوەی توانا و لێهاتوویی ژنان بۆ ئافراندنی سەروەت و سامان و چالاکییەکانی بواری بەرهەمهێنان ئاشکرا ببێت، بەڵام دۆخی ژنان و نایەکسانیی هەنووکەیی بە گرفتێکی پێکهاتەیی (پێوەندیدار لەگەڵ سیستەمی پیاوسالار) نازانن و بەشداریی ژنان تەنیا وەکوو ئامرازێک بۆ ڕاگرتنی پێوەندییەکانی بازاڕ و گەشەی ئابووری بە کار دێنن و هیچ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە دۆخی ژناندا دروست ناکەن و تەنانەت هەندێک جار بوونەتە هۆکاری خراپتربوونی باری ژیانی ژن.
بەرنامەی ڕاستکردنەوەی پێکهاتەیی[45] لە بەرهەمەکانی ئابووریی نیۆکلاسیکە و یەکێکە لە بەناوبانگترین پلانە ئابوورییەکان کە لە دەیەکانی ٧٠ و ٨٠دا لەلایەن بانکی جیهانییەوە بۆ بووژاندنەوەی ئابوورییە دواکەوتووەکان و گەشە و پەرەپێدانی ئابووری دادەڕێژرا. ئەم بەرنامانە بریتی بوون لە کۆمەڵێک میکانیزمی ماکرۆئابووری[46] بە ئاراستەی بەتایبەتیکردندا[47] کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا پشتیان بە دابەزاندنی تێچووەکانی حکومەت[48] و بودجەی گشتی[49] دەبەست. جێبەجێکردنی سیاسەتی ڕاستکردنەوە، لەکاردەرکردنێکی بەربڵاوی هێزی کار و بەرزبوونەوەی ئاستی بێکاریی لێ دهكهوتهوه و دەرئەنجامیشی سەپاندنی زەختێکی کۆمەڵایەتی و ئابووری بەسەر کۆمەڵگادا بوو. لەم بارەوە ئاماری وڵاتانی ئەمریکای لاتین لە ماوەی ساڵەکانی ١٩٨٠ تا ١٩٩٠ کە ڕاستکردنەوەی پێکهاتەیی لەو وڵاتانەدا جێبەجێ کراوە، پیشان دەدات کە تەوژم و ئازارەکانی قەیرانی هەلی کار بۆ ژنان زۆرتر لە پیاوان بووە، چونکە شاڵاوی بێکاریی پاش جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتانە دەبوو بە هۆکاری ئەوەی ئەو هەلانەش کە بۆ کارکردن مابوونەوە، زیاتر بۆ پیاوان تەرخان بکرێن تا ژنان و ئەمەش واتا بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاریی ژنان. لە کۆنفڕانسی لێژنەی ئابووریی ئەفریقا لە ساڵی ٢٠٠٨دا، لێکۆڵینەوەکان بۆ کاریگەریی بەرنامەی راستكردنهوهی پێکهاتەیی لەسەر ئەو ئابووریانە کە لەسەدا ٢ی جەماوەریان لە خوار هێلی هەژاریدا دەژیان، ناکارامەبوونی ئەو پلانەی دەرخست. هەر ئەو لێژنەیە ئاشکرای کرد لە ئەنجامی جێبەجێکردنی ئەو پلانەدا ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکان لە ژێر زەختی بەتایبەتیکردندا و بۆ کەمکردنەوەی تێچووەکانی بنەماڵە ناچار بوونە چیدی نەهێڵن کچەکانیان بڕۆنە قوتابخانە و وەکوو هێزی کار كهڵكیان لێ وهربگرن. بە گوێرەی ئامارەکان، هەر کچێک بە ڕێژەی لەسەدا ٧٨ ئەگەری وازهێنان لە خوێندنی هەیە و ئەم ڕێژەیە بۆ هەر کوڕێک لەسەدا ٣٢ـە و دیارە کچان بە ئەگەرێکی زیاتر و بەهێزترەوە کەوتوونەتە بەر مەترسیی وازهێنان لە خوێندن[50]. ئێستاکە هەموان لەسەر ئەوە هاودەنگن کە کەمخوێندەواری و نەخوێندەواری یەکسانە بە سەرکەوتوونەبوون لە دۆزینەوەی کاری گونجاو و بەردەوامبوونی خولی بەرهەمهێنانەوەی هەژاریدا. نموونەیەکی دیکە بۆ خراپتربوونی دۆخی ژنان وەکوو دەرکەوتەیەکی سیاسەتی پەرەپێدان لەسەر بنەمای بازاڕ، بهكارهێنانی بەربڵاوی ژنان لە کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکانی [51]کۆتاڵچنینە کە تێیاندا ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو وەکوو هێزێکی بەرهەمهێنەری جێمتمانە و هەرزانتر، لە دۆخێکی ئاستەنگ و نامرۆڤانەدا دەچەوسێندرێنەوە. كهڵكوهرگرتنی ئامێرییانه لە هێزی ژنان و چەوساندنەوەیان وەکوو هێزێکی هەرزان، نەک تەنها ستەمی جیندەری لەناو نابات، بەڵکوو ژنان بندەستتریش دەکات.
٣) ڕەخنە لە پلانی چاکسازیی ئابووریی بانکی جیهانی بە جەختکردن لەسەر بارودۆخی ژنان لە هەرێمی کوردستاندا[52]
سیستەمی ئابووریی «حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق» ئەگەرچی بەشێکە لە سیستەمی جیهانیی سەرمایەداری، بەڵام تایبەتمەندیگەلێکی تێدایە کە دەکرێت بۆ باشتر تێگەیشتن لە میکانیزم و ڕێکارەکانی، لە قەبارەی سەرمایەداریی سیاسیدا پۆلێنبهندی بكرێت. ماکس ڤێبەر، قورخکردنی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری و کۆکردنەوەی هەموو هەلێکی تاڵانکارانەی قازانجخوازی لە لایەن پارتە سەرەکییەکان یان ئەو ڕێکخراوە و کەسانەوە کە پێوەندییان بە چەقی دەسەڵاتی سیاسییەوە هەیە، وەکوو یەکێک لە سەرەکیترین تایبەتمەندییەکانی سەرمایەداریی سیاسی ناو دەبات[53]. لە هەرێمی کوردستان دوو پارتی سەرەکی، واتا یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیمۆکراتی کوردستان، کەرتی گشتی، هێزی پێشمەرگە، هێزە ئەمنییەکان و هەروەها ئابوورییشیان بۆ خۆیان قورخ کردووە[54] و بە زەبری دروستكردنی لایەنگر[55] لە ڕیگای فرۆشتنی پۆست و پایە، کڕینی دەنگی جەماوەر و کڕینی وەفاداری، بەشێکی گەورەی کۆمەڵگایان خستووەتە ژێر ڕکێف و کۆنترۆڵی خۆیانەوە[56].
لایەنە سەرەکییەکانی ماکرۆئابووریی هەرێمی کوردستان بریتین لە نەوت و داهاتی نەوت کە دەورێکی سەرەکی لە ئابووریی هەرێمدا دەبینێت، هەروەها وابەستەبوون بە هەناردەکردن و پەرەسەندنی سەرمایەداریی بازرگانی. لەم ساڵانەی دواییدا و لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوتدا وەکوو سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی حکوومەت، قهیرانی پهیوهندییه سیاسی و ئیدارییهكانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیی عێراق، هێرشی داعش و قەیرانە جیۆپۆلێتیکەکانی ناوچەکە، هاوکات لەگەڵ قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی ناوخۆی کۆمەڵگای هەرێمدا، حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕووبەڕووی گەلێ تەنگژە و قەیرانی بەرچاودا کردووەتەوە. سەرکردەکانی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان، هاوچەشنی زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە گشتی ئابوورییە گەشەنەکردووەکان، پەنایان بردووە بۆ بانکی جیهانی وەکوو یەکێک لە گرینگترین ڕێکخراوەکانی دانانی سیاسەتی ئابووری لە ئاستی نێونەتەوەییدا[57].
بەرنامەی دابینکراوی بانکی جیهانی لە وەڵامی داواکاریی بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، لە ماڵپەڕی[58] ئەو ڕێکخراوەیە دانراوە. دیارە ئەو بەرنامەیە دەکرێت لە ڕوانگەی جۆربەجۆرەوە بخرێتە ژێر ڕەخنە و لێکۆڵینەوە، بەڵام لێرەدا مەبەستی ئێمە ڕەخنەگرتنە لێی لە گۆشەنیگای فێمینیستییەوە بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی ناکارامەیی و تاکڕەهەندبوونی ڕێکاری چاکسازیی ئابووریی لە بواری دۆخی ژنانی کۆمەڵگای کوردستانی عێراقدا. بەرنامەی ڕاستکردنەوەی پێکهاتەیی و چاکسازیی ئابووریی بانکی جیهانی بە شێوەیەکی گشتی و هەمەکی بۆ هەموو کۆمەڵگاکان و بەبێ لەبەرچاوگرتنی دۆخی کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتووریی هەر کۆمەڵگایەک، لەسەر سێ بنەمای سەرەکی دانراوە کە بریتین لە پەرەپێدانی کەرتی تایبەت، دابەزاندنی بودجەی گشتی و بەهێزکردنی سیستەمی دارایی و تۆڕی بانکی.
به پێی ئاماره پێشكهشكراوهكانی بانكی جیهانی، ڕێژەی بەشداریی ژنان لە کەرتی ئابووریی هەرێمی کوردستاندا ١١٪ بووە کە یەکێکە لە كهمترین رێژەکانی بهشداریی ژنان له ناوچەکەدا. لە کۆی بەشداریی ژنان لە کەرتی ئابووریدا، ٩٣٪ی لە بواری خزمەتگوزاریدایە و ڕێژەی بەشداری لە بەشی کشتوکاڵدا ٤.٧٪، لە بەشی پیشەسازیدا ٢.٢٪ و لە بەشی نەوتدا لەسەدا یەکە.
((هێڵکاریی ژمارە ١: ڕێژەی بەشداریی ژنان وەکوو هێزی کار))[59]
ئاستی مووچە لە بەشی حکومیدا لە ساڵی ٢٠١٢، لەسەدا ٣٠ زیاتر لە کەرتی تایبەت بووە وکەلێنی جیندەریی مووچە بە جۆرێکە کە مووچەی پیاوان بە ڕێژەی لەسەدا ٢٠ زیاترە لە ژنان. هەروەها کەمترین ڕێژەی بەشداری و زۆرترین ڕێژەی بێکاریش هەر لە ناو ژناندایە.
((هێڵکاریی ژمارە ٢: ڕێژەی بێکاری و بڕی بێکاریی ژن و پیاو[60]))
وێڕای کەمبوونی بەشداریی ژنان لە ئابووریی هەرێمی کوردستانی عێراقدا، بە گوێرەی ئاماری ئاراستەکراوی IAU[61] لە سەدا ٩٤ی ئەو ژنانەی لە هەموو عێراقدا، بە کوردستانیشەوە، کاریان هەیە، لەبەر هەندێ هۆکاری وەک جێگیربوونی کەرتی حکومی و گەرەنتیکراوبوونی مافەکانی کاریان، لە بەشی حکومیدا کار دەکەن. ئەمەش لە حاڵێکدایە کە یەکێک لە پێشنیارە سەرەتاییەکانی ئەو بەرنامەیە کەمکردنەوەی بودجەی گشتی و تێچووەکانی حکومەت لە ڕێگای دەرکردنی هێزی کاری زیادە لە بەشی حکومیدایە. بهو پێیە کە ڕێژەی بەشداریی ژنان لە بەشی حکومیدا زیاترە و هاوکاتیش ئەولەوییەتدان بە پیاوان بۆ وەرگرتنی کار و پۆستەکان، ئاشکرایە کە وەها سیاسەتێک دەبێتە هۆی سڕینەوەی ژنان لە کەرتی گشتی و بەرزبوونەوەی ئاستی بێکاریی ژنان.
گرووپی جیندەریی بانکی جیهانی لە بەرنامەی هەموارکردنەوەی ئابوورییی کوردستاندا بە مەبەستی ڕەچاوکردنی دۆخی ژنان لە بەرنامەکەیاندا و هەروەها بە گشتی بۆ بەسەرکردنەوەی ئابووریی کوردستان سەردانی هەولێریان کردووە تاکوو لە نزیکەوە بارودۆخی ژنان ببینن و کۆسپ و لەمپەرەکانی بەردەم بەشداربوونیان لە کەرتی تایبەتدا بناسنەوە، دیارە مەبەستیان تەنیا کەرتی تایبەت بووە نەک بەشداریی ژنان لە ئابووریدا بە گشتی. بەپێی لێکۆڵینەوە و تێبینیی ئەوان، زۆرینەی ئەو ژنانەی لە کەرتی تایبەتدا کار دەکەن فرۆشیارن یان سندووقداری چێشتخانە و ڕێستۆرانتن[62]. پاشان بۆ تێگەیشتن لە هۆکاری بەشداریی لاوازی ژنان لە کەرتی تایبەتدا، لەگەڵ ڕێکخراوە ناحکومییەکان، نوێنەرانی کەرتی تایبەت و بەرپرسانی حکومەتدا گفتوگۆ و لێدوانیان کردووە (گوایە بیستنی کۆسپ و تەگەرەکانی بەردەم ژنان لە زمانی خۆیانەوە بایەخێکی بۆ بنەماکانی بازاڕ نییە!)، لە ئاکامدا گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە دوو هۆکاری سەرەکی ڕێگرن لە بەشداربوونی ژنان لە کەرتی ئابووریدا: یەکەم یاسا و پەیڕەوە یاساییەکان و دووهەم نەریت و پێوەرە کۆمەڵایەتییەکان.
سەبارەت بە هۆکاری یەکەم، قازانجەکان و هەلومەرجی گونجاوتری کاری حکومی بەراورد بە کەرتی تایبەت، خواست و حەزی ژنان بۆ کارکردن لە کەرتی تایبەتدا کەم دەکاتەوە. هەروەها لە ڕەهەندی یاساییەوە هەندێک لەمپەر لە بەردەم ژناندا هەیە بۆ کارکردن لە بەشگەلێکی وەک کانزا و بیناسازیدا، ئەوەش بە هۆی نەگونجاو و مەترسیداربوونیانەوە. سەبارەت بە هۆکاری دووهەم، واتە نەریتە کۆمەڵایەتییەکان، دەوری بەربڵاوی ژنان لە کاروباری خێزان و ناوماڵدا[63] دەبێتە ڕێگر بۆ ئامادەبوونیان لە بازاڕەکانی کاردا، چونکە بەپێی دابەشکارییەکی جیندەری کە لە کوردستانی عێراقدا زۆر دەکەوێتە بەر چاو، ژن چاودێری ماڵ و خێزانە و پیاو دابینکەری بژێوە. بە شێوەیەک کە زۆربەی ژنان لە تەمەنی ٢٥ بۆ ٢٩ ساڵیدا کە تەمەنی منداڵداربوونە، دەست لە کار دەکێشنەوە. هەروەها ژنان لە کاتی کارکردن لە کەرتی گشتی و حکومیدا هەست بە ئاسایشی زیاتر دەکەن تاوەکوو لە کەرتی تایبەتدا، چونکە کۆمەڵگا بە چاوێکی سووک و نەرێنییەوە دەڕوانێتە ئەو ژنانەی لە کەرتی تایبەتدا کار دەکەن.
بە ئاوڕدانەوە لە هەمووی ئەم لەمپەرانە، ڕاوێژکارانی بانکی جیهانی بۆ داهاتووی کوردستانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٠ هاوتەریب لەگەڵ سیاسەتەکانی بەتایبەتیکردندا وەکوو تەوەرەی سەرەکیی پلانی هەموارکردنەوەی ئابووری، هەروەها بە جەختکردن لەسەر ڕێژەی نزمی بەشداریی ژنان لە کەرتی تایبەتدا، ئەو پێشنیارە دەخەنە بەردەم بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە نەهێشتنی نایەکسانی لە بازاڕی کاردا و سوودوەرگرتن لە سەرمایەی مرۆیی وەکوو یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان بخەنە چەقی بەرنامەکانیانەوە. هەر لەم سۆنگەیەوە پێویستە بۆ پەروەردەکردنی هێزی مرۆیی پێویست لە کەرتی تایبەتدا، سیاسەت و بەرنامەی پێویست لە بەشی ڕاهێنان و تەندروستیدا بگرنە بەر تاوەکوو لە توانای شاراوەی ژنان وەکوو هێزی کار بە ڕادەی پێویست کەڵک وەر بگیرێت.
ڕاوێژکارانی ئەم بەرنامەیە و هەروەها ڕێکخراوەی بانکی جیهانی، لە ڕوانگەی هاوسەنگی لە بازاڕی کار و لۆژیکی تێچوو-سوود کە بەسەر سیستەمی سەرمایەداریدا زاڵە، لە گرفتی نایەکسانی جیندەری لە کۆمەڵگای کوردستاندا نزیک بوونەتەوە. لە ڕوانگەی ئەوانەوە ئامادەبوونی ژنان لە بازاڕی کار و ڕێژەی بەشداربوونیان لە ئابووریدا، هەم دەبێتە هۆی دەربازبوونی خۆیان و هەمیش وەکوو هێزی کاری بەرهەمهێنەر و هەرزان دەبنە یارمەتیدەری سیستەمی سەرمایەداری و پێوەندییەکانی بازاڕ. ئەوان لە توێژینەوەکانیاندا سەبارەت بە بەشدارنەبوونی ژنان لە ئابووری و کەرتی تایبەتدا، هیچ ئاوڕێکیان لە پێوەندی و هەلومەرجەکانی دەسەڵاتی سیستەمی پیاوسالار، توندوتیژیی دژ بە ژن لە ناو خێزان و ژینگەی گشتیدا و هەروەها جێبەجێکردنی زۆربەی ئەرکەکانی پارێزگاری و چاودێریی ماڵ و بنەماڵە (بە بڕی مامناوەند هەموو ژنێک لە عێراقدا زیاتر لە ٦ کاتژمێر خەریکی کاروباری خێزانە[64]) نەداوەتەوە.
لەو ئامارانەی کە سەبارەت بە بەشداربوونی ژنان ئاڕاستە کراون، هیچ ئاماژەیەک بە بەشداربوونیان لە چالاکیی بەرهەمێنەرەوانەدا نەکراوە. لەو بەرنامەیەدا هیچ ڕەخنەیەک نەگیراوە لە پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی و قورخکردنی لە لایەن چەند پارتێکی سیاسی تەواو پیاوسالارانەوە و لێککۆبوونەوەی ئەم بابەتە لەگەڵ فاکتەرە ئایینی، کولتووری و کۆمەڵایەتیەکاندا کە تهنیا بندەستبوونی هەرچی زیاتری ژنانی لێ دەکەوێتەوە. لە ڕاستیدا ئاشکرایە کە ئاوڕدانەوە لە کەلێنی جیندەری و توانای بەرهەمهێنانی ژنان، لە ڕوانگەی قازانج و بنەماکانی بازاڕەوە بووە. لێرەشدا دیسانەوە دەبێ پرسیار بکرێت کە زانست لە خزمەتی بەهێز کردنەوەی کێدایە؟ ئاخۆ داڕشتنی بهرنامهی چاكسازی، گهشه و گەشهپێدانی ئابووری كه پێشگریمانهكهی ههمان ئەو گوتارە جیندهرییەیە كه پێشتر شرۆڤه كرا، بە ڕاستی دەکەوێتە خزمەتی ڕزگاربوونی ژنانەوە یاخود پێوەندییەکانی دەسەڵاتی زاڵ بەسەر سیستەمی پیاوسالاری و سەرمایەداریدا بە شێوەی جۆراوجۆر بهرههم دههێنێتهوه؟ ئایا بەشداری و ئامادەبوونی ژنان لە بازاڕی کاردا خۆی بەتەنیا دەبێتە ڕێگرێک لە بەردەم خۆسووتاندن، کوشتنی ژنان بە ناوی نامووسەوە و توندوتیژیی جۆراوجۆری جەستەیی، جیندەری و زمانی دژ بە ژنان؟
سەرەڕای ئەوەی کە نەهێشتنی نایەکسانی جیندەری وەکوو یەکێک لە فاکتەرەکانی گەشەسەندن لە سیاسەتەکانی پەرەسەندندا دەستنیشان دەکرێت، بەڵام کۆی گرفتەکە لەوێدایە کە روانگهی بازاڕییانەی ئابووریی ڕەوتی سەرەکی، بەئەنقەست چاو لە پێکهاتەییبوونی پرسی هەڵاواردنی جیندەری دادەپۆشێت. هەر بەم بۆنەشەوە و سەرەڕای ئامادەبوونی زیاتری ژنان لە کەرتی ئابوورییو بازاڕەکانی کاردا، هێشتاکەش ئەوان بەربژێری سەرەکین بۆ کاری کاتی[65] و کەمداهات و بە ئێستاشیەوە بەشی زۆری ئەرکی چاودێریکردنی بنەماڵە و کاری ناوماڵ هەر لەسەر شانی ئەوانە. ئەگەر لە پهیوهندیی پیاوسالاریدا پیاوان بە شێوەی سیستەماتیک خاوەنی جەستەی ژنانن، ئەوا بە بەشداربوونی ژنان لە بازاڕدا وەکوو ئامراز و بەکاڵاکردنی هێزی کاریان لە سیستەمی سەرمایەداری و پەیوەندی بازاڕدا، هێزی کاری ژنان بە چەشنێکی سیستەماتیک دەچێتە ژێر دەسەڵات و خاوەندارێتیی بازاڕەوە. ئەگەرچی ئەم پلانانە لەسەر هەموارکردنەوەی یاسا و پەیڕەوەکانی کار و تا ڕادەیەکیش ڕێکخستنەوەی بازاڕی کار جەخت دەکەن، بەڵام چونکە کاری ناوماڵ و بێمووچەبوونی[66] ژنان نابینن، ناتوانن هەموو جۆرەکانی ملکەچکردن و ژێردەسەڵاتبوونی ژنان بپێکن و هەنگاوێک بن بەرەو ڕزگاربوونی ژنان لە ستەمی جیندەری. هەر بۆیەش هەموو جۆرە پاڵپشتیکردنێک لە یەکسانیی جیندەری بە مەبەستی سڕینەوەی ئەم ستەمە و نەهێشتنی پێوەندەکانی سەردەستبوون وەکوو تایبەتمەندییەکی تێچەقیو له ڕژیمی پیاوسالاردا، پێویستی بە هەوڵدانە بۆ جێگیرکردن و بەهێزکردنی پرسی سەربەخۆبوونی ژنان بە شێوەیەکی چەسپاو لە تێکڕای بەستێنە سیاسی و ئابوورییەکاندا و هەروەها هەوڵدان بۆ ڕزگاربوونی ژنان لە هەموو شێوازەکانی توندوتیژی و سەربەخۆبوونیان لە پرسی جێندەری و دووگیانیدا.
وێنە:
کارم ئاگوادێ
(Carme Aguadé)
پەراوێز و سەرچاوەکان
[1] Foucault, M. (2015). Surveiller et punir. In M. Foucault (Ed.). Oeuvres II (pp. 261-613). Paris: Gallimard. (Original publié en 1975).
[2] Hypothetical-Deductive
[3]Rational
[4] Mainstream Economics
[5] David Dequech, 2007, Journal of Post Keynesian Economics, Vol. 30, No. 2 (Winter, 2007-2008), pp. 279-302 (24 pages).
[6] Adam Smith, David Ricardo, Alfred Marshall, Alfred Marshall, John Clark, Irving Fisher.
[7]Poststructuralism
[8] Hudson, Pat. (2008). The historical construction of gender: Reflections on gender and economic history.
[9] Giandomenica Becchio, 2018. “Gender, Feminist and Heterodox Economics: Interconnections and Differences in a Historical Perspective,” Economic Alternatives, University of National and World Economy, Sofia, Bulgaria, issue 1, pages 5-24, March.
[10] Rational Choice
[11] Economic Man
[12] Economic Agent
[13] Instrumental rationality
[14] Marianne Ferber and Julie Nelson 1993, Beyond Economic Man
Feminist Theory and Economics, University of Chicago Press.
; Drucilla Barker, 1995. “Economists, social reformers, and prophets: a feminist critique of economic efficiency,” Feminist Economics, Taylor & Francis Journals, vol. 1(3), pages 26-39.
[15] Michèle A. Pujol, 1992. “Feminism And Anti-Feminism In Early Economic Thought,” Books, Edward Elgar Publishing, number 362.
[16] Alfred Marshall
[17] Arthur Cecil Pigou
[18] Francis Ysidro Edgeworth
[19] William Stanley Jevons
[20] ئایدیۆلۆجیای ڤیکتۆریایی زیاتر لەگەڵ سەردەمی ڤیکتۆریا لە مێژووی بەریتانیا نێوان ساڵەکانی ١٨٢٠ تا ١٩١٤ دەناسرێتەوە و نزیکە لە قۆناغی پاشایەتیی شاژن ڤیکتۆریا (١٩٠١-١٨٣٧). سەردەمێک کە ئابووریی بەریتانیا خەریکی گەشە سەندنە و ئەو وڵاتە وەکوو ئیمپراتۆریەتێکی گەورەی جیهان دەناسرێت.
[21] Strassmann, D. L. (1994). Feminist Thought and Economics; Or, What Do the Visigoths Know? The American Economic Review, 84(2), 153–158. http://www.jstor.org/stable/2117820.
[22] Utility
[23] Becker, Gary. 2002. The Age of Human Capital in Edward Lazear, ed. Education in the Twenty-first Century, pp. 3-8. Stanford, California: Hoover Institution Press.
[24] Femina Economica
[25] McCloskey, Donald M., “Some Conse- quences of a Conjective Economics.” In Ferber, Marianne A., and Julie A. Nelson, eds., Beyond Economic Man: Feminist Theory and Economics. Chicago: University of Chicago Press, 1993, pp. 69-93.
[26] Public /Private
[27] Production
[28] Exchange
[29] سیستەمێکی نرخاندنە کە بەو پێیە ژن بوون لەسەر بنەمای دەوری ژن لە ماڵ و کاروباری ماڵ پێناسە دەکرێت. بە پێی ئەم بنەمایە ژنێکی ڕاستەقینە چوار هەڤیازیی سەرەکیی هەیە کە بریتین لە پارێزکاری، پاقژی، ئەهلی بوون و ملکەچ بوون. ئەم بیرۆکەیە لە بەستێنی تەوەرە بوونی ژن وەکوو ناوەندی بنەماڵە گۆڕانکاریی بەسەردا هات بەو شێوەیە کە ژن وەکوو چرای ماڵ ڕەچاو دەکرێت.
[30] Folbre, Nancy. (1991). The Unproductive Housewife: Her Evolution in Nineteenth-Century Economic Thought. Signs, 16(3), 463–484. http://www.jstor.org/stable/3174585
[31] Re-productive
[32] Care
[33] Federici, Silvia. 2015. “Education and the Enclosure of Knowledge in the Global University”. ACME: An International Journal for Critical Geographies 8 (3):454-61. https://doi.org/10.14288/acme.v8i3.843.
[34] Adam Smith, An Inquiry into the Nature and Causes of the Wealth of Nations [1776]
[35] Productive Work
[36] Immaterial
[37] Resources
[38] Albelda, Randy Pearl.1997. Economics & Feminism: Disturbances in the Field. New York : Twayne Publ. [u.a.].
[39] Cost-Benefit
[40] Maximizing Behavior
[41] Market Equilibrium
[42] Stable Preferences
[43] Becker, G. S. (1976). Altruism, Egoism, and Genetic Fitness: Economics and Sociobiology. Journal of Economic Literature, 14(3), 817–826. http://www.jstor.org/stable/2722629
[44] The Women, Business and the Law’s 2016 data.
[45] Structural Adjustment Program
[46] Macroeconomic
[47] Privatization
[48] Government Expenses
[49] Public Budget
[50] Reham El-Morally, Women in Developmen: A critique of Neoclassical Economic Theory as one of the Causes for Gender Inequality, Open Journal of Political Science, 2020, 10, 1-14.
[51] Multinational Companies
[52] REFORMING THE ECONOMY FOR SHARED PROSPERITY AND PROTECTING THE VULNERABLE
[53] Weber, Max, and Talcott Parsons. The Protestant Ethic and the Spirit of Capitalism. Courier Corporation, 2003.
[54] Bali. Omar Ahmad, and Abdullah. Kanan.H,” The consequence of an economic boom on the perception of democracy, government performance and public service: Iraqi Kurdistan as a case study”, International Journal of Contemporary Iraqi Studies, Volume 11, Issue 3, Sep 2017, p. 221 – 234.
[55] Clientelism
[56] Bali, Ahmed Omar. “The roots of clientelism in Iraqi Kurdistan and the efforts to fight it” Open Political Science, vol. 1, no. 1, 2018, pp. 98-104. https://doi.org/10.1515/openps-2018-0006
[57] لە ساڵی ٢٠١٦ نێچیرڤان بارزانی لە ڕێگای نامەیێکی فەرمییەوە داوا لە سەرۆکی بانکی جیهانی دەکات هاریکارییان بکەن بۆ گەشە و پەرەپێدانی ئابووریی و هەروەها چارەسەر کردنی تەنگژە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان.
[58] https://documents1.worldbank.org/curated/en/229971468195834145/pdf/106109-WP-P159972-KRG-Economic-Reform-Roadmap-post-Decision-Review-PUBLIC-v1-05-29-16-2.pdf
[59] Source: KRG LFS 2014 R2; RAND; and ILO/UNDP (2013) Rethinking Economic Growth: Towards Productive and Inclusive Arab Societies.
[60] Source: KRG LFS 2014 R2; RAND.
[61] https://nina-iraq.com/wp-content/uploads/2014/03/Women-In-Iraq-Fact-sheet-English.pdf
[62] https://blogs.worldbank.org/psd/kurdistan-regional-government-toward-inclusion-women-economy#_ftn1
[63] Domestic Work
[64] Gender profile- Iraq, a situation analysis on gender equality and women’s empowerment in Iraq, 2018.
[65] Part-time work
[66] Unpaid Work