کورتەڕاپۆرتێک سەبارەت بە دانیشتنی کردنەوەی ماڵپەڕی هزریی «کۆمار»
- May 22, 2024   |   کۆمار
ڕۆژی شەممە ١٨ی مەیی ٢٠٢٤ (٢٩ی گوڵانی ١٤٠٣) لە زانکۆی سۆربۆنی باکوور لە پاریس کۆڕێک بۆ دەستبەکاربوونی ماڵپەڕی هزریی «کۆمار» بەڕێوە چوو. ئەم دانیشتنە کە ژمارەیەک لە توێژەران و چالاکانی کورد بەشدارییان تێدا کردبوو، پێک هاتبوو لە پەنێلێک و مێزگردێک؛ لە پەنێلەکە کە لەژێر ناوی «دینامیکی سیاسەت و بەرەنگاری لە کوردستانی هاوچەرخدا» بەڕێوە چوو، هەریەک لە سەحەر باقری، هاوژین بەقاڵی، سەردار سەعدی و جەمیل ڕەحمانی بابەتێکیان پێشکەش کرد. لە مێزگردەکەیشدا لە ژێر ناوی «دیالێکتیکی حیزب و کۆمەڵگا لە میانەی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا» کە بە بەشداریی سوهەیلا قادری، نیاز عەبدوڵڵا و سەباح نەسری و بەڕێوەبەریی عەدنان حەسەنپوور بەڕێوە چوو، لە چەند سۆنگەیەکی جیاوازەوە ئاوڕێکی ڕەخنەگرانە درایەوە لە دۆخی هەنووکەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت لە سەروبەندی ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادیدا.
لە سەرەتای کۆڕەکەدا سەحەر باقری وەکوو یەکێک لە دامەزرێنەران و بەڕێوەبەرانی کۆمار، باسی لەو زەمینە و هۆکارانە کرد کە هاندەر بوون لە دامەزراندنی ئەم ژۆرناڵە ئەلێکترۆنییەدا و وێڕای ئاماژەدان بەو دۆخە گشتییەی دوای شۆڕشی ١٩٧٩ لە ڕۆژهەڵاتدا هاتووەتە ئاراوە، وتی: «نەوەیەکی نوێ لە خوێندکار، چالاک و ڕۆشنبیری کورد سەری هەڵداوە کە خولیا و کەڵکەڵەی یەکسانی، ڕزگاری و لەناوبردنی هەرچەشنە چەوساندنەوە و هەڵاواردنێکیان هەیە و بەردەوام بە شێوازی جۆراوجۆر خەریکی بەرهەمهێنانی دەق و وتارن، چ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و چ لە ماڵپەڕەکان و بەتایبەت لە ماڵپەڕەکانی دەرەوەی کوردستاندا. ئێمە وەک کەسانێک کە لە دەرەوەی ڕێکخراوە و حیزبەکانین، کەڵکەڵەی دروستکردنی پلاتفۆرمێکمان هەبوو بۆ ئەوەی بتوانین لەوێدا پێکەوە قسە بکەین و بیروڕا بگۆڕینەوە و بەرەو دروستکردنی گوتارێکی کوردستانی و سەربەخۆ هەنگاو بنێین. هەروەها هاوکات کە باوەڕمان بە ئیمکانەکانی کۆمەڵگەکەمان هەیە، بە شێوەیەکی ڕاشکاوانەیش ڕەخنەی لێ بگرین. کاتێک ئێمە لە ماڵپەڕەکانی دەرەوەی کوردستاندا دەنووسین، بە شێوەی جیاواز ڕووبەڕووی سانسۆڕ یان خۆسانسۆڕی دەبینەوە. بۆ نموونە کاتێک کە ئەمانەوێ ڕەخنەیەکی ڕاشکاوانە و ڕادیکاڵ ئاڕاستەی دەوڵەت لە ئێراندا بکەین، یان ئاڕاستەی ئەو پێوەندییە نایەکسانانە بکەین کە بەسەر ئێران یان دەوڵەتە داگیرکەرەکانی تری کوردستاندا زاڵ کراوە، ڕووبەڕووی سانسۆڕ دەبینەوە. هاوکات لەبەر ئەوەی ئەو پلاتفۆرمانه ڕوویان له کوردستان نییه، دهنگی خۆمان سانسۆڕ دهکهین و ناتوانین ڕاشکاوانه ڕهخنە لە کۆمەڵگای خۆیشمان بگرین. دوای ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی ئەم زەروورەت و بۆشاییە زۆر زیاتر خۆی نیشان دا. هەر بۆیە ئێمە وەکوو کۆمەڵەکەسێک کە لەم بوارەدا کار دەکەین، پێمان وا بوو دەتوانین هەنگاوێک هەڵبگرین و سەکۆیەک بۆ دیالۆگ لە نێوان هەمووماندا دروست بکەین. هەروەک لە «سەبارەت بە ئێمە»یشدا باسمان کردووە، ناوی «کۆمار» لەبەر ئەوە هەڵبژێردراوە کە بتوانین پێوەندییەک لەگەڵ ڕابردووی خۆیشماندا دروست بکەین. چونکوو دۆخی ئێستەمان زۆر گرێدراوە بە خودی ڕووداوی کۆمارەوە. ساڵەها دواتر لە ناو بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لەگەڵ دووپاتبوونەوەی ناوی کۆماردا ڕووبەڕوو دەبینەوە، ئەمەیش نیشاندەری ئەوەیە کە ئەو مێژووە هێشتا زیندووە و دەبێ خوێندنەوەی بۆ بکەین و وردتر لەسەری بوەستین. پێویستە ئەو ڕوونکردنەوەیەش بدەین کە کۆمار سەربەخۆیە و لە لایەن هیچ ڕێکخراوە و لایەنێکەوە ساپۆرتی مادی و غەیرەمادی وەرناگرێت. بۆ ئێمە زۆر گرنگ بووە کە بتوانین بە شێوەیەکی سەربەخۆ کار بکەین، ئەڵبەت ئەمە بەو واتایە نییە کە ئێمە ڕێکخراوەکانی کوردستان ڕەت دەکەینەوە، تەنها ئەوەیە کە لەسەر ئەو باوەڕەین پێویستە لە دەرەوەی ڕێکخراوەکانیش کۆمەڵە دەنگێکی سەربەخۆ دروست ببن کە بتوانن پۆتانسیەلە ناوخۆییەکانی کۆمەڵگای کوردستان بەهێزتر بکەن».
پەنێڵ: «دینامیکی سیاسەت و بەرەنگاری لە کوردستانی هاوچەرخدا»
هاوژین بەقاڵی، دوکتۆرای کۆمەڵناسی لە ناوەندی توێژینەوە کۆمەڵایەتییەکانی پاریس و لە دامەزرێنەرانی کۆمار کە نامەی دوکتۆراکەی لەسەر ئیسلامی سیاسی نووسیوە، وەک یەکەم کەس بابەتەکەی خۆی لە ژێرناوی «حیجاب وەک هێمایەک بۆ گوتاری ئیسلامی سیاسی لە میانەی ڕێکخستنەوەی ئایین و دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا» پێشکەش کرد. باسەکەی هاوژین لەسەر ئەو پرسیارە بوو کە بۆچی حیجاب بووەتە بناغەی کۆماری ئێسلامیی ئێران تا ئەو ئاستە کە مان و نەمانی خۆی گرێ داوە بە پرسی حیجاب و باڵاپۆشیی ژنانەوە. لە وەڵامی ئەم پرسیارەیشدا، سەرەتا کۆماری ئێسلامیی وەکوو بەشێک لە گوتاری ئیسلامی سیاسی پێناسە کرد، گوتارێک کە باڵی بەسەر دونیای ئێسلامدا گرتووە و بۆ یەکەم جار لە ساتەوەختی لەدایکبوونی کۆماری ئیسلامی و لە ئێراندا توانیی بە دەسەڵات بگات. بە باوەڕی هاوژین، وەڵامدانەوە بەم پرسیارە پەیوەستە بە پێناسەکردنی گوتاری ئیسلامییەوە و تێگەیشتن لەوەی کە بۆچی و چۆن حیجاب بووەتە هێما و سەمبولی ئەم گوتارە.
هاوژین بەقاڵی بەم جۆرە پێناسەی ئەم دیاردە کاریگەرەی دونیای ئەمڕۆی کرد:
«گۆتاری ئیسلامی سیاسی زادەی دونیای مۆدێرنە و بەرهەمی دابڕانێکە لە ناو دونیای ئیسلامدا لە گوتارە ئیسلامییە زاڵەکەی پێش خۆی. ئیسلامی سیاسی کە پاش ڕووخانی ئیمپراتۆریای عوسمانی لە سالی ١٩٢٤دا لە دایک دەبێت، گوتارێکە کە بە سەرچەشن وەرگرتن و گەڕانەوە بۆ پرۆسەی دەوڵەتسازی لە وڵاتانی دوای عوسمانیدا سەرلەنوێ خۆی دادەڕێژێتەوە. بناغەی ئەم پرۆسەیە ڕێچکەیەکی ناوەندگەرایانەی هەیە و بەرهەمەکەی کۆمەڵەدەوڵەتێکن کە زیاتر لە هەمیشە مەیلیان بە سەرپەشتیکردن و خستنە ژێر ڕکێفی هەموو شتێکە و هەر بۆ زاڵکردنی هێژمۆنیی خۆیان بەسەر کۆی جومگەکانی کۆمەڵگەدا دەست بە بونیاتنانی ڕێکخراوەکانیان دەکەن. ئایینێک کە بە پێڕەوی لەم مۆدێلە لە ناو گوتاری ئێسلامیدا ساز دەبێتەوە، ئایینێکی دەسەڵاتخوازە کە پێی وایە خودا دەتوانێ وەک دەوڵەت چاودێریی هەموو شتێک بکات و یاسا بۆ هەموو شتێک دابڕێژێت، تەنانەت بۆ ژیانی رۆژانە و ئاسایی تاکەکانیش. ئەمەش پێچەوانەی ئەو پرۆسەیە کە لە ئەورووپا ڕوو دەدات؛ لەوێ ئەمە دەوڵەتە کە بە پێڕەوی لە ئایینی مەسیحی ڕێکخراوەکانی خۆی لەسەر بنەمای ناوەندگەرایی دادەمەزرێنێت. لە ناو گۆتاری نوێی ئێسلامیدا، واتای ئایین و دەوڵەت و ئەرکەکانیان وەک یەکیان لێ دێت و هەردووکیان بەو مەیلە گەورەیەوە کە بۆ چەسپاندنی سیاسەتی پۆلیسی بە مەبەستی بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵایەتی هەیانە، هەوڵ دەدەن جەستەی ژن بە چەشنێک بخەنە ژێر کونترۆلەوە و ڕێکی بخەن کە «سەرباز» و «کرێکار»یان بۆ بەرهەم بێنێتەوە. حیجاب ماکێکی بنچینەییە لە زاڵکردنی ئەم سیاسەتەی ئیسلامی سیاسیدا، واتە کاتێک ئایین و سیاسەت ئاوێتە دەبن و لەسەر یەک بناغە دێنەوە بەرهەم، کۆنترۆڵ دەبێتە بنچینەی دەسەڵات و حیجابیش دەبێتە هێما و سەمبۆلەکەی».
هاوژین لە درێژەدا بە وردی لەو میکانیزمە سیاسی-ئابووری-کۆمەڵایەتیانە دوا کە حیجاب دەگۆڕن بۆ پنتێکی بنەمایی لە ناو هەرچەشنە دەوڵەتێک و دەسەڵاتێکدا کە بەپێی گوتاری ئیسلامی سیاسی ڕۆ نرابێت.
جەمیل ڕەحمانی، دوکتۆرای کۆمەڵناسی لە زانکۆی خاڕەزمیی تاران، توێژەر لە بواری بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا و لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری کۆمار، لە وتارەکەی خۆیدا لە ژێرناوی «بزووتنەوەی ژینگەپارێزیی ڕۆژهەلات دووبارەبوونەوەی جیاوازی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان»، پێوەندیی نێوان ئەم دوو بزووتنەوەیەی لێک دایەوە. جەمیل سەرەتا بە گەڕانەوە بۆ تیۆرییەکانی بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان، بزووتنەوەی ژینگەپارێزیی وەک بزووتنەوەیەکی نۆی و بزووتنەوەی نەتەوەیی وەک بزووتنەوەیەکی کۆن پێناسە کرد. پاشان و لە خوێندنەوەی پێوەندیی نێوان ئەم دوو بزاڤەدا وتی: «بە پێچەوانەی ئەزموونی ئەوروپایی کە بزووتنەوەی نوێ وەک دابڕانێک لە بزووتنەوەی کۆن (بزووتنەوەی کرێکاری بۆ نموونە) پۆلێنبەندی دەکرێت، لە ناو نەتەوە بێدەوڵەتەکاندا بە هۆی بەهێزبوونی بزووتنەوەی نەتەوەییەوە زۆرجار بزووتنەوەی نوێ درێژەپێدەری هەمان بزووتنەوەی کۆنە و تەنانەت دەبێتە هۆی بەهێزتربوون و پەرەسەندنیشی».
جەمیل لە درێژەدا وتی: «بەپێی میتودی «شیکاریی گوتار» بەو دەرئەنجامه گەیشتووم که له ناو بزووتنەوەی ژینگەپارێزیی ڕۆژهەڵاتدا دوو گوتاری سەرەکی هەن کە بریتین له «ئێکۆناسیۆنالیزم» و «کۆمەڵگەی ئێکۆلۆژیک». دەشێت گوزارەی سەرەکیی ئێکۆناسیۆنالیزم ئاوا دەسنیشان بکرێت که تێکدانی ژینگەی کوردستان له لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە لایەنێکی ترە له زنجیرەلایەنەکانی داگیرکاری و ئامانجی دەوڵەت بەکارهێنانی ژینگەی کوردستانە وەک ناوچەیەکی پەراوێزخراو بۆ ئەوەی بیخاتە خزمەت بەهێزکردنی ناوەندەوە. هەروەها گوزارەی سەرەکیی «کۆمەڵگەی ئێکۆلۆژیک» دەکرێ لەو خاڵەدا ڕوون بکرێتەوە که ڕیشەی کاولکاریی ژینگه له سەردەمی ئێستادا دەگەڕێتەوه بۆ ئەو سیستەمەی که دەوڵەت نەتەوە، سەرمایەداری و پیاوسالاری بناغەکەیان پێک هێناوه. بەهێزبووونی ئەم دوو گوتاره له پانتای بزووتنەوەی ژینگەپارێزیی کوردستاندا نیشان دەدات کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بزووتنەوەی ژینگەپارێزی توانیویەتی لە ئاستی گوتاریدا، گوتارە سیاسییەکانی ناو مەیدانی خەباتی نەتەوەیی ئێکۆلۆژیزە بکات و هاوکات بە ئەمئەوەکیکردنی «نیشتمان» و «ژینگە» هەستیاریی خەڵک بە نیسبەت ژینگەی کوردستان و هەروەها سیاسەتە کۆلۆنیالیستییەکانی دەوڵەتی ئێرانەوە زیاتر بکات و گوتاری دژەهێژمۆنی بەهێز بکات. ئەم بزووتنەوەییە هەروەها توانیویەتی لە ئاستی ڕێکخراوەییشدا تا ڕادەیەک کۆمەڵگا بە شێوەیەکی دیمۆکراتیک بەڕێکخستن بکات و توانای کۆمەڵگا (Resilience) لە بەرانبەر ڕووداوە سروشتییەکاندا بباتە سەر (کاردانەوەی ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکان لە کاتی بوومەلەرزەکەی سەرپێڵدا وەک نموونە).
پاشان سەردار سەعدی، دوکتۆرای ئانترۆپۆلۆژیا لە زانکۆی تۆرۆنتۆی کەنەدا، هاوسەرۆکی ئەنستیتۆی زانستە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکان لە زانکۆی ڕۆژئاوا لە قامیشلۆ و لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری کۆمار، وتارەکەی خۆی لە ژێرناوی «ژن، ژیان، ئازادی و سیاسەتی یۆتۆپیایی لە کوردستاندا: گەڕان بۆ داهاتوو» پێشکەش کرد. سەردار سەرەتا ئاماژەی بەوە دا کە باسەکەی لەسەر بنەمای نووسینێک پێشکەش دەکات کە ساڵی ڕابردوو بڵاوی کردووەتەوە و لەوێدا لەسەر زەروورەتی بزووتنەوەیەکی داهاتووگەری کوردی یان کوردۆفۆتۆریزم قسەی کردووە. لە درێژەیشدا بەم جۆرە بابەتەکەی کردەوە:
«دەسپێکی ئەم بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ ڕەخنەیەک لە یەکێک لەو چەندین بەرنامەیە کە لەو کاتەدا لەسەر شۆڕشی ژینا دەبەستران. لەو بەرنامەیەدا یەکێک لە بەشداربوان وتبووی داهاتوو بوونی نییە و دەبێ لەسەر ئێستە قسە بکەین. بەڵام جیا لەو بەرنامەیەیش، ئەوەی وەک خۆم لە زۆربەی دانیشتن و کۆڕ و کۆبوونەوەکانی ئەو قۆناغەدا دیتم، بزربوونی ماکی یۆتۆپیا لە ئاست ئێراندا بوو، تەنانەت ئەو پرسیارەیش کە ئایا ئێران دەتوانێت شوێنێک بێت بۆ یۆتۆپیا قەت گەڵاڵە نەکراوە. ئەمە لە کاتێکدا کە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی خۆی لە هەناوی سیاسەتێکی یۆتۆپیایی و لە کوردستانەوە هاتووەتە بەرهەم، بەڵام هەموان لە هەوڵی ئەوەدا بوون کە کۆنترۆڵ، چەواشە یان داگیری بکەن».
سەردار سەعدی پاشان ئاوڕی لە ئاخێزگەی مێژوویی دروشمەکە دایەوە:
«تاوتوێکردنی مێژووی ئەم دروشمە لە بزووتنەوەی ژنانی کوردستان و ئەندێشەکانی ڕێبەری زیندانیی کورد عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا، کە زۆربەی نووسراوە فارسییەکان ئامادە نین هیچ ئاوڕێکی لێ بدەنەوە، نیشاندەری تایبەتمەندیی بزۆزی ئەم دروشمەیە و مزگێنییەکە بۆ گەڕاندنەوەی سیاسەت و بیری سیاسی بۆ بنەماکانی خۆی و بۆ لای سەرکوتکراوان و پەراوێزخراوان. ئۆجەلان ساڵی ٢٠١٣ لە نامەیەکدا بۆ هەڤاڵانی ژنی خۆی لە پارتی کرێکارانی کوردستاندا، باس لە ژن، ژیان، ئازادی وەک فۆرمووڵێکی سیحریی شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا دەکات. ئۆجەلان لەسەر ئەو باوەڕەیە کە هەر پرۆژەیەک بۆ داهاتووی ئەم ناوچەیە پرۆژەیەکی یۆتۆپیاییە و ئەم بۆچوونە پارادایمەکەی خۆیشی، پارادایمی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیک، دەگرێتەوە کە لەسەر بنەمای خۆبەڕێوەبەریی دیمۆکراتیکی کۆمەڵگە جیاوازەکانی ناوچەکە، ڕزگاریی ژنان، ئابووریی کواپراتیڤ و ئێکۆلۆژیک و هاوژیانیی کۆمۆناڵ بونیاد نراوە؛ پارادایمێک کە پراتیکەکەی لە ڕۆژئاوای کوردستاندا دەیبینین. لەم سیاسەتەدا یۆتۆپیا بە واتای خەیاڵکردنی ئەبستراکت نییە، بەڵکوو ژیانی ڕۆژانەی خەڵکێکیش کە لە دۆخی بەرەنگاری و خەباتدان دەگرێتەوە. ئەڵبەت من دژ بە خەیاڵکردنی ئەبستراکت و ڕۆمانتیک نیم و بە پێچەوانەوە پێم وایە بۆ ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێویستیی ئەم جۆرە سیاسەتە لە سیاسەتی پراگماتیکی زیاترە. دوایین خاڵ ئەوەیە کە لە پارادایمەکەی ئۆجەلاندا، لەو وڵاتانەی کە خەڵک لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمە ستەمکارە حاکمەکاندا دەژین، کورد وەکوو هێز و دینامیکی شۆڕش لە بەرچاو گیراوە. ئەمە پێچەوانەی ئەو شتەیە کە لە نووسین و بیرکردنەوەی تیۆریسیەنەکانی ئێرانشاریی چەپ و ڕاستدا دەیبینین کە هەموو هەوڵیان ئەوەیە سیاسەت لە کوردستاندا دابەزێنن بۆ سیاسەتی شوناسگەرا، کەمینەیی و قەومی-خێڵەکی».
سهحهر باقری، خوێندکاری دوکتۆرای ئابووریی سیاسی، مامۆستای یاریدهدەر له زانکوی سۆربۆنی پاریس نۆرد و لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری کۆمار، دوایین وتاری پەنێلەکەی بە ناوی «خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی کورد؛ «ئەویتر»ی سیستەمی جیهانیی دەوڵەت-نهتهوه» پێشکەش کرد.
سەحەر تیشکی خسته سهر پێگهی خهباتی ڕزگاریخوازانهی نهتهوه بێدهوڵەتەکان له نهزمی جیهانیی دەوڵەت-نەتەوەدا بە گشتی و نهتهوهی کورد له ڕوژههلاتی کوردستاندا بەتایبەتی. بە باوەڕی ئەو «تێگەیشتن لە دۆخی هەنووکەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتدا بەبێ ئەوەی چاوێکمان لە نەزمی جیهانی بێت، تێگەیشتنێکی تۆکمە و تەواو نییە. هەر بۆیە ڕوانگەی نیونەتەوەیی بۆ پرسی کورد یارمهتیمان دهدات بزانین بۆچی بزووتنهوهی نهتهوهیی کورد دوای نزیکهی سهدهيهک خهبات و تێچووی فراوان، سەڕەڕای هەندێ دهرفهتی مێژوویی گرینگ، نهیتوانیوه پشتیوانیی یاسایی نێونهتهوهیی بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و پۆزەیشێنی سیاسیی خوی لە نهتهوهیەکی بندهست و بێدەوڵەتەوە بگۆڕێت بۆ نهتهوهیهکی خاوهن مافی سهروهری. بۆ ئەم مەبەستە دەبێ بزانین نەزمی جیهانیی دەوڵەتەکان، چۆن پرسی نەتەوە بێدەوڵەتەکان پێناسە دەکات و بەربەستەکان لە بەرانبەر خەباتی سیاسیی ئەواندا چین و کامانەن».
سەحەر باقری لە ڕوونکردنەوەی ئەم بابەتەدا وتی: «لەم بوارەدا دەتوانین سێ قوناغی گرنگ دیاری بکەین کە یەکەمینیان قۆناغی دوای شەڕی جیهانیی یەکەمە. لەم قۆناغەدا پرسی نەتەوە بەکەمینەکراوەکان تەنها لە وڵاتە ڕۆژئاواییەکاندا وەکوو پرسێکی نێونەتەوەیی پێناسە ئەکرا. هاوکات زلهێزە کۆلۆنیالیست و ئەمپریالیستەکان مافی دیاریکردنی چارەنووسیان بە شێوازێکی پراگماتیستی بە هەندێک نەتەوە بەخشی و کۆمەڵێک دەوڵەت لە ئەنجامی شەڕ و دانوستاندا پێک هاتن. هەر لەم میانەیەدا، دروستکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوین و دابەشکردنی کوردستان بەسەر چوار دەوڵەتدا گوڕانگارییەکی مەزنی لە دۆخی کورددا دروست کرد و کوردەکان بوون بە «کەمینەی نەتەوەیی» و پرسی کورد کارەکتەرێکی تایبەتی بە خۆ گرت، واتە لە پێناو قازانجە سیاسی، ئابووری و ژیۆپۆلەتیکییەکانی دەوڵەتانی ناوچە و هەروەها زلهێزەکاندا کرا بە پرسێکی نێوانسنووری (cross-border issue. هەر بۆیەش ئەم دەوڵەتانە سەڕەرای هەموو جیاوازی و دژبەرییەک کە هەیانە، لەسەر پرسی کورد هاودەنگن و ڕێگە نادەن گۆڕانکاریی ڕادیکاڵ لە دۆخی کورددا دروست بێت. لە دوای شەڕی جیھانیی دووەم و زاڵبوونی لیبراڵیزمی ئەمریکی، گوتاری «مافی مرۆڤی تاکەکەسی» وەکوو بنەمایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوان دەوڵەت و کەمینە نەتەوەیی، زمانی و ئەتنیکییە ژێرستەمەکاندا پێشنیار کرا. لەم قۆناغە بەولاوە پرسی نەتەوەی بێدەوڵەت چیتر وەکوو پرسێکی نێونەتەوەیی پێناسە نەکرا و دابەزێنرا بۆ پرسێکی نێوخۆیی، ئەمەیش بە مەبەستی پاراستنی سەروەری و یەکگرتوویی خاکی دەوڵەتەکان. لەم سەردەمەدا بوو کە کۆماری کوردستانیش پێک هات، بەڵام نەیتوانی لە دەرەوەی کوردستان و لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا پاڵپشتی وەربگرێت، چونکوو سەردەم ئیدی سەردەمی چەسپاندنی لیبراڵیزمی جیهانگیر و گۆتاری مافی مرۆڤ بوو. لەگەڵ ئەمەشدا، کۆمار هاوکات بوو لەگەڵ خەباتی دژەکۆلۆنیالیستیدا، بەڵام سێ پێشمەرجی ئۆریەنتاڵیستی لە یاسای نێونەتەوەییدا بۆ شەرعیەتبەخشین بە داواکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس، کوردی لەو مافە بێبەش ئەکرد».
سەحەر پاش ئەم شیکارییە ئاوڕی لە دۆخی نەتەوە بێدەوڵەتەکان لە قۆناغی شەڕی سارددا دایەوە:
«ڕووداوەکانی دوای شەڕی سارد دیسان پرسی نەتەوە بێدەوڵەتەکانی هێنایە ئاراوە و بوو بە پرسێکی ئەمنی بۆ دەوڵەتە ئەوروپیەکان. گوتاری مافی مرۆڤ و ستانداردە لیبراڵییەکان دیسان وەکوو باشترین چارەسەری کێشەی نێوان کەمینە نەتەوەییەکان و دەوەڵت پێشنیار کرا، بەڵام بە چڕبوونەوە لەسەر دروستکردنی مۆدێلی «هاووڵاتیی نەتەوەیی» کە تێیدا گەرچی جیاوازییە کولتووری و ئەتنیکییەکان بە فەرمی دەناسرێن و ددانیان پێدا دەنرێت، بەڵام هەر لە دووتوێی گۆتاری مافی مرۆڤدا وەڵامیان بۆ دەدۆزرێتەوە. لە ڕاستیدا لە دوای شەڕی جیھانیی دووەمەوە هەتا ئێستا، لەگەڵ زاڵبوونی لیبراڵیزمی جیهانگیر و گوتاری مافی مرۆڤدا، پرسی نەتەوەی بێدەوڵەت نەک وەک پرسێکی بەکۆمەڵ (واتە لە ئاستی گرووپ و کۆمەڵدا) بەڵکوو وەک پرسێکی تاکەکەسی پێناسە دەکرێت. گوتاری مافی مرۆڤ هیچ گەرەنتییەکی کرداریی نییە و تەنیا کۆمەڵێک پێشنیار ئاڕاستەی دەوڵەتەکان دەکات. بۆیە لە ڕاستیدا کاریگەرییەکی ئەوتۆی نییە. لە ئەنجامی ئەم جۆرە پێناسەکردن و دابەزاندنەی پرسی نەتەوەی بێدەوڵەتدا بۆ پرسێکی تاکەکەسی، ئیدی ئەم نەتەوانە ناتوانن داوای مافە کۆیی و بەکۆمەڵەکانیان، لەوانە مافی دیاریکردنی چارەنووس و سەروەریی سیاسی، بکەن. گوتاری لیبراڵیی مافی مرۆڤ و یاسای نێونەتەوەیی بە ناساندنی دەوڵەت وەکوو یەکینەی سەرەکیی نەزمی جیهانی، هاوکات لەگەڵ وەدەرنانی سیاسیی نەوتەوە بێدەوڵەتەکاندا لەو نەزمە، بە پێشنیارکردنی کۆمەڵێک ستانداردی تاکەکەسی و ئایدیۆلۆژیای گەشەپێدان، دەیەوێت ئەم گرووپانە لە ناو نەزمی دەوڵەتەکاندا بتوێنێتەوە. هەر بۆیەش خەباتی ڕزگاریخوازیی کورد لە سەردمی کۆمارەوە هەتا ئێستا ئەویتری ئەم نەزمە جیهانییە بووە. نەزمێک کە خەباتی ڕزگاریخوازنە لە ناو گوتاری مافی مرۆڤی تاکەکەسیدا فیلتەر دەکات و خەبات بۆ مافی بەکۆمەڵ و سەروەریی سیاسی لە شەرعییەت دادەماڵێت».
لە کۆتایی پەنێلەکەدا بەشداربوانی دانیشتنەکە هەندێ پرسیاریان ئاڕاستەی ئەو چوار کەسە کرد و ئەوانیش وەڵامی پرسیارەکانیان دایەوە.
مێزگرد: «دیالێکتیکی حیزب و کۆمەڵگا لە میانەی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا»
لە بەشی دووهەمی دانیشتنی کردنەوەی ماڵپەڕی کۆماردا، مێزگردێک لە ژێرناوی «دیالێکتیکی حیزب و کۆمەڵگا لە میانەی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا» بەڕێوە چوو. بەشداربوانی مێزگردەکە بریتی بوون لە سوهەیلا قادری، دوکتۆرای مێژوو لە زانکۆی سۆربۆنی پاریس، نیاز عەبدوڵڵا، ڕۆژنامەوان و بەرگریکاری مافەکانی مرۆڤ و سەباح نەسری، ماستەری زانستە سیاسییەکانی زانکۆی تاران و زیندانیی سیاسیی پێشوو. ئەم مێزگردە لە لایەن عەدنان حەسەنپوورەوە، لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری کۆمار، بەڕێوە چوو.
مۆدێراتۆری مێزگردەکە سەرەتا ئاماژەی بەو ڕەخنانە کرد کە بە تێکڕایی ئاڕاستەی سەرجەم حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کراوە و لە سەروبەندی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا بە شێوەیەکی قووڵتر و جیدیتر لە لایەن دەستەبژێران و تەنانەت خەڵکی کوردستانەوە بۆ جارێکی تر هاتنەوە ڕوو و وتی: «حیزبەکان هەم خاڵی بەهێزی ئێمەن و هەم خاڵی لاوازیمان؛ ئەوان توانیویانە ڕێگر بن لە دامرکانەوەی بزووتنەوە و خەباتی کوردستان و ببنە هۆکاری خۆڕێکخستن و بەسیاسیبوونی کۆمەڵگەی کوردستان، بەڵام هاوکات نەیانتوانیوە لەگەڵ گۆڕان و وەرچەرخانەکانی دونیادا چاکسازی و گۆڕان لە خۆیاندا دروست بکەن و هەر بۆیە ئێستە لە زمانی کۆمەڵگا تێناگەن و لە قەیرانێکی جیدیدا دەژین».
لە درێژەدا سوهەیلا قادری وەک یەکەم کەس و لە وەڵامی پرسیارێکدا لەسەر ناتەوابوون و لاوازبوونی حیزبەکان لە کاری دیپلۆماسیدا، سەرەتا جیاوازیی لە نێوان هەردوو چەمکی «لۆبی» و «دیپلۆماسی»دا کرد و وتی کە پێوەندییە دەرەکییەکانی کورد لەبەر نەبوونی دەوڵەت تەنها دەتوانێت لە چوارچێوەی لۆبیگەریدا پێناسە بکرێت و ناچێتە ناو بەستێنی دیپلۆماسییەوە. ئینجا بە گەڕانەوە بۆ ئەزموونە سیاسییەکانی ڕابردووی خۆی، باسی لەو هەوڵانە کرد کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا بۆ کۆکردنەوە و یەکخستنی حیزبەکانی سەرجەم کوردستان بە مەبەستی پێکهێنانی سیاسەتێکی یەکگرتووی کوردی بە ئەنجام گەیەنراوە. سوهەیلا قادری جیا لە بەشداریکردن لە خەباتی سەردەمی شۆڕشی ١٩٧٩، لە ساڵانی کۆتایی نەوەدەکانی زایینی و سەرەتای سەدەی بیست و یەکیشدا وەک بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی «ناوەندی میتەران» کاری کردووە و لە هەموو هەوڵەکانی «دانیەل میتەران»دا بۆ برەودان بە دۆزی کورد بەشدار بووە. هەر بۆیە هەوڵی دا لە سۆنگەی ئەزموونە کەسییەکانی خۆیەوە گێڕانەوەیەک بۆ هەوڵی دیپلۆماتیک و لۆبیگەریی کورد لەو دوو قۆناغەدا بکات و خەسارەکان دەستنیشان بکات.
سەباح نەسری وەک دووهەم کەس و لە وەڵامی پرسیارێکدا لەسەر هۆکارە مێژووی و تیۆریکەکانی قەیرانی بەردەم حیزبەکان، هەوڵی دا ئاوڕ لەو بەستەر و زەمینە کۆمەڵایەتی-فیکرییانە بداتەوە کە دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانیی تێدا لە دایک بووە و لەوێوە خوێندنەوەیەک بۆ پێکهاتن و گۆڕانکارییەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکات. بە باوەڕی ئەو، حیزبەکانی ئێمە قەت نەیانتوانیوە ببنە خاوەن بیرکردنەوە و گوتارێکی بنچینەیی و خۆکرد و هەمیشە خۆیان داوەتە دەستی دۆخی سەردەم و ئەو دۆخە بە هەر بارێکدا ڕۆیشتبێ ئەوانیش هەمان ئاڕاستەیان گرتووەتە پێش. ڕەنگە لە سەردەمی دامەزراندنی کۆمەڵەی ژێ کاف و پاشان حیزبی دیمۆکراتی کوردستاندا توانای کۆمەڵگەی کوردستان بۆ ئافراندنی بیرێکی سەربەخۆ و دانانی بناغەیەکی خودتەوەر زۆر نەبووبێت و هەر بۆیە ئەم ڕەخنەیە هێندە ئەو سەردەمە نەگرێتەوە. بەڵام تەنانەت لە قۆناغەکانی دواتریشدا و پاش دامەزرانی ئەو حیزبەکانی دیکەیش، کۆمەڵە و پەژاک، ئەم ڕەوتە هەر درێژەی هەبوو و تا ئێستە مەیل و خواست و توانایەکی جیدی بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە ناتەواوە و دروستکردنی هێژمۆنییەکی فیکریی کوردستانی لە لای حیزبەکانمان نابینین. ئەوان نەیانتوانیوە خۆیان لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم بێگوتارییە بپارێزن و هەر بۆیە ئەو دیاردەیە وەک خەسارێکی قەیراناویی قووڵ لە کۆی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستاندا ڕەنگی داوەتەوە. بە باوەڕی سەباح، هەتا حیزبەکان نەتوانن خۆیان لەم دۆخە ڕزگار بکەن ناتوانن ئەو قەیرانەی ئێستە دەرباز بکەن.
نیاز عەبدوڵڵا وەک سێهەم کەس بەشداریی لە مێزگردەکەدا کرد و لە ڕوانگەیەکی بەراوردکارانەوە هەوڵی دا کێشە و قەیرانە هاوبەشەکانی نێوان حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان دەستنیشان بکات. نیاز کە ڕۆژنامەوانێکی ناسراو و ڕەخنەگرێکی ڕادیکاڵی ئەزموونی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، وێڕای جیاکردنەوەی قەوارە و کیانی هەرێم لە حیزبە دەسەڵاتدارەکان، باسی لەو کێشە قووڵانە کرد کە لە لایەن و لە ناو حیزبەکانەوە بەرۆکی خەڵکی باشووری گرتووە و ئەو تاقە دەسەڵاتە کوردییە فەرمییەی خستووەتە بەردەم هەڕەشەی قووڵەوە. ئینجا بەراوردێکی کرد لە نێوان پێکهاتە و بنەما فیکری و بابەتییەکانی حیزبەکانی ئەم دوو پارچەیەی کوردستاندا و بە گێڕانەوەی ئەزموونی باشوور، ڕەخنە و پێشنیارەکانی بۆ ڕۆژهەڵات پێشکەش کرد.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمی کردنەوەی ماڵپەڕی کۆماردا، دەستەی دامەزرێنەر سوپاسی خۆیان ئاڕاستەی بەشداربوان کرد و هیوایان خواست کۆمار بتوانێک کەلێنێک لە کەلێنەکانی بەستێنی نووسین و بیرکردنەوەی ڕۆژهەڵات و هەموو کوردستان پڕ بکاتەوە.
لە کاناڵی تێلێگرامی «کۆمار»ـەوە دەتوانن فایلە دەنگییەکانی دانیشتنی کردنەوەی ئەم ماڵپەڕە ببیسن.