شکاندنی تەکووزی سەردەست؛ هەوڵدان بۆ ڕزگاربوون لە دۆخی بندەستی

  • Jun 26, 2024   |   عەدنان حەسەنپوور

دەسپێک

لە دونیای هاوچەرخدا و بە پشتبەستن بەو ئیمکان و دەرفەتانەی دەوڵەتی مۆدێرن فەراهەمی دەکات، سەرکوتکردنی ئەو پرس و بابەت و لایەنانەی لە پانتای بەرژەوەندییەکانی سیستەم و تەکووزی زاڵدا ناگونجێن، زۆر ئاسانتر بووەتەوە. بە پێچەوانەی سەردەمی پێش مۆدێرن کە هیچ دەسەڵات-دەوڵەتێک توانای کۆنترۆڵکردنی سەرجەم جومگەکانی کۆمەڵگای نەبوو و هەمیشە جۆرێک لە دابەشبوونی دەسەڵات لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکاندا دەبینرا، لە دەوڵەتی مۆدێرندا و بە هۆی پاوانی کۆی سێکتەرەکانی دەسەڵاتەوە لە دەستانی دەوڵەتی دەسەڵاتداردا، دەرگایەکی گەورە بە ڕووی ئاوا ئیمکانێکدا کراوەتەوە. تۆماس هابز وەک یەکەم داڕێژەری تیۆریی دەوڵەتی مۆدێرن، پێی وا بوو مرۆڤ دەبێ بەتەواوی ملکەچی هەر دەوڵەتێک بێ کە لە ئێستەدا دەسەڵاتی بە دەستە، چونکوو تەنها دەوڵەتە کە دەتوانێ ئاشتەوایی مەدەنی بپارێزێت و ڕێگر بێ لە هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی. لەم سۆنگەیەوە، بەدەر لە ویستی سروشتی و ناوەکیی هەر دەسەڵاتێک بۆ بەرینکردنەوەی پانتای هێزی خۆی تا دواڕادەی مومکین، دەوڵەتی مۆدێرن خاوەن پاڵپشتێکی تیۆریکی ئەقڵانیشە بۆ پاوانکردنی کۆی سێکتەرەکانی دەسەڵات لە دەستانی خۆیدا.

لێرەوە دەوڵەت بەرەبەرە پەلی بۆ هەموو ئەو جومگە و کەرتانە هاوێشت کە لە دونیای پێشوودا بە هۆکاری جیاواز لە کۆنترۆڵی ڕەهایدا نەبوون و فۆرمێکی فرەڕەنگ و فرەچەشنیان هەبوو. بۆ وێنە سوپای ئیمپراتۆر و پاشاکان ئاوێتەیەک بوون لە هێزی چەکداری ئاغاکان، عەشیرەتەکان و خێڵەکان کە لە پێناو بەرژەوەندییەکی هاوبەشدا بۆ ماوەیەکی کاتی یەکیان دەگرت، بەڵام هەمیشە ئەگەری لێکترازان و پێکداهەڵپژان لە پێناو بەرژەوەندییە تایبەتترەکانی خۆیان لە ئارادا بوو. هەر بۆیە حاکم ناچار بوو ڕێز لە ئاستێک لە سەربەخۆیی ئەو پێکهاتە جیاوازانە بگرێت و تەنها هەوڵی هاوسەنگکردن و لێکگرێدانی بەرژەوەندییەکان بدات. یاخود کەرتی پەروەردە و کولتوور کەرتێکی تەواو خودئۆتۆنۆم بوو و هەموو پێکهاتەکان زمان و کولتووری تایبەتی خۆیان دەژیان و تا ڕادەیەکی زۆر لە مەترسیی داگیرکران لە لایەن دەسەڵاتی دونیای پێشمۆدێرنەوە پارێزراو بوو، هەر ئەمەش وای کردبوو تواندنەوەی کولتووری کارێکی ئەستەم و بگرە نامومکین بێت.

 

بەڵام دەوڵەتی مۆدێرن دەسەڵاتی یەکانگیری خۆی بەسەر هەموو جومگەکانی کۆمەڵگەدا سەپاند و بوو بە تاقەخاوەن و بەڕێوەبەری هەموویان. بۆ وێنە بە کۆنترۆڵکردنی هەمان کەرتی پەروەردە لە ڕێگەی دامەزراوەکانیەوە، دەسەڵاتی کۆنترۆڵکردنی زمان و ئەندێشەی قۆرخ کرد و توانیی تا ڕادەیەکی زۆر بەو جۆرەی خۆی دەیهەوێ زمان و باوەڕەکانی کۆمەڵگە ئاڕاستە بکات. دەوڵەتی مۆدێرن بە یەکانگیربوون لەگەڵ فۆرمی دەوڵەت-نەتەوەدا ماکێکی قۆرخکارانەی دیکەی بە ڕووبەری دەسەڵاتدارێتی زیاد کرد کە هەمان ڕۆنانی سیاسەتە لەسەر بنەمای ڕەگەز، نەتەوە، کولتوور و زمانێکی تاقانە یان بەهاوبەشکراو. «بەزۆرینەبوون» و «بەکەمینەبوون» بەرهەمێکی بێئەملاولای دامەزرانی دەوڵەت-نەتەوەیە لە جوگرافیایەکی فرەنەتەوە یان فرەچەشندا؛ «زۆرینە» تایبەتمەندی و مەیلەکانی خۆی پیرۆز دەکات و پاشان دەیسەپێنێت، «کەمینە»یش بندەست دەخرێت و ناچار دەکرێت بۆ وەرگرتنی مافە سەرەتاییەکان هەرچی زیاتر خۆی وەک سەردەست وێنا بکات و لەودا بتوێتەوە. لە ئەگەری قبووڵنەکردنی ئەم دۆخە داسەپاوەدا، بەکەمینەکراو پێ دەنێتە ناو ڕووبەری پڕتێچوو و نایەکسانی «دژبەری» و «بەرەنگاری»یەوە.[1] زۆرینە پاوانی دامەزراوەکان، ئابووری، توندوتیژی و سیاسەت دەگرێتە دەستی خۆی و کەمینە بەبێ هیچکام لەم فاکتەرانە و تەنها بە پشتبەستن بە جەماوەرێکی دەستخاڵی و کەمتوانا دەبێ بەرەنگاری دەوڵەتێکی تەیار و بەهێز ببێتەوە.

ئەم یارییە نایەکسانە لەگەڵ گەشەسەندنی تەکنۆلۆژیادا هێندەی تر نایەکسان بووەتەوە و هێزی دەوڵەت بۆ سەپاندنی ویستەکانی خۆی و داگیرکردنی هەرچی زیاتری کۆمەڵگە و خەڵکی بندەستکراو، سەد هێندەی تر پەرەی سەندووە. وردبوونەوە لە کۆی ئەو پرۆسەیە مەبەستی ئەم نووسینە نییە، لێرەدا دەمانەوێ بە شێوەیەکی زۆر سەرپێیی ئاوڕێک بدەینەوە لە هەوڵی دەوڵەت و کۆمەڵگەی ئێرانی بە گشتی بۆ دابەزاندن و لەگرفتخستنی[2] پرسی کورد و خەسار و ئاسەوارەکانی ئەم پلانە بەردەوامە لەسەر پرسی کورد و لەوێشەوە هەوڵدان بۆ بینینەوەی جومگە گشتییەکانی ڕێگەچارەیەکی گونجاو.

 

 

کوردستان لە پێچەڵپێچەکانی دەوڵەتی سەرکوتکاردا

دامەزرانی دەوڵەتی مۆدێرن لە ناوچەی ئێمەدا هاوکات بووە لەگەڵ داگیرکردن و پارچەکردنی هەرچی زیاتری کوردستاندا، ئەم لێکدابڕاندن و پارچەکردنە تەنها بە ڕووبەری جوگرافییەوە نەوەستا و یەکسەر پێی نایە نێو پلانی سەرکوتکردنی بەرەنگاری و خەباتی کوردانەوە کە بە میکانیزمی جیاواز بەڵام بە مەبەستی هاوبەشەوە بەڕێوە دەبرا. سڕینەوە یان شاردنەوەی کێشەی کورد دوامەبەستی هەموو ئەو دەوڵەتانە بوو کە دوای ئەم قۆناغە سەریان هەڵدا و هەرکامە بوونە خاوەن بەشێک لە کوردستان. سەرکوتکردن و قەڵاچۆکردنی کورد پێش لەم قۆناغەیش هەر ڕووی دابوو، بەڵام پاشخانی فیکری و تیۆریکی دەوڵەت نەتەوە -ڕۆنانی دەوڵەت لەسەر بنەمای نەتەوەیەکی تاقانە- گوڕوتین و هێزێکی سەدچەندانی بە پرۆسەکە بەخشی. ئەگەرچی بەکارهێنانی هێزی سەربازی و بەکۆمەڵکوشتن هەمیشە یەک لە ڕێکارە سەرەکییەکانی ئەو دەوڵەتانە بۆ سەرکوتکردنی کورد بووە، بەڵام قەت لەوەدا کورتیان نەکردەوە. بێگومان ئەگەر بۆیان کرابا هەر لە بنەڕەتەوە حاشایان لە بوونی نەتەوەیەک بە ناوی کورد دەکرد، بەڵام لە سەرەتایشەوە دیار بوو کە ئەوە کارێکی نەکردە و مەحاڵە، بەتایبەت ئێرانییەکان بە پێچەوانەی تورکەکان زۆرزوو لەو ڕاستییە گەیشتن.[3] ئالێرەوە بوو کە پلانی تواندنەوەی نەرم هاوتەریب لەگەڵ سەرکوتکردنی سەختدا بوو بە بەشێک لە کۆی مێژووی ناوچەکە. واتە چەسپاندنی ویست و دەسەڵاتی دەوڵەت تەنها لە ڕێگای هێزی ئاشکرا و سەخت یان هێزی دامەزراوەکانیەوە ڕووی نەدا، بەڵکوو زنجیرەگەڵاڵەیەکی تیۆریک و فیکرییش بۆ وەرگرتنەوەی شوناسی کوردبوون و گۆڕینی بۆ شوناسێکی دی -ئێرانی، تورکی، ئێراقی و سووری- لە ئارادا بووە و کاری پێ کراوە. ئەم گەڵاڵانە لە ڕێگای پلانێکی هەناسەدرێژ و ئاڵۆزەوە و بە میکانیزمێکی ئاوێتە لە دامەزراوە ڕەسمییەکان و نادامەزراوە شاردراوەکان جێبەجێ کراوە، واتە بە پێچەوانەی هێرشی سەربازی کە هیچ لایەن و ئامانجێکی نییە کە بە شاراوەیی بمێنێتەوە، گەڵاڵەی نەرمی تواندنەوەی شوناس و کولتوور هێندە هێواش و لەسەرخۆیە کە کەمتر هەستی پێ دەکرێت، هەر ئەمەیش تا ڕادەیەکی زۆر ڕێگە لە ناسینەوەی یارییەکە دەگرێت.

لە گەڵاڵە هەمیشەییەکەی ئەم دەوڵەتانەدا، دەبوو کورد بکرێتە پاشکۆی نەتەوە سەردەستەکان تاکوو دواجار بە یەکێک لە فۆرمە مومکینەکان لە خۆیاندا بیتوێننەوە. ئێستایشی لەگەڵ بێ، ئەوان لە باشترین حاڵەتدا پرسی کورد دادەبەزێنن بۆ کێشەی وەک «هەڵاواردن» و «گەشەی ناهاوسان» و هەوڵ دەدەن ئەم پێناسەیە بە جۆرێک بچەسپێنن کە خودی کوردیش قبووڵی بکات. قبووڵکردنی ئاوا سەرچاوەیەک بۆ کێشەی کورد مانای بزربوونی سەرچاوەی حەقیقیی خودی ئەو دیاردانەیش (هەڵاواردن و پەراوێزخران) کە بریتییە لە دامەزرانی دەوڵەت-نەتەوەی داگیرکەر لەسەر بنەمای نکۆڵیکردن لە نەتەوەکانی تر و داسەپاندنی شوناسی ساختەی تاکنەتەوەیی، بەو پێیەیش وازهێنان لە مافی سەرەوریی سیاسی و کورتکردنەوەی داخوازییەکان بۆ هەندێ تێرم و داخوازی لە چوارچێوەی «مافی هاووڵاتیبوون»دا.

دوامەبەستی «دابەزاندن»ی بابەتە کێشەلەسەرەکان، بە جۆرێک کە لە «سروشتی مێژوویی[4]»ی خۆیان جوێ ببنەوە، «نکۆڵیکردن» و «پاکتاوکردن»ی ئەو بابەتانەیە. بە دەربڕینێکی تر، لە گەڵاڵەی سڕینەوەدا پێویستە سەرەتا بابەتەکە لە بەرچاو بزر و نەدیتراو[5] بکرێت، واتە دابەزێنرێت بۆ شتێکی کەمبایەخ و ئاسایی و لەوێشەوە دەرفەتی وەرگرتنی کەسایەتی و شوناسی تایبەت و خود-تەوەری لێ بسنرێتەوە. بۆ ئەم مەبەستەیش گرنگترین ڕێکارێک کە دەگیرێتە بەر بریتییە لە ڕێگریکردن لە «بەپرسبوون» یان «بەگرفتبوون»[6]ی ئەو بابەتە. واتە دەبێ بکرێتە بابەتێکی ئاسایی و کەمبایەخ یان پاشکۆی پرسێکی دیکە و بەم چەشنە ئیمکانی بەگرفتبوونی سەربەخۆی پێ نەدرێت، چونکوو پرسی سەربەخۆ مەیلی بەرەولای دۆزینەوەی ڕێگەچارەی سەربەخۆیش دەڕوات. لە ئاوا پرۆسەیەکدا، دەشێت بابەتێکی زۆر گرنگ و گەورە لە باشترین حاڵەتدا بگۆڕدرێت بۆ بوونێکی وابەستە و گرێدراو بە بابەتێکی بە ڕواڵەت گەورەتر و هەمەگیرترەوە، واتە لە پرسێکی سەربەخۆوە دابەزێنرێت بۆ پاشکۆ یان «پاژ[7]»ی «گشت[8]»ێکی هەڵبەستراو. هەموو ئەمانەیش بە ئاڕاستەی هەمان دوائامانجی دەوڵەتدا کە بریتییە لە بەرینکردنەوەی مەیدانی دەسەڵات و تواندنەوەی هەر ماکێکی نەگونجاو لە ناو خۆیدا.

 

 

کورد وەکوو ماکێکی تێکدەر

بە درێژایی مێژووی سەدەی ڕابردوو، هەرکات دەوڵەتانی حاکم هێرشێکی سەرکوتکارانەی چەکدارییان کردبێتە سەر کوردستان، بە شێوەی هاوتەریب شەپۆلێکی گەورەی هەڵمەتی میدیایی و پڕوپاگەندەیشیان دژ بە کورد ورووژاندووە. ئەگەرچی فۆرمی ئەو هەڵمەتانە بە گوێرەی دۆخی سەردەم هەندێ جیاوازییان پێوە دیار بووە، بەڵام ئامانجی پشتەوەی هەرهەموویان یەک شت بووە؛ لە لایەکەوە ڕەوایەتیدان بە هێرشە چەکدارییەکە بە مەبەستی کۆکردنەوەی هێزی جەماوەری، لە لایەکی دیکەیشەوە داماڵینی مرۆڤێتی[9] لە تاکی بەرەنگاری کورد و لەوێشەوە داماڵینی ڕەوایەتی لە کۆی بزووتنەوەی کوردستان.

مەبەستی کورتماوەی ئەم هەڵمەتە دووجەمسەرییە بریتی بووە لە ڕووخاندنی ورە و باوەڕبەخۆبوونی خەڵک و شکاندنی هەرچەشنە ئیرادەیەک بۆ بەرەنگاری و ڕووبەڕووبوونەوە، هاوکاتیش ڕێگەنەدان بە دروستبوونی سۆز و پاڵپشتییەکی جەماوەری لە دەرەوەی کوردستاندا. بۆ وێنە لە پاش شۆڕشی ١٩٧٩ کە ڕژێمی تازەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بڕیاری هێرشکردنە سەر کوردستانی دابوو، بەپێی دۆخی ئەوکات هەڵمەتێکی گەورەی بڵاوکردنەوەی زانیاریی درۆ[10] خرایە گەڕ. لە ئەنجامی ئەم هەڵمەتەدا، وردەوردە سیمای کورد و بزووتنەوەکەی لە هەموو ئاستێکی میدیایی و جەماوەریدا لە نەتەوە و بزاڤێکی ئازادیخواز و خەباتکارەوە کە بەشداریی شۆڕشەکەیان کردبوو، گۆڕدرا بۆ کۆمەڵەخەڵکێکی ڕەشوڕووت و تاڵانکار و سەربڕی دژەشۆڕش و کافر کە «ئیسلام» و «یەکپارچەیی خاکی پیرۆزی ئێران» دەخەنە بەر مەترسییەوە. هەر بۆیە خومەینی توانیی بە فتوای جیهاد هێزێکی گەورە تەیار و ڕەوانەی کوردستان بکات بەبێ ئەوەی بچووکترین ناڕەزایەتی و دژایەتیی لە دەرەوەی کوردستاندا لێ بکەوێتەوە.

ئێستەیش کە نزیک بە نیوسەدە لەو کاتە تێدەپەڕێت و بانگەشەکانی ئەودەم تا ڕادەیەکی زۆر لە متمانە کەوتوون و زۆرینەی خەڵکی ئێرانیش دژ بە میراتەکەی خومەینین، هێشتا بەشێک لە خەڵکی ناوەند و ناوچەکانی تری جوگرافیای ئێران پێیان وایە کۆمەڵە و دیمۆکرات نەک دوو حیزبی سیاسی لە هەناوی بزووتنەوەیەکی سیاسی-کۆمەڵایەتیدا، بەڵکوو دوو تاقمی چەکداری خوێنڕێژ و تیرۆریست بوون و هەن کە خەڵکی بێتاوانیان کوشتووە و دەکوژن. تەنانەت لە ئێستەیشدا جارجار بەر هەندێ ئێرانیی دژبەری کۆماری ئیسلامی دەکەوین کە وێڕای هاوسۆزییان بۆ خەڵکی کوردستان و مافەکانیان، هێشتا حیزبەکانی ئێمە بە خوێنڕێژ و توندڕەو دەزانن. هەر بۆیە دەتوانین بڵێین داڕێژەرانی ٤٥ ساڵ لەمەوپێشی ئەو سیاسەتە، گەلێ سەرووتر لە زەمەنی خۆیان سەرکەوتنیان بە دەست هێناوە.

 

ئەگەر لەبەر ڕۆشنایی ئەم تێگەیشتنە مێژووتەوەرەدا ئاوڕێک بدەینەوە لەو زنجیرەهێرشە نووسراو و میدیاییە یەک لەدوای یەکانەی لە پاش ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادییەوە دەکرێتە سەر کوردستان، ڕەنگە ئیدی بە ئاسانی لە پێچەڵپێچی زانیاری و هەواڵسازی و وتارسازیی بەرفرەدا ون نەبین و سەرمان لێ نەشێوێت. حکومەت بە دروستی تێگەیشتووە کە دینامیکی سەرەکیی بزووتنەوەی ڕادیکاڵی ژن، ژیان، ئازادی لە کوردستاندایە؛ جیا لەوەی خودی دروشم و گوتارەکە بەرهەمی کوردستانە و توانیویەتی بە قورسی لە دەرکەوتەی هێمایینی ئایدیۆلۆژیای دەسەڵات بدات کە هەمان نەخشاندنی سیمای حکومەتی ئیسلامییە لە جەستەی ژنی حیجابداردا، هاوکات توانیویشیەتی بێتە هۆی هۆشیارکردنەوە و جووڵاندنی پێکهاتە و نەتەوەکانی تری ناو ئەو جوگرافیایە. دیارە ڕێکخراوبوون و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیی کوردستان کە بەرهەمی بەردەوامبوونی درێژمەودای بزووتنەوە بزۆزە سیاسییەکەیەتی، هۆکارێکی سەرەکی بووە لە ورووژاندنی گەورەترین و درێژخایەنترین زنجیرەی خۆپیشاندان، مانگرتن و ناڕەزایەتیی جەماوەری لە مێژووی دوای شۆڕشی ١٩٧٩دا. دەسەڵات هەروەها دەشزانێت کە کوردستان توانای ئافراندنی ئاسۆیەکی گەشبینانەی بۆ داهاتوو هەیە.

لێککۆبوونەوەی ئەم تایبەتمەندیانەیە کە ئیمکانی سەرکەوتن بۆ بزووتنەوەیەک دەڕەخسێنێت، دیاردەیەک کە تا ئێستا لە هیچکام لە نموونە هاوشێوەکانی پێشووی ناو جوگرافیای ئێراندا، لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩، نەبینرابوو. بەڵام کۆماری ئیسلامی بە باشی لەو ڕاستییەیش گەیشتووە کە تەنها بە سەرکوتی ڕەق و کوشتن ناتوانێ بزووتنەوەکە لە خشتە ببات و دەرگاکەی دابخات، بۆیە بە شێوەیەکی سروشتی ڕێکاری «داماڵینی ڕەوایەتی لە کوردستان»ی گرتە بەر. بەم پێیە، سەرچاوەی سەرەکیی هەموو هێرشەکانی ئەم دواییانە دەگەڕێتەوە بۆ بڕیار و پلانی وردی کۆماری ئیسلامی کە بە پشتبەستن بە زەمینە مێژووییەکانی «ئەویدی-فۆبیا»[11] لە زەینییەتی ئێرانیدا گەڵاڵەی کرد و توانیی تەنانەت دوژمنەکانی خۆیشی لەم پیلانەدا بەشدار بکات. پێویستە ئاماژە بەوەش بکرێت کە ئەم بابەتە تەنها وەک نموونەیەک بۆ دۆخی ئەم دواییانە وەرگیراوە نەک وەک گشتاندنێک بۆ ڕابردوو. بێگومان کورتکردنەوەی دیاردەیەکی مێژوویی هەناسەدرێژ بۆ ئیرادەی پەتیی دەوڵەتێک قەت ناتوانێ کۆی حەقیقەتەکە بپێکێت و وەک پێشتریش وترا، ئەم دیاردەیە پێش هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامییش هەبووە و کاری پێ کراوە و خۆی بەشێکە لە گەڵاڵە گەورەترەکە.

 

 

فاشیزم وەکوو نیشتوویەکی ژێنێتیک

لە قۆناغی نوێی پرۆژەی کوردستان-فۆبیادا، هەروەک ڕابردوو جەمسەرێکی نا-دەوڵەتیی دیکەیش بەشدارە کە بووەتە هۆی ئاڵۆزترکردنی هەرچی زیاتری یارییەکە؛ بەشداریکردنی توێژی خوێندەواری ئێران، بەتایبەت بەرەی چەپ، لە پلانەکەدا و بۆردومانی تیۆریکی کوردستان لە لایەن «دەستەبژێر»ی بەناو «ئازادیخواز» و «چەپ»ی ئێرانەوە. ئامادەبوونی ئەم هێزە فیکرییانە لە ناو ئەو پلانەدا وای کردووە هەڵمەتەکە ئاقارێکی سەرووتر لە پڕوپاگەندەی میدیایی وەربگرێت و بە کەڵکوەرگرتن لە پاشخانی تیۆریک، کۆی ڕەوایەتیی بزووتنەوە و داخوازییەکانی کورد بە شێوەیەکی نەبینراو و هەستپێنەکراو، لە دووتوێی تێرمینۆلۆژیایەکی سواودا، بەڵام بە هەندێ گوزارە و چەمکی قبووڵکراو و جوانکراو، بە ئامانج بگیرێت. ئەم دیاردە و جەمسەرە لە ڕابردوودا هەبووە و لە ئێستەیشدا هەیە و تەنانەت بگرە ڕووبەرێکی بەرچاوتریشی گرتووەتەوە.

لە ماوەی پاش ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادیدا و لەگەڵ دەرکەوتنی دەنگی جیاوازی کۆمەڵگەی کوردستاندا، جگە لە خودی حکومەت، سەرەتا تاقمە ڕاستڕەوە فاشیستەکانی دژبەری حکومەتیش هێرشێکی هەمەلایەنەیان بۆ سەر کوردستان دەست پێ کرد کە بەتەواوی چاوەڕوانکراو بوو. ئەم بەرەیە فاڵانژی شاپەرستی تێدا بوو تا ئێرانشارییەکانی پێڕەوی تەباتەبایی و تەنانەت تا پاشماوەی جەماعەتی «میللی-مەزهەبی»، «ڕیفۆرمخوازان» و «بزاڤی سەوز» لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێراندا. بەڵام هێرشەکان بەوانەوە نەوەستا و بەرەی چەپیش بە زمان و دەربڕینێکی تر دژ بە کوردستان و بزووتنەوەکەی وەستانەوە. بە بەراورد لەگەڵ ڕاستڕەوەکاندا، چەپەکان خاوەن دەزگای هزریی دەوڵەمەندتر، تێرمینۆلۆژیای بەربڵاوتر و گوتاری تیۆریکی سەرنجڕاکێشترن و بە هۆی نزیکایەتیی ڕێژەییانەوە لە گوتاری بزاڤی سیاسیی کوردستان، توانستی گوتارەکەیان بۆ دزەکردنە ناو کۆمەڵگەی ئێمە و ڕاکێشان و بەخزمەتگرتنی پۆتانسیەلی تاکی و جەماوەریی کورد، گەلێ زیاترە. گەرچی ئەم بەرەیەش خۆی هەڵگری لایەن و توێژی لێکجودا و فرەڕەنگە، بەڵام لە ساتەوەختی ژینادا بەشێکی زۆر لە خاوەن قەڵەمان و چالاکان و ڕێڕەوانی ئەم بەرەیە، سەرباری ئاخێزگە و زمانی جیاوازیان بە بەراورد لەگەڵ ڕاستەکاندا، دەستیان کرد بە بۆردومانی تیۆریکی کوردستان و بە کردەوە هەمان ئەو ئەنجامگیرییانەیان بە دەستەوە دا کە ڕاستڕەوەکان لە سەری مکوڕ بوون.[12]

لەگەڵ چەپی ئۆپۆزیسیۆنی بەڕواڵەت ئازادیخوازدا، ڕەوتێکی بچووکی حکومەتکردی چەپ-سیمای دیکەیش لە ناوخۆدا هەمان ئاڕاستەی لە بەرانبەر کوردستاندا گرتووەتە بەر، ڕەوتێکی ئاست‌نزمی بێناوەرۆک کە بە هەندێ ناونیشانی وەک «محور مقاومت» و «چەپی ئانتی‌ئەمپ» ناسراون و تاقەپاساوی تیۆریکیان ئەوەیە کە بنەڕەتی نادادی و دۆخی خراپی جیهان ئەمپریالیزمە و بەپێی تیۆرییەکەی لێنین، ئەمپریالیزمیش تەنها دەتوانێ یەک دانە بێت کە لە ئێستەدا ئامریکایە و هەرکەس لە بەرانبەریدا بوەستێ، بەدەر لە سروشت و ناوەرۆکەکەی، ڕەوایەتیی ڕەهای هەیە و دەبێ پاڵپشتی بکرێت. ئەم تاقمە بە ئاشکرا چوونەتە پشت کۆماری ئیسلامییەوە و لەم نێوانەدا بزووتنەوەی کوردستانیان وەک یەکێک لە دوژمنانی خۆیان لە ئاستی ناوچەکەدا پێناسە کردووە. ئاوا تێڕوانینێک لە مێژووی چەپی ئێرانی و وڵاتانی داگیرکاری دیکەیشدا پێشینەیەکی کۆنی هەیە؛ لە هەمان سەرەتای شۆڕشی ١٩٧٩دا بەشێکی گەورە لە هێزە چەپەکان، لەوانە حیزبی توودە، بەشێک لە چریکی فیدایی و چەندەها ڕێکخراوە و تاکی دیکە، بە هەمان پاساوی دژایەتیی ئەمپریالیزمەوە بوونە پاڵپشتی حکومەتی نوێ و کوردستانیش یەک لە دوژمنە سەرەکییەکانیان بوو و بە ئاشکرا پشتیوانییان لە هێرشی حکومەت بۆ سەر کوردستان دەکرد. ئەوان ڕاستگۆیانە هێزی خۆیان خستە خزمەت بەهێزکردنی دەوڵەتی ئیسلامیی دژەئەمپریالیزمەوە، بەڵام کۆماری ئیسلامی کاتێک کە بەتەواوی خۆی چەسپاند، هەرهەموو ئەوانیشی پاکتاو کرد و بەشێکی زۆریان بە شەرمەوە ناچار بوون پەنا بۆ کوردستان بێنن، واتە بۆ هەمان ئەو «دەستوپێوەندانەی ئەمپریالیزم» کە تا دوێنێ تەکفیریان دەکردن!.

دیارە لە ئاڕاستەی سیاسیدا جیاوازی هەیە لە نێوان چەپی ئانتی ئەمپ و چەپی ئۆپۆزیسیۆندا و تەنانەت دەتوانین بڵێین کە تاقمی یەکەم ڕاستەوخۆ لە لایەن خودی حکومەتەوە داڕێژراوە و پاڵپشتی دەکرێت، بەڵام بێگومان چەپی دژبەر هەڵگری ئاوا تایبەتمەندییەک نییە و دوژمنی حکومەتە. سەرباری ئەمەیش، دواجار هەردووکی ئەم لایەنانە لە ئاست پرسی کوردستان و لە شیکاری و مانیفێستە سیاسییەکانی خۆیاندا دەگەڕێنەوە بۆ هەمان ئەو گوزارە سەرکوتکار و سواوانەی کە ڕاستەکانیش پەنای بۆ دەبەن: قەومی کورد، قەومگەرایی، جودادەنگی، جوداخوازی، یەکپارچەیی خاکی ئێران و چەندانی تر. هەروەتر دواجار ئەمانیش وەک ڕاستەکان دەیانەوێ بزووتنەوەی کوردستان بکەنە پاشکۆی «بزووتنەوەی سەرتاسەریی ئێران» و قاییل بە هیچ بوونێکی خودتەوەر و سەربەخۆ بۆ ئەم بزووتنەوەیە نین.

تاقمی ناسراو بە «ڕەوتی ئانتی ئەمپ» نەتەنها لە واقیع بڕاون و بچووکترین گرێدراوییان بە دۆخی بابەتییانەی جیهانەوە نییە، بەڵکوو زانراو و نەزانراو لە ناو یاری و پلانی حکومەتدا دەجووڵنەوە، هەر بۆیە وەرگرتنی ئاوا ئەنجامگیرییەک لە لایەن ئەوانەوە زۆر ئاساییە و ئەگەر پێچەوانەکەی بوایەت دەبوو سەرسام بین! بەڵام چەپی دژبەریش بە جۆرێکی تر گیرۆدەی ئەم دابڕانەیە و قەت بەپێی واقیعی مێژوویی و لەسەر بنەمای وەفاداربوون بە حەقیقەت بیری لە پرسی کورد نەکردووەتەوە، کێشەیەک کە وەک وترا پێشینەیەکی دێرینی هەیە:

«مەسەلەی نەتەوەیی گەلی کورد یەکێکە لەو مەسەلە گرنگ و ئاڵۆزانەی لەمێژە ڕووبەڕووی حیزبە مارکسییەکانی ئەو وڵاتانە بووەتەوە کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە … ئەگەر لەبەر ڕۆشنایی مەبدەئەکانی مارکسیزم-لێنینیزم سەبارەت بە نەتەوە ژێردەستەکان سەرنجی سەرجەمی بەرنامە و هەڵوێستی ئەم حیزبانە بەرامبەر بە مەسەلەی کورد بدەین، ئەوا کۆمەڵێک ناتەواوی و هەڵە و پاشەکشە دەبینین. ئەگەرچی کاتێک ئەم حیزبانە دامەزران تازە کوردستان دابەش کرابوو، بەڵام ئەوان تا ئێستا قەوارەی سیاسیی وڵاتەکەی خۆیان وەک واقیعێکی نەگۆڕ و ئەبەدی وەرگرتووە. بەو چاوە بابەتییە سەیری قەوارەی دەوڵەتەکەی خۆیان ناکەن کە بەشێک لە وڵاتی نەتەوەیەکی تری بە زۆرەملێ و دوور لە ویست و ئیرادەی خاوەنەکەی پێوە گرێ دراوە. یان ئەم نەتەوەیەش وەک نەتەوەکەی ئەوان مافی ئەوەی هەیە لە هەمان وڵات و لە هەر بەشێکی کوردستاندا بە دەستی خۆی چارەنووسی خۆی دیاری بکات و دەوڵەتی خۆی دابمەزرێنێ و لەگەڵ بەشەکانی دیکەیدا یەک بگرێتەوە. ئەم قەناعەتە فیکرییەی زۆربەی مارکسییەکانی نەتەوەی زاڵ وای لێ کردوون بە حەماسێکی وەک حەماسی ناسیۆنالیستانی نەتەوەکەیان باسی یەکپارچەیی خاکی دەوڵەتەکەیان و مەترسیی (ئینفیساڵییەت) و (تەجزیەتەڵەبی) بکەن، کە ئەمەش لە جەوهەردا بێجگە لە نکۆڵیکردن لە مافی بڕیاردانی چارەنووسی نەتەوەی کورد و خۆبەخاوەنزانینی نیشتمانەکەی شتێکی تر ناگەیەنێ.»[13]

بەم چەشنە ساتەوەختێک هەیە کە ڕاست و چەپ -لێرەدا ئێرانییەکان- بە هەموو فرەڕەنگی و لێکترازان و جیاوازییەکانیانەوە لەسەر پرسێک هاوڕا دەبن؛ ڕێگەنەدان بە دەرکەوتنی کورد وەک دەنگ و گوتار و بزووتنەوەیەکی سەربەخۆ و خودتەوەر کە بە جەوهەر خاوەنی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیەتی. ئاوا ڕوانگەیەک بۆ بەرەی ڕاستی پان و ناسیۆنالیستیی نەتەوەی سەردەست دیاردەیەکی زۆر ئاساییە و بەشێکی جیانەکراوەیە لە جەوهەری شوناس و بیرکردنەوەیان، بەڵام وەرگرتنی ئەم ڕوانگەیە لە لایەن بەرەی چەپەوە ئێجگار نەگونجاو و دژوازە، چونکوو «بەپێی تیۆریی مارکسیزم-لێنینیزم، هەموو نەتەوەکان، بە گەورە و بچووکەوە، مافی ئەوەیان هەیە خۆیان بڕیاری چارەنووسی خۆیان بدەن، مافی بڕیاردانی چارەنووسیش جگە لە مافی دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی شتێکی تر ناگەیەنێ[14]».

ئەم لێکچوون و هاوتەریبییەی چەپ و ڕاستی ئێرانی لە شێوەی بیرکردنەوەیاندا لە پرسی کورد، نیشاندەری ئەوەیە کە لە مێنتاڵیتی و زەینی تاکی ئێرانیدا تێڕوانینی «ئەزەلیگەرایانە»[15] و بەرهەمەکەی واتە ئەویدی-فۆبیا، لێرەدا کوردۆفۆبیا، زۆر لەوە ناخگیرتر و قووڵترە کە تەنها بە ڕووبەری دەسەڵاتی حاکم یان بەرە ڕاستڕەوە ڕەگەزپەرستەکانەوە وەستابێت. بگرە تەنانەت دەتوانین بڵێین «مێژووپەرستیی مەزنخوازانە» و لێکەوتە سروشتییەکەی واتە فاشیزمی ڕەگەزپەرست، هێندە بە مێنتاڵیتیی ئێرانیدا ڕۆ چووە کە بووەتە بەشێک لە کۆی پێکهاتەی بیرکردنەوەی ئێرانی. بۆیە ڕەوایە ئەگەر لە واتایەکی هێماییندا -نەک بە واتا پزیشکی و زانستییەکەی- بڵێین فاشیزم «نیشتوویەکی ژێنێتیک»ی لێ کەوتووەتەوە و بووەتە لایەنێکی جیانەکراوە لە سروشتی مێژووکردی «ئێرانیبوون» لە واتا گشتییەکەیدا.

 

 

پێگەی نایەکسان

سەردەستبوون و بندەستبوون دوو واقیعی سیاسی-کۆمەڵایەتی و دوو دۆخی دەروونیی جیاواز دەئافرێنن؛ لایەنێک کە کۆنترۆڵی سەرچاوەکانی دەسەڵات دەکات، بە هەموو شێوەیەک شوناس و تایبەتمەندییەکانی خۆی بەسەر کۆی ژینگەی هاوبەشی خۆی و بندەست(ـەکان)دا دەسەپێنێت. لە بەرانبەردا، لایەنی بێبەش لەو سەرچاوانە تەنانەت ئەگەر ڕێڕەوی وەستانەوە و دژبەرییش بگرێتە بەر، دیسان لە کاریگەرییەکانی بندەستی پارێزراو نابێت و نەتەنها شوناسی خۆی ناتوانێ بژی بەڵکوو لە ڕووی دەروونییشەوە هەمیشە خۆی لە پێگەیەکی خوارتر لە ئەویدیی سەردەستدا دەبینێتەوە. دەوڵەتی مۆدێرنی ئێرانی وەکوو هەموو دەوڵەتێکی هاوشێوەی دیکە، هەر لە سەرەتاوە ویستوویەتی لە ڕێگەی توانست و میکانیزمەکانیەوە ڕووبەری ژیانی هەموو ئەویدییەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی داگیر بکات و هەمیشە لە پێگەی بندەستی و گوێڕایەڵیدا بیانهێڵێتەوە؛

ئەوەی لەژێر ناوی دەوڵەتی ئێرانییشدا پێناسە کراوە… خاوەن ئاپاراتووسی تایبەت بە خۆیەتی، لە هەوڵی دزەپێدانی بنەما شەرعییەتبەخشەکانی خۆی بۆ ناو ژیانی ڕۆژانەی تاکەکان بووە و لە ڕێگای ئایدیۆلۆژیای تایبەتیی خۆی کە دەرکەوتەکەی ویستی هێز و ملکەچکردنی سۆبژێکتەکانە، بە درێژاییی مێژووی سەد ساڵی ڕابردوو هەوڵی داوە بەپێی تێڕوانین و کولتووری خۆی سوبژێکتێکی دەستەمۆکراو و گوێڕایەڵ بخوڵقێنێت و دەوڵەتێکی مۆدێرن لە چەشنی لێڤیاتان پێک بێنێت. ئەگەریش ئەم دەوڵەتە تاکوو ئێسـتا پێـک نەهاتبێت، ئەوە تیۆریزانەکانی، وەک ئەڵتەرناتیڤی دوای کۆماری ئیسلامی خەریکی فۆرموولەکردنی ئەم لێڤیاتانەن. هەر بۆیە ئەگەر فۆرمەکانی ئەم دەوڵەتە بەپێی سەردەمە جیاوازەکان و ئایدیۆلۆژییە جیاوازەکانەوە گۆڕانی بەسەردا هاتووە یان هاتبێت، بەڵام ئاپاراتووسەکان ڕۆڵی خۆیان بە درێژاییی ئەم ماوەیە پەرە پێ داوە و لە داهاتوویشدا پەرەی پێ دەدەن.[16]

ئەگەر بمانەوێ لێکەوتەی دەروونیی ئەم دۆخە لە دوو دەستەواژەی سادەدا کورت بکەینەوە، دەشێت بڵێین سەردەست مێنتاڵیتیی «خۆبەزلزانی» وەردەگرێت و بندەستیش «خۆبەکەمزانی». ئەو تایبەتمەندیانە لە زەمەنێکی درێژماوەدا بە هەناوی هەردوو جەمسەری هاوکێشەکەدا ڕۆ چوون و بوونەتە بەشێکی بنەڕەتی لە دونیای بیرکردنەوەیان، واتە پێوەندیی نێوان ئەم دوو لایەنە تەنها بە بەستێنە بابەتی و عەینییەکانەوە نەوەستاوە و بەستێنی بوونناسانەیشی گرتووەتەوە. بە دەربڕینێکی تر، بۆ وێنە کورد تەنها لە ڕووی ئابوورییەوە هەژار و گرێدراوی «ناوەند» نییە، بەڵکوو لە ڕووی مەعریفی و بیرکردنەیشەوە نەیتوانیوە خۆی لەژێر هەیمەنە و سێبەری گەورەی دونیای فارس ڕزگار بکات. بەم چەشنە کۆی جیهانی زەینیی هەردوولا تەنها بە ناوکۆی ئەم دوو پێگەیەوە دەتوانێت «بیر» بکاتەوە. «جیهانی بیرکردنەوە»ی ئێمە و ئەوان لە بنەڕەتەوە نایەکسانە و هەر بۆیە ڕێکخستنی دیالۆگێکی ڕاستەقینە لە نێوانماندا نامومکین بووەتەوە. لەگەڵ شەپۆلی نوێی بۆمبارانی تیۆریکی کوردستاندا لە لایەن نووسەرانی ئێرانییەوە، هاوکات شەپۆلێکی وەڵامدانەوەیش لە لایەن نووسەرانی کوردەوە لە ئارادا بووە، بەڵام هەموو ئەم «بەریەککەوتن»ـە تیۆریکانە نەیتوانیوە گۆڕانێکی دڵخۆشکەر لە بۆچوونی ئێرانییەکاندا دروست بکات و ئەوان هەمووجار بە هەمان نەخشەڕێگا و ئاخافتنی پێشوویانەوە مامەڵەیان لەگەڵ کورد کردووە.[17] لە ئاستی گشتییشدا هاوکێشەکە هەر بەم جۆرە نەخشێنراوە، بۆ وێنە کاتێک لە گەرمەی ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادیدا حکومەتی ئێران بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر بارەگای حیزبەکانی کوردستان یان کاتێک چوار پێشمەرگەی کۆمەڵە لە سێدارە دران، نەتەنها کاردانەوەیەکی ناڕەزاییانەی ئەوتۆ لە لایەن ڕەوتە سیاسییە ئێرانییەکانەوە نیشان نەدرا، بەڵکوو هەندێ لە دژبەرانی کۆماری ئیسلامی بە ئاشکرا خۆشحاڵیی خۆیشیان لەو هێرش و ئێعدامانە دەربڕی. ئەمە لە کاتێکدا کە لانیکەم یەک لەو حیزبانە چووبووە ناو هاوپەیمانییەکەوە لەگەڵ ئێرانییەکاندا و بە شێوەیەکی بەربڵاو باس لە «دیالۆگ و یەکگرتنی هێزە سیاسییەکان لە چوارچێوەی ستراتیژێکی دیمۆکراتیکدا» دەکرا.

لە کاتێکدا کە ئێرانییەکان تەنانەت لە دونیای تیۆر و لەوەش سادەتر، لە ڕیتۆریکی سیاسیی خۆیاندا ئامادە نین (یان باشترە بڵێین ناتوانن) بە گوتارێکی دیمۆکراتیک و ئازادانە مامەڵە لەگەڵ کورددا بکەن، چۆن دەتوانین هیوادار بین کە لە گۆڕەپانی سیاسەتی کرداریدا قاییل بە یەکسانبوونی ئێمە و خۆیان دەبن؟ لە نەبوونی میکانیزم و دامەزراوەی دیمۆکراتیک یاخود باڵادەستیی یاسادا و لەولاوەیش ئامادەبوونی مێژوویەکی دوورودرێژی سەردەستی و دیسپۆتیزمی هاوکات، «پێگە» دەبێتە سەرەکیترین هۆکار بۆ شێوەی ئاخافتن و مامەڵەکردن. هەموو بەرژەوەندییەکان لە ناو پێگەدا فۆرم دەگرن و «دەسبەرداربوون لە بەرژەوەندی تەنها لەبەر حەقیقەت» زیاتر لە ئاواتێکی ساویلکانە دەچێت. لە ئاوا دۆخێکدا، سەردەست ئەگەر بیشیەوێ ناتوانێ خۆی لە مێنتاڵیتیی سەردەستانە ڕزگار بکات، واتە گرفتەکە بە شێوەی ئیختیارگەرایانە و بە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە چارەسەر ناکرێت. چونکوو لە بیرکردنەوەی ئەودا و بە هۆی درێژەداربوونی دۆخی سەپاوەوە، بەرژەوەندی و دۆخ و پێگەکەی وەک «حەقیقەتێکی سروشتی» و بەو پێیەیش ڕەوا و خاوەن شەرعییەت وێنا دەکرێت و لادان لێی دەبێتە لادان لە حەقیقەت. تێرمی وەک جوداییخوازی هێشتا لە لای کۆی تەیارە سیاسی و لایەنە فیکرییەکانی ئێران ئامادەیی پڕڕەنگی هەیە، چونکوو ئەوان پێشوەختە کڵێشەی «ئێران» و «نەتەوەی ئێران»یان وەک بوونێکی ئەزەلی و لەمێژینە وەرگرتووە و قەت نایخەنە بەر گومانێکی مەعریفەناسانەی ڕاستگۆیانەوە[18].

دیارە بەشێک لە چەپەکان دەزانن کە لە ڕووی زانستییەوە و هەروەها بەپێی بنەماکانی حەقیقەتدۆستی، ئەم گوزارەیە جەوهەرگەرایانەیە[19] و بۆ بەرگریلێکردن نابێت، بەڵام پێگە و بەرژەوەندی لەگەڵ مێنتاڵیتیی ناخگیری ئێرانیدا وای کردووە نەتوانن وازی لێ بێنن. هەر بۆیە بە ژارگۆن و دەستەواژەی چەپ، «ئێران» وەک پێشمەرجێک بۆ سیاسەت تیۆریزە دەکەن، واتە دەیکەنە «گشت»ێک کە دەوری پەتی تەسبیح دەگێڕێت و ئەگەر نەبێت هەموو دەنک (پاژ)ـەکان شپرزە دەبن و ئەمەش «ئانۆمی»ی لێ دەکەوێتەوە. بەم چەشنە «خێری گشتی» دەبەستنەوە بە وەرگرتنی ئێرانەوە وەک بنەمای هەرچەشنە بیرکردنەوەیەکی مەعریفی و کردەیەکی سیاسی کە لێکەوتە لۆژیکییەکەی هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەنجامگیریی ڕاستڕەوەکاندا نییە. هەر بۆیەشە سیکلی ناکۆتا و پووچەڵی بەرهەمهێنانەوەی دۆخی سەردەستی و بندەستی لە لای ئەوانەوە درێژە پەیدا دەکات و هیچ هیوایەک بۆ دروستبوونی دیالۆگێکی یەکسان لە ئاسۆی دوورەدەستیشدا نامێنێت.

لە مەیدانی کردەیشدا ئەزموونی هاوخەباتیی کورد لەگەڵ چەپی ئێرانی لە چوارچێوەی یەک ڕێکخراودا یان تەنانەت لە ناو هاوپەیمانییەکی ستراتیژیکدا، ئەزموونێکی زۆر تاڵ و پڕخەسار بووە. ئەوان هەمیشە بەشێک لە هێزی مرۆیی ئێمەیان لە بزووتنەوەی کوردستان دابڕیوە و لە ناو خۆیاندا تواندوویانەتەوە بەبێ ئەوەی بەرئەنجامی گشتیی کارەکانیان خزمەت بە پرسی کوردستان بکات. ئەم ئەزموونەمان پێشتر لەگەڵ ئیسلامییەکانیشدا هەبووە و ئەوانیش تاک و ڕەوتە ئیسلامییەکانی کوردستانیان تەنها بە ئاڕاستەی ئامانجی ئایینیدا خستووەتە گەڕ. ئیسلامییەکان لەژێر ناوی ئوممەتی ئیسلامیدا و چەپەکانیش لەژێر ناوی کۆمۆنیزمی جیهانگیردا بەردەوام لە توانا و پۆتانسیەلی ئێمەیان دزیوە، زێدەکەوتەی ئەو هاوپەیمانی و پێکەوەبوونەیش نەک نەچووەتە باخەڵی کوردستانەوە، بەڵکوو زۆرجار دژ بە کوردستانیش کەوتووەتەوە. ئەزموونی کۆمۆنیزمی کرێکاری بە ڕێبەریی مەنسوور حیکمەت و ئیخوانولموسلیمین لە نموونە هەرەبەرزەکانی ئەم دیاردەیەن.

ئێستە ئیسلامییەکان بێتوانا کەوتوون و متمانەیان ڕووشاوە، بەڵام چەپەکان هێشتا توانای ئاوا کارێکیان ماوە، چونکوو بزاڤی کوردستان خۆی بە سروشت چەپە و گوتارەکان لێک نزیکن. هەروەها گوتاری چەپی ئێرانی ڕەنگینتر و سەردەمییانەترە لە گوتاری ئیسلامی کە گوتارێکی تەواو ڕزیو و ناسەردەمییانەیە. هەر بۆیە هێشتا چەپەکان دەتوانن لە کوردستانەوە هێزی مرۆیی بدزن و بیتوێننەوە، مەگەر ئەوەی گوتارێکی چەپی کوردی بە دیاریکردنی وردی جیاوازییە لۆژیکییەکانیەوە لەگەڵ چەپی ناکوردیدا بێتە بەرهەم و هەرچەشنە هاوکاری و هاوبەشییەک تەنها لە سۆنگەی ئەو گوتارە تازەیەوە گەڵاڵە بکرێت.

 

 

قەیرانی ناوخۆیی

بەڵام کێشەکە تەنها لە لایەنی بەرانبەردا نییە و لە ناوخۆی کوردستانیشدا قەیرانێکی قووڵ دەژین[20] کە بێگومان یەک لە هۆکارە هەرەسەرەکییەکان هەمان مانەوەی درێژمەودایە لە دۆخی بندەستیدا؛ وەک چۆن زەمەندرێژبوونی سەردەستی، مرۆڤ و کۆمەڵگەی خۆبەزلزانی دیسپۆتیست بەرهەم دەهێنێ، بندەستبوونی درێژماوەیش مرۆڤ و کۆمەڵگەی کۆیلە، شپرزە و لێکهەڵپژاو دەخاتەوە. لە سەردەمێکدا کە دامودەزگاکانی دابەزاندنی دەسەڵاتی یەکپارچەی دەوڵەت گەیشتوونەتە لوتکەی خۆیان و دەوڵەتانی زاڵ بەسەر کوردستاندا بەردەوام تەکنۆلۆژیای نەرم و سەختی پێشکەوتووتر دەخەنە خزمەت جێبەجێکردنی مەیل و سیاسەتەکانیانەوە، زیاتر لە سەدەیەک داگیرکراوی و بێبەشبوون لە هەموو سەرچاوەکانی هێز وای لە کورد کردووە لە بەرانبەر ئەویدیدا هەمیشە هەست بە وابەستەبوونێکی بوونناسانە بکات. ئەم گرێدراوییە کە هاوکات بەرهەمی سیاسەتێکی ورد و بەردەوامی ئاسیمیلاسیۆنی نەرمی دەوڵەتییشە، بە بێبەشکردنی کوردی بەپەراوێزکراو لە سەرچاوەکانی دەسەڵات هێندەی تر بە ناخماندا شۆڕ بووەتەوە و ئێمەی کردووەتە مرۆڤ و کۆمەڵگەیەکی لاقەکراو و سەرلێشێواو.

نەتەوەخوازیی کورد سەرەڕای هەموو دەستکەوتەکانی، بەتایبەت لە ڕووی بەرهەمهێنانی بزووتنەوەی سیاسی و بەرەنگاربوونەوەی هەمیشەیی دەوڵەتانی زاڵەوە، بەڵام لە دروستکردنی شوناسێکی یەکانگیر و هەمەگیری نەتەوەییدا هێندە سەرکەوتوو نەبووە. تا ئێستایش وردەشوناسی وەک عەشیرە و ناوچە و زاراوە و بنەماڵە هەندێ جار دەکەونە پێش شوناسە گەورەترەکەوە. یاخود هێشتا ئێرانچێتی، ئێراقچێتی، تورکیاچێتی و سووریاچێتی دەتوانن داڕێژەری سیاسەتی کورد بن، هەروەک چۆن شیکاری و پێناسەکانی ئەویدیی سەردەست بۆ کێشەی کورد بە زانستی، ئەقڵانی و متمانەپێکراو وەردەگیرێن. ڕاستە بەشێک لەم گرفتە ڕەگی لە ناو ژیۆپۆلەتیکی دژواز و ئاڵۆزی کوردستاندا هەیە، بەڵام چاوداخستن  بە ڕووی کەماسی و قەیرانە ناوخۆییەکاندا نەتەنها یارمەتیدەر نییە بەڵکوو زیاتر لە کارەساتمانەوە دەگلێنێت. واقیعی ژیۆپۆلەتیک و کورتهێنانە ناوخۆییەکانی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان پێوەندییەکی دیالێکتیکی و دوولایەنەیان پێکەوە هەیە و لێکدی دابڕاو نین، بەڵام هاوکاتیش ناتوانین هەموو کێشە و قەیرانەکان بۆ هۆکاری دەرەکی کورت بکەینەوە. بۆ وێنە لە چەندین قۆناغی مێژووییدا شەڕی ناوخۆیی لە نێوان هێزەکانی کوردستاندا دروست بووە و چەندین دەرفەتی مێژووییمان لە کیس خۆمان داوە، یاخود هەژاربوونی مەعریفی، ناڕوونبوونی ستراتیژی سیاسی، حیزبایەتیی سەقەت و ناتەواو و چەندەها پرس و بابەتی هاوشێوە لەم ناسەرکەوتووییە ڕووخێنەر و پڕتێچووەدا دەوری بەرچاویان هەبووە.

لە ڕاستیدا سیاسەتی ئێمە هەمیشە لە ڕێڕەوە تەنگ و تروسکەکانی سۆنگەی بندەستییەوە گەڵاڵە کراوە و هەر بۆیە بەردەوام لە قەیرانێکەوە بازمان داوە بۆ قەیرانێکی تر و لە ناو بازنەیەکدا خولاوینەتەوە. زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین قەیرانی ناوەکی هۆکاری سەرەکی بووە لە شکست و دۆڕانەکانانماندا، ئەزموونی باشووری کوردستان بە جوانی ئەم حەقیقەتە پشتڕاست دەکاتەوە؛ دوای زیاتر لە ٣٠ ساڵ دەسەڵاتدارێتی، ئێستا گەشتووینەتە شوێنێک کە ئینتما بۆ کوردبوون لەوپەڕی لاوازیی خۆیدایە و گەڕانەوە بۆ لای بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کوردستان بووەتە دیاردەیەکی ئاسایی و قبووڵکراو. ئەگەر دیسان بمانەوێ تەنها بە پاساوی جەبری ژیۆپۆلەتیک هەوڵی شرۆڤەکردنی ئەم پرسە بدەین، تەنها خۆڵ دەکەینە چاوی خۆمانەوە و لە ئەنجامدا زیاتر بە کارەساتدا ڕۆ دەچین.

 

 

ئاسۆی چارەسەر؛ شکاندنی تەکووزی زاڵ

ڕەنگە گەڕانەوە بۆ شێوازی دەرکەوتنی سەرۆک حیزبەکان لە میدیاکاندا نموونەیەکی باش بێت بۆ وێناکردنی دیمەنی گشتیی هەنووکەی سیاسەتی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا؛ لە ڕاپەڕینی ژینا بەم لاوە کە کوردستان وەک داهێنەر و بەرەی یەکەمی ڕاپەڕینەکە کەوتە بەرچاوی ڕاگەیاندنەکان، ساتەوەختی دەرکەوتنی سەرۆک حیزبەکان لە میدیاکاندا گۆڕدرا بۆ ساتەوەختێکی پڕ لە سترێس بۆ خەڵکی کوردستان.[21] زۆربەیان کاتێک بانگ دەکرێنە بەردەم شاشەی تەلەڤیزیۆنەکان یاخود چاپەمەنییەک وتووێژیان لەگەڵ دەکات، بەتایبەت ئەگەر میدیاکە فارسی بێت، یەکسەر خۆ دەخزێننە پێگەی تاوانکارەوە و بە ئاسانی مۆڵەت بە ڕۆژنامەوانێکی بێناوەرۆک دەدەن لێپرسینەوەیان لێ بکات. بۆیە زۆر ئاساییە کە یەکەمین و گەورەترین هەوڵیان دەبێتە سەلماندنی ئەوەی کە کورد ئێرانییەکی شەشدانگە، جوداییخواز نییە و یەکپارچەیی خاکی ئێران دەپارێزێت. ئەمە دەقاودەق لۆژیکی بندەستییە، لۆژیکێک وات لێ دەکات پێناسەی ئەویدیی سەردەست بەبێ پرسیار و گومانکردن قبووڵ بکەیت و ڕێک لەو پێگەیەوە قسە بکەیت کە ئەو بۆت دیاری دەکات. بەرئەنجامی ئەمەیش بەرهەمهێنانەوەی هەمان ئەو تەکووزەیە کە هۆکاری مانەوەی درێژماوەمانە لە دۆخی ستەملێکراوی و لە ناو «گوتاری مانەوە[22]»دا. لە کاتێکدا کە بە شێوەی سروشتی ئێمە دەبوو ستراتیژی بنچینەییمان خۆڕزگارکردن بێت لەو دۆخ و گوتارە.

ئەزموونی نزیک بە دوو ساڵی ڕابردوو و هەموو ئەزموونەکانی پێشوو ئەو ڕاستییەمان بۆ دەسەلمێنن کە تا هاوسەنگیی ڕێژەیی هێز لە بەستەرێکی بابەتییانەدا دروست نەبێت، ناتوانین گەشبین بین بە لەدایکبوونی سیاسەتی دیمۆکراتیک لە ئێران و کۆی ناوچەکەدا. ئەوەش نایەتە دی مەگەر پێشوەختە گوتارێکی یەکانگیر و تۆکمەی خودتەوەر و ناوابەستە بە گوتار و کۆمەڵگەی سەردەست، بۆ بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان بەرهەم بهێنرێت و زاڵ بکرێت.[23] بەڵام سەرەکیترین پێشمەرجی ئەم زەروورەتە شکاندنی تەکوزی زۆرینە/کەمینەیە. بیرۆکەی تێپەڕاندنی لۆژیکی سەردەست/بندەست بە ئاستی یەکەم ڕووی لە بەستێنە گوتاری و مەعریفییەکەیە و بانگهێشتێک نییە بۆ داڕشتنی مانیفێستێکی سیاسیی میتافیزیکاڵ لەسەر بنەمای یۆتۆپیایەک کە نامۆ بێ بە واقیع و ڕیال پۆلەتیک. واتە دەبێ قەڵەمبازێک دەست پێ بکەین بە ئاڕاستەی هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو کڵێشە زەینیانەدا کە وەک حەقیقەتێکی بێچەندوچوون لە مێشکی تاکی و کۆییماندا چەسپێنراون و وایان کردووە دواجار بەبێ ناوکۆی تەکووزی زاڵ نەتوانین بیر بکەینەوە.

ئەم ئامانجەیش نایەتە دی مەگەر بە پێکهێنانی فەزایەکی دیمۆکراتیک و دڵفراوان بۆ گفتوگۆیەکی کراوە و هەمەلایەنە لە ناوخۆی کوردستاندا. مخابن تا ئێستا زۆر کەم بوار بە ئاوا دەرفەتێک دراوە و بە هۆی جڤاکی جەمسەربەندیکراو و حیزبایەتییەوە، دڵفراوانی و ئاسانگیریی پێویست لە ناوخۆی کوردستاندا نابینرێت. ئەم جەمسەربەندییە هەندێ جار هێندە زەق و قووڵ دەبێتەوە کە خۆمان دەبینە ئەویدیی خۆمان؛ لایەنە کوردییەکان پێناسەیان بۆ یەکتر پێناسەیەکی دەمارگرژانەیە و مێشکی ئەندامانیان بەرانبەر بە یەکتر تەژی لە نەفرەت دەکەن. پێشتریش لە هەموو کوردستان لە کاتی بەریەککەوتن و شەڕی ناوخۆدا، هێندەی کە کوردەکەی تر دەبووە ئەویدی و دوژمن، خودی داگیرکەر/دوژمن وەها پێناسەیەکی وەرنەدەگرت. ئەم دیاردە پڕخەسارە هێندە شەنوکەو کراوە و پەرەی پێ دراوە کە لە نەبوونی شەڕی ناوخۆیشدا هەر ئامادەیە و کاری پێ دەکرێت. بە چەشنێک کە ئێستە تەنانەت بەشێک لە توێژی دەستەبژێر و ڕووناکبیری کوردستانیش خزاونەتە ناو یارییەکەوە و لەباتیی ئەوەی بە هەموو هێزەوە بە گژیدا بچنەوە، خۆیان بوونەتە یاریچییەکی پرۆفیشناڵی مەیدانەکە!. دۆخەکە وای لێ هاتووە کە لای بەشێک لە چالاکان و دەستەبژێران سیاسەت بووەتە هەوڵێک بۆ شوناسدۆزینەوە و خۆپێناسەکردن لە ئاستێکی تاکەکەسیدا، واتە تاکی کوردی تەریکخراو لە ڕێی خۆبەستنەوە بە لایەن یان حیزبێکەوە پێناسە و شوناسێک بە جەستە و زەینی تاکییانەی خۆی دەبەخشێت و بەم جۆرە خودی سیاسەت وەک کردەیەکی مەبەستداری کۆیی دادەبەزێت بۆ میکانیزمێکی دەروونی و شوناسبەخشێکی تاکی.

بەڵام بە هەموو ئەمانەیشەوە ناتوانین بڵێین بەرانبەر بە داهاتوو بێهیواین؛ بزۆزبوونی فەزای کۆمەڵایەتی و ئەزموونی ئەم ٣٠ ساڵەی ڕابردووی ڕۆژهەڵات لە گوتارسازی و خۆبەڕێکخستنکردن لە ناوخۆی کوردستاندا، بۆ وێنە ڕۆنانی گوتاری ژینگە و بونیادنانی دامەزراوەی ژینگەپارێز، دەشێت هەمان ئەو بنەوان و سەرمایە پتەوە بێت کە بۆ شکاندنی تەکووزی زاڵ و دەسبەرداربوون لە مێنتاڵیتیی سەردەست/بندەست دەتوانین پشتی پێ ببەستین. ئەمە بەو مانایە نییە کە بەبێ لەبەرچاوگرتنی واقیعی بابەتییانە و بەبێ گەڕانەوە بۆ بنەما مادییەکانی هەرچەشنە کردەیەکی مرۆیی، دەتوانین سیاسەت کورت بکەینەوە بۆ کردەیەکی زەینی و خەیاڵێکی جوان و شاعیرانە، بەڵکوو هەوڵێکە بۆ دۆزینەوە و ناسینەوەی ئەو پنت و خاڵە گرنگانەی دەتوانین بیانکەینە بنەمایەک بۆ پیاچوونەوە بە کۆی گوتاری سیاسیماندا و لەوێشەوە هەوڵدان بۆ ڕۆنانی گۆشەنیگای تازە و جیاواز لە ئاست جیهانی خۆمان و دەوروبەرماندا.

پرسی کورد ئەو پرسەیە کە دوای زیاتر لە سەدەیەک سەرکوتکردن، لە دەستی هەر چوار دەوڵەتی داگیرکەر ترازاوە و سەرباری هەموو هەوڵ و تەقالا فراوانەکانیان، نەیانتوانیوە سەرکوتی بکەن و لە گشتە گەورەکەدا بیتوێننەوە. بەڵام ئەمە قەت بەو مانایە نییە کە «مانەوە» و «لەناونەچوون»ی کورد یەکسان بووە بە ڕزگاربوون لە هێژمۆنیی ئەویدی، بێگومان ئێمە هێشتا لە دۆخی بندەستیدا ماوینەتەوە. ئێمە لە ڕووی مادییەوە لە سەرچاوەکانی دەسەڵات بێبەشین و ڕەنگە نەتوانین بە ئاسانی بیر لە هاوسەنگکردنی هێز لەو بەستێنەدا بکەینەوە. بەڵام لە پێناو داڕشتنەوەی پێناسە و گوتاری سیاسیی بزووتنەوەی کوردستاندا وەک پێشمەرجێک بۆ دەربازبوون لە بازنەی سیاسەتی شکستخواردوو و هەنگاونان بەرەو تێکشکاندنی دۆخی نایەکسانی سەردەست/بندەست لە ئاستە مەعریفی و تیۆرییەکەیدا، دەبێ و دەتوانین لانیکەم لە ڕێڕەوی گفتوگۆیەکی کراوەی ناوخۆییەوە ئاوێنەیەکی باڵانموون لە بەردەم خۆماندا بکەینەوە، ئاوێنەیەک کە بتوانێت کۆی بەستێنی سیاسەتی کوردیمان بە ڕووتوقووتی پێ نیشان بدات تاکوو لە بەردەم ئەو وێنە ڕووتەی خۆماندا «ئاوەزی ڕەخنەگرانە» بکەینە ناوکۆ و نێونجێک بۆ ڕۆنانی دۆخی نوێ.

ئێستە ڕێک ئەو کاتەیە کە دەبێ لە گوتاری زاڵی یەک سەدەی ڕابردوو بدەین؛ ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی کە دەتوانین نەورۆزی ئەمساڵیش وەک درێژکراوەکەی لە قەڵەم بدەین، هەروەها ئەو نوشوستی و شکستە قورسەی ئێران لە زۆربەی بەستێنەکاندا بەرەوڕووی بووەتەوە، باشترین دەرفەتە بۆ هەنگاونان بەرەو هاوسەنگکردنی هێزی خۆمان و ئەوان. قەت ئەوان بەم ئاستە لاواز نەبوون و «پەراوێز»یش بەم ئاستە ئیمکانی خۆبەهێزکردنی بۆ نەڕەخساوە. دەتوانین پۆتانسیەلەکانی ناو ئەم ئیمکان و دەرفەتە بقۆزینەوە، بە مەرجی بوێربوون لە پێکهێنانی «دیالۆگی ڕەخنەگرانەی دڵفراوان و کراوەی ناوخۆیی»دا. بە پێچەوانەوە بێت پێدەچێ دەسکەوتێکی ئەوتۆمان لەم هەلە باشەیش دەست نەکەوێت.

 


پەراوێزەکان و ژێدەرەکان

 

[1]. بۆ تێگەیشتن لە کاریگەرییەکانی دۆخی بێدەوڵەتی و بندەستبوون لەسەر کوردستان، بڕوانە: حەقمورادی، محەممەد؛ مۆدێرنیتی و نامۆیی مرۆڤی کورد لە دۆخی بێدەوڵەتیدا، گۆڤاری «ڕامان»، ژمارە ٣١٩، ٢٠٢٤.

[2]. Deproblematization

[3]. بۆ تێگەیشتن لە سروشتی گەڵاڵەی ئێرانی بۆ سڕینەوەی پرسی کورد، بڕوانە: ئەردەڵان، سارۆ؛ کۆلۆنیالیزمی وەخۆگر: ئێران چۆن توانیویەتی لە کوردستان هێژمۆنیی کولتووری ساز بکا؟، گۆڤاری «تیشک»، ژمارە ٥٢، هاوینی ٢٧١٩.

[4]. Historical essence

[5]. Invisibility

[6]. problematic

[7]. Part

[8]. Whole

[9]. Dehumanization

[10]. Disinformation

[11]. Xenophobia

[12]. بۆ وێنە بڕوانە؛

صداقت، پرویز؛ ناسیونالیسم آمرانە و سیاست هویت‌گرا در برابر جنبش ژینا، سایت نقد اقتصاد سیاسی.

نیکفر، محمدرضا؛ روابط قدرت و بازتاب گفتمانی آنها، سایت رادیو زمانە.

ئەم دیاردەیە لە سەرجەم دیبەیت و نووسینی ئێرانییەکاندا بەرچاو دەکەوێت، ئەوان تەنانەت کاتێکیش کە باس لە هەندێ بابەتی وەک «پرسی ئێرانیبوون»، «چەندجەمسەریبوونی کۆمەڵگەی ئێران» و «کێشە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگەی ئێران» دەکەن، لە باشترین حاڵەتدا ڕەنگە لە پەراوێزدا ئاماژەیەکی زۆر ڕووکەش و سادە بە پرسی نەتەوەکانی ناو ئێران بدەن، چونکوو هەر لە بنەڕەتدا ئەم بابەتە بە «پرس» یان «گرفت» نازانن.

[13]. ڕەفیق سابیر؛ بەرەو مێژوو: کورتەباسێکی فیکری-مێژوویی، چاپی یەکەم، سوێد، ١٩٩١، ل ٩٣ و ٩٤.

[14]. هەمان، ل ٩٦.

[15]. Eternalism

[16]. خۆرهەڵات، ڕێناس؛ کێشەی ئایدیۆلۆژیا و پرسی ئاپاراتووسەکانی دەوڵەتی ئێرانی، گۆڤاری تیشک، ژمارە ٦١، پاییزی ٢٧٢١.

[17]. بۆ وێنە بڕوانە وتاری ڕەخنەگرانەی سەحەر باقری لەسەر موحەممەدڕەزا نیکفەر و کامێنتی نیکفەر لە کۆتایی وتارەکەدا:

باقری، سحر؛ چپ ایرانشهری و مسالە ملل تحت ستم: هراس از تفاوت و تکثر، سایت رادیو زمانە.

هەروەها کۆی ئەو یادداشت و وتار و وتووێژانەی کەسانێکی وەکوو عەباس وەلی، کامران مەتین و پۆلێک نووسەر لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستاندا وەک ڕەخنە ئاڕاستەی نووسەران و ڕووناکبیرانی ئێرانیان کردووە بەڵام کاریگەرییەکی ئەوتۆی لای نووسەرە ئێرانییەکان بەجێ نەهێشتووە.

[18]. بۆ خوێندنەوەی توێژینەوەیەکی ڕەخنەگرانە لەمەڕ مێژوو و ڕەوتی مێژوونووسیی هەڵبەستراو بۆ ئێران، بڕوانە:

وزیری، مصطفی؛ ایران ملتی خیالی، جوریاس پرس، ٢٠١٣.

هەروەها:

حاجی ئاغایی، ئازاد؛ نووسینەوەی مێژووی کورد لە ئێران لە نێوان سێکوچکەی وەبیرهێنانەوە، لەبیربردنەوە و داهێنان (ئاوڕدانەوەیەکی شیکاریی ڕەخنەگرانە لە کتێبی کرد و کردستان-ی ڕەشید یاسمی)، گۆڤارا زانکۆیا دهۆک، بەربەندا ٢٤، ژمارە ١، ٢٠٢١.

[19]. Essentialistic

[20]. بۆ تێگەیشتن لە سروشتی مێژوویی و دۆخی هەنووکەی ئەو قەیرانە، بڕوانە:

موحەممەدی، هیوا، قەیران لە ئایدیۆلۆژیای نەتەوەخوازیی کورد، گۆڤاری پۆلیتیا، ژمارەی ٢، ٢٠٢١.

[21]. دیارە ئەمە حوکمێک نییە هەموو سەرکردەکان وەک یەک بگرێتەوە، بێگومان جیاوازی لە نێوانیاندا هەبووە بەڵام ئەم تێبینییە کرۆکی سەرەکیی ڕەخنەکە بەتاڵ ناکاتەوە.

[22]. ئەم دەستەواژەیە لە لایەن بەختیار عەلییەوە و بۆ وێناکردنی دۆخی کورد داڕێژراوە، لە پێشەکیی کتێبێکی کە هەر لەژێر ئەم ناوەدا چاپ کراوە، بەم جۆرە پێناسەی ئەو چەمکە دەکات: «گوتاری مانەوە زادەی ترسێکی مێژوویی قووڵە، وای کردووە مرۆڤی کورد پتر لە سنووری بەرگریکردندا لە مانەوەدا بمێنێتەوە، لە سنووری پێداگرتندا لەوەی نەتواوەتەوە و ناتوێتەوە، ماوە و هەر دەمێنێت. ئەو عەقڵییەتەی ئەم گوتارە دروستی کردووە کارێکی کردووە مرۆڤی کورد بە «ژیانی ڕووت»ـەوە بنووسێت و نەوێرێت هەنگاوی شارستانییانەی گەورە و بوێرانە بنێت. ئەوەی بە زیندوێتی و مانەوە ڕەزامەندین، لە گەڵێک ڕووی دییەوە لاوازی خستووین و کارێکی کردووە لە خەونی گەورەوە دوور بین. ئەم گوتارە لەگەڵ مێژوودا دەجووڵێت، شێوەکانی و زمانی گوزارشتی دەگۆڕێن. ترسناکترین جۆرە ئاڵوگۆڕێکیش بەسەریدا بێت، ئەو کاتەیە لە گوتاری مانەوەی نەتەوەوە بەرەو گوتاری مانەوەی دەستە و تاقمە بچووکەکان هەرەس دەهێنێت»: عەلی، بەختیار؛ گوتاری مانەوە، چاپی یەکەم، ناوەندی ڕەهەند، سلێمانی، ٢٠٢١.

[23]. موراد بەتوول (ڕۆحی) لەم وتارەدا کۆمەڵێک لە هۆکارەکانی ئەم زەروورەتەی خستووەتە بەر باس:

بتول (روحی)، مراد؛ در دفاع از استقلال گفتمانی روژهلات کوردستان: بحران و شرایط امکان بازآرایی جنبش، سایت رادیو زمانە.

وێنە: واسیلی کاندینسکی، ١٩١٣


بۆچوونی خۆت بنوسە


*


*

بە کۆمێنت قبوڵ دەکەیت ئەو Privacy Policy

four × three =


مافی بڵاوکردنەوە بو کۆمار  پارێزراوە  

تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان